کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

له‌ جه‌رگه‌ی قه‌یرانی ئێستادا پێویسته‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چاره‌نووس سازی داهاتوو ئاماده‌ بین

139404291055437635721644

139404291055437635721644

دوو دیارده‌ له‌ كۆماری ئیسلامیدا هیچ كات كۆتاییان نایه‌ت، درۆنانه‌وه‌ و سه‌ركوت‌. له‌ جه‌رگه‌ی قه‌یرانه‌ سرووشتیه‌كانی وه‌ك لافاو و بوومه‌له‌رزه‌ و ئاگركه‌وتنه‌ له‌ دارستانه‌كان و هه‌ر كاره‌ساتێكی تردا، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ڕژیم به‌ر له‌وه‌یكه‌ بیر له‌ سووك كردنی ژان و ئازاری خه‌ڵك بكه‌نه‌وه‌، به‌په‌له‌ ده‌كه‌ونه‌ كار و به‌ چوار چاوه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ باروودۆخه‌كه‌ تا نه‌كا یارمه‌تی گه‌یاندنه‌كانی خه‌ڵك شكڵێكی ڕێك و پێك و ڕێكخراو به‌خۆی بگرێت. نموونه‌ی ڕه‌شبگیریه‌كانمان له‌ جه‌ره‌یانی بوومه‌له‌رزه‌ی به‌م، سێڵاوی ماڵوێرانكه‌ری لۆرستان و شوێنه‌كانی دیكه‌، بوومه‌له‌رزه‌ی كرماشان و ئاگرگرتنی دارستانه‌كانی زاگرۆس، بینیوه‌.

له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌ی كه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا تێپه‌ڕ بووه‌، كۆماری ئیسلامی بۆ تاقه‌ ڕۆژێكیش ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و په‌روه‌نده‌ سازی و ده‌ركردنی حوكمی زیندانی درێژماوه‌ و شه‌للاقی، ڕانه‌گرتووه‌. ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم، نه‌ ته‌نیا به‌ ناڕه‌زایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی مافی مرۆڤی جیهانی و هۆشداری بنه‌ماڵه‌ی به‌ندكراوان سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسیی تووش بوونی به‌ندكراوانی سیاسی به‌ كۆرۆنا، هیچ بایه‌خێكی نه‌داوه‌، به‌ڵكوو هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا شایه‌دی توندتر بوونه‌وه‌ی گوشاره‌كان له‌سه‌ر به‌ندكراوانی سیاسین. هاوكات گوشار بۆسه‌ر چالاكه‌ مه‌ده‌نیه‌كان، كه‌ له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌كانی ئێران به‌ ئامانجی یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ خه‌ڵك له‌ له‌رامبه‌ر كۆرۆنادا شكڵیان گرتووه‌، له‌ حاڵی زیادبوون دایه‌ و ئه‌م گوشارانه‌ زۆرێك له‌ ناوه‌نده‌ مه‌ده‌نیه‌كانی به‌ره‌و ڕاگرتنی چالاكیه‌كانیان بردووه‌.

به‌ڵام نیشانه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه ئاستی‌ نیگه‌رانیه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌وانه‌ له‌سه‌رتره‌‌‌. ئه‌وپه‌ڕی ئه‌و نیگه‌رانیه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕۆژی ڕابردووی “حه‌سه‌ن كه‌ره‌می” فه‌رمانده‌ی یه‌گانی ویژه‌ی پۆلیسی ئێراندا ده‌توانین ببینین. ئه‌و له‌ وتووێژه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ “ئیلنا“، هه‌واڵنێریی ڕه‌سمیی كۆماری ئیسلامی، به‌ ئامانجی ترساندنی خه‌ڵك، به‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌وه‌، به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمیه‌وه‌ وتوویه‌تی: “هێزه‌كانی پۆلیس خۆیان بۆ سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ساڵی ٩٩ ئاماده‌ كردووه‌”. ئه‌و هه‌روه‌ها وتووشیه‌تی كه ‌”به‌ ژێرساخته‌كانی هێزی دژه‌ شۆڕش و پێویستیه‌كانیان بایه‌خی تایبه‌ت دراوه‌ و ئه‌م پشتوانیه‌ كه‌م وێنه‌یه‌، ئه‌ركی هێزه‌كانی قورستر كردووه‌ته‌وه‌”. ئه‌و وتوویه‌تی كه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی وا له‌ یه‌گانی ویژه‌دا خه‌ریكی سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان بووه‌، هیچ كات به‌قه‌د ساڵی ٩٩ بایه‌خ به‌و هێزه‌ نه‌دراوه‌.

“كه‌ره‌می” كه‌ به‌شداربووانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ به‌ “دوژمن” پێناسه‌ ده‌كات، ده‌ڵێ: “دوژمن له‌ ڕێگه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ له‌وانه‌ لێكبڵاویی ناوچه‌ ده‌رگیره‌كان ویستی ئێمه‌ ماندوو بكات، به‌ڵام ئێستا، به‌سه‌ر ئه‌م بوارانه‌دا زاڵ بووین و واحیده‌كان به‌ خێراییه‌كی زیاتر ئاماده‌ن تا بتوانن له‌ ناوه‌وه‌ی شاره‌كان له‌ ڕێگه‌ی سێناریۆی جۆراوجۆر‌، ئامرازی گواستنه‌وه‌ی سووك و سه‌یار، له‌ سه‌ری وه‌ختی خۆیدا ڕاگوێزن“.

ئه‌وه‌یكه‌ هه‌موو په‌رده‌كان لادراون و به‌رپرسیه‌كی ده‌وڵه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ به‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌وه،‌ ڕوو به‌و خه‌ڵكه‌ ده‌دوێ كه‌ له‌ مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا، له‌ پتر له‌ ١٩٠ شاری ئێران ڕاپه‌ڕین، نیشانی ده‌دا كه‌ چ ده‌ڕه‌یه‌كی قووڵ كه‌وتووه‌ته‌ نێوان ڕژیم و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێرانه‌وه‌. ده‌توانین بیبینین كه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ك‌ باروودۆخه‌كه‌ به‌ زیانی كۆماری ئیسلامی گۆڕاوه‌، به‌جۆرێك كه‌ خۆی ناچار ده‌بێت به‌م شێوه‌یه‌ توانای سه‌ركوتی خۆی به‌ ڕووی خه‌ڵك بكێشێ. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، كاری ڕژیم له‌وانه‌ ترازاوه‌. ڕژیمێك كه‌ به‌مجۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌كات، هه‌ر ئه‌و ڕژیمه‌یه‌ كه‌ له‌ خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا پتر له‌ ١٥٠٠ كه‌سی له‌ خه‌ڵكی مافخواز خه‌ڵتانی خوێن كرد و زیاتر له‌ ٧ هه‌زار كه‌سیشی خسته‌ زیندانه‌كانیه‌وه‌، به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه‌، له‌ حاڵێكدا كه‌ به‌هۆی گه‌لێك هۆكاری ڕوون له‌ هه‌موو بوارێكه‌وه‌ لاوازتر بووه‌ و خه‌ڵكیش له‌ هه‌موو كاتێك لێی بێزارتر و تووڕه‌ترن، ئاماده‌ بوونی هێزه‌كانی پۆلیس به‌ ڕووی خه‌ڵك ده‌كێشێ. هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڕوونی پێمان نیشان ده‌دا كه‌ سه‌رانی ڕژیم كه‌وتوونه‌ته‌ چ ڕۆژگارێكی دژوار.

به‌ڵام كۆماری ئیسلامی ته‌نیا نیگه‌رانی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و به‌فرانباری ٩٦ نییه‌، به‌ڵكوو له‌ هه‌مان حاڵدا، نیگه‌رانی ئه‌و ڕه‌وته‌ پایه‌دارانه‌شه‌ كه‌ له‌ قووڵایی كۆمه‌ڵدا له‌ جه‌ره‌یان دان. له‌ ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ كه‌ به‌ربه‌ پێكهاتنی ناوه‌نده‌ مه‌ده‌نیه‌كان، كه‌ بوونیان مه‌رجی پێویستی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌، بگرێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ڕێگری و بیانووهێنانه‌وه‌ و سه‌ركوتگه‌ریه‌كانی، نه‌یتوانیوه‌ به‌ربه‌ ڕه‌وتی سه‌رهه‌ڵدان و شكڵ گرتنی ئه‌م ناوه‌ندانه‌، به‌تایبه‌ت له‌ جه‌ره‌یانی ڕوودانی كاره‌ساته‌ سرووشتیه‌كاندا، بگرێت. له‌ ده‌وره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنادا، له‌ كوردستان و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌، شایه‌دی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ناوه‌ندانه‌ین. ئه‌م ناوه‌ندانه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن هیوا وه‌به‌ر خه‌ڵك نێن. له‌ باروودۆخێكدا كه‌ ده‌وڵه‌ت بۆ به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌خۆشیه‌ بێجگه‌له‌ دانی زانیاری درۆ و گرتنه‌به‌ری ساسه‌تی ناته‌با كارێك ناكات، به‌ شێوه‌ی سرووشتی خه‌ڵك خۆیان ده‌ست به‌كار ده‌بن و توانای به‌كۆمه‌ڵی خۆیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ. داهێنانه‌كانیان سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ هاوكاری نه‌كردن و ڕێگریی ده‌سه‌ڵات، ده‌بنه‌ هۆی ڕێكخستنی حه‌ره‌كه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆبه‌خشه‌كان. ڕژیم كه‌ خۆڕاهێنانی ئه‌م حه‌ره‌كه‌تانه‌، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ده‌زانێ، به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات هه‌ڵیانوه‌شێنێته‌وه‌ و له‌ ده‌ور بیانخاته‌ ده‌ر. ئه‌وه‌ش، به‌‌ ڕێگری كردن و كێشه‌ نانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و به‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردن و زیندانی كردن و په‌روه‌نده‌سازی كۆتایی پێدێت. له‌ حاڵێكدا كه‌ ڕژیم له‌ژێر گوشاری بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا و ڕاپه‌ڕین له‌ زیندانه‌كان، ٨٠ هه‌زار به‌ندكراوی عادیی ئازاد كرد و یان ناردنیه‌وه‌ بۆ مه‌ره‌خه‌سی، نه‌ته‌نیا به‌ندكراوانی سیاسیی ئازاد نه‌كرد، به‌ڵكوو به‌رده‌وام كه‌سانێك كه‌ له‌م ده‌وره‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی ڕژیم سه‌باره‌ت به‌ نه‌خۆشیی كۆرۆنا دژایه‌تیه‌كان كردبوو و یان زانیاریان له‌م بواره‌دا به‌ خه‌ڵك دابوو، خستنیه‌ زیندانه‌وه‌ و موحاكمه‌ی كردن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا بووه‌ته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ درێژه‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌، خه‌ڵكیش له‌ جه‌رگه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌دا خۆیان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چاره‌نووس سازی داهاتوو ئاماده‌ ده‌كه‌ن.