کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تورکیە دوای کودتا

کودتای حەفتەی ڕابردو لە تورکیە دەرفەتی داوە بە ئۆردوغان سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە تا لە ئاستێکی گەلێک بەرین و کەم وێنەدا تەسفیە و لادانی نەیارەکانی لە هەموو ئاستەکاندا بەرێتە پێشێ. هەزاران قازی دادگوستەری، سەدان فەرماندەی ئەڕتەش لە ئاستی جۆراو جۆردا، دەیان رۆژنامە نووسی ناسراو، گیراون. هەزاران کەس تەنیا بە گومانی دژایەتی لەگەڵ دەوڵەتی ئۆردوغان لە پۆستە دەوڵەتی و نیزامیەکان لادراون. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی گیراوەکان گەیشتۆتە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس. لەپاڵ ئەم کردارانەدا ئۆردوغان بۆ ماوەی ٣ مانگ حاڵەتی نائاسایی ڕاگەیاندوە. ئیختیاراتێکی زۆر کە ئۆردوغان لە ڕێگای گۆڕینی قانونی ئەساسیەوە دەیویست بەدەستی بێنێ، بە کردەوە کەوتۆتە دەستی و سەرۆک کۆمار لە پۆستێکی تەشریفاتیەوە بۆتە خاوەنی بەهێز ترین کەسی حکومەتی. بیانوی دەوڵەت بۆ درێژەی ئەم گوشارانە و گرتن و زیندانی کردنەکان ئەوەیە کە دەڵێن، هێشتا کودتا بە تەواوەتی پوچەڵ نەکراوەتەوە و کاربەدەستانی دەوڵەتی باسی ون بوونی دوو کەشتی جەنگی و چەند هێلیکوپتێر دەکەن. گۆیا ” کردار و هەوڵە هەنوکەییەکانی دەوڵەتی تورکیە” لەم پێوەندە دایە.بە سرنجدا بەو ناکۆکیانەی کە لە کرداری کودتاچیەکاندا ئەبیندرێت، ڕاگەیەنەرە ناوچەیی و جیهانیەکان سیناریۆی جۆراو جۆریان لەم بوارەدا هێناوەتەگۆڕێ. سیناریۆی وەک ئەوەی کە ئەم رووداوە شانۆیەکی بەرنامە بۆ دارێژراوی خوێناوی بووە کە ئۆردوغان بۆ تەسفیە و لادانی نەیارەکانی لە کۆمەڵگادا خستویەتە رێ. بەپێی ئەم بۆچونە گۆیا دەوڵەت ژمارەیەک لە ئەڕتەشیەکانی خستوەتە داوەوە و ئاگاهانە بەرەو ئەو لایە پاڵی پێوەناون، و دواتر دەستی داوەتە سەرکوت کردنیان. ئەوان وەک شاهیدێک لەسەر ئەم بۆچونە ئەڵێن: لەم جەریانەدا سەرەڕای ئەوەیکە ژمارەیەکی زۆر کوژراون، بەڵام هیچکام لە کاربەدەستانی پلە بەرز و پلە نزمی دەوڵەتی ئۆردوغان کەم ترین ئاسبیان وێنەکوتوە. هێندێک کەسی تر ئەمە بە تەسفیە حیسابی نێوخۆیی بنەماڵەی حیزبی داد و گەشەپێدان ئەزانن. ئەوان کودتاکە ئەبەستنەوە بە جەریانی ناسراو بە ” خزمەت” کە لە لایەن فەتح اللە گولەن یەکێک لە ڕێبەرانی پێشوی ئەم حیزبە و ڕەقیبی ئۆردوغانەوە ڕێبەری دەکرێت، کە گۆیا تەئیدی ناراستەوخۆ و پشتیوانی ئەڕتەشی ئامریکاشی لەگەڵدا بووە.771
له‌ راستیدا لە ئێستادا ناکرێ بە دڵنیاییەوە سەبارەت بە هیچ سیناریۆیەک لەبارەی ماهیەتی کودتای تورکیەوە قسە بکرێت. ئەوەی ئاشکرایە، لە دارودەستەی وەک دەوڵەتی ئۆردوغان هەموو جۆرە جەنایەت و پیلانێک بە ئامانجی مانەوەی دەسەڵاتەکەی، چاوەڕوان دەکرێت. گومانەکان لەم بارەیەوە نە گرنگیەکی ئەوتۆی هەیە و نە بە هیچکوێ دەگات. ڕاستی مەسەلەکە سەرئەنجام رۆژێک ئاشکرا دەبێت. ئەوەی کە لەم بارەیەوە لەباری عەینیەوە روونە، ئەوەیە کە ڕیزی هەیئەت حاکمەی تورکیە شێواو و شپرزەیە. ئەم شێواویەشە کە ئەوانی ناچار کردوە دەست بدەنە تەسفیەی گەنگاو بە هەنگاوی نیوخۆیی بە ئامانجی یەکدەست کردنی دەزگای حاکمیەت. لە هەمان شەوی کۆدتاکەدا ئۆردوغان بە لاسایی کردنەوە لە قسەکەی خومەینی سەبارەت بە شەڕی ئێران و عێراق ئەم حەرەکەتەی وەک ” بەرەکەتی ئیلاهی” ناوبرد.

ڕاستییه‌كی عەینی لە بارەی ئەم کودتایەوە ئەوەیە کە: یەکەم دارودەستەکانی مەوجود لە دەزگای حاکمەی تورکیەدا یەک لەیەکتر جەنایەتکار تر و پیلانگێڕ ترن. دوژمنایەتی ئەوانمان لەگەڵ ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خەڵک لەم ساڵانەی دواییدا، لە مەیدانی خەباتی خەڵکی تورکیە، لە گۆڕەپانی خەبات و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان دا گەلێک جار بینیوە. دووهەم، ئەم کودتایە بە هەر سیناریۆیەکەوە، هیچ شتێک نییە بێجگە لە بەرهەمی شکستە سیاسیە یەک لەدوای یەکەکانی دەزگای حاکم، بە گشت دارودەستە نێوخۆییەکانیەوە. لیستێکی دورو درێژی ناکامیەکانی ئەم دەوڵەتە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە بواری نێو خۆیی و سیاسەتە ناوچەیی و سیاسەت لە پێوەند لەگەڵ روسیە و یەکیتی ئوروپا و ئامریکادا دەکرێ ڕیز بکرێت. لە ئاکامی ئەم ناکامیانەدا بوو کە ژمارەی لایەنگرانی حیزبی داد و گەشەپێدان لە کۆمەڵگای تورکیەدا بەردەوام رووی لە دابەزین بووە. سەرکەوتنی لاوازی ئۆردوغان لە هەڵبژاردنی پارلمانی ڕابردودا کە بە فڕو فێڵ و کرداری کودتاگەرانە سەرئەنجام بە ئاکام گەیشت، زەنگیکی مەترسی بوو بۆ دەوڵەتی حاکم لە تورکیە. لەوە بەدواوە ئۆردوغان ئیتر دژوارە بتوانێ بە پشت بەستن بە دەنگی لایەنگرانی لە هەڵبژاردندا پێگەی خۆی بپارێزێ. شەپۆلێک کە لەم رۆژانەی دواییدا بۆ دیفاع لە ئازادیە دیموکراتیکەکان لە تورکیە کەوتۆتە ڕێ، ناکرێت ئامانجی جێی سرنجی ئۆردوغان بپێکێ و بە زوویی بەرۆکی خۆیشی دەگرێت. ئەم حەرەکەتە لەگەڵ ئەوەدا کە لەدژی کودتا چیەکانە، لە هەمانحاڵدا کرداری سەرکوت گەرانەی دەوڵەتی ئۆردوغانیش کە بە بیانوی کودتاوە دەستی داوەتێ مەحکوم دەکات.

کۆمەڵگای تورکیە زیندو تر لەوەیە کە بکرێت ئەو دەستکەوتە دیموکراتیکانەی کە سەنگەر بەسەنگەر خەڵک بە دەستی هێناون بکرێت بەم جۆرە کردارانە بە هاسانی وەربگیرێتەوە. لە تورکیە چەند بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی بەهێز بوونی هەیە کە لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە بەرانبەر دیکتاتۆڕی حاکمدا ڕیزیان بەستوە. یەکەم، بزوتنەوەی کرێکاری، ئەم بزوتنەوەیە یەکیک لە بزوتنەوە بەهێزە کرێکاریەکانە لە ئاستی دنیادا. ئەگەرچی ئەم بزوتنەوەیە هێشتا خاوەنی ڕێبەرانی ڕادیکاڵی خۆی نییە، بەڵام لە هەمانحاڵدا قەتیش نەبۆتە ئامرازی دەستی هەیئەت حاکمەی ئەم وڵاتە. ئەم بزوتنەوەیە لە رووداوە سیاسیەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا دەوری خۆی لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خەڵک گەلێک جار نیشان داوە. بورژوازی ئەم وڵاتە لە ترسی ئەم بزوتنەوەیە بە هەر ناکۆکیەکیش لەگەڵ دەوڵەتی ئۆردوغاندا بووبێتیان، لە کۆتاییدا لەپاڵ دەوڵەتەکەیدا ماونەتەوە و دەمیننەوە. دووهەم، بزوتنەوەیەکی ئازادی خوازانە و سیکۆلار و ڕادیکاڵ، کە کاکڵە ناوەندیەکەی بزوتنەوەی خوێندکاری پێکی دێنێ و گرایشی چەپ و کومونیستی تێیدا دەورێکی کارا دەنوێنن. ئەم بزوتنەوەیە قەت شەقام و مەیدانەکانی لە شارە گەورەکانی تورکیە کە بە نرخێکی گران بە دەستی هێناون، چۆڵ نەکردوە. ئەم بزوتنەوەیە ئەگەرچی لەم رۆژانەی دواییدا بەدروست جیهەت گیری دژی نیزامیە کودتا چیەکانی گرتوە بەڵام دەوڵەتی ئۆردوغان بەردەوام بوونی ئەوی وەک کۆسپێکی بەردەم دیکتاتۆڕیەکەی دەبینێ. سێهەم، بزوتنەوەی بەهێزی خەڵکی کورد لە کوردستانی تورکیە. نە پیلانێکی فریوکارانە کە دەوڵەتی ئۆردوغان لەژێر ناوی پرۆسەی ئاشتیدا بە شوێنیەوە بوو نە خەڵتانی خوێن کردنی چەندین شار و دێهات لە کوردستان، نە کودتای پاڕلمانی لەدژی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان، هیچکامیان نەیانتوانی، هەستی شکست لەنێو خەڵکدا پەرە پێبدەن و بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان لە بزوتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەریەوە، تەنیا بکەنە خۆڕاگریەکی چەکدارانە. ئەم بزوتنەوەیە توانی بەربەستی شۆونیستەکان لە تورکیە بشکێنێت و بەشە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگای ئەم وڵاتە بکاتە هاوڕێی خۆی.

لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە بە ڕاشکاوی دەکرێ بڵێین، دەوڵەتی ئۆردوغان کەوتۆتە سەرەو لێژی و ئەم کودتایە سیناریۆ بێت یان نا، دەوڵەتی ئێستای تورکیە لە ناخی ئەم قەیرانەدا گەلێک لاوازتر لە ڕابردو دەربازی دەبێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-