مافی پەنابەری، وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی هاوچەرخ، دوای کارەساتەکانی جەنگی جیهانی دووەم داڕێژرا تا ببێتە پەناگەیەک بۆ ئەو مرۆڤانەی لە زێدی خۆیان دەرکراون. قاڕەی ئورووپا ساڵانێکی زۆر خۆی وەک بێشکەی ئەم بەهایانە دەناساند. بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە و گرتنەبەری سیاسەتە سەختگیرانە نوێیەکان، ئەوە نیشان دەدەن کە ئەم وێنەیە بە خێرایی لە حاڵی ئاڵوگۆڕدایە. ئەمڕۆ یەکێتیی ئورووپا پشتی کردووەتە پەنابەران و بنەڕەتیترین بنەماکانی مافی پەنابەری پێشێل دەکات. ئەم وەرچەرخانە ئاشکرایە، نەک هەر قەیرانێکی مرۆیی قووڵتر کردووە، بەڵکو متمانەی ئەخلاقیی ئەم یەکێتییەشی بردووەت ژێر پرسیار.
بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم تراژیدیایە، سەرەتا پێویستە چاوێک بە ڕەهەندەکانی قەیرانی ئاوارەیی لە جیهاندا بخشێنین. بەپێی ئامارەکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئێستادا زیاتر لە ۲۰۰ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان ئاوارەن. ئەم ژمارەیە گەورەترین شەپۆلی ئاوارەییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. شەڕ، توندوتیژی، چەوساندنەوە و ستەمی سیاسی، قەیرانە ژینگەییەکان و داڕمانی حکومەتەکان، ئەم حەشیمەتە گەورە مرۆییەیەی بەرەو ئاوارەیی پاڵپێوە ناوە.
خاڵی بەئازار لێرەدایە کە سێ لەسەر چواری ئەم پەنابەرانە لە وڵاتانی کەمداهات و هاوسێی سەرزەمینە داگیرکراوەکانیاندا ئاوارەن، ئەو وڵاتانەی کە خۆیان لەگەڵ هەژاری، هەڵاوسان و قەیرانی ناوخۆییدا دەستەویەخەن. لەم نێوەندەدا، یەکێتیی ئورووپا کە لە دەوڵەمەندترین ئابوورییەکانی جیهان پێکهاتووە و زۆرترین پشکی لە بەرهەمهێنانی سامانی جیهاندا هەیە، پشکێکی زۆر کەم لەم بەرپرسیارێتییە مرۆییە دەگرێتە ئەستۆ و ئێستاش لە هەوڵدایە تەنانەت ئەو پشکە بچووکەش بگەیەنێتە سفر.
لە ناو ئەم کەشوهەوا قەیراناوییەدا، یەکێتیی ئورووپا لە حوزەیرانی ٢٠٢٦دا “پەیمانی کۆچ و پەنابەری” خۆی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پەیمانە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە پەسەند کرابوو، دوای دوو ساڵ لە قۆناغی گواستنەوە، ئێستا بە تەواوی شیاوی جێبەجێکردنە. ئەم پەیمانە بە واتای ڕاگەیاندنی فەرمی کشانەوەی یەکێتیی ئورووپایە لە پابەندبوونە مرۆییەکانی. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە لێبووردنی نێودەوڵەتییەوە تا ڕێکخراوی ڕزگارکردنی نێودەوڵەتی، ئەم پەیمانەیان وەک “بێوێنەترین هێرش بۆ سەر مافی پەنابەری لە ئورووپا” وەسف کردووە.
یەکێک لە مەترسیدارترین میکانیزمەکانی ئەم پەیمانە، بریتییە لە گەشەپێدانی چەمکی “وڵاتی سێیەمی ئەمن“. بەپێی یاسا نوێیەکان، حکومەتەکانی ئەندامی یەکێتیی ئورووپا دەتوانن داواکاری پەنابەریی کەسەکان بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی ڕاستەقینە ڕەد بکەنەوە و ڕەوانەی وڵاتێکی سێیەمان بکەن (کە زۆربەیان وڵاتە هەژارەکانی ناوەڕاستی ئەفریقان). ئەم ئاراستەیە، بە ئاشکرا بەرپرسیارێتی پاراستنی پەنابەران لەسەر شانی ئورووپا لادەبات و دەیگوازێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە توانایی، ئیمکانات و پابەندبوونی مافی مرۆیی کەمتریان هەیە.
یەکێتییئورووپاهاوکاتلەگەڵئەمپەیمانە،لەپرۆسەیکۆتاییهێناندایەبە “یاساکانی گەڕاندنەوە” کە جێگرەوەی ڕێوشوێنەکانی پێشووی دەرکردن دەگرێتەوە. ئەم یاسایانە کە لە مانگی مارسی ٢٠٢٦ لە پەرلەمانی ئورووپادا دەنگی لەسەر درا، پڕۆژەی دروستکردنی “سەنتەرەکانی گەڕاندنەوە” لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئورووپا پێش دەخات. ئەم سەنتەرانە، کە لە ڕاستیدا جۆرێک لە گرتووخانەی مۆدێرنی دەرەوەی سنوورن، بڕیارە لەو وڵاتانە بن کە هێشتا دیار نییە، ئەو کەسانە ڕادەگرن کە لە پرۆسەی پەنابەریدا ڕەدکراونەتەوە یان نا. ڕێکخراوی ڕزگارکردنی نێودەوڵەتی هۆشداری داوە کە ئەم پڕۆژەیە، بە بێبەزەییانە ڕەفتار لەگەڵ خێزان و منداڵانیشدا دەکات و بە کردەوە بیرۆکەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دادوەریی ئورووپا بە یاسایی دەکات.
خاڵێکی کە لەم گۆڕانکارییانەدا زۆر جێگەی نیگەرانییە، بریتییە لە نەهێشتنی مافی پێداچوونەوە. لە یاسا کۆنەکانی ئورووپادا، تۆمارکردنی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بڕیاری ڕەتکردنەوەی پەنابەری، دەرکردنی دەستبەجێی کەسەکەی تا کاتی پێداچوونەوەی سەرلەنوێی دادگای ڕادەگرت، بۆ ئەوەی مافی کەس پێشێل نەبێت. بەڵام بەپێی یاسا نوێیەکان، کەسەکان دەکرێت پێش ئەوەی دادگایەک لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بکات، دەربکرێن بۆ وڵاتێکی دیکە. ئەمەش واتە زیانێکی لەقەرەبوو نەهاتوو پێش لە دەرچوونی هەر بڕیارێکی دادوەری، سیاسەتێکی کە مافی بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بە تەواوی لەناو دەبات.
ئەم ئاراستە سەختگیر و هێرشبەرانەی یەکێتیی ئورووپا ناتوانرێت لەو چوارچێوە سیاسییە بەرفراوانترە جیا بکرێتەوە کە دۆخی ئێستای قاڕەکەی گرتووەتەوە. شەپۆلی ڕاستڕەوی توندڕەو لە سەرانسەری ئورووپادا، زۆرێک حکومەتەکانی بەرەو سیاسەتی دژە کۆچبەری پاڵپێوە ناوە. حیزبە پۆپۆلیستەکان بە بەکارهێنانی ئامرازی ترس و ترس لە بێگانە، دەنگی گشتییان بەرەو لای خۆیان ڕاکێشاوە و حیزبە میانڕەوەکانیش بۆ پاراستنی مانەوەی سیاسی خۆیان، هەمان سیاسەتی توندڕەوانەیان گرتووەتەبەر.
ناوبردنی پەنابەران وەک “هەڕەشەی ئەمنیی“، “بارگرانی ئابووری” نەک وەک مرۆڤگەلێکی کە لە ژێر مەترسیدان، گوتارێکی ئاسایی کردووەتەوە کە دە ساڵ لەمەوبەر تەنها لە پەراوێزی سیاسەتدا بوونی هەبوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوە زانستیی و توێژینەوە ئابوورییە جۆراوجۆرەکان نیشان دەدەن کە پەنابەران لە درێژماوەدا نەک هەر بارگرانی نین بۆ سەر کۆمەڵگە، بەڵکوو یارمەتییەکی زۆر بە ئابووریی وڵاتانی خانەخوێ دەگەیەنن، کەمیی هێزی کار قەرەبوو دەکەنەوە و کۆمەڵگاکان لە ڕووی کولتووری و مرۆییەوە دەوڵەمەند دەکەن.
سیاسەتە نوێیەکانی پەنابەریی لە ئورووپا نیشاندەری قەیرانێکی قووڵترن، قەیرانی ئەخلاقی لەو دامەزراوانەی کە بانگەشەی ڕابەرایەتیکردنی بەها مرۆییەکان لە جیهاندا دەکەن. پەنابەران لە زومرەی ئەو مرۆڤانەن کە شەڕیان بەسەردا سەپێنراوە، نەک مرۆڤێکی کە شەڕیان هەڵبژاردبێت. ئەوان قوربانیی قەیرانە ژیۆپۆلەتیکییەکان، هەژاریی پێکهاتەیی و گۆڕانی کەشوهەوان کە زۆرجار سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە داگیرکاری، سەربازی و ژینگەییەکانی هەمان ئەو وڵاتە دەوڵەمەندانەی کە ئێستا دەرگاکانیان بە ڕووی ئەم زیانلێکەوتووانەدا دادەخەن.
مافی پەنابەری پابەندبوونێکی یاسایی نێودەوڵەتی و ئەرکێکی مرۆییە. لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەران و تەواوی ڕۆژەکانی ساڵدا، ئەرکی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سەرجەم مرۆڤە وشیار و وەخەبەرهاتووەکانە کە ببنە دەنگی پەنابەران و لەسەر ئەو ڕاستییە جەخت بکەنەوە کە: دیوارکێشان لە بەردەم ئاوارەکاندا و پەنابردن بۆ بەندیخانەکانی دەرەوەی سنوور، نە ئورووپا ئارامتر دەکات و نە جیهان باشتر، ئەم ههنگاوانە تەنها ویژدانی مرۆڤایەتی ئازار دەدات و دەبنە پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچەوانی مێژووی شارستانییەتی هاوچەرخەوە. کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵانی خەڵکی ئورووپا گوشار بخەنە سەر حکومەتەکانیان تا لە جیاتی دروستکردنی دیواری بەرزتر، پردی هاوسۆزی، هاوپشتی مرۆیی و ڕزگارکردن بنیاد بنێن.
