لە ههلومهرجێكدا کە گرانیی و ئاوسان، دەرکردنی بەردەوام، بێکاریی میلیۆنی، دواخرانی هەقدەستەکان، نەدرانی بیمەی دەرمانیی و پێشێلکرانی باقی حقوق و مەزایا کرێکارییەکان و هەروەها لەخوارەوەبوونی ئاستی هەقدەستە ڕەسمییەکان بۆ چوار هێنده خوارتر له هێڵی هەژاریی، زۆربەی هەرە زۆری کرێکاران و بنەماڵە کرێکارییەکانی ئێرانی خستوووته گێژاوی هەژاریی و نەداریی، ههر لەم ڕۆژانەشدا، عەلی خودایی، ئەندامی بەئیستلاح کرێکاریی “شوڕای باڵای کار”ی ڕژیم وتی : “دیاریکردنی لانیکەمی هەقدەستهكان بۆ ساڵی ١٣٩٦ وەک هەمیشە پەیڕەوی لە دوو پێوهری سەبەتهی بەڕێچوون و تەوەڕرۆم دەکات”. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بانکی مهركهزیی ئێرانیش ڕێژهی تەوەڕرۆمی به هەشت و شەش لەسەد ڕاگەیاندووە. کەواتە بە پێی ڕێژهی تەوەڕرۆمی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی مهركهزیی، لانیکەمی هەقدەستی کرێکاران لە ساڵی نوێدا، بە ڕێژەی ٧٠ هەزار تمەن زیاد دەبێت، واتە لە ٨١٢ هەزار تمەنەوە، دەبێتە ٨٩٣ تمەن کە بهم حاڵهشهوه، چەند پلە لە خوار هێڵی هەژاریدا دهبێت.
بە شێوەی ئاسایی لە مهودای زهمهنیی مانگەکانی کۆتایی هەموو ساڵێکدا بابەتی دیاریکردنی لانیكهمی هەقدەست، و خەبات بۆ زیادکرانی، گەرمتر دەبێت، نوێنەرانی دەوڵەت، خاوەنکاران و نوێنەرانی تەشەکولە دژه کرێکارییەکان لە دەوری یەک کۆدەبنەوە بۆ ئهوهیكه بۆ ئاستی بەڕێچوون و ژیانی کرێکاران لە ساڵی نوێدا بڕیار بدەن. “شوڕای باڵای کار” پێکهاتوو لە نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی خاوەنکاران، و بەناو نوێنەرانی کرێکارانە. نوێنەرانی دەوڵەت هەر ئەو کەسانەن کە خواست و داواکاریی جەماوەری “کرێکار”ی ئهم وڵاتهیان بە دەرکردن، گرتن و زیندان و ئەشکەنجە وهڵام داوهتهوه و لە دانیشتنهكانی ئەم شورایە لە ماوهی ڕۆژانی داهاتوودا، سەرلەنوێ بە هەموو هێزیانەوە دیفاع لە بەرژەوەندی خۆیان و هەروەها خاوەنکارانی هەر دوو بەشی دەوڵەتیی و تایبەت دەکەن. نوێنەرانی خاوەنکارانیش لە هەوڵدان بۆ ئهوهیكه بۆ دەستڕاگەیشتنی چینی سەرمایەدار بە سوود و قازانجی زیاتر، هەقدەستی کەمتر بدرێت بە کرێکاران. ئەوانەش کە لە لایەن تەشەکولە دژه کرێکارییەکانی خانەی کارگەر و شورای ئیسلامییەوە وەک نوێنەری کرێکاران دیاریی دەکرێن، خزمەتکارانی سەرمایەدارانن. ئەوانە لە داسەپاندنی لانیکەمی هەقدەستێکدا کە چەند بهرابهر لە خوار هێڵی هەژاریدایە، دەورێکی ئەساسیی دەگێڕن.
دیارە “شوڕای باڵای کار” نەک ههر بۆ ساڵی داهاتوو، بهڵكوو هیچكات لانیکەمی هەقدەستی ڕەسمیی کرێکاران، تەنانەت بەپێی ماددەی ٤١ی یاسای کاره دژه کرێکارییهكهی ڕژیمیش دیاریی ناكات کە تێیدا ئهوه ڕوون کراوەتەوە كه “لانیکەمی هەقدەست” دەبێ لەسەر بنەمای مۆحاسباتێک بكرێت کە لە لایەن بانکی مهركهزییهوه لهسهر گۆڕانی سەبەتهی هەزینەکانی ژیان بەڕێوە دەچێت”. لە ڕاستیدا دانیشتنهكانی ئەم شورایە فۆڕماڵن و پێشتر لانیکەمی هەقدەستی کرێکاران لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار دیاریی کراوە.
بێگومان ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەم دەورەیەدا سەرلەنوێ هەموو زەرفییەت و ئیمکاناتی خۆی دهخاتهوهگهڕ، ههتا خاوەنکارانی هەردوو بەشی دەوڵەتیی و بهتایبەت لانیزۆری قازانج لە ڕەنجی کرێکاران دەستەبەر بکەن. گەلێک ڕوون و ئاشكرایه كه کارێکی وهها مومکین نییە، مەگەر له ڕێگهی کەمکردنەوەی هەرچی زیاتری ئاستی هەقدەستەکان و سابت ڕاگرتنی لە ڕێگهی جۆراوجۆر و بە بیانووی جیاواز، یاخود ناچارکردنی کرێکاران بە کاری قورس و تاقەت پڕووکێنهوه نهبێ. شیاوی باسه كه لە ماوهی ئهم ساڵانەی دواییدا، هێنانەگۆڕی باسی درۆیینەی “پێوەندیی هەقدەست و تەوەڕرۆم”، یەکێک لە ڕێگهکانی گەیشتن بەو ئامانجە بووه كه باسکرا. ئیدئۆلۆگەكانی بوورژوازیی و ئابووریناسانی لایەنگری ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیی، هەمیشە وتوویانە کە زیادبوونی لانیکەمی هەقدەست، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژهی ئاوسان و بەمجۆرە دابهزینی توانای کڕینی کرێکاران، كهمبوونهوهی ئاستی سەرمایەگوزاریی و بێکاریی بەرین لە کۆمەڵگهی لێدەکەوێتەوە.
ئەمجۆرە باسه عەوامفریوانەیه، بەم مەبەستەوه گهڵاڵه دەکرێن كه کرێکاران لە خەبات بۆ زیادکرانی هەقدەستەکانیان دڵسارد بکەنەوە! ئامانج لەمجۆرە قسانە، بەلاڕیدابردنی بیروزەینی جەماوەری کرێکار و واداركردنی ئهوانه بە تەسلیم بوون لە بەرانبەر بارودۆخی فەلاکەتبار و ئهم دۆزەخهی ئێستا. ئهوهش ڕوون و ئاشكرایه كه ئەو بۆچوونەی باسكرا و کرێکاران لە هێنانەگۆڕی داواکاریی زیادکرانی هەقدەستەکانیان دهگێڕێتهوه، ئەساسەن لەبەر پێویستییەکە کە بە قازانجی سەرمایەداران دێتە ئاراوە و نەک تەوەڕرۆم یان گرانبوونی بههای کالا و پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵک!
لەسەر بنەمای ئەو توێژینەوانەی ئەنجام دراون، لە ماوەی ٣٧ ساڵی دواییدا، توانای کڕینی کرێکاران، ساڵ لەگەڵ ساڵ زیاتر دابەزیوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بهرز و نزمبوونهوهی هەقدەستەکان لە بههای کالاکان لەسەر کاری سەرفکراو بۆ بەرهەمهاتنیان دیاریی دەکرێت، نەک بە پێوانەی ڕێژەی هەقدەستێک کە خاوەنکاران دەیدەن بە کرێکاران. گومانێک لەوەدا نییە کە لە لایەکەوە زیادکرانی هەقدەستەکان ئەگەر بانتر لە هێڵی هەژاریی و گونجاو لەگەڵ دابینكرانی ژیانێکی مرۆیی بێت، ڕهوشی بەڕێچوونی کرێکاران باشتر دەکات و لە لایەکی دیكهشهوه ڕێژەی سوودی سەرمایەداران دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. كهواته خەباتی کرێکاران بۆ زیادکرانی لانیکەمی هەقدەست و هەروەها خۆڕاگریی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان بهرامبهر بەم داخوازییانە، لە هەموو وڵاتانی سەرمایەداریدا، ڕهوتێكی بهردهوام و له وهستان نههاتووه.
واقعییهت ئەوەیە کە کاربەدەستانی ڕژیمی دژه کرێکاریی کۆماری ئیسلامیی، ئەمساڵیش ههروەک ساڵانی ڕابردوو، هیوادارن بەوهیكه له ڕێگهی درێژەدان بە سیاسەتی هەرزان ڕاگرتنی هێزی کار، شیرکەت و کۆمپانییه بیانییهكان بۆ سەرمایەگوزاریی لە ئێران هان بدەن، ههتا بهشكوو لهم ڕێگهیهوه، هەم باری ئهم قەیرانه ئابوورییهی ئێستایان بخەنە سەرشانی کرێکاران و هەمیش حکوومەتەکەیانی پێ لەم شپرزەییە، ڕزگار بکەن.
ئاشکرایە كه خەبات بۆ زیادکرانی هەقدەستەکان، مەیدانێکی گرنگە لە تێکۆشانی چینی کرێکار لەگەڵ ڕژیمی ستەمکار و سەرمایەداریی حاکم لە ئێران. بە پێی ئەو واقعییەتانەی كه باسیان لێوه کرا، وەڕێخستنی خەباتێکی یەکگرتووانە و سەرتاسەریی بۆ داسەپاندنی لانیکەمی هەقدەستی ڕەسمیی لە ئاستی ژیانێکی پڕ لە ڕیفاە و ئینسانیدا، گەلێک زهرووریی و حەیاتییە. تەشەکۆلە سەربەخۆ کرێکارییەکان و هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی ناو بزووتنەوەی کرێکاریی کە زۆر بهجێ و درووست، خوازیاری دیاریکرانی هەقدەستی ٣ و نیو میلیۆن تمەن بۆ ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوین، دەتوانن له ڕێگهی سهرتاسهریكردنهوه و گشتگیركردنی ئەم داخوازییە گرنگە لەنێو جەماوەری کرێکارانهوه، دەورێکی کاریگەرتر لە خەبات بۆ زیادکردنی هەقدەستەکاندا بگێڕن.