به وته‌ی مه‌حموود حاته‌می، به‌رپرسی ڕێكخراویی نیزامی ده‌روونناسی ئێران، له‌م دواییانه‌دا گه‌ڵاڵه‌یه‌ك ڕاده‌ستی مه‌جلیس كراوه كه به گوێره‌ی ئه‌و گه‌ڵایه‌یه، ده‌رچووانی حه‌وزه عیلمیه‌كان، ئیزنی ئه‌وه‌یان پێده‌رێت كه، وه‌ك ڕاوێژكاری ده‌روونناس به ڕهوانگهیهكی دینییه‌وه له بواره جۆراوجۆره‌كانی پێوه‌ندیدار به ده‌روونناسی لاوان‌دا، كار بكه‌ن. ناوبراو له دیفاع له‌م ته‌رحه‌دا وتی، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له حه‌وزه ده‌رسیان خوێندووه له باری كه‌سایه‌تییه‌وه له زومره‌ی باشترین ده‌روونناس و ڕاوێژكارهكانن.
سه‌لمان زاكر، نوێنه‌ری شاری ورمێ له مه‌جلیسی ئیسلامی بۆ دیفاع له گه‌ڵاڵه‌ی ئیزنپێدان به ئاخوونده‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ببن به ده‌روونناس و ڕاوێژكار، وتویه‌تی، به دڵنیاییه‌وه زۆریه‌ك له وانه‌كانی ئێمه پێوه‌ندیدارن به لاوان و ده‌روونناسی ئه‌وانه‌وه.
ته‌ماحی بێ سنووری ئاخوونده‌كان بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر سه‌رجه‌م بواره‌كانی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامان، له تیجاره‌ت و بازهرگانیهوه بگره تا به‌رپرسیارێتی حكوومه‌تی و پۆستی باڵای ئیداری و زانیاریی و هیتر… له‌كه‌س شاراوه نییه. به‌ڵام هه‌وڵی دام و ده‌زگای مه‌زهه‌ب بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ له كاروباری پزیشكی و ده‌رمانی، فه‌زیحه‌یه‌كی گه‌وره و كاره‌ساتێكه بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران. باوه‌ڕی گه‌مژانه به ده‌رمان و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی كرۆنا و سه‌ره‌تان به میزی ووشتر و سوتاندنی پیسایی كه‌ر به‌س نه‌بوو، ئێستا پزیشكی ده‌روونی و چاره‌سه‌ری ئاخووندیش هاتۆته كایه‌وه.
مێژووی ئێران پڕه له ده‌ور و نه‌خشی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی مه‌لاكان له به‌رامبه‌ر گه‌شه و پێشكه‌وتن و نوێ خوازیدا. لانیكه‌م له سه‌رده‌می حكوومه‌تی پاشاكانی سه‌فه‌وییه‌وه و پێنج سه‌ده به‌ر له‌وه‌یكه ڕۆحانییه‌تی شیعه ببێته ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌یه‌ك، تا به ئه‌مڕۆ له هه‌ر قۆناغێكی گرینگی مێژوویی‌دا، ئاخوونده‌كان و دام و ده‌زگای ئایینی به هه‌موو هێزی خۆیان و به پشت به‌ستن به دواكه‌وتووترین توێژی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌وڵیان داوه به‌ر به هه‌ر جۆره ئاڵوگۆڕێك له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگادا بگرن.
له ساڵی ١٢٨٤وه واته، ١١٧ ساڵ به‌ر له‌وه‌یكه شۆڕشی مه‌شروته ڕووبدات، تا ئه‌مڕۆ ئاخوونده‌كان به هه‌موو تواناوه و به كۆنهپهرهستانهترین بیر و باوه‌ڕ و به‌كار هێنانی خرابترین و جینایهتكارانهترین شێوازه‌كان، دژ به شۆڕشی خه‌ڵك وه‌ستاونه‌ته‌وه. كاره‌ساتی سووتاندنی سینما ڕێكسی ئابادان كه له مه‌ودای چه‌ن خوله‌كدا سه‌دان كه‌سیان به زیندوویی له ئاگردا سووتاند، ته‌نیا یه‌كێك له نموونه‌كانی ئاگری كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌یه كه ٤٣ ساڵه كۆمه‌ڵگای ئێران ده‌سووتێنێ. ڕژیمێكی كه خۆی سه‌به‌بكاری سه‌ره‌كیی نه‌خۆشیه ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌كانی خه‌ڵكه، ده‌رمانی گران كردووه و بهدگمهنیش ده‌ست ناكه‌وێ و ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی به خزمه‌تگوزاری پزیشكیی پێویست به لانیكه‌م گه‌یاندووه و گرفتی ده‌روونی جۆراوجۆری بۆ خه‌ڵك خوڵقاندووه، به هێنانه كایه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی ده‌روون پزیشكی ئاخووندی، خوێ به برینی خه‌ڵكه‌وه ده‌كات.
له‌حاڵێكدا هه‌زینه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خزمه‌تگوزاری پزیشكی، گرانبوونی به‌رچاوی ده‌رمانه‌كان له په‌نا گرانی سه‌رسووڕهێنه‌ری پێداویستیهكانیتری ژیان، بێهداشت و ته‌ندرووستی گشتی كۆمه‌ڵگای به نزمترین ئاستی خۆی گه‌یاندووه و هۆكاره‌كانی مه‌رگ و میر و كورت بوونه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئینسانه‌كانی پێكهێناوه، ده‌ستدرێژی ڕژیم بۆسه‌ر ته‌ندرووستی خه‌ڵك له ڕێگای به‌یاساییكردنی ئاوا گهڵاڵهیهكهوه، بواری له پزشكان و ده‌روونناسه‌كان به‌رته‌سك كردۆته‌وه و بێهداشتی ده‌روونی كۆمه‌ڵگای پتر له هه‌میشه وێران كردووه.
له وڵاتێكدا كه گیانی ئینسانه‌كان بێ بایه‌خه و پێگه‌ی ناوه‌نده‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی خۆڕافه و هێزه‌كانی سه‌ركووت بانتر له ناوه‌نده خزمه‌تگوزارییه‌كانه، له وڵاتێكدا كه ڕژیمه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی توانایی دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌تاییه ده‌رمانی و پزشكییه‌كانی خه‌ڵكی نییه، بڵاوكردنه‌وه‌ی وه‌ها خۆڕافاتێك و بره‌و پێدانی تا ئاستی به‌یاساییكردنی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، بێگومان دوور له چاوه‌ڕوانی نییه.
ڕژیمێكی كۆنه‌په‌ره‌ستی ده‌سه‌ڵاتدار له وه‌ها وڵاتێك، كه له ئاست ته‌ندرووستی دره‌وونی خه‌ڵك هیچ به‌رپرسیارێتیه‌ك هه‌ڵناگرێت، سرووشتیه كه فه‌قێكانی بارهاتووی حه‌وزه‌كانی قوم و مه‌شهه‌د، كه له ڕاستیدا دواكه‌وتووترین توێژی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ن، ده‌كه‌ن به مه‌ئموور و به‌رپرسی ته‌ندرووستی دره‌وونی لاوان.
ئه‌گه‌ر ڕژیمی ئیسلامی مه‌به‌ستییه‌تی بۆ پتر له ئه‌و نیو ملیۆن ئاخوونده‌ی كه به‌رهه‌می هێناوه، كاری نوێ دابین بكات، نابێت ئیزنی ئه‌وه بدرێت كه ئه‌وان له بواری ته‌ندرووستی ده‌روونی خه‌ڵكدا، ده‌ستێوه‌ردان بكه‌ن.