کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەوەی کە با دەچێنێ تۆفان ئەدورێتەوە!

سەرئەنجام دوکەڵی ئیمکان سازی و بەهێز کردنی ڕەوتە توند ڕەوە ئیسلامیەکان چووە چاوی دەوڵەتی ئۆدوغانیشەوە. ئەمە هەمان ئەو بەڵایەیە کە بەسەر دەوڵەتانی ئامریکا و عەرەبستانی سعودیدا هات، کاتێک کە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەڕتەشی یەکێتی سوڤیەت، دەستەو داوێنی ڕەوتە توند ڕەوە ئیسلامیەکان بوون. ئەوەی کە ئەمرۆ لە مەدینە و جەدە و ئیستانبول روو ئەدەن، دووپات بوونه‌وه‌ی هەمان سیناریۆن کە بە یارمەتی ماڵی و تەسلیحاتی ئامریکا و عەرەبساتنی سعودی دەستیان پێکرد و تەقینەوەی ١١ ی سیپتامبری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئه‌مریكایان لێ کەوتەوە.ئێستا چەند مانگێکە کە تورکیە بۆتە مەیدانی دانانی بومب و عەمەلیاتی خۆ کوژی داعش. تازە ترین حاڵەتی ئەو هێرشانە بوسەر فرۆکەخانەی شاری ئیسانبول بوو لە ڕێکەوتی ٢٨ ی ژوئێندا لە لایەن ٣ کەسی خۆ کوژەوە کە مەرگی ٤٤ کەس و بریندار بوونی زیاتر لە ٢٠٠ کەسی لێکەوتەوە. ئەگەرچی دەوڵەتی تورکیە لە سەرەتاوە هەوڵیدا فریوکارانە کردارە تیرۆریستیەکان بخاتە ئەستۆی جەریانە سیاسیە کوردەکان و باقی نەیارانی سیاسی نێوخۆی و لە بەرەنگار بوونەوەی خەڵکی کوردستاندا کەڵکی سیاسی لێوەربگرێت، بەڵام ئەم فریوکاریانە بە هیچکوێ نەگەیشت. پرسیار لێرەدایە کە بۆچی تورکیە بۆتە شوێنی تەڕاتێن و مەیدانی چالاکی تیرۆریستە ئیسلامیەکان؟ وڵامی ئەم پرسیارە دەبێ لە سیاسەت و کردارەکانی دەوڵەتی تورکیە لە پێوەند لەگەڵ قەیرانی سوریە و بە تایبەت دژایەتی ئاشکرای سیاسەت گوزارانی ئەم وڵاتە لەگەڵ مەسەلەی کورد لە تورکیە و سوریە و باقی ڕەوتە چەپ و ڕادیکاڵەکاندا بدۆزینەوە. 754
دەوڵەتی تورکیە لە سەرەتای قەیرانی سوریەوە ئاگاداری بوونی تۆڕ و شەبەکە تیرۆریستیەکانی داعش و هاتوچۆیان لەنێو ئەم وڵاتەدا بوو. بەڵام نە تەنیا هیچ کارێکی تایبەتی ئەنجام نەدا بەڵکو کاریشی بە ئاڵقە ناسراوەکانی داعش لە تورکیەدا و هاتن و چوونەکانیان و کەڵک وەرگرتن لە خاکی تورکیە وەک پشتی جەبهە نەبوو. دەوڵەتی تورکیە ڕێگای بۆ پەیوەست بوونی بە هه‌زاران کەس لە لایەنگرانی ئەم ڕەوتە لە سەرتاسەری دنیاوە بۆ سوریە و چوونە نێو داعش خۆش کردەوە. ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیە، لە پاساودانی ئەم سیاسەتەدا ڕایگەیاند:” ئێمە ناوی ئەو کەسانەمان کە ڕەنگە لە تورکیەدا کاری خۆکوژی و تەقینەوە ئەنجامبدەن لە لایە، بەڵام تا کارێکیان نەکردوە ناتوانین بیانگرین.” ئەم وتەیە لە ڕاستیدا دربڕینی سیاسەتێک بوو کە دەوڵەتی تورکیە بۆ بەرەوپێش بردنی پرۆژە سیاسیەکانی لە سوریە گرتبویە به‌ر. دەوڵەتی تورکیە له ‌سه‌ره‌تاوه‌ پێی وابوو کە شەڕی سوریە کورت خایەن ئەبێت و بەشار ئەسەد لە کەمتر لە چندمانگدا لە دەسەڵات لائەدرێت، لەم روەوە هەموو سرنجی خۆی نایە سەر لاچوونی بەشار ئەسەد. بەڵام ئەمە گشت داستانەکە نەبوو، دەوڵەتی تورکیە هەروەها پێی وابوو دەتوانێ بە یارمه‌تی گوروپە تیرۆریستیەکان ئەگەر جێگا پێیەکیان لە سوریە بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان هەبێت، کاری سەرکوتی خەباتی خەڵکی کوردستانی تورکیە و سوریەش هاسان تر یەکلایی بکەنەوە. ئاشکرا بوونی ناردنی ئیمکاناتی نیزامی و لۆجستیکی بۆ گوروپە جیهادیەکان لەنێو خاکی سوریە و کڕینی نەوت لێیان کە بە شێوەی شاراوە ئەنجام ئەدرا، هەوڵێک بوو کە لەم بوارەدا ئەدرا. لە ئاکامی وەها سیاسەتێکدا بوو کە تیرۆریستەکان و ڕەوتە جیهادیەکان دەرفەتیان دەست کەوت نفوزی خۆیان لە خاکی تورکیەدا پەرە پێبدەن.

نەخشەی دەوڵەتی ئۆردوغان لە هەردوو بەرەی کوردستانی تورکیە و سوریە ئاشکرا بوو. لە تورکیە بە کودتا لەدژی ئاکامی هەڵبژاردن لە ناوچە کورد نشینەکان، سەرەتا، به‌ ده‌ستی خۆی دیمۆكراسییه‌ پارلمانیه‌كه‌ی خۆی، بێ بایه‌خ كرد. دواتر هێرش بۆسەر خەڵکی ئەو شارانەی کە ئەنجومەنی شارەکانی خۆیان هەڵیانبژارد بوون و خەریکی ڕیکخستنی کاروباری پێوەندیدار بە ناوچەکەیان بوون، دەست پێکرد. بینیمان کە چلۆن بێ بەزییانە هێرشیان کردە سەر شار و دێهاتەکانی کوردستانی تورکیە و گەلێک کەسیان کوشت و شار و دێهاتە‌کانیان وێران کرد. لە سوریەش گەمارۆی شاری کۆبانی و خۆڕاگری پیاوان و ژنانی ئەم شارە لە بەرەنگار بوونەی داعش و چاوەڕوانی دەوڵەتی تورکیە بۆ کەوتنی ئەم شارە لەبیر کەس نەچوتەوە.

بەڵام ئەم خۆڕاگریە سەرکەوتوانە و پاشەکشە کردن بە داعش لە هەموو ناوچەکانی هاوسنور لەگەڵ تورکیە لە لایەکەوە و خۆڕاگری قارەمانەی خەڵکی کوردستانی تورکیە کە بۆتە کابوسێک بۆ ئۆردوغان و کاربەدەستانی تری حاکم لە تورکیەدا لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتی ئۆردوغانی لەم مەیدانەشدا توشی ناکامی کرد.

ئێستا کە دەوڵەت لەژێر گوشاری راستیەکاندا، ئیتر ناتوانێ پشتیوانی لە داعش بکات، وڵاتی تورکیە بۆتە نیشانەیەکی هاسان بۆ ئامانجە تیرۆریستیەکانی ئەم ڕەوتە. لە ڕاستیدا دەوڵەتی تورکیە خەریکە باجی سیاسەتەکانی هەڵبەت بە نرخی گیانی خەڵک و له‌ ناوچوونی ئەمنیەت و ئاسایش لەم وڵاتەدا ئەدات.

بەم جۆرە وادیارە کە دەوڵەت دەبێ چاوەڕێی کرداری تیرۆریستی زیاتر بێت لە لایەن ڕەوتە جیهادیەکانەوە، کرداڕیکی کە هەموو جاڕێک بەداخەوە گیانی ژمارەیەک لە قوربانیان ئەستینێ و سێبەری نه‌مانی ئەمنیەت و ئاسایشی لەسەر ژیانیان قورس تر کردوە، ئەگەر دەستی جەنایەتکارانی ڕەوتە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان زیاتر بە خوێنی خەڵکی بێدیفاع سور ئەبێت بەڵام لەبیرمان نەچیت کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ پشتیوانی کردن لەم ڕەوتانە بە درێژایی قەیرانی سوریە و بەهێز کردنیان لە بەرانبەر خەباتی ڕەواو ماف خوازانەی خەڵکی کردستان و ڕەوتە ڕادیکاڵ و ئازادی خوازەکان لە تورکیە، خۆی هۆکارێکی کاریگەر بووە لە خوڵقانی وەها فەزایەکدا لەم وڵاتە. لەم روەوە لەمرۆدا خەڵکی تورکیە مافی خۆیانە ئەم دەسەڵاتدارانە لە کورسی دەسەڵات بکێشنە خوارێ و بە تاوانی بەشداری کردنیان لەو جەنایەت و کوشتارانەی دژ بە خەڵکی کوردستان کراوە دادگاییان بکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-