کاتێک کە کۆمۆنیستەکان باس لە یه‌كسانیی هەموو کەسێک، به‌بێ لەبەرچاوگرتنی جنسییەت، ڕه‌گه‌ز، نەتەوە و … ئه‌مانه دەکەن، مه‌به‌ستیان یەکسانییەکی واقعیی و کۆمەڵایەتییه، نەک هه‌ر یه‌كسانییه‌كی حقوقییی. یەکسانیی حقوقیی لە کۆمەڵگه‌یەکی چینایەتیدا کە کەسەکان تێیدا لە هەمان سەرەتای لەدایکبوونیانەوە لە بارودۆخێکی نایەکساندان و خاوەنی مەوقعیەتێکن، ناتوانێ یەکسانیی ڕاستەقینەی کەسەکان دابین بکات. کۆمۆنیستەکان وێڕای داكۆكییكردن لە یه‌كسانیی و به‌رابه‌ریی حقوقیی تێكڕای کۆمەڵگە و خەبات لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەم مافانه‌دا، بەمشێوە یه‌کسانییە ڕازیی نابن و بۆ دامەزراندنی وەها نیزامێک خەبات دەکەن کە ئیمکانات و بارودۆخی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی، به شێوه‌یه‌كی یەکسان بۆ گشت تاكه‌كانی فەراهەم كرابێت. لەڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە یەکسانیی حقوقیی هه‌ر تاكێكی کۆمەڵگە به‌بێ لەبەرچاوگیرانی جنسییەت و ڕه‌گه‌ز و مەرام و … ئه‌مانه ، تاكه مەرجێکی پێویستە بۆ گەیشتن بە بەرابەریی کامڵی کۆمەڵایەتیی.
کۆمۆنیستەکان وەک ئامرازێك بۆ گەیشتن بە یەکسانیی حقوقیی دەڕواننە یەکسانیی واقعیی، نەک هه‌ر به ته‌نها وه‌ك ئامانجێک. ئێستا با بزانین له‌سه‌ر یه‌كسانیی نێوان ژن و پیاو، ئەم باسە بەشێوەی دیاریکراو چ واتایەکی هەیە: لە ڕوانگه‌ی کۆمۆنیستەکانەوە ژن و پیاو دەبێ لە هه‌موو کاروبارێكی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و سیاسی‌دا، نەك هه‌ر ده‌بێ ده‌ستیان بە بەرابەریی حقوقیی، بەڵکوو بەرابەریی ڕاستەقینەش ڕابگات. ئه‌مه به‌و واتایه دێت کە له پله‌ی یه‌كه‌مدا تێكڕای ئەو یاسایانەی كه جیاوازیی دەخەنە نێوان ژن و پیاو، هەڵوەشێنەوە؛ وه لە کاروباری سیاسیش‌دا، ژنان وەک پیاوان مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردرانیان هەبێت، لە کاروباری پێوەندیدار بە بنەماڵەوە ژن و پیاو بەتەواویی خاوەنی مافی یه‌كسان بن، بۆ نموونە لە بواری هاوسەرگیریی، جیابوونه‌وه‌ی ژیانی هاوبه‌ش و سەرپەره‌ستیکردنی منداڵ؛ وه هەروەها هه‌موو ئەو ئیمتیازه تایبەتانەی لەژێر ناوی “سەرۆکی خێزان” بە شێوەی یاسایی دراوەتە پیاو، هەڵوەشێنەوە؛ وه لە کاروباری سیاسیش‌دا، ژنان هه‌روەک پیاوان مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردرانیان، لە هه‌ر بوارێكدا هەبێت. له پله‌ی دووهه‌مدا و وەکوو مەرجێكی پێویست بۆ هاتنه‌دی ئه‌م مافه یه‌كسانه، کۆمۆنیستەکان خوازیاری ئەوەن کە ئیمکانی “یه‌كسان”ی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، سیاسیی و ئاموزشیی، بۆ تێكڕای ژنان به ئاراسته‌ی پەروەردەکردنی ئیستێعداد و تواناییەکانیان و هه‌روه‌ها بردنەسەرێی ئاستی وشیاریی و شعوریان، فەراهەم بكرێت. دەبێ ئەم بارودۆخ و ئیمکاناتە بۆ ژنان فەراهەم بکرێت، بۆ ئه‌وه‌یكه بتوانن لەباری ئابوورییەوە سەربەخو لە پیاوان، لەسەر پێی خۆیان ڕابوه‌ستن. بەڵام بۆ ئەوەیکە ئەم ئیمکاناتە بەواتای ڕاسته‌قینه‌ی وشەكه‌شی فەراهەم بێت و ژنان به عه‌مه‌لیی ئیمکانی دەستڕاگەیشتیان بە یەکسانیی هەبێت، پێویستە تێكڕای ئه‌و کۆسپە فەرهەنگیی و مەزهەبییەکانیش لەسه‌ر ڕێی گه‌شه‌ی ژنان هەڵگیرێن. کەواتە پێویستە خەباتێکی بەرین و بەربڵاو لەدژی ڕا و بۆچوون و بیروباوه‌ڕی پیاوسالارانە ڕێكبخرێت کە جێگه و پێگه‌یه‌كی پله خوارتر و ژێردەستە بۆ ژن بە ڕەوا ده‌زانێت و هەروەک ئاماژەمان پێدا، به‌داخه‌وه به ناخی كۆمه‌ڵگه‌دا شۆڕ كراوه‌ته‌وه.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ژنان بەهوی ده‌ور و نه‌قشێكی تایبەت کە وەک دایک لەئەستۆیانە، لە نیزامی سەرمایەداریدا بەرەوڕووی گەلێک مەحدودییەت و ئاسته‌نگیی دەبنەوە. لەبەر ئەوەیکە نیزامی سەرمایەداریی لە ئاست ئەم كێشه‌یه و به‌رامبه‌ر به منداڵانی کۆمەڵگە، هیچ چەشنە مه‌سئولییه‌تێك وەئەستۆ ناگرێت و بەتەواویی دەیخاتە ئەستۆی خێزان و بنه‌ماڵه. هه‌ر بەم هۆیەوە گەلێک ژن بەهۆی هەژاریی دارایی یاخود تەنانەت فەرهەنگیشەوە، لەو کاته‌دا كه منداڵیان ده‌بێت، یان گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن یان ده‌نا تووشی کۆمەڵیک ده‌رده‌سه‌ریی و ناڕەحەتیی دێن کە كاریگه‌رییه‌كه‌ی بۆ هەمیشە بەسەر ژیانیانەوە قورسایی دەکات. وه ئەمە بەکردەوە بەو واتایە دێت کە زۆربەی ژنان تەنانەت لە بواری درێژەدان بە ژیانیشه‌وه، لەگەڵ پیاوان یەکسان نین. لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکانەوە، کۆمەڵگه دەبێ لە هه‌مبه‌ر ڕۆڵی دایکایەتی ژناندا، بەکردەوە بەرپرس بێت و تەعەهۆد قبووڵ بكات، ئەم به‌رپرسایه‌تییه كه ده‌بێ له ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵگه بێت، بە ئه‌ركێكی تایبەتی ژنان نه‌داته قه‌ڵه‌م و له‌ڕێگه‌ی ڕه‌خساندنی ئیمکاناتێكی بەرین و بەخۆڕایی بێهداشتیی، دەرمانیی و کۆمەڵایەتییه‌وه، ئەم ئاسته‌نگ و مه‌حدودییەتانە و سته‌مێك لە کۆمەڵگه‌دا بەسەر ژناندا دەسەپێت، لەناو ببات.
لەگەڵ ئەوەدا لەناو کۆمەڵگه‌ی سەرمایەداریدا ڕۆڵی دایکایەتی و پەروەردەکردنی منداڵ، گەلێک مەحدودییەتی کۆمەڵایەتیی و ئابووریشی بەسەر ژناندا سه‌پاندووه و کۆسپی خستووه‌ته سه‌رڕێی گەشەکردنیان؛ نیزامی سەرمایەداریی، ژنان له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی ئەم ڕۆڵ و مه‌سئولییه‌ته به‌سه‌ریاندا، لە زۆرێک لە ماف و ئیمکاناتیش بێبەش كردووه. لەناو کۆمەڵگه‌ی سەرمایەداریدا بوون به دایک، دەبێتە کۆسپێک لەسه‌ر ڕێی ژنان بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە یەکسانیی حقوقیی و کۆمەڵایەتی؛ وه ئەمانە بەگشتیی لەبەر ئەوەیه كه نیزامی چینایەتیی و چەوسێنەرانەی سەرمایەداریی، مەسەلەی دایکایەتی و پەروەردەکردنی منداڵ، بە ئه‌رك و بابه‌تێكی خسوسیی و تایبه‌ت ده‌داته قه‌ڵه‌م. بەڵام کۆمۆنیستەکان ئەم پرسه بەتەواویی بە ئەركێكی کۆمەڵایەتیی ده‌زانن و ڕێگه‌چارەی کۆمەڵایەتیشی بۆ پێشکەش دەکەن. هه‌ر بۆ ئه‌م مەبەستە، کۆمۆنیستەکان بۆ ڕه‌خساندن و مسۆگه‌ركردنی ئیمکانات و مافی تایبەت بۆ دایکان و ژنانی دووگیان، تێدەکۆشن كه پوخته‌ی بەکورتیی بەم شێوەیەن:
یەکه‌م، ژنانی دووگیان بتوانن لە مۆرەخەسیی پێویست و ته‌واوی قۆناغی بەر لە منداڵبوون و دوای منداڵبوون بەهرەمەند بن، به‌بێ ئەوەیکە لە حقوق و مه‌زایاکەیان بێبەش بكرێن، لە هەمانحاڵدا لەسه‌ر ئاستی کۆمەڵگه، لەسه‌ر ئاستی شار و شارۆچکە و گەڕەکیشدا، باخچەی ساوایان بە ڕاده‌ی پێویست دابین بكرێت، بۆ ئه‌وه‌یكه ژنان بتوانن کۆرپە و منداڵیانی پێ بسپێرن و خۆیان به کار و په‌روه‌رده‌كردنی خۆیانه‌وه خه‌ریك بن؛ سه‌عاته‌كانی کار بۆ ئەو ژنانەی کە منداڵی ساوایان هه‌یه، بەبێ ئه‌وه‌یكه حقووقیان کەم و کەسر بكرێت، ده‌بێ سه‌عاته‌كانی كاریان کەم بکرێتەوە، بۆ ئه‌وه‌ی ئەم دایکانە بتوانن خۆراک بدەن بە منداڵەکەیان؛ کۆمەڵگه ببێتە خاوەنی وەها ئاستێک لە ئیمکانات و ڕیفاه کە باری کاری بێزاركه‌ر و تاقەتپڕووکێنی ناوماڵ، له‌وانه چێشت لێنان و جل شۆردن، لە سەرشانی ژنان سووك بێت و هاوكات لەم ڕێگه‌یەوە به‌ستێنی هەموو پاساو و بیانوویەک کە بوورژوازیی لەبەر خاتری بوونە دایک، ژنانی پێ لە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان بێبەش كردووه، لەناو بچێت.
بەکورتی: ئێمە کۆمۆنیستەکان خوازیاری ئەوەین کە ژن و پیاو ئیمکانات، هه‌لومه‌رج و مافی یەکسانیان هه‌بێت بۆ گەشە و پەروەردەکردنی ئیستێعداد و تواناییەکانیان و وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ، لە چوارچێوەی بارودۆخ و مافی کۆمەڵایەتییدا، ئیمکاناتی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەستەبەر بکەن. ئێمە خوازیاری ئەوەین کە هەر چەشنە کۆسپێکی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و سیاسیی کە ڕه‌وتی گەشەكردنی ژنان و ئیمکانی بوونیان بە مرۆڤێکی سەربەخۆ و یەکسان ڕادەگرێت یاخود خاو دەکاتەوە، لەناو بچێت.