ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٢ی مانگی جۆزه‌ردان، خانه‌نشینكراوانی ته‌ئمیین ئیجتیماعی له شاره‌كانی سنه، كرماشان، ورمێ و نه‌غه‌ده هاوكات له‌گه‌ڵ خۆپێشاندانی سه‌راسه‌ری خانه‌نشینكراوانی ئێران، له‌ناڕه‌زایه‌تی به جێبه‌جێنه‌كرانی داخوازییه‌كانیان ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دژ به به‌رپرسانی ڕژیم دروشمیان وته‌وه.
خانه‌نشینكراوان له‌شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاوكات له‌گه‌ڵ خۆپێشاندانی سه‌راسه‌ری خانه‌نشینكراوانی ئێران، خوازیاری چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی حه‌قده‌ست، به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی گه‌ڵاڵه‌ی هاوسانسازی و دابین كردنی بیمه‌ی ته‌كمیلی بوون. له شاری كرماشان خانه‌نشینكراوان به به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی سفری به‌تاڵ ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌ئاست خراپی دۆخی ژیان و مه‌عیشه‌تیان نیشاندا و ڕایانگه‌یاند: تا داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرێت شه‌قامه‌كان چۆڵ ناكه‌ن. به‌پێی ئه‌و گرته ویدیۆیانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم له شاره‌كانی شیراز، ئیسفه‌هان و تاران به‌گازی فرمێسك‌ڕێژ هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر خۆپێشانده‌ران.