کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی ماددە هۆشبەرەکان، سەرچاوەی کارەساتێکی کۆمەڵایەتی

IMG 5151

لە ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردنی نایاسایی بەو ماددەیەوە، جیهان جارێکی دیکە تەرکیز دەخاتە سەر یەکێک لە وێرانکەرترین قەیرانە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئەولاتر لە تێڕوانینێکی ڕواڵەتیی بۆ دیاردەی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، سەرنجی قووڵتر بخەینە سەر ئەو سەرچاوانەی کە کۆمەڵگاکان دەخەنە ناو گێژاوی ئەم بەڵا ماڵوێرانکەرەوە. ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان ئاوێنەیەکی باڵانوێنی ئەو قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیانەیە کە ئومێد لە دڵی هاووڵاتییان، بەتایبەت گەنجاندا، دەکوژێت. لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئێران وەک نموونەیەکی هەمە لایەنە و هەژێنەر، نیشانی دەدات کە چۆن ناکارامەیی، سەرکوتکاری و سیاسەتە نادروستەکانی حکومەت دەتوانن ببنە هۆی پەرەسەندنی کارەساتباری ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و بیکات بە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی.

ئاستی قەیرانی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران بە شێوەیەکی مەترسیدار ڕوو لە زیادبوونە، بەڵام سیاسەتی فەرمیی کۆماری ئیسلامی، بریتییە لە شاردنەوە و نەبوونی شەفافییەت لە خستنەڕووی ئامارە ڕاستەقینەکاندا. ئەو ئامارە حکومەتیانەی کە لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاویدا بڵاوکرانەوە، باسیان لە بوونی نزیکەی پێنج ملیۆن کەسی ئاڵوودەبوو بە ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتدا دەکرد. هەر ئەو سەرچاوەیە، واتە ناوەندی ئاماری ئێران، پێشبینی کردبوو کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٤٠٥ی هەتاویدا بە ڕێژەی ٢٠ لەسەد زیاد بکات. سەرەڕای ئەوەش، بەڵگە و شیکارییە سەربەخۆکان نیشانی دەدەن کە ئەم ژمارانە، نوسخەیەکی گەشبینانەی ڕاستییەکی زۆر تاڵترن. تەنانەت ئەگەر ڕێک ئەم ئامارە فەرمییەش قبووڵ بکەین، لەبەردەم کارەساتێکداین لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا کە داهاتووی ملیۆنان مرۆڤی بەرەو تیاچوون بردووە.

مەترسیدارتر لە ژمارەی ئاڵوودەبووان، مەسەلەی دابەزینی ئێجگار زۆری تەمەنی ئاڵوودەبوونە. سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە تەمەنی دەستپێکردنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان گەیشتووەتە ١٣ ساڵی و مەزەندە دەکرێت نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئاڵوودەبووی وڵات تەمەنیان لە خوار ١٩ ساڵەوە بێت. ئەم ئامارە نیشانی دەدات کە گەنجان و تازەلاوان، کە دەبێت لێوانلێو بن لە ئومێد و وزە بۆ بنیاتنانی داهاتووی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان، لە کەشێکی پڕ لە بێهیواییدا پەنا دەبەنە بەر ماددە هۆشبەرەکان. ئەم ڕووتێکردنە لە ماددە هۆشبەرەکان، بەتایبەت ماددە پیشەسازییە وێرانکەرەکانی وەکشیشە” (کریستاڵ)، هاوارێکی بێدەنگە لەدژی ئەو دۆخەی کە هیچ داهاتوویەکی تێدا بەدی ناکرێت.

یەکێک لە مەترسیدارترین گۆڕانکارییەکان لە شێوازی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران، بریتییە لە باوبوونی ماددەی پیشەسازی و کیمیاییشیشە” (مێتامفێتامین). ئەم ماددەیە کە لە کارگەکانی ناوخۆی وڵاتدا بەرهەم دەهێنرێت، بەهۆی نرخە تاڕادەیەک هەرزانەکەی و دەستڕاگەیشتنی ئاسان پێی، بووەتە یەکێک لە بژاردنە سەرەکییەکانی بەکارهێنەران. خاڵی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ئەم ماددە مەترسیدارە، بەبێ پشتگیریی تۆڕ و تاقمە دەسەڵاتدارەکان مەحاڵە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خاوەنی ئەم کارگانە بە پێدانی بەرتیلی گەورە بە بەرپرسانی دەسەڵات، بازرگانی جینایەتکارانەی خۆیان بەبێ هیچ ئاستەنگێک و ڕێگرییەک بەرەوپێش  دەبەن و تەنانەت بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوەی وڵاتیش دەکەن.

کۆماری ئیسلامی بە دوو شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی هەیە لە پەرەسەندنی کارەساتی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکاندا. لە لایەکەوە، ئەم ڕژێمە وەک حکومەتێکی ستەمکار و گەورەترین خاوەنکار لە وڵاتدا، هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی هەژاریی، بێکاریی، نائەمنیی کۆمەڵایەتی و بێهیواییە بەرامبەر بە داهاتوو. ئەم نەهامەتییە کۆمەڵایەتییانە، سەرەکیترین زەمینەن بۆ گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان. کاتێک دەرفەتەکانی کار سنووردار بن، ئاسۆی داهاتوو لێڵ و کەشی سیاسی داخراو بێت، پەنابردن بۆ ماددە هۆشبەرەکان بەمەبەستی ڕاکردن لە واقیع، دەبێتە بژاردەیەکی لەبەر دەست.

لە لایەکی دیکەوە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن سەبارەت بە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان لە بازرگانیکردنی ماددە هۆشبەرەکاندا. ساڵانێکە ڕۆڵی وەزارەتی ئیتڵاعات و سپای پاسداران لە ئاسانکاریی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا و باشووری وڵات و هەروەها بڵاوکردنەوەی لە ناوخۆدا، ئاشکرا بووە. ئەم دەستێوەردانە، بەتایبەت لە ناوچە هەستیارەکانی وەک کوردستاندا، کە دابەشکردنی بەربڵاو و هەرزانی ماددە هۆشبەرەکان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرێت، بە تەواوی ناسراوە.

ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاڵوودەبووندا، بریتییە کۆمەڵێک سیاسەتی شکستخواردووە. یەکەم، شاردنەوەی ئامار و زانیارییەکانی پێوەست بە ئاڵوودەبوون، ئەگەری هەر جۆرە زیانناسییەکی زانستی و پلاندانانێکی وردی لەناو بردووە. دووەم، بە ڕێگریکردن لە چالاکیی ڕێکخراوە مەدەنییە سەربەخۆ و جەماوەرییەکان، گرنگترین باڵی کۆمەڵایەتی بۆ شەڕی دژ بەم دیاردەیەی بڕیوە.

جگە لەوەش، سیستمی دادوەری و چارەسەرکردنی ڕژێم، کەسی ئاڵوودەبوو نەک وەک قوربانییەکی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو وەک تاوانبارێک دەبینێت. سەنتەرە حکومییەکانی وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان، لە جیاتی ئەوەی ژینگەیەکی پاڵپشت و چارەسەرکەر بن، وەک زیندان بەڕێوە دەبرێن. ئەم دۆخە پۆلیسی و ناتەندروستە نەک هەر دەبێتە هۆی ڕاکردنی ئەو ئاڵوودەبووانەی کە بە ڕاستی دەیانەوێت واز بهێنن، بەڵکوو تەنانەت ئەو کەسانەش کە خولی چارەسەرکردنەکە تەواو دەکەن، دوای ماوەیەکی کورت دووبارە دەچنەوە پێوشوێنی ماددە هۆشبەرەکان. هۆکاری ئەمەش ڕوونە: کەسێکی کە بەهۆی هەژاری، بێکاری و بێهیواییەوە پەنای بردووەتە بەر ماددە هۆشبەرەکان، دوای چوونەدەرەوەی لەو سەنتەرانە، دووبارە ڕووبەڕووی هەمان دیواری بەرزی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە و ڕێگەیەک شک نابات جگە لە گەڕانەوە بۆ ناو داوی ماددە هۆشبەرەکان.

خەبات لەدژی ئالودەبوون بە هۆشبەرەکان، کە لە لایەکەوە بازرگانییەکی پڕ قازانجە بۆ مافیای دەسەڵات و لە لایەکی دیکەوە ئامرازێکە بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی لە دەستی دەسەڵاتداراندا، ناتوانێت جیا بێت لە خەبات بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و گۆڕانکارییە بنەڕەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەم خەباتە، زنجیرەیەکی لێکهەڵپێکراوە کە بریتییە لە: خەبات لەدژی سیستمێکی کە هەژاری و نایەکسانی بەرهەم دەهێنێتەوە، خەبات لەدژی ڕژێمێکی کە بە سەرکوت و گەندەڵی کۆمەڵگە بێ هیوا دەکات و هەروەها خەبات لەپێناو باشترکردنی بارودۆخی ژیانی مرۆڤایەتی.

ڕێگەچارەی کۆتایی، بەندە بە ناچارکردنی دەسەڵات بە وەڵامدانەوە. دەبێ بودجەی وڵات لە جیاتی ئەوەی لەپێناو ئامێرەکانی سەرکوت، پڕۆژە بێبەرهەمەکان و سەرکێشییە سەربازییەکاندا خەرج بکرێت یان لەلایەن تۆڕی گەندەڵی بەڕێوەبەرانی حکومییەوە بە تاڵان ببرێت، لەپێناو باشترکردنی ژیانی خەڵک، ڕەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکاندا بەکار بهێنرێت. بەهێزکردنی خەباتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەتوانێت ئاسۆیەکی ڕوون لە گۆڕانکاری بخاتە بەردەم جەماوەر، بەتایبەت توێژی لاو. لە سەر بەستێنی ئاوا ئاسۆیەکی ئومێدبەخشەدایە کە کچان و کوڕانیش لەبری تەسلیم بوون لەبەرامبەر سەختی و ناخۆشییەکان و پەنابردن بۆ لەناوبردنی خۆیان لە ڕێگەی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، ڕێگەی خەبات بۆ لەناوبردنی هۆکارەکانی ئەم کارەساتە دەگرنەبەر.