ڕژیمی ئیسلامی بۆ ئاوەژۆکردنەوەی رووداوە مێژووییەکانی رۆژکانی نزیک بوونەوە لە ڕاپەڕینی ٢٢ بەهەمەن ١٠ رۆژی کۆتایی تەمەنی ڕژیمی سەڵتەنەتی شای ناو نا دەیەی فەجر. سەرانی ڕژیمی ئیسلامی هەموو ساڵێک هەوڵ ئەدەن بە بەڕێوەبردنی بەرنامە، سوخەنڕانی جۆراو جۆر، رووداوە مێژووییەکانی رۆژانی نزیک لە ئاخێزی ٢٢ی بەهەمەنی ساڵی ١٣٥٧ ئاوەژوو بکاتەوە. بەڵام ئەوەی کە رۆژی ٢٢ی ڕێبەندان رویدا نەتەنیا بەرهەمی فەرمانی خومەینی و ڕەوتی ئیسلامی نەبوو بەڵکو بە پێچەوانەی مەیلی ئەوان روویدا. لە ماوەی ئەو ١٠ رۆژەدا کە ڕژیمی ئیسلامی وەک دەیەی فەجر جێژنی بۆدەگرێت، بە پێی بەڵگە مێژوویە حاشا هەڵنەگرەکان، خومەینی بەردەوام داوای لە خەڵک دەکرد خۆیان لە ئاخێز و ڕاپەڕین بەدوور بگرن و هاواری پەیڕەوانی کە ” ئاغا فەرمانی جیهادی نەداوە” لە هەموو شوێنێ بەرز بوو. تەنیا کاتێک کە روودانی قیام بوو بە بابەتێکی حەتمی هەوڵیاندا بیهێننە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. بەڵام خەڵکێک کە مەترسی مسادرەی شۆڕشیان هەست پێکردبوو، گوێی نەئەدایە ئەم قسانە و بەم جۆرە لەو رۆژانەدا هێرش بۆسەر ناوەندەکانی دەسەڵات، کە لایەنگرانی خومەینی دیانویست بە دەست لێنەدراوی وەریان بگرن، دەستی پێکرد. ڕاپەڕینی ٢٢ی ڕێبەندان کە لوتکەی شۆڕشی ٥٧ بوو، ئەمری سەرکوتی شۆڕشی بۆ ڕژیمی بە دەسەڵات گەیشتو لە ساڵەکانی دواییدا دژوارتر کرد. بەڵام سەرئەنجام سەرکوتی شۆڕش کە ڕژیمی شا نەیتوانیبوو ئەنجامی بدات، ڕژیمی ئیسلامی لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ٦٠ دا بە ئاکامی گەیاند.
لە ساڵی ١٣٥٧ جەماوەری خەڵکی ئێران، بە هیوای دەستەبەرکردنی ئازادی و بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی باشاتر و ئینسانی ڕاپەڕین و شەپۆلی شۆڕش لە ماوەی یەک ساڵدا سەرتاسەری ئێرانی داگرت. لە ماوەی مانگەکانی پاییزی هەما ساڵدا بوو کە بێ توانایی ڕژیم لە کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخەکە بۆ ئامریکا و هاوپەیمانەکانی روون ببۆوە و بەم ئاکامە گەیشتن کە پشتیوانی لە شا ئیتر قازانجێکی بۆیان نابێت.
دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی متمانەیەکیان بە توانایی میللی گەرا لیبڕاڵەکان کە لە ئوپوزسیۆنی شادا پێگەیەکیان هەبوو، بۆ کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخەکە نەبوو. زل هێزە رۆژئاواییەکان پێویستیان بە سەنگەر بەندیەکی نوێ لەبەرانبەر مەترسی دەرچوونی ئێران لە حەوزەی کەمەربەندێکی ئەمنیەتی، کە پێش تر بە دەوری یەکێتی سوڤیەتدا دروستیان کردبوو، هەبوو. دەوڵەتی ئامریکا گەلێک لە پێشترەوە لە مەوجودیەتی مادی و لە ئارا و ئەندیشەی ڕەوتە ئیسلامیەکانی ئوپوزسیۆنی شادا، زەرفیەت و قابلیەتی گونجاوی بۆ بوونیان بە دژە کومونیست بینی بوو، بۆیە ڕاوێژکارانی ئامریکایی شا و دەربار بەردەوام ئەویان بۆ گرتنەبەری شێوازێکی نەرم و ملایم تر لە بەرانبەر ڕێبەرانی ئەم ڕەوتەدا هان ئەدا و شا خۆشی گوێی لە تەوسیەکانیان دەگرت.
لە حاڵێکدا کە نوسراوەکانی عەلی شەریعەتی لە هەزاران نوسخەدا چاپ و دەخرایە بەردەستی هەموان و هەروەها ناوەنی فەرهەنگی حسەینیەی ئیڕشاد لە تاران بە ئیمکاناتی زۆر و چاپخانەی تەیارەوە بەکردەوە لە ئیختیار ئەو و هاو بیرانیدا بوو، هەڵسوڕاوانی چەپ تەنیا بە هۆی پێ بوونی نامیلکەیەکی ماڕکسیستی، دەبوو ڕەنج و ئازاری زیندانی درێژ ماوە تەحەمول بکەن.
لە ئاوا بارودۆخێکدا، ئامریکا لە کۆنفڕانسی گوادلوپ لەگەڵ هاوپەیمانە ئوروپاییەکانی سەبارەت بە ڕژیمی شا و داهاتوی ئێران دەستیان کرد بە ڕاوێژ کردن. ئەوان لە لایەکەوە یەک دەنگ بەو ئاکامە گەیشتن کە زیاتر لەوە پێویستیەک بۆ درێژەدان بە پشتگیری کردنی شا لە ئارادا نییە و لە لایەکی دیکەوە بڕیاریاندا کە ئامادەکاری بۆ بە دەسەڵات گەیشتن و کۆنترۆڵ کردنی شۆڕش بۆ ڕەوتی ئیسلامی بکەن. لە ڕاستیدا کۆنفڕانسی گوادلوپ چارەنووسی ڕژیمی شای دیاری کرد و هەوڵی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ دانانی خومەینی لە جێگای شا ی هاوئاهەنگ کرد.
دەوڵەتانی رۆژئاوایی نیگەران بوون کە دخاڵەتی نا بەوەختی ئەڕتەشی شا بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربکات و ئێران بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ توشی ناسەقامگیری بکات، لە ڕوانگەی ئەوانەوە بارودۆخێکی لەم شێوەیە بە واتای سەرەتای گلانی ئێران بوو بۆ باوەشی یەکێتی سۆڤیەت. لە ئاوا بارودۆخێکدا بوو کە ” هایزر” یان وەک ژنڕاڵیکی بە ئەزمون کە نفوزێکی زۆری بەسەر فەرماندە باڵاکانی ئەڕتەشی ئێراندا هەبوو وە لە هەمانحاڵدا سیاسەتمەدارێکی کارامەش بوو، بە ئامانجی بەرگرتن لە ئەڕتەش بۆ ئەنجامدانی هەر چەشنە هەوڵێکی کودتا گەرانە و ئامادە سازی مەسیری بە دەسەڵات گەیشتنی خومەینی، نارد بۆ ئێران. بابەتی ئەساسی ئەوە بوو کە ئەڕتەش دەبوو ڕێگا بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئیسلامیەکان خۆش بکات تا ئەوانیش بتوانن بە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، شەپۆلە سەرکێشەکانی شۆڕش کۆنترۆڵ بکەن.
ئەمە هەڵبەت بەشێک لە ئیستراتیژیەکە بوو، بەشەکەی تری، قەبوڵاندنی خومەینی بوو وەک ئاڵترناتیوی ڕژیمی شا بە ڕای گشتی خەڵکی ئێران. خومەینی کە سەرەتا قەرار بوو دوای تەبعید لە عێڕاق لە کۆیت و یان لە سوریە نیشتەجێ بێت، بە تەوسیەی ڕاوێژکارەکانی مەسیرەکەی گۆڕی و چوو بۆ پاریس. دوای جێگیر بوونی خومەینی لە نۆفل لوشاتو، هەموو دەزگا تەبلیغاتیەکانی رۆژئاوا بە تایبەت سەرویسە فارسی زمانەکان لەسەر ئەو چڕ بوونەوە. لە حاڵیکدا کە هێزە چەپەکان لەنێوخۆی وڵاتدا بە لانیکەمی ئیمکانات، نوسخەی پلی کپی کراوی ئێعلامیەکانی خۆیان لە ئاستێکی بەرتەسکدا بڵاو دەکردەوە، هەموو شەوێ بەشی فارسی ڕادیۆی بی بی سی فەرمانەکانی خومەینی لە سەرتاسەری ئێراندا بانگەواز دەکرد.
لەگەڵ روخانی شا، ئامانجی خومەینی بەدیهاتبوو، کەوابوو دەبوو بڵێسەکانی شۆڕش دامرکێنێتەوە. بەڵام هێنانەدی ئەم ئامانجەش پێویستی بە ئامارازەکانی تایبەت بە خۆی هەبوو. خومەینی، ئیستراتیژیەکانی بۆ کپ کردنەوەی بڵێسەکانی شۆڕش هەنگاو بە هەنگاو بە کردەوە دەرهێنا. عەوامفریویەکانی خومەینی و پەردە پۆش کردنی مەبەستی ڕاستەقینەی لە ڕای گشتی کۆمەڵگا، ئەو دەرفەتەی پێبەخشی خۆی بۆ سەرکوتی یەکجارەکی و کۆتایی شۆرش ئامادە بکات. دروست کردنی هەڵخڕاندنی درۆینە بە ئامانجی وە هەیەجان خستنی ئەفکاری جەماوەر کە نمونەی بەرچاوی داگیر کردنی سفاڕەتی ئامریکا لە تاران و ماجەرای بە گرەوگان گرتنی ٤٤٤ رۆژەی دیپلۆماتەکانی و دانی دروشمی دژی ئامریکایی کە بە ئامانجی ئامادە سازی موقەدەماتی سەرکوتی خوێناوی خەباتی ڕاستەقینەی دژی ئیمپڕیالیستی دارێژرا بوو، نمایشی ” لایەنگری کردن لە موستەزعەفان” و بە سادەیی ژیانی شەخسی، دروست کردنی تەوەهوم لە بواری دابەش کردنی دادپەروەرانەی سەروەت لەنێو جەماوەری بێبەشدا، چوون بە پێر شەڕ لەگەڵ عێڕاقەوە بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لە حاڵی بەسیج و تەب وتابی بەردەوامدا، هێرش بۆسەر زانکۆکان و داخستنیان لەژێر ناوی ” شۆڕشی فەرهەنگی”دا، لە نمونەکانی عەوامفریوی خومەینی بە ئامانجی ئیستراتیژیکی خامۆش کردنی بڵێسەکانی شۆڕش، پیشان ئەدات. بەم جۆرە دژی شۆڕشی ئیسلامی، دەرفەتی دەستکەوت تا گورزە یەک لەدوای یەکەکانی لە پەیکەری شۆڕشی تازە پێگرتوی ئێران بوەشێنێ و سەر ئەنجام لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ٦٠ دا توانی بە یارمەتی وەحشیانە ترین و بەرین ترین سەرکوتەکان ئەو شۆڕشە توشی شکست بکات، تا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە بتوانێ ٢٢ ڕێبەندان ساڵگەردی ئەم رۆژە پڕ شکۆیە ڕیاکارانە بەناوی خۆیەوە مسادرە بکات.