لەنێو هەواڵەکانی پێوەندیدار بە کار و ژیانی کرێکاران لە ئێران، سەردێڕی حوکمی شهلاق لە داداگای پێداچوونەوە بۆ کرێکارێکی مەعدەنی بەردی ئاسنی بافق بە ناوی مەحەممەد تەشەکوری لە ئوستانی یەزد، لە ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵدا هەوالێکی هەژێنەرە. تاوانی ئەم کرێکارە ” تێکدانی نەزمی گشتی” ڕاگەیەندراوە. ئەو لەگەڵ ژمارەیەکی دیكه لە کرێکارانی مەعدەن لە نزیکەی سێ ساڵ لهمهوبهرهوه بۆ دەستەبەر کردنی داخوازییەکانیان دەستیان دابووە مانگرتن. ئەم کرێکارانە خوازیاری درانی ههقدهست و مهزایا و پێڕاگەیشتن بە سڵامەت و ئیمنی کاریان ببوون.
دیاریکردنی حوکمی شهلاق بۆ کرێکارانی ناڕازی، لە ڕژیمی ئیسلامیدا مەسەلەیەکی تازە نییە. لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ دا، شیرکەتی ” پویا زڕکان”، وەک پەیمانکاری سەرەکیی کانی زێڕی ” ئاق دەرە”، ٣٥٠ کەس لە کرێکارانی ئەم کانەی بە هۆی تەواو بوونی قەراردادەکانیان دەرکرد. لە ناڕەزایەتیی بەم کارە، کرێکارانی دەرکراو لە بهرامبهر دهرگای چوونهژوورهوهی مەعدەن، کۆبوونەوە. كارفهرما نەک هەر سهرنجی بە داخوازی کرێکارەکان نەدا، بەڵکوو نیگابانی چەکداری شیرکەتیشی بەردایە گیانیان. گوشاری مەئموورانی كارفهرما و سهرنج نەدان بە داخوازییەکانیان تا ئاستێک بوو کە بەدوای بێ وڵام مانەوەی داواکاری کرێکارانی ناڕازیدا، سێ کەس لە کرێکارە بێکار کراوەکان لەژێر گوشاری دهروونیدا، لە حهساری ئهم مەعدەنە دەستیان دایە خۆکوشتن كه بە خۆشیەوە هەرسێکیان لە مەترسی مەرگ ڕزگاریان بوو. لەو کاتەدا دەزگای قەزایی لەسەر شکایەتی كارفهرما بە تۆمهتی “ئاژاوە نانەوە”، بێدادگای ڕژیم لەدژی ١٧ کەس لە کرێکاران، حوکمی جەنایەتکارانەی جەریمە و زیندان و شهلاق لێدانی دهرکرد و ماوەیەک دواتر حوکمەکە لە بەرچاوی خەڵکەوە بهكردهوه دهرهات.
شهلاق لێدانی کۆماری ئیسلامیی لە جەستەی بهندكراوانی سیاسیی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا دیاردەیەکی ئاسایی و ڕۆژانەیە. گهلێك ئینسانی لێبراو و شهریف لەژێر زەربەی شهلاقی ئهشكهنجهگهراندا گیانیان بهختكردووه. بەڵام بردنە ژێر زەربەی شهلاقی کرێکارانی ناڕازی، بە بەرچاوی خەڵک و باقی کرێکارانەوە پەیامێکی تایبەتی هەیە. لێرەدا ڕاستەوخۆ نهفرهتی قوڵی چینایەتییە کە نومایش دهدرێت. ئەم دیمهنانه پیشان ئەدرێن ههتاكوو ببێ به دەرسێك بۆ ئەو کرێکارانەی کە دەنگیان لەدژی پێشێل بوونی مافە سەرەتاییەکانیان بەرز کردۆتەوە.
دەزگای قەزایی ڕژیم بە خەیاڵی خۆی دەیەوێ بە بهڕێوهبردنی ئەم جۆرە حوکمانە، کرێکاران بشكێنی و بێ هیوایان بکات. بەڵام له ڕاستیدا، کرێکارانی مەعدەنی ئاق دەرە لە ساڵی ١٣٩٣ دا بە برینی شهلاق بە جەستەوە، سەربەرزانە گەڕانەوە نێو بنەماڵە و هاوچینەکانیان و تەپڵی ڕێسوایی ڕژیمی ئیسلامیان لە سەرتاسەری جیهاندا لێدا. لە ڕۆژەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٧ دوای ئەوەی کە سوسەن ڕازانی و شێوا خەیرئابادی و هاوکارەکانیان بە تاوانی بەشداری کردن لە ڕێوهڕهسمی یەکی مانگی مەی، شهلاق کاری کران، کرێکارانی هاوخەباتیان نەتەنها ئەو جۆرەی کە ڕژیم چاوەڕوانی بوو، چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو لەبەر دەرگای زیندانی ناوهندیی شاری سنە چاوەڕێیان بوون و تاجە گوڵیان کردە ملیان و وێنە هەواڵەکانیان لە هەموو جیهاندا بڵاو بۆوە. زەربەی شهلاق بەسەر جەستەی کرێکارانەوە، نەک نیشانەی بەهێزی ڕژیم نییه، بەڵکوو نیشاندانی داماویەتی لەم نەبەردە چینایەتییەدا و لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ چینێک کە چاوەڕوانی خۆرۆشانی خهباتی پڕ تهوژمی سبهی ڕۆژی دهكات.
ئەم جۆرە کردارە دژی ئینسانیانە نە تەنها کرێکاران چاوترسێن ناکات، بەڵکوو نەفرەتی چینایەتی لە ڕژیمی پارێزەری بەرژەوەندی سەرمایەران چڕتر دەکات. ئەگەر ترس لە شهلاق لێدران دەیتوانی کرێکاران لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و خەبات سارد بکاتەوە، لە هەمان سبەی ڕۆژی بە دەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی ئیسلامییەوە، کە شهلاق و گەلێک خراپتر لە زەربەی شهلاقی جەنایەتکاران لە زیندانەکاندا لە جەستەی تێکۆشەرانی بەند کراو ئەدرا، دەبوو بڵێسەکانی ناڕەزایەتیی و خۆڕاگری کپ بکردایە. کرێکارێک کە سینگی خۆی دەکاتە قەڵغان و دەنگی ناڕەزایەتیی هاو چێنەکانی هەڵدەبڕێ، کرێکارێک کە مەترسی بێکاریی و لە دەستدانی ئەم ههقدهسته کەمەشی، کە چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدایە بۆ خۆی و بنەماڵەکەی، ئەو تا ئاستی خۆ کوشتن پاڵ پێوە دەنێ، لە شهلاقی جەور و ستەمی سەرمایەداران و ڕژیمەکەیان ناترسێ. خاڵی لاوازی چینی کرێکار چاوترسێن بوون نییە، ئەو خاڵە لاوازەی کە دەبێ چارەسەر بکرێت لە جێگایەکی دیکەویە. ساڵی ١٣٥٧ وەبیر بێنینەوە کە ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریەکان لە پیشەسازی کلیدی وڵاتدا و لە بەشەکانی خزمەتگوزاری شاریدا پشتی ڕژیمی شای شکاند. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو کاتە کرێکاران خاوەنی ڕێكخراوی سیاسیی بەهێزی چیتنایەتی خۆیان نەبوون، لەبەر ئەوەی ڕێكخراوه جەماوەریە سەربەخۆکان دانەمزرابون، فریوکارانێک بە دەمامکی دیفاع لە کوخ نشینەکان، دوای خزانە نێو دەسەڵاتەوە، بوونە ئەو کاخ نشینە مفتە خۆرانەی کە بە ئامانجی پاراستنی پێگەکەیان، بە بێڕەحمانە ترین شێوە، دەستیاندایه سەرکوتی خەباتی کرێکاران و خەڵکی بێبەش. ئەو کاخ نشینە تازانەی بە پشتیوانی کردنی تەواو لە قازانج و بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران و خاوەنکاران و پێشێل کردنی مافە ئینسانییەکانی جەماوەری زەحمەتکێش، بە ئاشکرا نیشانیان داوە کە نەزم و ئاسایشێک کە لەمرۆدا ئیدیعای دەکەن کرێکاران تێکیانداوە، نەزمێکی زاڵمانەیە کە بە زەبری زۆر و شهلاق و یان فریوکارانە بە ناوی مەزهەب و وەتەن دەرخواردی خەڵکی ئەدەن تا ئەوان وادار بە تەسلیم و مل کەچ بوون بکەن. ڕێبەرانی پێشڕەوی کرێکاری بە دەرس وەرگرتن لە شۆڕشی ساڵی ٥٧ عەزمیان جەزم کردوە کە هێزی گەورە و بەرین و کارسازی چینی کرێکار لە ئێران لە سەفێکی یەکگرتوو و ڕێکخراودا بۆ شۆڕشی داهاتوو، ئامادە بكهن و ئازادی و یەکسانی و ڕیفاه و ئاسایش و بەختەوەری بكهنه پایەکانی نەزمی گشتی لە کۆمەڵگادا.