کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
ئێرانهه‌واڵه‌کان

ڕاپۆرتێكی كشتی سه‌باره‌ت به‌ چه‌ن ڕۆژی ڕابردووی ڕاپه‌ڕین له‌ ئێران

ڕاپۆرتێكی كشتی سه‌باره‌ت به‌ چه‌ن ڕۆژی ڕابردووی ڕاپه‌ڕین له‌ ئێران

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٢٩ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، لەگەڵ دەستپێکردنی دەیەم هەفتەی خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕین له‌ ئێران، جارێکیتر لە شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا و لە بەشێکی زۆری زانکۆکانیش ناڕەزایەتی بەردەوام بووه‌.

به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، دوێنێ له‌ شارەکانی “سنە”، “مهاباد”، “بۆکان”، “خۆی”، “شنۆ”، “پیرانشار”، “سەردەشت”، “سەقز”، “دیواندەرە”، “مەریوان”، “قوروە”، “کامیاران”، “سەحنە”، “پاوە”،” ئیلام”، “ئابدانان”، و زۆرشاری دیکە، خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بەڕێوەچوو. لە شاری دیواندەرە هێزە ئەمنییەکان تەقەی ڕاسته‌وخۆیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەپێی چەند سەرچاوەیەک، لانیکەم پێنج خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە و دەیان كه‌سی دیکەش برینداربوون. هه‌روه‌ها لەشاری مه‌هاباد ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی شارەکە بەشدارییان لە ڕێوڕه‌سمی ناشتنی ته‌رمی، “کەمال ئەحمەد پور”دا کرد، کە لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی گیانی لەدەستدابوو و دواتر ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژبه‌ كۆماری ئیسلامی گۆڕدرا. شایانی باسه‌ لە شاری سنە هێزە سه‌كوتگه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی هێرشیان کردە سەر خوێندکارانی زانکۆی ئەو شارە و ڕووبەڕووبوونەوەی توند هاتە ئاراوە. لەسەر ئاستی ئێرانیش لە دەیان زانکۆ مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بەڕێوەچوو، بەتایبەتی لە شاره‌كانی تاران، مەشهەد، ئێسفەهان، تەورێز، شیراز، ئەهواز و چەند شارێکی تر. هاوکات، لەشارەکانی تاران، شیراز، ئێسفەهان و زاهیدان، هه‌وه‌ها  دووکاندار و کاسباکارانی زۆربەی شارەکانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە توندوتیژیی لەڕادەبەدەری هێزە سه‌ركوتگه‌ره‌كانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، لە مانگرتندانێکی بەریندان.