ڕۆژی ڕابردوو ناوەندی ئاماری ئێران ڕاپۆرتێکی له‌سه‌ر هه‌ڵكشانی ٩/٩ لەسەدیی کرێی ماڵ لەسه‌ر ئاستی ئێران، بڵاو کردەوە. بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە بەشوێن شکستخواردنی تەرحی “تەعاونیی مەسکەنی مێهر”دا دێت کە چەند ڕۆژ لەمه‌وبه‌ر ڕاگەیەندرا. نەفسی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئامار و ئەوەیکە بەڕەسمیی لە بەرانبەر “تەرحی مەسکەنی مێهر”دا هەموو بەرپرسیاریەتییەک لەئەستۆی خۆی لاده‌بات، خۆی لە خۆیدا خاوەن ماڵە ئیجارییەکان ناچار به‌وه دەکات كه بکەونە بیری گرانکردنی کرێماڵ. بێگومان ڕەقەمی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ئامار وەک هەموو ئامارەکانی دیکەی ئەم ناوەندە، تەنها گۆشه‌یه‌ك لە واقێعییەتی ئێستای گرانبوونی سەرسووڕهێنەری مەسکەن دەردەخات. جێی ئاماژەپێدانه کە ئێران لە پله‌ی خواره‌وه‌ی ڕیزبه‌ندیی وڵاتان لە بواری توانای دارایی خەڵک بۆ کڕینی مەسکەن و ڕزگاربوون لە کرێنشینیی دایه و لە نێو ١٢٢ وڵات‌دا، له پله‌ی ١٠٧ دایە.
لێرەدا قسە لەسەر بەمیلیۆن حاشییەنشین و پەڕاوێزنشین نییه کە لە “حەڵەبی ئاوا” و “نایلۆن ئاوا”کان، لە “زاغە” و “خێوه‌ت و ماڵی قوڕینەی نائه‌مندا دەژین، قسە لەسەر دەیان هەزار کارتۆن خەو و بێ ماڵ و حاڵ و گۆڕخەو نییە، به‌ڵكوو قسه له‌سه‌ر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و کەمداهاته کە بە هەر دەردەسەرییەک بووە، سەرپەنایەکیان بەکرێ گرتووە و زیاد لە ٦٠ لەسەدی كۆی داهاتەکەیانی بۆ تەرخان دەکەن. باسه‌كه لەسەر وڵاتێكی “هەژاریی لێدراوی” ئافریقاییش نییە، به‌ڵكوو قسە لەسەر وڵاتێکە کە دەریایەک لە سەرچاوەی دەوڵەمەند و سەروەتی سرووشتیی هه‌یه، وڵاتێک کە تێیدا به‌دەیان میلیۆن مرۆڤ کاری تێدا دەکەن و سەروەت و نێعمەتی کۆمەڵگه، لەوانە ویلای لۆکس و ئاپارتمانی مۆدێرن و بورجی “هه‌وربڕ” درووست دەکەن، كه‌چی خۆشیان خاوەنی سەرپەنایەک نین. ئەم زۆرینەیە سەرەڕای پێدانی کرێ ماڵی زۆر، لەو گەڕەکانەدا دەژین کە زۆربەیان بە بێ ئیمکاناتی سەرەتایی ناوشارن.
ئەمڕۆ بەشێکی زۆری داهاتی کرێکاران و خەڵکی هەژار بۆ کرێی ماڵ دەڕوات و کرێی ماڵیش بەردەوام لەسەرووی ئەو کالایانەوه‌یه کە پێویست و زه‌روورین بۆ ژیانی خەڵک و ئه‌وه‌تا ده‌بینین كه به‌رده‌وام گران و گرانتر دەبێت. گەورەترین ده‌غده‌غه‌ی ئەم بەشە لە خەڵک کە زۆرینەی کۆمەڵگه‌ش پێک دێنن، هەبوونی سەرپەنایەکی تەنانەت چکۆلە و سەرەتاییە کە بتوانن بەبێ دڵەڕاوکێی کرێ ماڵ، تێیدا بژین و بحه‌سێنه‌وه.
لەناو سیستم و ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا، وەک هەر نیزامێکی سەرمایەداریی دیكه، مەسکەن کالایە و سەرمایەگوزاران وەک هەر بوارێكی دیكه، بەشوێن دەستەبەرکردنی سوود و قازانجی زیاترن و هیچ سەرمایەدارێکیش سه‌رمایه‌كه‌ی بۆ وڵامدانەوە بە نیازی کۆمەڵگە و نیازی کرێنشینان به مه‌سكه‌ن، ناخاته‌گه‌ڕ. لەم ڕووەوە دابینکردنی مەسکەنی گونجاو بۆ توێژی کەمداهات پێویستیی بە بەرنامەڕێژیی کەڵانی دەوڵەتیی هەیە. بەڵام به لای ڕژیمی کۆماری ئیسلامییه‌وه، ئەولەوییەت نەک دابینکردنی نیاز و پێداویستییه‌كانی خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگه، بەڵکوو پەرەپێدان و بەهێزکردنی هێزە سەرکوتگەرەکانیەتی. ئەم هێزانە دەبێ تەیار بکرێن و لە ڕیفاهێكی “نێسبی”دا بژین، بۆ ئه‌وه‌یكه ڕژیم بتوانێ ئەوان لە گیانی خەڵکی ناڕازی و مافخواز بەربدات.
لە بواری دابینکردنی مەسکەن بۆ توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگه‌ش، لە کاتی ئامادەکرانی قانونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامی‌دا لە ٣٧ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه هه‌تا ئێستا بەردەوام لەمبارەیەوە واده و بەڵێن دراوە و له‌دوای ئه‌م گشته ساڵه، نەك هه‌ر ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییە کەمی نەکردووه، بەڵکوو بەردەوام ژمارەی بێ ماڵ و مەسکەنەکانی ئێران بەرەو زیادبوون ڕۆیشتووه.
ڕژیم لە هەر دەورەیەک و به شێوازێك بۆ بوونه خاوه‌ن ماڵێكی گونجاو، بێنه و به‌ره‌یه‌كی زۆری به خه‌ڵك كردووه. گه‌ڵاڵه‌ی “مەسکەنی مێهر”، ده‌مێك ساڵه کە پاشەکەوتی کەمی ئەو بنەماڵە کەمداهاتانەی هەڵلووشیوە و خەڵکی بۆ بوون به خاوەنی ماڵ، لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتووە. ئەمڕۆكه دەوڵەتی ڕوحانیی بەبیانووی ئەوەیکە ئەم تەرحە پێوەندیی بە دەوڵەتی پێشووەوە هەیە، خۆی لە قەبوڵکردنی هەر بەرپرسیاریەتییەک دەدزێتەوە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هه‌تا کاتێک کە کۆماری ئیسلامیی لەسەر کارە، هەموو تەرح و پڕۆژەیەک لە بواری خزمەتگوزاریی گشتیدا چارەنووسێکی باشتری لە چارەنووسی تەرحی “مەسکەنی مێهر” نابێت. دەزگایەکی ئیداریی گەندەڵ کە ئەم ڕژیمە لە داوێنی خۆیدا پەروەردەی کردووە، ناتوانێ پڕۆژە ئابوورییەکانی جێی سەرنجی خۆیشی بەکردەوە دەربێنێ، چ بگات بە ئیجرای تەرحەکانی پێوەندیدار بە خزمەتگوزاریی گشتیی و پێوه‌ندیدار بە کرێکاران و توێژی کەمداهات. بۆ ئەم ڕژیمە ئەولەوییەتی بەردەوام و هه‌میشه‌یی، سەرکوتی خەباتی عەداڵەتخوازانە و ئازادیخوازانەی خەڵک و به‌ندكردنی نەیاران بووە. ئەم ڕژیمە هیچ داخوازییەکی خه‌ڵك بەبێ ئەوەیکە لە لایەن خودی خەڵکەوە هەست بە مەترسیی جیددیی بکات، دابین ناکات.
ژیان بەسەربردن لەناو ماڵ و مەسکەنێكی گونجاو به هه‌ر ژمارەیه‌كی ئەندامانی بنەماڵە، بەهرەمەندبوون لە تێكڕای خزمەتگورازییه‌كی ئەمڕۆیی ناوشار، مافی سەلمێندراوی هەر ئینسانێکە. خەڵکی بێ مەسکەن و کرێنشین بۆ داسەپاندنی داخوازییەکانیان بەسەر ئەم ڕژیمەدا، ڕێگه‌یەکیان بێجگەلە خستنەژێر گوشاری ئه‌م ڕژیمه لە ڕێگه‌ی حزووری میلیۆنی خۆیان لە مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتیی، نییە.
ساڵانە به‌دەیان میلیارد دۆلاری داهاتی نەوت دەڕژێتە گیرفانی دەوڵەت. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیی بکەوێتە دەست خاوەنانی بەرهەق و بەتوانای كۆمه‌ڵگه، واتە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، لە وه‌ها حاڵه‌تێكدا، وڵاتێک بەم گشته سەروەتە زۆرەی و بە هێزێکی داهێنەری لەبن نەهاتووی مرۆییش کە هەیەتی، چاره‌سه‌ری كێشه و گرفته‌كانی مەسکەن و تێكڕای ئه‌و کێشە و گرفتە ئابووریی و کۆمەڵایەتییانەی کە ئاسووده‌یی و ئاسایشیان له ژیانی ئەمڕۆی خەڵک هه‌ڵگرتووه، كارێكی سه‌خت و زه‌حمه‌ت نابێت.