کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

حکوومەتی ئیسلامی لەئاست خەڵک،ناوچەکە و جیهاندا،لەهەمووکاتێک لاواز و تاککەوتووترە-هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

یەکەمڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بەتایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا سیمای کۆمەڵگای گۆڕیوە. ڕۆژوو خواردن بە ئاشکرا بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی. وتاربێژ و ئیمام جومگەکان هاواریان لێ بەرز بۆتەوە. ڕاگەیاندنی داخستنی پارکەکان بە پێی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ و دەنگدانەوەی لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیدا و پاشەکشەی وەزیری ناوخۆ، ترسی ڕژیم لە کاردانەوەی خەڵک دەردەخات. درێژەی جەژن و ڕێوڕسمە چەند هەزار کەسەییەکان لە شار و گوندەکانی وڵات دەریخست کە ئەو جەماوەرە تەمای پاشەکشە کردنیان نییە. لە ڕۆژی سێزدەبەدەردا سەرەڕای داخرانی پارک و باخچە و سەیرانگاکان، خەڵکێکی زۆر لە شارە جۆراوجۆرەکان ڕێگەی نوێیان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕسمەکانی سێزدەبەدەر دۆزییەوە، لە کەنار ڕووبار و دارستان و چەم و دەشتە سەرسەوزەکان ڕیزی دوور و درێژی ئۆتۆمبێل و شادی و هەڵپەڕکێی خەڵک بەرچاو دەکەوت. سێزدەبەدەریش سەلماندی کە خەڵک شێلگیرانە ڕێگای بەرەوپێشچوونیان گرتووەتەبەر. شێوازی ڕێکخستن و پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵی دەیان هەزار کەسی لە مەودای زەمەنی نێوان چوارشەممە سووری تا سێزدەبەدەر، نیشانیدا کە خەڵک لە خوارەوە بە شێوەیەکی زۆر درەوشاوە خۆیان ڕێکخستووە. هەڵوێستی بەشێک لە مەلاکان و فەرماندەکانی سپا و ڕەخنەی توندیان لە شێوازی هەڵسوکەوتی حکوومەت لەگەڵ خەڵک و ئاماژەدان بەو ڕاستییەی کە حکوومەتی ئیسلامی خەڵکی لەدەستداوە و پڕۆسەی دوور کەوتنەوە لە بیر و باوەڕی ئایینی خێراتر بووە، بەیانگەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتی ئیسلامی یارییەکەی بە خەڵک دۆڕاندووە.

دووەمهێرشی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بۆسەر کۆنسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق، لە ڕۆژی سێزدەبەدەردا و ڕاکێشانی سەرنجی ڕاگەیەنەرە جیهانییەکان بەرەولای شەڕی غەززە و شەڕە بە وەکالەتەکانی ناوچەکە، زەربەیەکیش بوو بۆسەر بزووتنەوەی جەماوەریی ئێران و خستییە ژێر سێبەری خۆیەوە. ئەم کردەوەیەی دەوڵەتی ئیسرائیل، ڕێک لە کۆتاییەکانی سێ هەفتە نەبەردی بەردەوام و درەوشاوەی جەماوەر لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامی، دیارییەکی بەتەواو مانا بوو بۆ فاشیستەکانی دەسەڵاتداری ئێران. تەنیا بەکرێگیراوە ئێرانیئیسرائیلییەکان و سەرجەم دارودەستەکانی سەر بە زلهێزە دەرەکییەکان، پێشوازییان لەم کردەوەیە کرد. ئەم هێزانەی وابەستەن بە زلهێزە دەرەکییەکان، هێشتا لەژێر ئەو وەهمەدان کە لەوانەیە بە هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلدا، بتوانن پێیان بگاتە ناو خاکی ئێران. ئەوان بەخەڵک ناڵێن کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی لەو جۆرە، یەکەم قوربانییەکانی، بریتی دەبن لە منداڵان، ژنان، بەساڵاچووان و چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا. ئەوان ناڵێن کە شەڕ نیعمەتێکە بۆ حکوومەتی ئیسلامی و دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، بۆ ئەوەی بە بیانووی شەڕەوە بزووتنەوە پێشکەوتنخواز، پێشڕەو و ئاشتیخوازەکان سەرکوت بکەن. ئەم کردەوەیەی دەوڵەتی ئیسرائیل چەند خاڵێک بە شێوەیەکی بەرچاو نیشان دەدات: یەکەمئاشکرایە کە ئەم هێرشەی ئیسرائیل وەڵامێکە بە پشتیوانییە ماددی و مەعنەوییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ڕەوتی کۆنەپەرستی حەماس و ئەو شکستە سیاسییە گەورەی کە بەسەر ئیسرائیلدا سەپێنراوە. ڕاگەیاندنی ئەو بابەتە لە لایەن حەماسەوە کە سەرتیپ محەمەد ڕەزا زاهیدیش لە ڕێکخستن و سازماندانی تۆفانی ئەلئەقسادا ڕۆڵی هەبووە، هەوڵەکانی ئیسرائیل بەم ئاراستەیەدا چڕتر دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە، تەواوی هەوڵەکانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و بناژۆخوازی ئیسرائیل بەو ئاراستەیەدایە کە بە پەلکێشکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ ناو ئەو شەڕە و تێوەگلانی ئەمریکا و بە ناوچەیی کردنی ئەم شەڕە، شکستەکانی شەش مانگی ڕابردووی خۆی پەردەپۆش بکات و مەترسی قەیرانە ناوخۆییەکانی کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندندایە، کەم بکاتەوە. دووەمدۆزینەوەی شوێنی کۆبوونەوەی نهێنی فەرماندەکانی سپای پاسداران لەگەڵ بەرپرسانی جیهادی ئیسلامی، زانیاری وردی موساد، ڕێکخراوی ئەمنییەتی ئیسرائیل نیشان دەدات. لە حاڵێکدا کۆماری ئیسلامی هیچ زانیارییەکی وردی لەبارەی پێکهاتە و ناوەندەکانی ڕێبەریی ڕژیمی ئیسرائیل لەبەردەستدا نییە. بە واتایەکی تر، لە بواری شەڕی ئەمنیدا، ڕژیمی ئیسلامی بە تەواوی شەڕەکەی بە ڕژیمی ئیسرائیل دۆڕاندووە.

سێیەمخاڵێکی تر کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت بریتییە لە ڕۆڵی ڕووسیا. ڕووسیا کە پارێزگاریکردن لە ئاسمانی سوریای لە ئەستۆیە، لەم بابەتەوە هیچ هەنگاوێک ناگرێتەبەر و دەستی ئیسرائیلی بۆ هێرشکردنە سەر پێگەکانی سپای قودس ئاواڵا کردووە. ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکا لە پەسەندکردنی بڕیارنامەکان و گەمارۆکان، هاوشانی وڵاتانی ئەوروپا هاودەنگە، لە پرسی سێ دوورگەکەی ئێران لە کەنداوی فارس، لەگەڵ ئیمارات و وڵاتانی عەرەبیدایە و هەروەها لە شەڕی غەززەشدا لەگەڵ ئیسرائیلە. بەم حاڵەشەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی شوێنکەوتوو و بارمتەی هەڵوێستەکانی ڕووسیا و وەک هاوبەشی جینایەتەکانی ئەو وڵاتە لە شەڕی ئۆکرایندا دادەنرێت. چوارەملەبەرچاو نەگرتن و پشتگوێخستنی نۆرم و نەریتە نێونەتەوەییەکان، وەڵام نەدانەوە بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە ئاگربەستی دەستبەجێ، بە چڕکردنەوەی بۆردومانەکان و کوشتاری خەڵکی غەززە، درێژەدان بە کوشتاری خەڵکی فەلەستین لە غەززە و برسیکردنیان و وێرانکردنی باڵیۆزخانەی وڵاتێکی دەرەکی، سەرەڕای شەرمەزارکردنی لەلایەن زۆرێک لە وڵاتەکانەوە و هەروەها کوشتاری شارۆمەندانی وڵاتەکانی دیکە لەچێشتخانەی نێودەوڵەتی، دەریخست کە دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ بایەخێک بۆ ڕای گشتی جیهان و بۆ هیچکام لە ڕێسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان دانانێت. پشتیوانی ڕوون و ڕاشکاوانەی ئەمریکا لەو سیاسەتەی ئیسرائیل، دەریدەخات کە نۆرم و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بەلای زلهێزە جیهانییەکان و هێزە ناوچەییەکانەوە هیچ گرنگییەکی نییە و تەنیا کاتێک پێوەی پابەند دەبن کە سوودی بۆیان هەبێت. پێنجەمسیاسەتی ناوچەیی ڕژیم نیشاندەدات کە لە سیاسەتی ئیدیۆلۆژیی دەرەکی دا بەتەواوی شکستی خواردووە. سیاسەتێکی کە چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی ناوچەییدا بە تەواوی لەگەڵ شکست و  ناکامی بەرەوڕوو بووەتەوە. حکوومەتی کۆماری ئیسلامی نە توانایی بەرگریکردن لە خۆی و کاردانەوەی هەیە بەرامبەر بە کردەوەکانی ئیسرائیل و نە دەتوانێ وڵاتانی ناوچەکە لە دژی ئیسرائیل هاودەنگ بکات و نە توانایی دەستەبەرکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتیشی هەیە.

سێیەم: هێرشی چەکدارەکانی جەیش ئەلعەدل و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ناوەندە سەربازی و دەوڵەتییەکان لە چابەهار و ڕاسک لە باشووری سیستان و بەلوچستان کە بووە گیانلەدەستدانی دەیان کەس لە هەردوولا، گورزێکە لە بزووتنەوەی سەرتاسەری خەڵکی ئێران و بزووتنەوەی مەدەنی خەڵکی بەلوچستان کەوت. لێرەدا پێویستە جەخت لەسەر چەند خاڵێک بکرێتەوە.

یەکەمگەشەی بناژۆخوازی و مەیلی بەشێک لە لاوانی بەلووچ بەرەولای گرووپە جیهادییەکان لە لایەک و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئەم گرووپانە لەگەڵ هاوتاکانی خۆیان لە پاکستان و ئەفغانستان، لەوانە تاڵیبانی پاکستان یان ئەلقاعیدەی خوراسان، نەک هەر دەرئەنجامی سیاسەتە سەرکوتگەرانە و ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سیستان و بەلوچستان، بەڵکوو ئاکامی ساڵەهای ساڵ دواکەوتوو ڕاگرتنی ئەو ناوچانە و نەبوونی پێشکەوتن و ستەم و چەوساندنەوەی لەڕادەبەدەر لە ناوچانەیە. کوشتاری دڕندانەی هەینی خوێناویی زاهیدان و خاش و هەروەها درێژەی گرتن و لەسێدارەدانی بەربڵاوی لاوانی بەلووچ بە بیانووی جۆراوجۆر، شەپۆلێک لە توڕەیی و بێزاریی لە نێو لاواندا دروست کردووە. ئەم سیاسەتانە زەمینەی گەشەکردن و پەرەسەندنی گرووپە جیهادییە کۆنەپەرستەکانی خۆش کردووە. دووەمئەو هێرشە چەکدارانە و خوێناوییەی چابەهار لەم بارودۆخەی ئێستادا گورزێکی کاریگەرە بۆسەر بزووتنەوەی مەدەنیی خەڵکی بەلووچ و هاودەنگی و هاوهەنگاوی درەوشاوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا. ڕێک لە کاتێکدا کە هاودەنگیی و هاوپشتی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران لەگەڵ خەڵکی بەلوچستان لە لوتکەدا بوو و لە جەژنی نەورۆزدا شاهیدی چوونی ڕێژەیەکی زۆر لە مسافیرانی پارێزگاکانی دیکە بۆ ئەو ناوچەیە و هەروەها ناردنی تیمی پزیشکی لە شارەکانی دیکەوە، لەوانە لە کوردستانەوە بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی لافاوەکەین، ئەم کردەوەیە سیمایەکی تر لە بەلوچستان نیشان دەدات. سیمایەکی کە کۆماری ئیسلامیش لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو ناوچەیەی پێ پێناسە بکات.

سێیەمکردەوەی گرووپە جیهادیەکانی جەیش ئەلعەدل و ئەنسارولفورقان بیانوویەکی نوێ دەدات دەست دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی بەو بیانووەوە سیاسەتی ئەمنییەتی کردنی ئەم پارێزگایە پاساو بکات و ڕیزی هێزەکانی لایەنگری خۆی پتەوتر بکات و ئاگری شەڕی نێوان شیعە و سوننە بەوەشێن بکات. لە چوار دەیەی ڕابردوودا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بریتی بووە لە گرنگی نەدان بە ژێرخانی ئابووری و لەبەرچاو نەگرتنی پێداویستییە گشتییەکانی خەڵک و کەڵک وەرنەگرتن لە دەرفەتە ستراتیژییەکانی ئەم پارێزگایە بە بیانووی ئەمنییەتی بووە. وەدواخستن و ئاستەنگ دروستکردن لەبەردەم تەواوکردنی ڕێگای ئاسنی چابەهار بۆ زاهیدان و لەوێشەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست و پشتگوێخستنی تەرح و پلانەکانی گەشەپێدانی چابەهار سەرەڕای گرێبەستە واژۆکراوەکان، هەمووی ئەمانە بەهۆی سیاسەتی ئەمنییەتی ڕژیمەوەیە لەم پارێزگایە. چوارەمکردەوەی گرووپە بناژۆخواز و جیهادییە سوننەکانی وەک جەیش ئەلعەدل و ئەنسار الفورقان، ئەگەرچی لەلایەن سایت و کەناڵەکانی تەلەگرام و ئینستگرامی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی لایەنگری ئیسرائیل و ڕێکخراوی موجاهدینەوە پێشوازیی لێکراوە، بەڵام هاوکات دەرفەت و بیانوویەکیشی بۆ شیعە بناژۆخوازتر و لایەنگرانی شەڕی نێوان شیعە و سوننە لە ناوچەکەدا ڕەخساندووە. لەسەر بەستێنی سیاسەتی بە ئەمنییەتی کردنی کەشی پارێزگاکە لە لایەن ڕێبەرایەتی ڕژیمەوە، گەشەکردن و باڵادەست بوونی هێزە فاشیستە شیعەکان لەو پارێزگایە، دەتوانێت زەمینە بۆ درووستبوونی شەڕێکی خوێناوی و براکوژی کارەساتبار خۆش بکات. ئەمە مەترسییەکە کە پێویستە هەموو هێزە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان و لایەنگرانی دڵسۆزی بزووتنەوەیژن، ژیان، ئازادیگرنگییەکی تایبەتی پێبدەن.

چوارەم: ڕێک لە بارودۆخێکدا کە دەسەڵات یارییەکەی بە جەماوەر دۆڕاندووە، لە بواری ناوچەیی دا بەردەوام لە ژێر هێرشی ئامانجداری ئیسرائیلدایە و مۆرە سەرەکییەکانی دەسەڵات و بەیتی ڕێبەریی و دەوڵەتە گوێ لەمست و حکومەت و هێزەکانی سەر بەوان لە ئۆرگانە بڕیاردەرەکاندا، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئیدیعای سەرکەوتن دەکەن؛ بە ڕواڵەت وا خۆیان نیشان دەدەن کە گوایە ڕەوتێکی سەرکەوتوو و ڕوو لە گەشەسەندنن. پەردەپۆشکردنی دزییەکانی کازم سەدیقی، پلاندانان بۆ دروستکردنی مزگەوتێک لە پارکی قەیتەرییە و سی و پێنج پارکی دیکە، بڕینی تەواوەتی بەشێک لە دارستانەکانی هێرکانی، پاساوی بێشەرمانەی چەندین شکستی ئابووریی وەک دابەزینی بەهای پووڵی میللی، بەرزبوونەوەی سەرسوڕهێنەری نرخی خانووبەرە و شکستهێنانی پلانی دروستکردنی یەک ملیۆن خانوو لە ساڵێکدا، لە زومرەی ئەو شکستانەن کە پەردەپۆشی دەکەن. وتاری ڕۆژی پانزەی خاکەلێوەی خامنەیی لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ڕژیم و دیفاعی ڕاشکاوانە لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە جلوبەرگی دڵخواز لەبەر دەکەن، ئەوە دەردەخات کە ڕێبەری ڕژیم چەندە لە بزووتنەوەی ژنان دەترسێت و جەخت لەسەر پێویستی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ژنان دەکاتەوە. ئەو پێداگرییە ئاشکرایەی ڕێبەری ڕژیم لەسەر سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ژنان، نیشانەی سیاسەتی لێبڕاوانەی دەسەڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرچی توندوتیژتر و سەرکوتگەرانەتر لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا. چاوخشاندنێک بە کردەوەکانی دەسەڵاتدا، ئەم بابەتە زیاتر دەردەخات. دەرکردنی سزای شەست ساڵ زیندانیکردن بۆ هەڵسووڕاوانی ژن لە شاری گیلان، گوشاری لەڕادەبەدەر بۆسەر هەڵسووڕاوانی سنفی سەربەخۆی مامۆستایان، دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ، گوشار خستنەسەر پەرستاران و زیادکردنی گوشارەکان بۆسەر بنەماڵە دادخوازەکان و بەتایبەتی بۆسەر زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی، بەیانگەری سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ڕژێمە بۆ پێشگرتن لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان. حکوومەتی ئیسلامی ڕێک لە هەلومەرجێکدا کە یارییەکەی بە جەماوەر دۆڕاندووە و لەژێر گورزی کوشندەی ئیسرائیلدایە، لە لایەکەوە هەوڵدەدات ڕیزی هێزە وەفادارەکانی خۆی پتەوتر بکات و لە لایەکی دیکەشەوە هێزە ڕێکخراوی بزووتنەوە جەماوەرییەکان تێک بشکێنێت. حکوومەتی ئیسلامی کە لە نێوخۆی وڵاتدا لەگەڵ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە و بەهێز بەرەوڕووە، بڕیاری داوە بە هەموو توانایەوە لەبەرامبەر ئەم بزووتنەوەیەدا بوەستێتەوە و ڕێگری لە سەرکەوتنی بکات. لەمڕووەوە هەوڵ دەدات گوشارە دەرەکییەکان لەسەر خۆی کەم بکاتەوە، سیاسەتی پاشەکشەی حیسابکراوی ڕژیم بەم ئاراستەیەدا مانا دەبەخشێت. کەمبوونەوەی قورسایی و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست لە دەرەوەی وڵات و ڕوونتر بوونەوەی ڕۆڵ و سەنگی هێزەکانی ناوخۆی وڵات لە پێشهاتەکاندا، هاوکات لەگەڵ شەڕی هەنگاو بە هەنگاو و بەردەوامی نێوان جەماوەر و دەسەڵات، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ زیاتر بوونی ڕۆڵ و قورسایی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە ڕەوتی ئەم پێشهاتانەدا. ئەم دۆخە هەلومەرجێک دەخوڵقێنێت کە چەپی شۆڕشگێڕ و بەرگریکاری دێموکراسی دەتوانێت لەسەر ئەو بەستێنە، هەوڵی شکڵ پێدان و بنیاتنانی جەمسەرێکی سۆسیالیستی بدات.

پێنجەملە هەلومەرجێکدا کە دەسەڵات هەوڵی سەرکوتکردنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا دەدات، بزووتنەوەی جەماوەریی، بەمەبەستی پێشڕەوی ڕێگەی نوێی گرتۆتە بەر. بزووتنەوەی دیفاع لە پارکی قەیتەرییەی تاران و دیفاع لە ژینگە و دژ بە دروستکردنی مزگەوت لە ناوچەیەک کە حەوت مزگەوتی دیکە لە دەوروبەری هەیە، بووەتە بزووتنەوەیەکی جەماوەریی. حزووری بەربڵاوی خەڵک لە پارکی قەیتەرییە لە ڕۆژی سێزدەبەدەر و ناڕەزایەتی دژ بە بە هەوڵەکانی شارەوانی تاران، نیشانەی نیگەرانی و توڕەیی جەماوەرە. هاوکات لەگەڵ ئەو هەوڵانە، بزووتنەوەی کۆکردنەوەی واژۆش بۆ ڕێگریکردن لە دروستکردنی مزگەوتی دەستیپێکردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت. لەو پێوەندییەدا شارۆمەندانی تارانی کەمپەینێکیان دژ بە دروستکردنی مزگەوتی ناپێویست وەڕێخستووە. ئەوان داوا لە حکوومەت دەکەن کە فەرمانی ڕاگرتنی دروستکردنی مزگەوتێکی تەبلیغاتی هەشت سەد مەتری لە پارکی قەیتەرییەی تاران دەربکات. شارەوانی تاران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تەنیا پانتایی چوار هەزار و ٧٥٠ مەتر پارکی دروست کردووە. بە دروستکردنی ئەم مزگەوتە نەک هەر ٨٠٠ مەتر لە پانتایی سەوزایی تاران کەم دەبێتەوە، بەڵکوو بە تێچووی دروستکردنی ئەم مزگەوتە، دەتوانرێت چەند هەزار مەتر شوێنی سەوزایی نوێ دروست بکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە پارێزگای تاران بە نیازە ٤٠٠ مزگەوتی دیکە لە تاران دروست بکات. ئەم هەوڵە دزێوەی شۆڕای شار و شارەوانی تاران کە لە دەست سەرەڕۆترین بەشی فاشیستی دەسەڵاتدایە، لە درێژەی پشتگوێخستن و گرنگی نەدان بە ناڕەزایەتی و ویست و داواکارییەکانی خەڵکدایە. سەرنج بدەن، لە وڵاتێکدا کە لەکۆی ٨٥٠٠٠ مزگەوت، ٧٠ هەزار مزگەوت بە کردەوە داخراون، دروستکردنی مزگەوتی نوێ، جگە بەڕێوەبردنی پلانی ئابووریی تاڵانچیانە هیچ ئامانجێکی تری لە پشت نییە. کە ئەمەش جەماوەری خەڵکی توڕە کردووە. پەرەسەندنی ئەم ناڕەزایەتیانە دەتوانێت ڕێگەی نوێ بۆ پاشەکشە پێکردن بەم دەسەڵاتە ڕەش و دژە خەڵکە دەستەبەر بکات.

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

هەینی ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣/ ٥ی ئاوریلی ٢٠٢٤

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیەندراوی ژمارە پازدەیەم ڕۆژی دڵنیایی مشتومڕە کۆتا جەنگی ئێمە ئینتەرناسیۆناڵە ڕزگاری مرۆڤەکان کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز!

-

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو تواناوە  پشتیوانی لە ژنانی بوێر و ئازادپۆش و لاوە قارەمانەکانیان دەکەن!

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

نەورۆز، شادی، خۆڕێکخستن و گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی

-