ناڕازیانی بوێر و بنەماڵە خۆڕاگرەکانی گیانبەختکردووانی هەینی خوێناوی زاهیدان، لە یەکەم ساڵیادی ئەو کارەساتە گەورەیەدا لە ڕۆژەکانی هەینی و شەممە ٧ و ٨ی ڕەزبەردا بە شێوەکەی بوێرانە دەستیاندایە ئاکسیۆن و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی. ڕۆژی هەینی جەماوەری خەباتگێڕ سەرەڕای ئەوەی کە سەرکوتگەران لەشێوە حکوومەت نیزامییەکی ڕانەگەیەندراودا زاهیدان و چەند شارێکی دیکەیان بە تەواوی میلیتاریزە کردبوو، بە دانی دروشم لەدژی ڕژیم ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەوان لەژێر ڕەهێڵەی گازی فرمێسکڕێژ و گوللەی جەنگی و ساچمەییدا، بە دووپاتکردنەوەی بەردەوامی دروشمی “مەرگ بۆ خامنەیی!”، نیشانیاندا کە ناوبراو بە تاوانبار و بڕیاردەری سەرەکی ئەو کۆمەڵکوژییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەی خۆپیشاندەران و دەستدرێژیکردنی سەرهەنگێک بۆ سەر تازەلاوێکی بەلووچ لە ڕۆژی هەشتی ڕەزبەری ١٤٠١ دەزانن. ئەو هێزە جینایەتکارەی کە ڕەوانەی شارەکانی بەلوچستان کرابوون، ژن و پیاوانی خۆپێشاندەریان بە چەکی کڵاشینکۆف و تیربار دایە بەر دەستڕێژ و چەندین ژن و پیاو و منداڵیان بریندار کرد. هاوکات لەگەڵ تەقەکردنی سەرکوتگەران و خۆپیشاندانی بوێرانەی ناڕازییان کە وێنە و ویدۆکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرین بڵاوکرایەوە، مێهدی شەمسابادی، دادستانی زاهیدان، ئیدیعای ئەوەی کرد کە هیچ ڕووداوێکی تەقەکردن لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ڕووینەداوە. ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە زمان ناوبراوەوە نووسی، دۆخی زاهیدان “ئاساییە“. ئەم درۆ بێ شەرمانەیە کە کاری هەمیشەیی بەرپرسە ورد و درشتەکانی ڕژیمە، وەک هەمیشە دەبێتە هۆی ڕق و بێزاری هەرچی زیاتری هاووڵاتیان لە دژی ئەم ڕژیمە جینایەتکارە.
سەرەڕای کەشوهەوای تووندی ئەمنییەتی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە شارەکانی سۆران، خاش، ڕاسک و تەفتان بەڕێوەچوو. لە سۆران دروشمی خۆپیشاندەران بریتی بوو لە “بەسیجی، سپاهی، داعشی ئێمە ئێوەن“. لە خاش خۆپیشاندەران لە کاتی ڕێپێوانی ناڕەزایەتیدا بەرەوڕووی هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بوونەوە و ناچار بە پاشەکشەیان کردن. لە شارەکانی ڕاسک و تەفتانیش ڕۆژی هەینی هاووڵاتیان هاتنە سەر شەقامەکان و لە دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا. بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو شارەکان ئەم دروشمانە زیاتر دەبیسترا: “دەستدرێژی، جینایەت، مردن بۆ وەلایەت“، “بەسیجی، سپاهی، داعشی ئێمە ئێوەن“، “مەرگ بۆ ستەمگەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر” و “بەلوچ حازرە بمرێت” بەڵام ، سەرشۆڕی“. قبوڵ ناکات. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی هەینی، ڕۆژی شەممەش بە مانگرتنی گشتی و داخرانی سەرجەم دوکان و بازاڕی هەردوو شارەکانی زاهیدان و چابەهار بەردەوامبوو. بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەگرامی “ڕەسد بەلوچستان“، خۆپیشاندەرانی شارۆچکەی نۆبەندیانیش بەم مانگرتنەوە پەیوەست بوون. بە گوێرەی دوایین زانیارییەکان، بەهۆی تەقەکردن و دەستڕێژی بەکرێگیراوانی ڕژیم بۆسهر خەڵکی بێ دیفاع، ٢٩ کەس بریندار بوون کە ٨ کەسیان منداڵ بوون. هەروەها ٣١ کەسیش دەستگیرکراون.
ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵاتیش لەو ڕۆژەدا لە چەندین شاری جیهان، لەوانە لەندەن، فرانکفۆرت، ستۆکهۆڵم، یۆتۆبۆری، مالمۆ، ئامستردام و چەند شارێکی دیکە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. لە شاری یۆتۆبۆری پایتەختی سوئێد، خۆپیشاندەران جگە لە دەربڕینی پشتیوانی لە خەڵکی بەلوچ، سەرۆکی ئامریکاشیان بەهۆی سات و سەودا و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردە ئامانجی دروشمەکانیان و ڕەخنەیان لێگرت.
هەر لەو ڕۆژەدا، واتە شەممە، هەشتی ڕەزبەر، ٧ ژنی زیندانیی سیاسی ناسراو و بوێر ، نامەیەکیان لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی تێکۆشەری بەلوچستان و یادی گیانبەختکردووانی “هەینی خوێناوی زاهیدان” بڵاوکردەوە. نەرگس محەممەدی، گۆڵڕوخ ئێرانی، سپیدە قولیان، فائیزە هاشمی، شەکیلا مونفەرد، مەحبووبە ڕەزایی و ئازادە عابدینی واژۆکارانی نامەکە، لە سەرەتای نامەکەیاندا نووسیویانە “هەینی خوێناوی زاهیدان” ڕووداوێکی گرنگ و کاریگەرە لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، “ئازادی دا“. ئەوان لە درێژەی نامەکەیاندا وتوویانە، کۆمەڵکوژیی خۆپیشاندەرانی زاهیدان لە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١دا بوو بە “کابوسی جینایەتکارانی سەرەڕۆ و هەوێنی دڵگەرمی جەماوەری ناڕازی لە سەرتاسەری ئێران. نووسەرانی نامەکە لە کۆتاییدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەرکی هەر تاکێکی ئێرانییە کە خۆی بە هاوسۆز و هاوخەباتی خەڵکی ستەملێکراوی بەلوچستان بزانێت. کارەساتی کوشتاری هەینی خوێناوی زاهیدان کە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەر و کەمتر لە دوو حەوتوو دوای دەستپێکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ساڵی ١٤٠١دا ڕوویدا، بە فەرمانی باڵاترین بەرپرسانی ڕژیم و لە سەرووی هەموویانەوە خودی خامنەیی، بەمەبەستی چاوترسێن کردنی جەماوەری ڕاپەڕیو لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوەچوو. بەڵام ئەو کارەساتە خوێناوییە، بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی پلان داڕێژەران و فەرماندە و ستراتیژیستەکانی ڕژیم، ئاگری شۆڕشی ژینای بڵێسەدارتر کرد.