پازدەی ژوئەن بەرامبەر لەگەڵ ٢٥ی جۆزەردانی هەمووساڵێک، «ڕۆژی جیهانیی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە ئازاری بەساڵاچووان، بیرهێنەرەوەی قەرزاربوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە بەو کەسانەی کە تەمەن، توانا، گەنجی و تەندروستیی خۆیان لە پێناو بنیاتنانی جیهانی ئەمڕۆدا بەخشیوە، کەچی ئێستا لە سەروبەندی پیریدا، لە جیاتی ئەوەی لەسەر کورسیی ڕێز و ئارامی دابنیشن، زۆرجار پەراوێز خراون. بەساڵاچووان، ئەو ژن و پیاوانەن کە دەیان ساڵ کاریان کردووە، منداڵیان پێگەیاندووە، زانست و ئەزموونیان کۆکردووەتەوە و گواستوویانەتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، کۆڵەکەی پتەوی ناسنامەی بەکۆمەڵی ئێمەن.
یەکێک لە بنەڕەتیترین ئەرکەکانی دەوڵەت، بریتییە لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسایشی هاووڵاتیان لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا، بەتایبەت لە کاتی لاوازیی جەستەیی و پیریدا. ئەرکی سەرشانی دەوڵەتەکانە. کە بە داڕشتنی بناغەی سیستمێکی گشتگیری خۆشگوزەرانی، قۆناغی پیری بگۆڕن بۆ قۆناغێکی پڕ لە ئارامی، کەرامەت و گەشەسەندن، نەک وەرزێکی پڕ لە سەرئێشە، دڵەڕاوکێ و بێبەشبوونی ماددی. داواکارییەکانی بەساڵاچووان چوار ڕەهەندی سەرەکی لەخۆ دەگرێ. چاودێریی پزیشکیی گشتگیر: بەساڵاچووان بەهۆی سستبوونی سروشتیی جەستەیانەوە، پێویستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەردەوام، هەرزان و پسپۆڕ، واتە پزیشکیی تایبەت بە بەساڵاچووان هەیە. چاودێریکردنی بەساڵاچووان دەبێت وەک “مافێکی گشتیی بنەڕەتی” سەیر بکرێت، نەک وەک سەدەقە یان ئیمتیازێک.
دابینکردنیبژێویوئاسایشیماددی: نابێت خانەنشینبوون بەواتای کەوتنە ناو قووڵایی هەژاری بێت. مووچەی گونجاو، شوێنی نیشتەجێبوونی پاڵپشتیکراو و یارمەتییە بنەڕەتییەکان، کەمترین ئامرازن بۆ پاراستنی سەربەخۆیی ماددی و کەرامەتی بەساڵاچووان.
ژێرخانەکۆمەڵایەتیوخۆشگوزەرانییەکان: دروستکردنی ماڵی ستاندارد و مۆدێرن بۆ بەساڵاچووان، سەنتەر و شوێنی کات بەسەربردنی ڕۆژانە، ئامرازەکانی گواستنەوەی شاریی گونجاو لەگەڵ جۆری کەمئەندامیی و پرۆگرامە کولتوورییەکان، لە زومرەی ئەرکە حاشاهەڵنەگرەکانی هەر دەوڵەتێکی بەرپرسیارن.
بەشدارییکۆمەڵایەتی: دابڕینی بەساڵاچووان لە کایەی گشتییەکان، تاوانێکی دوولایەنەیە، ئەم کارە هەم زیان بە دەروونی بەساڵاچووان دەگەیەنێت و هەم کۆمەڵگا لە هەگبەی پڕ لە ئەزموون و حیکمەتی ئەوان بێبەش دەکات. دەسەڵات دەبێت زەمینەی بەشداریی چالاکانەی ئەوان لە بڕیارە خۆجێیی و کۆمەڵایەتییەکاندا بڕەخسێنێت.
بەڵام هۆشیاریی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کەرامەتی بەساڵاچووان، پێویستی بە شۆڕشێکی کولتووریی هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکاریی سیاسیی هەیە. بەشێکی بەرچاو لە پێکهاتەی جیهانیی دەسەڵات، هێشتا لە ڕوانگەیەکی ئامرازیی و قازانجپەرستانەوە سەیری مرۆڤ دەکات، ڕوانینێکی نیۆلیبرالیستی کە بەهای بوونی تاک تەنها بە ڕادەی بەرهرەداربوونی ئابووری و توانای کاریی ئەوەوە دەبەستێتەوە. لەم دیدگایەدا، ئەو بەساڵاچووەی کە لە پڕۆسەی ڕاستەوخۆی بەرهەمهێنانی بەهای زیادە چووەتە دەرەوە، وەک بوونەوەرێکی بێسوود و بەکاربەرێکی باری دارایی کۆمەڵگا دادەنرێت. ئەم تێڕوانینە چینایەتی و نامرۆڤانەیە، زەمینەسازی سەرەکییە بۆ پەراوێزخستن، بێڕێزی و توندوتیژیی پێکهاتەیی دژ بە بەساڵاچووان.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە هەر شەش کەسی بەساڵاچوو لە سەرانسەری جیهان، یەکێکیان جۆرێک لە ئازارەکانی جەستەیی، دەروونی، دارایی یان کەمتەرخەمی چاودێریی، ئەزموون دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماری ڕاستەقینە گەلێک لە ژمارە فەرمییەکان زیاترە، چونکە زۆربەی قوربانییەکان بەهۆی شەرم، ترسی تۆڵەسەندنەوە، وابەستەیی ماددی بە ئازاردەرەکان یان بێتوانایی مەعریفییەوە، بێدەنگی هەڵدەبژێرن.
واقعی ژیانی بەساڵاچووان لە ئێرانی ئەمڕۆدا، لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئاینی و پێکهاتە ئابوورییە گەندەڵەکەیدا، زۆر بەئازارتر و کارەساتبارترە لە پێوەرە جیهانییەکان.
گرانی و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر لەگەڵ دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی نیشتمانی، مووچەی خانەنشینانی کردووە بە کاغەزێکی بێبایەخ. ئەو خانەنشینانەی کە سی ساڵ لە تەمەنی خۆیان بە هیوای سەردەمی حەسانەوە و ئارامیی پیری کاریان کردووە، ئەمڕۆ لەگەڵ مووچەیەک بەرەوڕوو دەبنەوە کە تەنانەت بەشی کرێی خانوو و بژێوی سەرەتایی دە ڕۆژیش ناکات. خۆپیشاندانی بەردەوام و هەفتانەی خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، مامۆستایان و کرێکارانی پیشەسازی لە شەقامەکانی ئێران، هاواری بێدەسەڵاتی و مەزڵوومییەتی ئەم توێژە تاڵانکراوەیە.
لەکاتێکدا پێداویستییە چارەسەرییەکان لە کاتی پیریدا خێراتر دەبن، سیستمی چارەسەریی ئێران بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیک، تاڵانکرانی سندوقەکانی خانەنشینی لەلایەن کەسانی سەر بە ڕژێم و خراپیی بەڕێوەبردن، لە لێواری داڕماندایە. دەرمانە سەرەکییەکانی بەساڵاچووان یان دەست ناکەون یان بە نرخێکی ئێجگار زۆر لە بازاڕی ئازاددا دەفرۆشرێن و بیمە سەرەتاییەکانیش لە ڕاستیدا هیچ جۆرە چاودێرییەکی بەسوودی ددان، نەشتەرگەری یان چاودێری پێشکەش ناکەن.
کارەساتی سەرەکی ئەوەیە کە بەساڵاچووان و خانەنشینانی ئێران لە پێکهاتەیەکی سەرکوتگەری ئەوتۆدا دەژین کە هیچ ڕێڕەوێکی یاسایی و دیموکراتییان نییە بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆ پیشەییەکان، سەندیکاکان و کۆڕ و کۆبوونەوەی هێمنانە. هەر هاوارێکی مافخوازیی ئەوان لە شەقامدا بە گوللە و باتۆم، گازی فرمێسکڕێژ و دەستبەسەرکردن وەڵام دەدرێتەوە.
له یاسا فقهی و دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامیدا، ژنانی بەساڵاچوو لە لاوازترین پێگەی یاساییدان. ژنێکی کە خەریکی کاری ناو ماڵ بووە و کارەکەی (کە گەورەترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاری کۆمەڵگایە) لە یاسادا هیچ بەهایەکی ماددی و بیمەیی نییە، دوای مردنی هاوسەرەکەی بەهۆی مووچەی کەم و یاسای نایەکسانی میرات، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ناو گێژاوی هەژاریی موتڵەقەوە.
کاتێک باس لە ئازاری بەساڵاچووان دەکرێت، زێهنەکان دەچنە سەر توندوتیژیی خێزانی، بەڵام وێرانکەرترین شێوازی ئازاردانی بەساڵاچووان، بریتییە لە ئازارە پێکهاتەییەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ، نیزامیگەری، گەمارۆکان و هەژاریی موتڵەق. ئەمڕۆ لە ئۆکراین، غەززە، لوبنان، سودان و ئێران، ملیۆنان بەساڵاچوو لەگەڵ ئەو کابوسانە بەرەوڕوون کە نابێت هیچ مرۆڤێک لە سەروبەندی ئاوابوونی خۆری تەمەنیدا لەگەڵیدا ڕووبەڕوو ببێت.
له غەززەی وێرانکراودا، ئەو باپیرە و داپیرانەی کە دەبوو پەناگەی سۆزداریی نەوەکانیان بن، لەناو کێوی خۆڵەمێشدا بەدوای قومێک ئاوی خاوێندا دەگەرێن کە بوونی نییە. لە ئۆکراین، بەساڵاچووانی بێ دیفاع ناچار بە ئاوارەبوونی درێژخایەن یان مەرگ لە تەنیایی ماڵە بۆردومانکراوەکانیاندان. لە لوبنان و ئێرانیش، هەژاریی سەرچاوەگرتوو لە داڕمانی ئابووری، پاشەکەوتی تەمەنێک ڕەنج و زەحمەتی خانەنشینانی قووت داوە و ئەوانی لەبەردەم نەخۆشی و پیریدا بێ دیفاع هێشتووەتەوە.
لە کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەرانی سبەینێدا، پیریی نەک هەر مایەی ترس نییە، بەڵکوو وەرزێکی شایستە، بەڕێز و شکۆداری ژیانی مرۆڤایەتییە: چارەسەر، تەندروستی، شوێنی نیشتەجێبوون و کات بەسەربردنی بەساڵاچووان دەبێت ڕاستەوخۆ لە سامانی گشتیی کۆمەڵگا و باجە بەردەوام ڕوو لە بەرزبووەکانی سەر سەرمایەداران دابین بکرێت، نەک وەک کاڵا لە بازاڕی ئازاددا بکڕدرێت و بفرۆشرێت. هیچ مرۆڤێک نابێت ناچار بێت تا کۆتا هەناسەی ژیانی لەپێناو مانەوەدا شەڕدا. دەبێت ئەو سامانە کەڵەکەبووەی کە بەرهەمی کاری کۆمەڵایەتییە، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت بۆ ئەوەی قۆناغێکی خانەنشینیی گونجاو بۆ هەمووان مسۆگەر بکرێت. باری چاودێریکردنی بەساڵاچووان نابێت تەنها لەسەر شانی خێزانەکان (و بە شێوازێکی نایەکسان لەسەر شانی ژنانی ماڵەوە) قورسایی بکات. لە کۆمەڵگای یەکسانی داهاتوودا، هیچ جیاوازییەک لە نێوان پیرە پیاوێکی کرێکاری بەلوچ، پیرەژنێکی ماڵداری کورد، یان خانەنشینێکی تارانیدا بوونی نابێت، هەمووان لە مافێکی یەکسان بۆ بەهرەمەندبوون لە باشترین کوالێتی ژیان بەشدار دەبن.
