ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی گەڕانەوەی بەرنامە بۆ داڕێژراوی خومەینی بۆ ئێران، لە فه‌رهه‌نگ و ته‌قویمی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا، ناوی نراوە دەسپێکی دەیەی فەجر. ئەمساڵیش لەسەر بەستێنی درێژە و قوڵبوونەوەی قەیرانە فره لایەنەکان کە بەرۆکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی‌یان گرتووە و لەسەر به‌ستێنی پەرەگرتنی کێشەی باڵەکانی ناوخۆی حكوومەت، ڕێوڕه‌سمه‌كانی ناسراو به دەیەی فەجر بەڕێوەدەچن و بەم بۆنەوە، پڕۆژە ئابووریی و خزمەتگوزارییەکان یەک لە دوای یەک، ئیفتێتاح دەکرێن.
گەڕانەوەی خومەینیی لەو کاتەدا به ئاراسته‌ی پلان و نه‌خشه‌ی ئامریکا و هاوپەیمانە ئۆرووپاییەکانیدا لە کۆنفڕانسی گوادۆلۆپ، بۆ شکست پێهێنانی شۆڕشی خەڵکی ئێران بەڕێوەچوو. لەو کاتەدا ئامریکا و هاوپەیمانەکانی کە ڕژیمی په‌هله‌وییان بە ڕووخاو دەزانی، دەستیان لە پشتیوانیکردنی هەڵگرت و ئامادەکارییان بۆ بەدەسەڵات گەیاندنی ڕەوتی ئیسلامیی کرد. خومەینیی و لایەنگرانی کە ڕووخانی ڕژیمی په‌هله‌وییان بە حەتمیی دەزانی، هەموو هەوڵەکانیان بۆ خستەكار، هه‌تا دەزگای سەرکوت و ماشێنی دەوڵەتیی بە دەستلێنەدراوی وەربگرن بۆ ئەوەیكه بتوانن بە یارمەتیی ئەو هاسانتر بڵێسەکانی شۆڕش دابمرکێننەوە.
خومەینیی و لایەنگرانی کە بە یارمەتیی و پیلانی خودی ئامریکا بەدەسەڵات گەیشتبوون، داگیرکردنی سه‌فاڕەتی ئامریکا لە تاران و ماجەرای بەگرەوگان گرتنی ٤٤٤ ڕۆژەی دیپڵۆماتەکانی و پەرەدان بە تەحریکات و وتنه‌وه‌ی درووشمی دژه ئامریکایی، لە هەڵوێستێكی کۆنەپەرستانەوە، چووە خزمەت سەرکوتی خوێناوی خەباتکارانی ڕاسته‌قینه‌ی دژه ئه‌مپریالیستەوە. ڕژیمی ئیسلامیی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، جەنگیکردن و ئەمنیەتیکردنی فەزای زاڵ بەسەر کۆمەڵگه‌ی لە دەورەی شەڕ لەگەڵ عێراقی هێنایه خزمەت سەرکوتی شۆڕش و له‌دژی به‌كاری هێنا. ڕژیمی خومەینیی لەژێر ناوی ” ئینقلابی فەرهەنگی”دا، زانکۆکانی داخست و چالاکیی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی دایەبەر هێرش و بە پەلاماردانی تورکەمەن سەحرا و کوردستانی شۆڕشگێڕ و ئەو جەنایەتانەی کە خوڵقاندی، ڕه‌سالەت و ڕاسپارده‌ی واقعیی خۆی و چنگ و ددانی ئاوێتە بە خوێنی شۆڕشی پیشانی هەموواندا.
ڕژیمی خومەینی بۆ ڕزگارکردنی سەرمایەداریی ئێران لە مەترسییه‌كانی شۆڕش، به هەزاران مرۆڤی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستی ڕاپێچی زیندان و ئەشکەنجەگاكان كرد. جەنایەت پیشەیی خومەینی و باقی سەرانی ڕژیم لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا گەیشتە لوتکەی خۆی. خومەینی و ڕاوێژکارە سه‌ره‌كییه‌كانی، له‌وانه خامه‌نەیی، ڕەفسەنجانیی و تیپ و تاقمه هاوده‌سته عەمامە لەسەره‌كانیان، واته مۆره ئەمنیەتیی و نیزامییەکان، دوای تەواوبوونی شەڕ، لە ترسی ئاخێزی جەماوەری خەڵک و بە ئامانجی چاوترسێن کردنیان، بە پێی پلان و نەخشەیه‌كی له‌پێش داڕێژراو، چەند هەزار زیندانیی سیاسی‌یان لە هاوینی ٦٧ ئێعدام کرد.
کۆماری سەرمایەی ئیسلامیی تاكه دەستکەوتی لە ماوەی حەیاتی ٣٧ ساڵەیدا، خەڵتانی خوێنکردنی شۆڕشی مەزنی ساڵی ٥٧ و ڕاپەڕینی مانگی ڕێبەندانی خەڵکێکە کە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی و بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی باشتر و ئینسانیی، لەدژی ڕژیمی په‌هله‌ویی، ڕاپەڕیبوون. ئێستا ئەم ڕژیمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی درێژەی خەباتی کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و لە ترسی ئاخێزی دووباره‌ی جەماوەری وه‌زاڵه‌هاتوو، هەروا دەستەودامێنی شگردی سەرکوتە. کۆماری ئیسلامیی یەکێک لە گەندەڵترین حکومەتەکانی جیهانه کە هه‌ر ڕۆژه و شایه‌تی گۆشەیەکی چكۆله لە گەندەڵیی کاربەدەسته‌كانی ده‌بین کە ئه‌ویش لە ئاکامی ناکۆکیی باڵەکانیدا، له یه‌كتری ئاشکرا دەكه‌ن. ئه‌م ئیختلاس و دزی و تاڵانچێتییه كه گۆشه‌یه‌كی زۆر چكۆله‌ن له‌و گشته تاڵان و بڕۆیه‌ی كه له خه‌ڵك ده‌كرێ، کۆمەڵگه‌ی ئێرانی تووشی سەرسوڕمان كردووه. حکومەتێک کە سەردەمانێک بۆ سەرکوتی کۆمۆنیستەکان و نەیارانی، پێویستی بە داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئامریکا و وتنه‌وه‌ی درووشمی مه‌رگ بۆ شەیتانی گەورە هەبوو، ئێستا بۆ ڕزگاربوون لەم بۆنبەستەی کە تێی کەوتووە، ڕێگه‌یەکی بێجگە لە سازان و تەسلیم و چۆكدادان لە بەرانبەر دەوڵەتی ئامریکا نییه و ئیستراتێژیی ئابوورییه‌كه‌شی له‌سه‌ر ئاسایی كردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئا‌مریكا و ڕۆژئاوا بونیات ناوه.
لە کۆمەڵگه‌ی ئێرانی ژێر حکومەتی کۆماری ئیسلامی‌دا، هەژاریی و فەلاکەتی جەماوەر، ئاستێکی بەرینی بەخۆوە گرتووە. حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆمار، کە بە هیوای سه‌ره‌وخواربوونی سەرمایە بەرەو ئێران لە ڕێگای تەسلیم بوون لە بەرانبەر دەوڵەتی ئامریکا، بەڵێنی گەشەی ئابووریی، ڕەخسانی هەلی کار و نه‌مانی برسێتیی ده‌دا، ئێستا له ترسی بەرگرتن لە شۆڕشی برسییەکان، هەر جار ناجارێک بەڵێنی بەستەیەکی ئەمنیەتی خۆراکیی و سەبەته‌ی کالا دەدات. هەژاریی و بێکاریی و بێ هیوابوون لە داهاتوویەکی گونجاو، بۆتە بوارخۆشکەری مۆعتادکردنی لاوان. پەرەسەندنی ئاستی هەژاریی و فەلاکەتی ئابووریی، بنەماڵە کرێکاریی و کەمداهاته‌كانی لە بەرانبەر مەترسیی موسیبەتە کۆمەڵایەتییەکاندا، لاواز و ئاسیب پەزیر کردووە. لەژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی‌دا، بێکاریی بۆتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتیی و بە میلیۆن بنەماڵەی کرێکاریی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بە دەست نەبوونی خانوو و مەسکەنێكی گونجاوەوە له ڕه‌نج و ئازار دان. ئەمە وێنای گۆشەیەکه لەو موسیبەتانەی کە حکومەتی كۆماری ئیسلامیی سەرمایە، بەسەر بەمیلیۆن ژن و پیاوی کرێکار و زەحمەتکێشیدا سەپاندووە.
بەڵام سەرەڕای گشت ئەم دژواری و موسیبەتانەی کە بەسەر کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگه‌دا سەپاوە، ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاریی لە ماوه‌ی ئه‌م مانگانەی دواییدا نیشانی دەدات کە کرێکاران چاوترسێنی ئەم بارودۆخە نەبوون. ئەم خەباتە ئەگەرچی پرژوبڵاوه و پێوەندییه‌كی پته‌وه‌ی پێكه‌وه نییه، بەڵام هەر ئەم خەباتە پرژوبڵاوە، لەسەر به‌ستێنی ئەو هەژاریی و بێمافییانەی کە کرێکاران بەدەستیەوە له ڕه‌نج و ئازار دان، نیشانی دەدات کە چ پتاسییێڵێکی گەورە لە ناخ و قووڵایی ئه‌م کۆمەڵگه دایه کە وه‌ها ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی تووشی ترس و شڵەژان کردووە. ئه‌و ئارامییه نیسبییه‌ی ئێستا ده‌توانێت، به‌ستێنی پێكهاتنی شه‌پۆله خرۆشاوه‌كانی خه‌باتی چینی كرێكار و پڕحه‌ماسه‌ترین قاره‌مانه‌تییه‌كان بێت. ئه‌م پتانسییێڵه عه‌زیمه، له ناخی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌دایه، هه‌ر ئه‌مه‌شه كه ترس و سامی خستووه‌ته دڵی سه‌رانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامییه‌وه.