کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆتایی شەڕ، سەرەتای ڕوونبوونەوەی ڕیزەکانە

IMG 5052

بڵاوبوونەوەی دەقی ڕێککەوتننامەی ١٤ ماددەیی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە ژنێڤ بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن نوێنەرانی هەردوولاوە واژۆ بکرێت، وەرچەرخانێکی گرنگە لە قەیرانی ئەم دواییەی ئێران و ناوچەکەدا. ئەم ڕێککەوتننامەیە، لە ڕواڵەتدا  بڕیارە کۆتایی بهێنێت بە قۆناغی نیزامیی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران؛ بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە، مانایەکی قووڵتری لە ئاگربرست یان ڕێکخستنی پێوەندییە ئەمنییەکان هەیە. ئەم بەڵگەنامەیە ئەوە نیشان دەدات شەڕێکی کە بە بانگەشەیگۆڕینی ڕەفتار،کۆنترۆڵکردنی هەڕەشە،چەک کردنو تەنانەت لە هەندێک گێڕانەوەدا بەکردنەوەی ڕێگەی ئازادیی خەڵکی ئێران» دەستی پێکرد، لە کۆتاییدا گەیشتە ڕێککەوتنێک کە بەر لە هەر شتێک مانەوەی کۆماری ئیسلامی مسۆگەر دەکات و پێگەی ڕژێم لە بەرامبەر ڕۆژاوادا جێگیر دەکات.

تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەبێت، ئەم ڕێککەوتننامەیە هیچ شتێک زیاتر لە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش شەڕ لەخۆ ناگرێت، واتە کراوەبوونی گەرووی هورمز، ڕۆیشتنی ئازادانەی نەوت و گازی ناوچەکە بۆ بازاڕەکانی جیهان، و گەڕانەوەی سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بۆ ڕێڕەوەکانی وزە. ئەمریکا بە کردەوە داوا دەکات کە نەزمە ئابووری و ژیۆپۆلیتیکییەکەی پێش دەستپێکردنی شەڕ دووبارە جێگیربێتەوە، واتە هەمان ئەو دۆخەی کە تێیدا نەوت و گازی ناوچەکە بەبێ هیچ ئاستەنگێکی جیدی هەناردەی جیهان دەکرا و گەرووی هورمزیش وەک یەکێک لە شادەمارە سەرەکییەکانی ئابووریی جیهانی کراوە بوو.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی لەم ڕێککەوتنەدا ئیمتیازی زۆر گرنگتری بەدەست هێناوە. ڕژێمێکی کە لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە بوونی خۆی بەسەر ڕۆژاوا و ئەمریکادا بسەپێنێت، ئێستا دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە نەک هەر لە شەڕەکە ڕزگاری بووە، بەڵکوو لایەنی بەرامبەریشی ناچار کردووە بوونی بە فەرمی بناسن. بۆ کۆماری ئیسلامی، خودی مانەوە لە بەرامبەر گوشاری نیزامی، سیاسی و ئابووریی ئەمریکادا، هەمیشە وەک جۆرێک لە سەرکەوتن ئەژمار کراوە. ئەمجارەش ڕێککەوتنی ژنێڤ دەرفەت بە حکوومەت دەدات کە لە پرۆپاگەندە ناوخۆییەکانی خۆیدا، شەڕەکە وەکشکستی دوژمنو ڕێککەوتنەکەش وەکجێگیربوونی دەسەڵات و باڵادەستیی نیزاملەقەڵەم بدات.

گرنگترین ڕەهەندی سیاسیی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە سیاسەتی ناسراو بەگۆڕینی ڕژێمبە کردەوە و بە فەرمی لە بەرنامەی کار لادەبرێت. ئەمریکا بەڵێنی داوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێراندا نەکات. ئەم بەڵێنە، تەنانەت ئەگەر لە کردەوەدا لێکدانەوەی جیاوازیشی بۆ بکرێت، لە ڕووی هێماییەوە بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگییەکی زۆری هەیە. حکوومەتێکی کە بەردەوام هەر ناڕەزایەتییەکی ناوخۆیی بەدەستوەردانی دەرەکیبەستووەتەوە، ئێستا بەڵگەنامەیەکی لەبەر دەستدایە کە دەتوانێت وەک نیشانەیەک بۆ پاشەکشەی ئەمریکا لە پڕۆژەی ڕووخاندن پێشانی بدات.

لە پاڵ ئەمەشدا، ڕێککەوتنەکە چەند ئیمتیازێکی ئابووریی دیاریکراویش لەخۆ دەگرێت، لەوانە هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆکان، ئازادبوونی ڕێگەی فرۆشتنی نەوت و گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە سەرچاوە داراییەکان. ئەم ئیمتیازانە بۆ حکوومەتێکی کە لە ژێر گوشاری قەیرانی ئابووری، کورتهێنانی بوودجە، هەڵاوسان و ناڕەزایەتی گشتیدایە، زۆر حەیاتی و گرنگن. تەنانەت ڕێگەپێدانێکی سنووردار بە فرۆشتنی نەوت، دەتوانێت بۆ دەسەڵات بە واتای نەفەسێکی دارایی، نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە تۆڕە وەفادارەکانی سەر بە ڕژێم و بنیاتنانەوەی ئامرازەکانی سەرکوتکردن بێت.

سەرەڕای ئەوەش، بەشێک لە بەندە ئابوورییەکانی ڕێککەوتنەکە زیاتر لەوەی گەرەنتییەکی ڕوونی جێبەجێکردنیان هەبێت، وا دیارە بۆ ڕازاندنەوەی ڕواڵەتی بەڵگەنامەکە و فێڵکردن لە ڕای گشتی جێگیر کراون. نموونەی هەرە دیاری ئەوەش، بریتییە لە قسەکردن لەسەر پێکهێنانی سندووقێکی ٣٠٠ ملیارد دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکانی شەڕ. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە: ئەم سندووقە لە کوێوە دابین دەکرێت؟ چ دامەزراوەیەک چاودێریی دەکات؟ پشکی خەڵک و ژێرخانە گشتییەکان لەو سندووقەدا چییە؟ ئایا ئەم سەرچاوانە بەڕاستی بۆ ئاوەدانکردنەوەی نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، تۆڕەکانی ئاو، کارەبا، گواستنەوە و شوێنی نیشتەجێبوون و وێرانییەکان خەرج دەکرێت، یان دەڕژێتە ناو ڕێڕەوە ناسراوەکانی گەندەڵی، ڕانت، دامەزراوە سەربازییەکان و بنیادە حکوومەتییەکان؟

ئەزموونی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا، وەڵامێکی گەشبینانە بەم پرسیارانە ناداتەوە. دەزگای بیرۆکراتی و ئابووریی کۆماری ئیسلامی بە توندی گەندەڵ، ناڕوون و ڕانتخوازە. تەنانەت ئەگەر سەرچاوەی دارایی نوێش بخرێتە بەردەستی حکوومەت، هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەم سەرچاوانە ببنە هۆی گەشەی ئابووری، خۆشگوزەرانی گشتی یان ئاوەدانکردنەوەی ڕاستەقینەی وڵات. بەپێچەوانەوە، ئەگەری هەرە بەهێز ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەم سەرچاوانە بۆ بنیاتنانەوەی توانای سەربازی، بەهێزکردنی دەزگا ئەمنییەکان، دابینکردنی تێچووی تۆڕە سەر بەخۆکان، و پەرەپێدانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی خەرج بکرێت.

ئێستا مەسەلە سەرەکییەکە ئەمەیە: ئایا ئەو سەرچاوانەی لەم ڕێگەی لەم ڕێککەوتنەوە بەدەست دێن دەگەنە ناو ژیانی خەڵک، یان جارێکی دیکە بۆ دام و دەزگا سەربازی، ئەمنی و پرۆپاگەندەییەکەی کۆماری ئیسلامی تەرخان دەکرێن؟ ئەزموونەکان نیشانیان داوە کە لە نەبوونی ئازادیی سیاسی، چاودێریی جەماوەر، ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و میدیای ئازاددا، هیچ گەشەسەندنێکی ئابووریی بەردەوام بە قازانجی خەڵک ڕوو نادات. پارەی نەوت، هەڵگرتنی گەمارۆکان و سەرچاوە ئازادکراوەکان، ئەگەر لەناو ئەم پێکهاتەیەوە تێپەڕ بن، پێش ئەوەی پارووە نانێک بخەنە سەر سفرەی خەڵک، توانای سەرکوتکردنی حکوومەت نۆژەن دەکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەم ڕێککەوتنە گورزێکی جیدی بوو بۆ بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاست، ئەو ڕەوتەی کە ساڵانێک بوو گەمارۆ، گوشاری دەرەکی و هێرشی سەربازیی وەک ڕێگەی ڕزگاریی خەڵکی ئێران دەناساند. شەڕی ئەم دواییە نیشانی دا کە بۆردوومان نە ئازادی بەدیاری دەهێنێت و نە دیموکراسی، ئەنجامەکەی نە بریتی بوو لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و نە بەهێزبوونی خەڵک، بەڵکوو وڵاتێکی بریندارتر، کۆمەڵگەیەکی هەژارتر، ژێرخانێکی زیانبەرکەوتووتر و حکوومەتێکی کە ئێستا دەتوانێت مانەوەی خۆی وەک سەرکەوتن ڕابگەیەنێت.

کۆتایی شەڕ، سەرەتای ڕوونبوونەوەی ڕیزەکانە. لە لایەکەوە کۆماری ئیسلامی وەستاوە کە تەنانەت وێرانکارییش بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەکاردێنێت، لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاست کە ڕزگاری و وێرانکاریی بە یەک شت دەزانی و شکستی هێنا. لە بەرامبەر هەردوو ئەم بەرەیەدا، جەماوەری خەڵکی ئێران وەستاون، جەماوەرێکی کە خوازیاری ئازادی، نان و ئاسایشن، نەک شەڕی دەرەکی و ستەم و سەرەڕۆیی ناوخۆیی.