کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

پلاتفۆرمی داواکارییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری بە بۆنەی ١ی ئایاری ئەمساڵلە هەلومەرجێکدا لە یەکی مانگی ئایاری ئەمساڵ نزیک دەبینەوە کە دوو ساڵ بەسەر ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی دا، تێدەپەڕێت. ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانەی کە وەرزێکی نوێی لە خەباتی ڕزگاریخوازانە لەدژی دیکتاتۆرییەتی مەزهەب و سەرمایە دەستپێکردووە. سەرەڕای سەرکوتی توندوتیژ و فاشیستیی حکوومەتی ئیسلامی، بزووتنەوەی کرێکاری هەروا شێلگیرانە درێژەی بە خەباتی چینایەتی و ڕزگاری بەخشی خۆی داوە. لەم ساڵانەی دواییدا چ لە خەباتی ڕۆژانە و چ لە بۆنەکانی وەک ڕۆژی کرێکاردا، داواکارییە بژێوی تەوەرەکان و داخوازییە ئابووری و دێموکراتیکەکانی کرێکاران هاتوونەتە گۆڕێ. ئەم داخوازییە دەستبەجێ و ڕاستەوخۆیانە، پنتی بنەڕەتی خەباتی بەشە جۆربەجۆرەکانی بزووتنەوەی داخوازیی تەوەر و مووچەخۆرانی ئێرانیان پێکهێناوە. بە هۆی ڕۆڵی پێشەنگانەی ژنان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە لایەک و ژنانە بوونی هەژاری لە لایەکی دیکەوە، ژنان لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەی سێکتەرە جۆراوجۆرەکانی مووچەخۆران، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە خەبات و تێکۆشانی چینی کرێکاری ئێراندا هەبووە. خەباتی بەردەوام و ڕادیکاڵی مامۆستایانی ژن، پەرستاران و ژنانی ناو بەشەکانی تری بزووتنەوەی کرێکاری، پەیوەندییەکی کاریگەرتر و جددیتریان لە نێوان خەباتی داواکاریی تەوەر و خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و لاواندا دروست کردووە. لەمڕووەوە داواکارییەکانی تایبەت بە ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش، سەنگی خۆیان بەشێوەیەکی جددیتر لە نێو داخوازییەکاندا نیشانداوە.

بەبۆنەی یەکی مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، کۆمەڵێک لە داواکارییە لانیکەمەکانی چینی کرێکارمان کە ئاکامی دیالۆگ و پەیوەندی لەگەڵ هەڵسووڕاوانی کرێکاری و ڕێکخراوە کرێکاری و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها ناوەڕۆکی خەبات و تێکۆشانی ئەوان بووە، گردوکۆ کردووە و بڵاویان دەکەینەوە. گرنگی ئەم کۆبەندە لەوەدایە کە لە دەرەوەی هەرکام لە داواکارییەکان، بە شێوەیەکی گشتی، وێنەیەکی هەمەلایەنە و گشتگیرتر لە پێویستی گۆڕانکارییە بنەڕەتی و پێکهاتەییەکان بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەم داواکاریانە، دەخاتەڕوو.

  • ئازادی دەستبەجێ و بێ شەرت مەرجی هەڵسووڕاوانی کرێکاری، مامۆستایان و سەرجەم هەڵسووڕاوانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی.
  • ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و ئایینی بەبێ جیاوازی.
  • دەرکردنی بڕیاری کۆتایی هێنان بە بەدواداچوون و  لێپێچینەوە بۆ سەرجەم ئەو هەڵسووڕاوانەی کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە.
  • کۆتایی هێنان بە کوشتاری کۆڵبەران و سوختبەران لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە، ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کۆڵبەران و سوختبەران لە کوردستان و بەلوچستان و باقی ناوچەکانی ئێران و یان لەبەرچاوگرتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بیمەی بێکاری بۆیان.
  • کۆتایی هێنان بە بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە ئەندامانی سەندیکاکان و ڕێکخراوە کرێکاری و سنفییەکانی موچەخۆران، چالاکانی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکانی تر، پارێزراو بوونیان لە هەر جۆرە گوشارێکی ئەمنییەتی، دادوەری و ئابووریی.
  • ڕاگرتنی ئێعدام و قەدەغەکردنی سزای لەسێدارەدان وەک کردەوەیەکی دژە ئینسانی.
  • ئازادی بێ شەرت و مەرجی دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لەوانە سەندیکاکان، فیدڕاسیۆن و کۆنفیدڕاسیۆنە کرێکارییەکان، هەروەها مافی مانگرتن وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسی. هەڵوەشاندنەوەیخانەی کارگەر،شۆڕا ئیسلامییەکانی کار، و سەرجەم ڕێکخراوەکانی سەر بە حکوومەت لە ناوەندەکانی کاردا.
  • ڕێگریکردن لە تێکدانی ژینگە و نۆژەنکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر ژینگە کەوتووە و هەروەها دیفاع لە هەوای پاک.
  • پێدانی حەقدەستە وەدواکەوتووەکان، دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان و سەبەتەی بژێوی بنەماڵەیەکی چوار کەسی لە سەرووی هێڵی هەژارییەوە، زیادکردنی مووچە و حەقدەستەکان هاوتەریب لەگەڵ هەڵاوسان. دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست بە بەشداری نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکارییە ڕاستەقینەکان.
  • زیادکردنی مووچە بۆ سەرووتر لە هێڵی هەژاریی بۆ سەرجەم پەروەردەکارانی لەسەرکار بە جێبەجێکردنی تەواو و ڕێک و پێکی یاسای بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاری کیشوەری، بە شێوەیەکی کە پەروەردەکارانی وڵات لە سەرجەم ئەو ماف و مەزایانەی کە باقی کارمەندانی دیکەی حکوومەت پێیان دەدرێت، بەبێ هیچ جیاوازییەک بەهرەمەند بن.
  • گۆڕینی سەرجەم گرێبەستە پەیمانی، سپی واژۆ و کاتییەکان بۆ گرێبەستی کاری دایم، وێڕای بەهرەمەند بوون لە بیمە کۆمەڵایەتییەکان و نایاساییکردن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو شیرکەتە پەیمانییەکان.
  • قەدەغەکردنی هەر جۆرە دامەزراندنێک بەپێی ڕێکەوتن لەسەر مووچە و حەقدەستەکان، ناوچەیی، ناوەندێکی کە بە کردەوە ئەو یاسای کارەی ئێستای پێشێل کردووە و لە دانی هەزینەکانی پەیوەست بە بیمەی بێکاری و خانەنشینی و یارمەتییەکانی دیکەی دامەزراندنی سەرمایەدار و خاوەنکارەکان خۆش دەبێت.
  • جێبەجێکردنی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان لە بەشە دەوڵەتییەکان و کەرتی تایبەت و سەرجەم ئەو پیشەسازی و کارگە خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنەرانەی کە تەواوی مافەکانی کرێکاران، ئاسانکاری لە بارهێنان و گەشەی پیشەیی و پاراستنی ئەمنییەت و تەندروستی کرێکاران گەرەنتی دەکات.
  • هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ١٥ی پڕۆژە یاسای گەشەپێدانی حەوتەم، کە بە هێشتنەوەینیزامی وەستا و شاگردیڕێگە بە خاوەن کارگە بچووکەکان دەدات بە پێدانی حەقدەست بەپێی ڕێککەوتن بە ویستی خاوەنکار و بەبێ پابەندبوون بە پێدانی بیمەی بێکاری و خانەنشینی، هەر کەسێکیان ویست، بۆ ماوەی دوو ساڵ دایبمەزرێنن.
  • ڕاگرتنی بە تایبەتکردنی ناوەندەکانی ڕاهێنانی تەکنیکی و پیشەیی، کە ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕاهێنان و سەرلەنوێ بارهێنانەوەی کارامەییەکان لە هەموو ئاستەکاندا و بەتایبەتی ڕاهێنانی کرێکارانی پسپۆڕدا دەبینن.
  • داڕشتنەوەی یاسایەکی نوێی کار بە بەشداریی ڕێکخراوە ڕاستەقینە کرێکارییەکان کە سەرجەم مووچەخۆرانی کەرتە جۆراوجۆرەکانی ئابووری (دەوڵەتی، نیوەدەوڵەتی و تایبەت)، سەرجەم کرێکاران، لەوانە کرێکارانی دایمی، کاتی، نیوە کاتی، وەرزیی، کاری ناوماڵی ژنان، کرێکاری گوندەکان، کرێکارانی ماڵەکان، کرێکارانی دوکانەکان، کرێکارە خێوەت نشینەکان، کرێکارانی کۆڵبەر و کرێکارانی کۆچبەر و پەنابەر.
  • هەڵوەشاندنەوەی تەرحی بە تایبەتکردن و نیوە دەوڵەتی و ڕادەستکردنی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی کارگەکان بە کرێکاران بۆ بەڕێوەبردنی ناوەندەکان لە ڕێگەی تەعاونییەکانی بەرهەمهێنانەوە، بە هاوکاری دەوڵەت.
  • دابینکردنی تەواوی بیمەی بێکاری، خانەنشینی، کەمئەندامی، نەخۆشی، ڕووداوەکانی کار، دەرمان و تەندروستی خاوەن کوالێتی و کارامە، بۆ سەرجەم مووچەخۆران و لە یەک وشەدا، دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە و گشتگیر بۆ هەمووان.
  • نەهێشتنی بەکاڵاییکردنی تەندروستی و دەرمان و دامەزراندنی سیستەمێکی گشتگیری دەرمان و تەندروستی گشتی بێبەرامبەر و خاوەن کوالێتی و یەکسان بۆ هەمووان، وەک مافێکی شارۆمەندی.
  • نەهێشتنی بەکاڵاییکردنی سیستەمی پەروەردەیی و خوێندنی بێبەرامبەر لە هەموو ئاستەکاندا بەمەبەستی لابردنی باری قورسی هەزینەکانی سیستەمی پەروەردە لەسەر شانی بنەماڵە کرێکار و زەحمەتکێشەکان و هەروەها دابینکردنی خوێندنی خاوەن کوالێتی و ئاستبەرز، یەکسان و بێبەرامبەر بۆ هەمووان، بەجۆرێک کە بەکاڵایی بوونی خوێندن و گوشارەکانی سەر هێزی کار و زحمت، نەبێتە هۆی بێبەشبوونی بەشێک لە منداڵان لە مافی خوێندن.
  • دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەمن و گونجاو بۆ کرێکاران، پێدانی دەرماڵەی کرێی خانوو بە سەرجەم ئەو بنەماڵە کرێکاری و زەحمەتکێشانەی کە بێ خانوون، بۆ ئەوەی داهاتەکانیان نەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
  • دابینکردنی ئەمنییەتی شوێنی کار بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ڕووداوەکانی شوێنی کار. پێویستە ڕێکخراوە کرێکارییەکان بۆ چاودێری و دڵنیابوون لە ئەمنییەتی شوێنی کار و ڕێگریکردن لەو ڕووداوە کوشەندانەی کە هەر ئێستا مەترسین لەسەر تەندروستی و ژیانی کرێکاران، لێژنەی چاودێری سەربەخۆ پێکبهێنن.
  • پێدانی حەقدەستی یەکسان بە ژنان و پیاوان بۆ کاری یەکسان. قەدەغەکردنی یاسایی و لێپێچینەوە لە سەپاندنی هەر جۆرە داب و نەریتێکی فەرمی پیاوسالارانە بەسەر ژناندا لە شوێنەکانی کار، قەدەغەکردنی جیاکاریی ڕەگەزی لە شوێنی کار، هەڵاواردن و جیاکاری یان دەرکردن بە هۆکارگەلێکی وەک پابەند نەبوون بە جلوبەرگ، مۆڵەتی منداڵبوون و هتد
  • هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن و ئاپارتایدی جێندەری لە پرسی دامەزراندنەکاندا، کە زیاتر ئەولەوییەت دەدات بە پیاوانی خاوەن ژن و منداڵ و دواتر پیاوان بە بەراورد بە ژنان.
  • دابینکردنی ئەو ویست و داواکارییانەی خانەنشینان کە لە ناڕەزایەتییە یەک لە دوای یەکەکانیاندا خراوەتەڕوو، لەوانە: بەرزکردنەوەی حەقدەست و مووچەی خانەنشینی بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، بەکردەوە دەرهێنانی یەکسانکردنی حەقدەستی سەرجەم خانەنشینانی ساڵانی ڕابردوو، لەوانە خانەنشینانی کیشوەری، لەشکری، فولاد و بەشی پەیوەندییەکان، بەپێی بڕوانامە و پێشینەی کاری خانەنشینان. ڕاگرتنی سیاسەتی بە تایبەتکردنی سیستەمی خانەنشینی، کە دەوڵەت بە نیازە لە وڵام بە قەیرانی سندووقەکانی خانەنشینی کە بۆخۆی هۆکار و سەبەبکاریەتی، لە پلانی حەوتەمی بە تایبەتکردندا بە تەواوی جێبەجێی بکات.
  • خستنە ناو چوارچێوەی یاساکانی کاری کارگەکانی ناو ماڵ، کە ملیۆنان ژن و کچ و منداڵ بە شێوەیەکی بێبەزەییانە و لە بارودۆخێکی کۆیلە ئاسادا دەچەوسێننەوە. چاودێریکردن بەسەر ڕەوتی جێبەجێکردنی یاسای کار بۆ ژنانی کرێکار و کرێکارانی تری ناوماڵ و هەروەها دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ هەموویان.
  • قەدەغەکردنی کاری منداڵانی خوار تەمەنی شانزە ساڵ، قەدەغەکردنی چەوساندنەوە و شێوازە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردن و کەڵک وەرگرتنی خراپ لە منداڵان لە هەر ئاستێکدا، جێبەجێکردنی بێ ئەملاو و ئەولای پرسی خوێندنی ئیجباری بۆ سەرجەم منداڵان و تازە لاوان تا تەمەنی هەژدە ساڵان، قەدەغەکردنی توندوتیژی لە ناو بنەماڵە و کۆمەڵگا بەرامبەر بە منداڵان، کۆتاییهێنان بە دیاردەی منداڵانی سەر شەقام، ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو منداڵان لە سەرجەم ئەو بوارانەی کە پەیوەندییان بە گەشەی جەستەیی و فیکری و فەرهەنگی منداڵانەوە هەیە، داڕشتنی یاسای پاراستنی منداڵان بە بەشداری ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی منداڵان.
  • هەڵوەشاندنەوەی هەر چەشنە هەڵاواردنێکی نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئایینی و فەرهەنگی لە پرسی دامەزراندن و ماف و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتیدا. یەکسانی سەرجەم کرێکاران و مووچەخۆرانی سەر بە کەمینە نەتەوەیی، ڕەگەزی، مەزهەبی و فەرهەنگییەکانی ئێران بەبێ هیچ جیاوازییەک لەسەر بنەمای مافی یەکسان بۆ کاری یەکسان.
  • هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن لە پرسی دامەزراندنی کرێکارانی کۆچبەری دانیشتووی ئێران، پێدانی مافی نیشتەجێبوونی یاسایی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کۆچبەرانە و هەروەها پێدانی مافی خوێندن بە منداڵەکانیان لە هەموو ئاستەکاندا.
  • دژایەتی لەگەڵ سەرکێشی کردن لە سیاسەتی دەرەوەدا، نیزامیگەری، دەستێوەردان لە شەڕە کۆنەپەرستانە ناوچەییەکان کە هەزینە قورسەکەی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر شانی سەرجەم مووچەخۆران.
  • دژایەتیکردن لەگەڵ جینۆساید، ئاپارتایدی دەوڵەتی ئیسرائیل و دیفاع لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین.
  • هەشت سەعات کار لە ڕۆژدا، دوو ڕۆژ پشوو لە هەفتەیەکدا و سی ڕۆژ مۆڵەتی ساڵانە لەگەڵ پێدانی حەقدەست بۆ سەرجەم کرێکاران و مووچەخۆرانی وڵات.
  • پشووی فەرمی یەکی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک لەگەڵ پێدانی حەقدەست و هەروەها مافی سەرجەم کرێکاران بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمی یەکی ئایار بە هەر شکڵ و شێوازێکی وەک ( کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان)

بەکردەوە دەرهێنانی ئەم لانیکەمی گۆڕانکاریانە، بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوونی دەروونی و جەستەیی چینی کرێکار، پێویستییەکی سەرەکی و هەنووکەییە. بەدیهاتنی ئەو داواکاریانە هاوکات زەمینەی لێکهەڵپێکرانی خەباتی بەشە جۆربەجۆرەکانی چینی کرێکار لەگەڵ سەرجەم بزووتنەوە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازەکان خۆش دەکات و بە لێکهەڵپێکرانی خەبات لەپێناو ئازادی و خەبات لەپێناو نان دا، چینی کرێکار دەبێت بە هێزێکی کە دەتوانێت زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر بەیەکەوە یەکگرتوو بکات. لە ئاوا پڕۆسەیەکدا هێزە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگا دەتوانن لە خەباتێکی هاوبەشدا هێز و توانایی ئەوە بەدەست بهێنن کە لەپێناو دامەزراندنی حکومەتێکی تایبەت بە خۆیان، کە خاوەنی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی خۆی بێت، حکومەتێک کە لەسەر بنەمای ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، دێموکراسی گشتگیر و سۆسیالیزمێکی کە لە خوارەوە بنیات نرابێت، خەبات و تێکۆشانی خۆیان هەرچی زیاتر پەرە پێبدەن. هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ ڕزگاربوون لە بەربەرییەتی سەرمایە و سەرەڕۆ و ستەمکارە ڕەنگاوڕەنگەکانی پشتیوانی، بوونی نییە. لە گەرمەی ئەم نەبەرد و خەباتە پڕ جۆش و خرۆشەدا و لەسەر بەستێنی هاواری بەرزی ئازادی، دێموکراسی و یەکسانی لە سەرتاسەری وڵات، پیرۆز بێت ڕۆژی خەباتی جیهانی کرێکاران.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

دووشەممە ٣ی گوڵانی ١٤٠٣/ ٢٢ی ئاوریلی ٢٠٢٤

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیەندراوی ژمارە پازدەیەم ڕۆژی دڵنیایی مشتومڕە کۆتا جەنگی ئێمە ئینتەرناسیۆناڵە ڕزگاری مرۆڤەکان کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز!

-

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو تواناوە  پشتیوانی لە ژنانی بوێر و ئازادپۆش و لاوە قارەمانەکانیان دەکەن!

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

حکوومەتی ئیسلامی لەئاست خەڵک،ناوچەکە و جیهاندا،لەهەمووکاتێک لاواز و تاککەوتووترە-هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

نەورۆز، شادی، خۆڕێکخستن و گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی

-