کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە ئیدانەکردنی کوشتاری خەڵکی مەدەنی لە سەیرانگایەکی دەوروبەری زاخۆ لە هەرێمی کوردستان

ئەرتەشی جینایەتکاری تورکیا، لەدرێژەی حزوور و کردەوەی دەستدرێژیکارانەی خۆیدا لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ژوئیەی ٢٠٢٢ی زایینی گوندی “پەرخ” شوێنی نیشتەجێ بوونی ئەو کەسانەی کە بەمەبەستی سەیران چووبوونە ئەو سەیرانگایە و زۆربەشیان خەڵکی ناوچەکانی باکووری عێراق بوون، تۆپباران کرد. لە ئاکامی ئەو کردەوە جینایەتکارانەیەدا ٩ کەسی بێ دیفاع گیانیان لەدەستدا و پتر لە ٢٠ کەسی تر و لەوانە چەند منداڵ بە سەختی بریندار بوون. ئەم جینایەتە سێهەمین کردەوەی ئەرتەشی تورکیایە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە دژی خەڵکی ناوچەکە و ئەو کەسانەی بۆ سەیران ڕوو دەکەنە سەیرانگای هاوینە لە گوندی “پەرخ” لە هەرێمی کوردستان. ئەو کردەوەیەی ئەرتەشی تورکیا شەپۆلێک ناڕەزایەتی و بێزاری لەناو خەڵکی عێراقدا درووستکرد. لە ناڕەزایەتی دژ بەو جینایەتە ئاڵای تورکیا لە سەر

باڵوێزخانە و کۆنسۆلگەری و ناوەندە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە لە بەغدا و نەجەف لەلایەن خەڵکی توڕە و ناڕازییەوە کێشرایە خوارەوە بەرپرسانی دەسەڵاتداری عێراق بۆ دامرکاندنەوەی ڕق و تووڕەیی خەڵک، لە ئاستی جۆراوجۆردا کاردانەوەیان نیشاندا و ئەو کردەوەیەیان مەحکووم کرد. سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە هەیئەتێکی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ناوچەکە کرد.

ئەو جینایەتەی ئەمڕۆ، یەکەم کردەوەی پلان بۆ داڕێژراو و بە ئەنقەستی دەوڵەت و ئەرتەشی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و لەدژی خەڵکی مەدەنی و دانیشتوانی بێ دیفاعی ئەو ناوچەیە نییە. ئەرتەشی تورکیا بە حزوور و پێشڕەوی تا قووڵایی خاکی کوردستانی عێراق و جێگیربوون لە ناوچە جیاجیاکان و هەروەها بە درووستکردنی چەندین مۆڵگە و پادگانی نیزامی، ئەمنییەتیان لە خەڵکی ناوچەکە زەوت کردووە. لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا جگە لە زیانی ئینسانی و نا ئەمن کردنی شوێنی کەسب و کاری خەڵک، دارستانەکانی ناوچەکەش لە ئاگردا دەسووتێن، ژینگە لەناو دەچێت و زیان بە ئاژەڵ و پەلەوەرە کێوییەکان و مەڕو ماڵاتی خەڵک دەگات.

جگە لەوەش ئەرتەشی تورکیا هەتا ئێستا چەندین جار لە باکوور ترین و  لە قووڵایی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و کەڵک وەرگرتن لە تاقم و گروپە تیرۆریستییە نهێنییەکانی لە ناوچەکە، خەڵکی ئاسایی و خەباتکارانی کوردستانی سووریا و تورکیای کە بە ئاگاداری و ئیزنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانە دەژین، کردۆتە ئامانجی کردەوە تیرۆریستیەکانی.

ئەم دەستدرێژیە جینایەتکارانەیە لە هەل و مەرجێکدا بەڕێوە دەچێت کە دەوڵەتی نەژادپەرستی ئۆردوغان و حیزبی دەسەڵاتدار واتە ” ئاکەپە” لە تورکیا لەگەڵ کۆمەڵێک شکست و ناکامی بەرەوڕوو بوونەتەوە. قەیرانی ئابووریی و دابەزینی نرخی لیرەی تورکیا، پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری، دەژایەتی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لەگەڵ سەرەڕۆیی و تاکڕەویی و هەروەها شکست و ناکامییە ناوچەییەکانی ئەردۆغان، ڕژیمی تورکیای خستۆتە بارودۆخێکی گەلێک لاوازەوە.

ئەردۆغان دەیەوێ بە ماجەراجۆیی و داگیرکاری لە خاکی وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت دژایەتی لەگەڵ داخوازییە رەواکانی خەڵکی کوردستان، ناسیونالیسمی تورک و ئیسلامییە بناژۆخوازەکان لەگەڵ خۆی هاوڕا

بکات و لە گیروگرفتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کەم بکاتەوە. جینایەتی ڕێکخراو و ئاگایانە و لەوانە داگیرکاری و کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع لە ناوچە کوردنشینەکان لە هەرێمی کوردستان و کوردسانی ڕۆژئاوا کە بەردەوام و ئامانجدار دوپات دەبنەوە، ڕێک لەم پێناوەدایە.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هێرشی وەحشیانەی ئەرتەشی تورکیا بۆسەر سەیرانگای ” پەرخ ” لە هەرێمی کوردستان و کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع، بەتووندی ئیدانە دەکات و هاودەنگ لەگەڵ جەماوەری ئازادیخوازی ناوچەکە، خوازیاری کۆتایی هێنان بە دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان و حیزبەکەی لە لەدژی خەڵکی کوردستانە. کۆمەڵە هاوکات لە سەرجەم هێزە پێشکەوتنخواز و مرۆڤ دۆستەکان، حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و خەباتکارەکان و جەماوەری وەگیانهاتوو لەدەست جینایەت و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، داوا دەکات کە بەهەر شکڵێکی مومکین لەدژی تۆپبارانی بەئەنقەست و  ئامانجداری سەیرانگە و خەڵکی بێ دیفاع لە هەرێمی کوردستان، یەکگرتووانە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەگوێی خەڵکی جیهان بگەیەنن و خوازیاری کۆتایی هێنان بە

جینایەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و شەڕ و داگیرکارییەکانی، لە هەرێمی کوردستان بن.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

چوارشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی

٢٠ی ژوئیەی ٢٠٢٢ی زایینی

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیەندراوی ژمارە پازدەیەم ڕۆژی دڵنیایی مشتومڕە کۆتا جەنگی ئێمە ئینتەرناسیۆناڵە ڕزگاری مرۆڤەکان کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز!

-

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو تواناوە  پشتیوانی لە ژنانی بوێر و ئازادپۆش و لاوە قارەمانەکانیان دەکەن!

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

حکوومەتی ئیسلامی لەئاست خەڵک،ناوچەکە و جیهاندا،لەهەمووکاتێک لاواز و تاککەوتووترە-هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-