بانکی مهركهزیی ئێران دوایین ڕێژهی ئاوسان واته تەوەڕرۆمی پێوەندیدار بە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵی، بە ڕێژەی ههشت و شهش دهیهمی لەسەد ڕاگەیاندووە. ئێستا لەسەر بنەمای ڕێژهی ئاوسانی ههشت و شهش دهیهمی لهسهدیی، دهوڵهت بهنیازه كه لانیکەمی هەقدەستی ساڵی ٩٦ی کرێکاران بە ڕێژەی دهوری ٧٠ هەزار تمەن زیاد بكات و لە ٨١٢ هەزار تمەنەوە، ئەوپهڕی ببێته ٨٨٢ هەزار تمەن لە مانگدا. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ڕێژەی زیادبوونی حقوقی کارمەندانی دەوڵەت لە ساڵی داهاتوودا ١٠ لەسەد لەبەرچاو گیراوە، ئەگەری ئهوه هەیە كه ههقدهستی کرێکارانیش ههر بەم ڕێژەیە زیاد بکات، ئەوکات لانیکەمی ههقدهستی ساڵی ٩٦ی کرێکاران لە ٨١٢ هەزار تمەنەوە ببێتە ٨٩٣ هەزار تمەن. بەمجۆرە بە ئەگەری زۆرەوە دەکرێ بڵێین كه ههقدهستی ساڵی ٩٦ی کرێکارانیش ناگاتە یەک میلیۆن تمەن لە مانگدا و جارێکی دیكهش لەژێر یەک میلیۆن و ڕەنگە تەنانەت کەمتر لە ٩٠٠ هەزار تمەنیش بێت لە مانگدا. ئەم بڕه لەگەڵ مەزایای وەک هەقی ئەولاد، هەقی بۆن و هەقی مەسکەن و…، ئهمانه، کە بەشێک لە هەقدەستی کرێکارانە و ئهویش بەشێوەی جیاجیا دەدرێت بە کرێکاران، دیسانیش ٣ ههتا ٤ جار لەژێر هێڵی هەژاریدا دەبێت. دەوڵەتی ڕوحانی بهدوای زیادکرانی هەقدەستەکان لەسەر بنەمای ئاوسانی ڕاگەیهندراو لە لایەن بانکی مهكهزی و یان زیادبوونی ١٠ لەسەدیی هەقدەستەکان، گومانێکی نەهێشتۆتەوە کە دەیهەوێ باری قورسی قەیرانی ئابووریی بخاتەسەر شانی چینی کرێکار و هەژاریی و فەلاکەتێکی چاوەڕوان نەکراو بەسەر بەمیلیۆن بنەماڵەی کرێکاریدا بسەپێنێ.
کاربەدەستانی ڕژیم لە حاڵێکدا باس لە زیادبوونی هەقدەستەکان لەسەر بنەمای ڕێژهی تەوەڕرۆم یان زیادبوونی ١٠ لەسەدیی هەقدەستەکان دەکەن کە کارناسانی ئابووریی هێڵی هەژاریی بۆ بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لەمساڵدا ٣ میلیۆن و نێو ههتا ٤ میلیۆن تمهن ڕاگەیاندووە. لە وەها بارودۆخێکدا زیادكرانی هەقدەستەکان لەسەر بنەمای تهەوڕرۆمی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی مهركهزییهوه ئەسڵەن لەگەڵ هەزینەی دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییهكانی بنەماڵەیەکەی کرێکاریدا نایەتەوە. بێجگە لەوە بە سەرنجدان بەوەیکە لە ماوەی ٣٦ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ڕێژهی تەوەڕرۆمی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی مهركهزییهوه، لەگەڵ ڕێژهی تەوەڕرۆمی واقعیدا گەلێک مەودای هەبووە، لە ئاکامی درێژەی ئەم ڕەوتەدا لە ماوەی چەندین ساڵدا، لانیکەمی هەقدەستی دیاریکراو دابەزیوە بۆ ٤ هێنده ژێر هێڵی هەژاریی. بە شێوەیەک کە ئەگەر لانیکەمی هەقدەستی ٨١٢ هەزار تمەنی ساڵی ١٣٩٥ سێ هێندهش زیاد بکەن نەک هەر توانای کڕینی کرێکاران قەرەبوو ناکاتەوە، بەڵکوو ناشیگەیەنێتەوە ئاستی هێڵی هەژاریی ڕەسمیی. لەم ڕووەوە لەم بارودۆخی ئێستای ئێراندا زیادبوونی هەقدەستەکان تەنانەت لەسەر بنەمای ڕێژهی تەوەڕرۆمی ڕاستەقینەش وهڵامدەرەوەی لانیکەمی پێداویستییهكانی بنەماڵەیەکی کرێکاریی نییە. لەم ڕووەوە داخوازیی زیادبوونی هەقدەستەکان لەسەر بنهمای ڕێژهی تەوەڕرۆم لە ئێران مەوزووعییەتی خۆی لەدەستداوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم واقێعییەتانە، هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی و هەندێک لە ناوەندە کرێکارییە سەربەخۆکان لە دەوڵەت لە ئێران، له ڕێگهی بڵاوکردنەوەی بەیانییەوه خوازیاری زیادبوونی لانیکەمی هەقدەستی بانتر لە هێڵی هەژاریی و گونجاو لەگەڵ هەزینەکانی ژیانێکی ئینسانیی بوون. بۆ نمونە “کرێکارانی پڕۆژەکانی پارسی جنووبی”، “کۆمەڵێک لە کرێکارانی پێترۆشیمییەکانی ناوچەی ماهشەهر و بەندەر ئیمام”، “هەڵسووڕاوانی کرێکاریی جنووب”، “کۆمەڵیک لە کرێکارانی مێحوەری تاران- کەرەج” و ” هەڵسووڕاوانی کرێکاریی شووش و ئەندیمێشک له ڕێگهی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێکی هاوبەشهوه لەم ڕۆژانەی دواییدا، ڕایانگەیاندووە کە “لانیکەمی هەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ٩٦، نابێ لە ٤ میلیۆن له مانگ کەمتر بێت”. لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیانییە هاوبەشەدا هاتووە: “دیاریکردنی ههقدهستی بنەماڵەیەکی کرێکاریی، ئهرك و كاری خۆدی چینی کرێکاره و لەگەڵ ئەوانهشدا ئەمری تەشەکۆلە واقعییەکانی کرێکاران و پێشڕەوانی چینی کرێکار و کرێکارانی وشیارە”. “شوڕای باڵای کار” بە هیچ شێوەیەک سەڵاحییەتی دیاریکردنی لانیکەمی ههقدهستی کرێکارانی نییە، لەبەر ئەوەیكه پێکهاتەی فەرمایهشیی ئەم مەڕجەعە لە نوێنەرانی سەرمایەداران و خاوەنکاران پێکهاتووە و هەر بەو جۆرەی کە ئێمە کرێکاران ماوهی ساڵانێکە دەیبینین، دهستپۆختی ئەم حەزرەتانە، داسەپاندنی هەقدەستی لانیکەم چوار جار لهژێر هێڵی هەژاریی یان بە واتایەکی دیكه، سەپاندنی مەرگی بەشێنەیی بهسهر کرێکارانی ئێرانه کە گۆمانی تێدا نییە لە ساڵی ٩٦یشدا، هەر ئەم خهونهیان بۆ دیتوون. “لەم بەیانییەدا هەروەها جەخت لهسهر ئهوهش کراوەتەوە کە خەبات بۆ زیادکرانی ڕاستەقینەی لانیکەمی هەقدەست، مەیدانێکی گرنگی خەباتی ئابوورییە کە بە یەکێتیی تێكڕای کرێکاران لە هەموو پیشه و چالاکییەکاندا، بە خەباتی لێبڕاوانە دەکرێ بەئاکام بگات و ڕێگه بۆ خەباتێکی دیكه خۆش بکات.
گومان لهوهشدا نییە کە ئەم هەوڵانە و هێنانەگۆڕی داخوازیی هاوشێوه لە بواری زیادکرانی هەقدەست لە لایەن هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکارییەوە هەنگاوێکی گرنگە لە خەباتی کرێکارانی ئێران بۆ زیادکرانی ڕێژهی هەقدەستهكان.
ئەوەیكه دیار و ئاشکرایە ئهوهیه كه دەوڵەتی ڕوحانی لە دەورەی دوای بەرجامدا، لە هەوڵی ئهوهدایه كه بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی بیانیی و زەمانەتکردنی سودئاوەریی سەرمایەکان و قەرەبوی خەسارەتی دەورەی گەمارۆکان، سیاسەتی ڕیازەتی ئابووریی و هێرش بۆ سەر ئاستی ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگه درێژە پێ دەدا. دیاریکردنی لانیکەمی هەقدەستی سێ ههتا چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا، پێدانی وێجهه و لایەنی یاساییه بەم پهلامار و هێرشانە. لە وهها بارودۆخێكدا تەنها له ڕێگهی یهكگرتووكردن و سەرتاسەریکردنەوەی خەباتی کرێکارانهوهیه كه دەکرێ، تهوهری زیادكرانی هەقدەستەکان بەسەر ڕژیم و سەرمایەداراندا بسەپێندرێت. خەبات بۆ یەکپارچەکردن و سەرتاسەریکردنەوەی ئەم خەباتە، لە هەمان كاتدا، بەستێنێکی گونجاویشە بۆ یهكڕیزیی کرێکاران و بوارخۆشکردن بۆ درووستبوونی تەشەکولە جەماوەریی و چینایەتییەکانی کرێکاران. لە وهها بارودۆخێکدا کە خودی کاربەدەستانی ڕژیم باس لە هێڵی هەژاریی دوو بۆ سێ میلیۆن تمەنیی دەکەن و تەشەکولە سەربەخۆ کرێکارییەکان و هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی، جهخت له لانیكهمی هەقدەستی سێ میلیون و نیو ههتا چوار میلیۆن تمەن لە مانگدا دەکەنهوه، هەوڵدانی بێوچان بۆ یەکپارچەکردن و سەرتاسەریکردنەوەی مانگرتنی کرێکاریی و خەبات لەپێناو زیادکرانی هەقدستەکان و باقی داخوازییە هەنوکەییەکانی چینی کرێکار و ئیتتحاد عهمهلی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاریی لەم بوارانەدا، دەتوانێ هەنگاوێکی گرنگ بێت به ئاراستهی بهرپهرچدانهوهی هێرشی هەمە لایەنەی ڕژیمی سەرمایەداریی كۆماری ئیسلامیی.