کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كانوتاری ڕۆژ

پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە و ٤٧ ساڵ نەریتی خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان

IMG 5047

چل و حەوت ساڵ لەمەوبەر، لە دۆخێکدا کە کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و چارەنووسسازدا بوو، بەردی بناغەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دانرا. مێژووی ئەم هێزە، مێژووی وشیاریی، خۆڕاگری چینایەتی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانە. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٥٧دا، کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕیو لە شۆڕشێکی مەزنی جەماوەریدا، کۆتوبەندی ستەمکاری و دیکتاتۆریی پاشایەتییان تێکشکاند بۆ ئەوەی دەرفەتێک بۆ ئازادی و ژیانی ئینسانی بەدەست بهێنن. بەڵام لە هەمان چرکەساتی شیرینی ڕزگاریدا، مۆتەکەی ترسناکی زاڵبوونی ڕژێمێکی تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست، دژە ژن و دوژمنی ئازادی کە هەنگاو بە هەنگاو خۆی بۆ زەوتکردنی دەستکەوتەکانی شۆڕش ئامادە دەکرد، سێبەری بەسەر ئاسمانی ئێراندا کێشا. لەم ناوەدا، کوردستان بوو بە سەنگەرێکی پتەو لە بەرامبەر فاشیزمی ئایینیی نوێدا، سەنگەرێکی کە چەکی بەرگریی ڕەوای،هێزی پێشمەرگەیناو بوو.

لە دۆخێکدا کە ڕەوتی ئایینی توانیبووی بە فریکاری، پیلانگێڕی و شەپۆلی یەکەمی سەرکوتکردن، دەنگی شۆڕش و هێزە پێشکەوتنخوازەکان لە ناوەندی ئێران کپ بکات، هاوسەنگیی هێز لە کوردستان بە تەواوی جیاواز بوو. لە کۆمەڵگای کوردستاندا، بەهۆی کاریگەریی قووڵی بیروباوەڕی چەپ و حزووری چالاکانەی حیزبە سیاسییە خاوەن پێگە جەماوەرییەکان و بەتایبەت بوونی کۆمەڵە بە ئامانج و بەرنامە و ستراتیژیی سۆسیالیستییەوە، کۆنەپەرستیی ئایینی هیچ جێگە و پێگەیەکی جەماوەری نەبوو.

کرێکارانی چەوساوە خوازیاری ژیانێکی باشتر بوون  زەحمەتکێشانی لادێ کە تازە لە کۆتوبەندی پاشماوە ڕزیوەکانی نیزامی دەرەبەگایەتی ڕزگاریان ببوو، نیگەرانی لەدەستچوونی دەستکەوتەکانیان بوون، ژنان تینووی مافی یەکسان و ڕزگاربوون لە چنگ یاسا و رێسا کۆنەپەرستانەکان بوون و کۆمەڵانی بەرینی خەڵک چیتر تەحەمولی ئەوەیان نەمابوو ستەمی نەتەوەیی و ئایینیی ڕابردوو بەسەر شانیانەوە قورسایی بکات. ئەم ئاوات و خواست و داواکارییە کەڵەکەبووانە، لە بزووتنەوەیەکی خۆڕاگریی جەماوەری و ڕێکخراودا ڕەنگی دایەوە کە خۆی بۆ شەڕێکی مێژوویی لەگەڵ ئەو ڕژێمە تازە بەدەسەڵاتگەیشتووەی کە شۆڕشەکەی بەلاڕێدا بربوو، ئامادە دەکرد.

لە سەرەتای ئەم ڕووبەڕووبوونەوە مێژووییەدا، دەسەڵاتی ناوەندی هەوڵی دا بە پشت بەستن بە دەرەبەگ و خان و کۆنەپەرستە خۆجێییەکان کە لە شۆڕش و بەئاگابوونەوەی زەحمەتکێشان تۆقیبوون، کۆمەڵگای کوردستان کۆنترۆڵ بکات. دەرەبەگەکان بە پێکهێنانی دەستەی چەکدار، جوتیاران و زەحمەتکێشانی گوندەکانیان دەدایە بەر هەڕەشە و ئەزیەت ئازار بۆ ئەوەی پێوەندییە ڕزیوەکانی ئاغا و ڕەعیەتی سەرلەنوێ زیندوو بکەنەوە. لە بەرامبەر ئەم پیلانە هاوبەشەی فیۆدالیزم و ڕژێمی ناوەندیدا، کۆمەڵە داوای لە زەحمەتکێشانی کوردستان کرد خۆیان ڕێکبخەن و چەکدار ببن. پێکهێنانییەکێتییەکانی جوتیارانوەڵامێکی شۆڕشگێڕانە و جەماوەری بوو بۆ ئەم هەڕەشەیە. بە ڕێکخراوبوونی جوتیاران و زەحمەتکێشان لەم یەکێتییانەدا و بەرگریی چەکدارانە و وشیارانە لە مافەکانی خۆیان، دەستە و تاقمە چەکدارەکانی ئاغاکان لە کورتترین کاتدا تێکشکێنران و لەناوبران. ئەمە یەکەم سەرکەوتنی گەورەی جەماوەری بوو کە نیشانی دا چەکی پێشمەرگە، لە خزمەت ئازادی و ژیانێکی باشتری ئەم کۆمەڵگایەدایە.

ئەو کەشوهەوا سیاسی، دیموکراتیک و پڕ لە جۆش و خرۆشەی کە سەرتاسەری کۆمەڵگای کوردستانی داگرتبوو، ئەم ناوچەیەی کردە سەنگەرێکی پتەو بۆ ڕزگارکردن و بەردەوامبوونی شۆڕشی سەرتاسەریی ئێران. پەرەسەندنی خێرای نفووزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە و گەشەکردنی توانا و پۆتاسێلی بێوێنەی لە بەسیج و ڕێکخستنی جەماوەر، لە چەندین ڕووداوی مێژوویی و بێوێنەدا ڕەنگی دایەوە:

کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان: کە وەک نموونەیەکی درەوشاوە لە خۆڕاگریی مەدەنی و ڕێکخراوەیی جەماوەر لە بەرامبەر حزووری نیزامی ئەرتەش و سپای پاسداران تۆمار کرا.

ڕێپێوانی گەورەو بەربڵاو لە سەرتاسەری کوردستانەوە بەرەو مەریوان بە مەبەستی هاوپشتی لە گەڵخەڵکی ئەمشارە.

مانگرتنی گشتیی یەک مانگەی خەڵکی سنە: کە هاوپشتی و ئیرادەی جەماوەریی بۆ دەرکردنی هێزە سەرکوتگەرەکانی سپای پاسداران نیشان دا.

چەک کردنی هێزی کۆنەپەرستیسپای ڕزگاری“: ڕەوتێکی کۆنەپەرست و چەکداری کە لەلایەن شێخەکانی ناوچەکەوە بەمەبەستی لاوازکردنی بزووتنەوەی چەپ، ڕێکخرابوو و بە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر هەڵوەشێنرایەوە.

ئەم داینامیکییە شۆڕشگێڕانە، دەستکەوتە دیموکراتیکەکان و ئاسۆیەکی ڕادیکاڵی کە کوردستان خستبوویە بەردەم داهاتووی شۆڕشی ئێران، هەرگیز بۆ ڕژێمی ئیسلامی جێگەی قبووڵکردن نەبوو. کۆماری ئیسلامی دوای ماوەیەک لە فریوکاری، مانۆڕی دیپلۆماتی و کات کڕین، هەموو دەرگاکانی گفتوگۆ و دانوستانی داخست. ئەوان پێش هێرشی سەرتاسەری، بە ڕێخستنی کۆمەڵکوژییە ترسناکەکانی وەک کوشتاری دڕندانەی خەڵکی بێتاوانی گوندەکانیقاڕنێوقەڵاتان، سیمای جینایەتکارانەی خۆیان نیشاندا.

سەرئەنجام لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا، بە فەتوا و فەرمانی خومەینی، هێڕشێکی نیزامی بەربڵاو، دڕندانە و سەرتاسەری بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد. لە وەڵامی ئەم هێرشە دڕندانەیەدا، کۆمەڵە بانگەشەی خەڵکی کوردستان کرد بۆ بەرگرییەکی هەمەلایەنە، چەکدارانە و جەماوەریی. خەڵکی کوردستان بە گەرموگوڕی بەپیر ئەم بانگەوازەوە هاتن و بەم شێوەیە، حەماسەی پڕ لە هەوراز و نشێوی بەرگریی چەکدارانەی چل و حەوت ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد، مێژوویەکی پڕ لە فیداکاری، خۆڕاگریی و گەلێک وانەی بەئەزموونی خەباتگێڕانە.

بەدرێژایی چەندین ساڵ خۆڕاگریی، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هەرگیز هێزێکی نیزامی نەریتی یان چریکیی کلاسیک نەبووە. ئەم هێزە لە هەنگاوی یەکەمدا، پەرەپێدەر و داکۆکیکاری فەرهەنگێکی بەرز، پێشکەوتنخواز و ئینسانی بوو لە بەرامبەر نەریتە دواکەوتووە پیاوسالارییەکاندا. پێشمەرگەی کۆمەڵە هاوکات لەگەڵ خوڵقاندنی حماسە لە مەیدانەکانی شەڕدا، ئاڵاهەڵگری ڕادیکاڵی یەکسانیی ژن و پیاو بوو حزوورێکی کە بە بەشداریی چالاکانە و چەکدارانەی ژنانی خەباتگێڕ لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا، پێکهاتە نەریتییەکانی کۆمەڵگای هەژاند و پێناسەیەکی نوێی لە ڕزگاریی ژن خستە ڕوو.

ئەم هێزە لە هەر گوند و ناوچە و شارێکدا کە حزووری هەبوو، گەلێک یادگاری بەنرخی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و پەروەردەییدا، لە خۆی بەجێدەهێشت. پێشمەرگەکانی کۆمەڵە مامۆستایانی وشیاری، پزیشکانی بێبەشان و یارویاوەری زەحمەتکێشان لە کێڵگەکاندا بوون. هەر شوێنێک حزووری پێشمەرگەی لێبوو، تۆوی وشیاری، یەکسانی و سۆسیالیزمی لێ چێنرا.

ئاسۆ و ستراتیژی کۆتایی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆ ڕزگاریی مرۆڤ، بریتییە لە شۆڕشی سۆسیالیستیی، شۆڕشێکی کە هێزە بزوێنەرە سەرەکییەکەی، کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگان. ئەم تێڕوانینە شۆڕشگێڕانەیە، تەنیا لە ئاواتخوازییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لەسەر ڕاستییە بنەڕەتییەکان، دژایەتییە چینایەتییەکان، نایەکسانییە ئابوورییەکان، بێبەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان و زەوتکردنی ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان دامزراوە. شۆڕش لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە، بە واتای گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە چنگی کەمینەیەکی ستەمکار و چەوسێنەرەوە بۆ زۆرینەی بەرهەمهێنەرانی سەروەتی کۆمەڵگا و هێنانەئارای گۆڕانکاری بنەڕەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندایە. هەربەم هۆیەوە، هێزی پێشمەرگە کۆمەڵانی خەڵک بێ ئەرک ناکات و ئەوان تەنیا لە چاوەڕوانیی سەرکەوتنی نیزامیی پێشمەرگەکاندا ڕاناگرێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، متمانە بەخۆبوون، ڕێکخستنی سەربەخۆ و پشت بەستن بە هێزی لەبن نەهاتووی زەحمەتکێشان لە کۆمەڵگادا بەهێز و جێگیر دەکات.

یەکێک لە بەرهەمە مێژوویی و ژیانبخشەکانی بەرگریی چەکدارانە لە کوردستاندا، بریتی بوو لە دروستکردنی چەترێکی ئەمنییەتی بۆ گەنجانی ناوچەکە لە کاتی شەڕی ماڵوێرانکەر و کۆنەپەرستانەی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق (١٣٥٩١٣٦٧). بوونی ناوچە ئازادکراوەکان و ڕیزی پتەوی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، دەرفەتێکی گونجاوی ڕەخساند بۆ ئەوەی گەنجانی کوردستان لەجیاتی ئەوەی وەک گۆشتی بەردەمی تۆپ ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی کۆنەپەرستانە بکرێن، بێنە ناو ڕیزەکانی بەرگرییەکی دادپەروەرانە، پێشکەوتنخواز و ڕزگاریخوازەوە. ئەم هێزە بە فیداکارییە بێشومارەکانی خۆی و بە زیندوو ڕاگرتنی ورەی خۆڕاگریی، گیانی زۆر مرۆڤی لە تیاچوون لە تەنووری شەڕدا ڕزگار کرد. لە ئەنجامی ئەم خۆڕاگرییە ڕێکخراوەدا، کۆمەڵگای کوردستان لە ماوەی ئەو هەشت ساڵ شەڕە ماڵوێنکەرەدا، بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی تری ئێران زیانی مادی و مرۆیی زۆر کەمتری بەرکەوت.

ئەگەرچی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە پێناو هەڵسەنگاندنی بابەتیانە لە دۆخی نوێ، دەستیان نەبردووە بۆ چالاکی نیزامیی هێرشبەرانە دژ بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەم بابەتە هەرگیز بە واتای چوونەژێرپرسیاری ڕەوایی، ڕەسنایەتی و پێویستی مێژوویی بەرگریی چەکدارانە لە چوارچێوەیمافی بەرگریی ڕەوالە ستراتیژیی ئێمەدا نەبووە و نییە. واقیعییەتی بابەتیی مێژوو ئەوەیە کە خەباتی چەکدارانە هەرگیز بژاردەی یەکەمی خەڵکی کوردستان نەبوو، بەڵکوو بەهۆی هێرشی دڕندانەی ڕژێمەوە بەسەر کۆمەڵگادا سەپێنرا. خەڵک ئازادییان دەویست و چونكە پێداگربوون لەسەر ئەوەی بەرگری لە دەستکەوتە دیموکراتیکەکانی شۆڕشی خۆیان بکەن، ناچار بوون چەک هەڵبگرن. ئەوان پەنایان نەبردە بەر توندوتیژی، بەڵکوو لە بەرامبەر بێبەزەییانەترین دەزگای سەرکوتی مێژووی هاوچەرخدا وەستانەوە و بەرگرییان لە کەرامەتی ئینسانیی خۆیان کرد. لە هەمان ساڵەکانی سەرەتادا، کاتێک پێشمەرگەکان بۆ ماوەیەکی کورت هێزەکانی ڕژێمیان ناچار بە پاشەکشە کرد و کوردستانیان ئازاد کرد، نموونە گەلێکی بێوێنە و بەنرخیان لە ژیانی مەدەنی، شۆڕاکان، ئازادیی ڕادەربڕین و بەڕێوەبردنی دیموکراتیکی کۆمەڵگا نیشان دا کە مۆدێلێکە بۆ داهاتووی تەواوی ئێران.

ئەمڕۆ، کۆمەڵگای وشیاری کوردستان بە کۆڵەبارێک لە ئەزموونی بەنرخی مێژووییەوە، خەریکی داڕشتنی شێوازی نوێ و گەشەسەندووتری خەباتی جەماوەرییە. مانگرتنە سیاسییە گشتی، یەکگرتوو و بەربڵاوەکان، ئەمڕۆ بوونەتە چەکێکی کارامە، جێگیر و کاریگەر دژ بە دەسەڵات، شێوازێکی خەبات کە بە کەمترین تێچووی مرۆیی، زۆرترین دەستکەوتی سیاسی و ڕێکخستنی هەیە. پێکهێنانی بزووتنەوە بەردەوامە مەدەنییەکان، تۆڕە خۆجێییەکان و پێگەیاندنی ڕێبەرانی مەیدانی لە زانکۆکان، کارگەکان و گەڕەکەکاندا، کۆمەڵگای خستووەتە سەر ڕێڕەوی ئامادەییەکی تەواوەوە. ڕەنگدانەوەی شکۆداری ئەم ئامادەییە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا بە ڕوونی خۆی نیشان دا. ئەم بزووتنەوەیە کە فەلسەفە و دروشمە سەرەکییەکەی ڕیشەی لە فەرهەنگی سیاسی و پێشکەوتنخوازانەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدایە، ڕێگای ڕوون و بێگەڕانەوەی کۆمەڵگا بەرەو سەرکوتنی کۆتایی نیشان دەدات.

چل و حەوت ساڵ بەسەر دەستپێکی ئەم ڕێگا پڕ لە هەوراز و نشێوەدا تێپەڕی. ئەو نەوەیەی کە لە کۆتاییەکانی دەیەی پەنجادا بە دەستی خاڵی بەڵام بە دڵێکی پڕ لە ئەشق و ئەوین بە سۆسیالیزم و ئازادی، چەکی هەڵگرت، ئێستا پیر بووە. هەزاران گەنجی بەجۆش لە ماوەی ئەم دەیان ساڵەدا هاتنە ناو ڕیزەکانی ئەم هێزە، حماسەیان خوڵقاند، گیانیان بەخت کرد یان تەمەنی لاوییان لەم ڕێگایەدا تێپەڕکرد. بەڵام ئەوەی لە درێژەی هەموو ئەم ساڵانەدا بە زیندوویی، داینامیکی و پتەوی ماوەتەوە، بریتییە لە نەریتێکی قووڵی مێژوویی کە پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ناو ئەم کۆمەڵگایەدا جێی خستووە: نەریتی سەر دانەنواندن لە بەرامبەر دیکتاتۆردا، نەریتی یەکسانیی بەتەواو مانای ژن و پیاو، نەریتی پشت بەستن بە جەماوەری بێبەش و کرێکار و هەروەها ئامانجی بنیاتنانی جیهانێکی بەدوور لە چینایەتی و چەوسانەوە.

ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە، ڕۆژی ڕێزلێنانە لە تاک بە تاکی ئەو مرۆڤە ئازادیخوازانە، ئەو گیانە شەیدایانە و ئەو ئەستێرە سوورانەی کە بە خوێن و تەمەنی خۆیان ئەم نەریتە شەریفەیان دامەزراند. ئەم ڕۆژە، ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمانی نەوەی نوێیە لەگەڵ ئامانجی بەرزی ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئامانجێکی کە هێشتا تا بەدیهاتنی کۆتایی لە دواڕۆژی ڕووناکی ئێرانی ئازاد و سۆسیالیستدا، ڕێگایەکی زۆری لە پێشە و چەکی وشیاریی ڕێکخراو و ڕێبەرایەتی، ڕێ خۆشکەری دەبێت.

لە ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا، یادی هاوڕێسەعید موعینییەکەم پێشمەرگە و یەکەم گیانبەختکردووی کۆمەڵە، کە ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە یاد و بیرەوەری ئەو و ڕۆژی گیانبەختکردنی ناودێر کراوە و هەروەها یادی ئەو هەزاران خەباتکار و ئینسانە شەریفانەی کە لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی شەڕ لەگەڵ یەکێک لە دڕندەترین و تاریکپەرستترین دیکتاتۆرەکانی ئەم سەردەمەدا گیانیان بەخت کرد، بەرز ڕادەگرین و دروود دەنێرین بۆ بنەماڵە سەربەرز و خۆڕاگرەکانیان.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە

(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

جۆزەردانی ١٤٠٥