ئەکبەری هاشێمیی ڕەفسەنجانیی، یەکێک لە دامهزرێنهرانی دژه شۆڕشی ئیسلامیی، سهرلهئێوارەی دوێنێ ١٩ی مانگی بەفرانباری ١٣٩٥ مرد. ئەگەرچی ههندێک سەرچاوە باس لە مەرگی گوماناویی ئەو دەکەن، بەڵام سەرچاوە دەوڵەتییەکان، هۆکاری مەرگی ناوبراویان “ڕاوەستانی دڵ” ڕاگەیاندووە. خامهنەیی کە لەم ساڵانەی دواییدا، بەشاراوەیی و لە جەمعی کەسانی نزیک له خۆیدا، بهردهوام لهسهر سەرهەڵدانی “فیتنەی ئەکبەر” هۆشداریی دەدا، لە پەیامێكی سەرەخۆشیدا، ڕیاكارانه ئەوی وەک “یاری دێرین” ناوزهد كردووه و دەوڵەتی ئێعتێدالیش بە بۆنەی مردنی ڕهفسهنجانیی كه وەک یەکێک لە سەر قافڵەی جەنایەتکاران دهژمێردرێت، بۆ ماوهی ٣ ڕۆژ ماتهمینیی گشتی ڕاگەیاندووە.
گومان لهوهدا نییە کە ناو و ڕواڵەتی ڕەفسەنجانیی لە یاد و بیرەوەریی خەڵکی ئێراندا دەمێنێتەوە و وەبیرهێنەرەوەی گشت ئەو جەنایاتە دەبێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە کۆتایی سەدەی ٢٠ و سەرەتای سەدەی ٢١ لەدژی بەشەرییەت و لەدژی خەڵکی ئێران ئەنجامی داوە و ڕەفسەنجانیش یەکێک لە دامەزرێنەرانی بووه. دایکانی خاوەران هیچكات ڕەفسەنجانیی لەبەر ئەوەی ناو و ڕەواڵەتی لەگەڵ کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی دەیەی شەستدا تێکەڵە، لەبیر ناکەن.
ڕەفسەنجانیی وهك یەکێک لە مێعمارانی ڕژیمی ئیسلامیی، لە لایەکەوە بەرهەمی لاوازیی و ناکامییەکانی بوورژوازیی ئێران بوو لە بارودۆخێکدا کە بڵێسەکانی شۆڕشی جەماوەریی لە ئێران لە هەموو لایەکەوە كڵپهی دهكرد و لە لایەکی دیکەشهوە بەرهەمی هێزە ڕۆژئاواییەکان بۆ خەڵتانی خوێن کردنی ئەم شۆڕشە و سەنگەربەندیی لە بەرانبەر مەترسیی پەرەسەندنی نفوزی شۆڕەویی لە کۆتاییەکانی قۆناغی شەڕی سارد بوو.
ڕەفسەنجانیی وەک یەکێک لە مێعمارانی “دژه شۆڕش”ی سەرمایەی ئیسلامیی، دەستەکانی ههتا ئهنیشک بە خوێنی شۆڕشی ئێڕان سوور بوو. ڕەفسەنجانیی یەکێک لە یارانی نزیکی خومەینی و یەکێک لە ئێستراتێژیستەکانی شکستپێهێنانی شۆڕشی ئێران بوو. ئەو نەوەیە لە خەڵکی ئێران کە ئهزموونی شۆرشی ٥٧یان ههیه جوان لەبیریانە کە ڕەفسەنجانیی لە بازنەی ڕاوێژکارانی نزیکی خومەینیدا، چۆن ئەفکاری دواکەتووانەی مەزهەبیی و ناسیۆنالیستیی و كۆنهپهرهستانهی دژه ئامریکایی بۆ تێکشکاندنی نرخ و بهها ئینسانیی و پێشڕەو و شۆڕشگێڕانەکان وەجۆش دههێنا و دهیخستهگەڕ.
ڕێکخستنی داگیرکردنی سهفاڕەتی ئامریکا لە تاران و ماجەرای بەگرەوگانگرتنی ٤٤٤ ڕۆژەی دیپلۆماتەکانی و وتنهوهی درووشمی دژه ئامریکایی کە بە مەبەستی ئامادەسازیی سەرەتایی بۆ سەرکوتی خوێناویی تێکۆشەرانی ڕاستهقینهی دژه ئیمپڕیالیستیی داڕێژرابوو، تەنها یەکێک لە نموونەکانی بوو. نمایشی “مۆستەزعەف پەناهیی” و وادهی هێنانی داهاتی نەوت بۆسەر سفرەی جەماوەری بێبەش، چوون بە پێشوازی شەڕ لەگەڵ عێراق و کوشتاری دزێوی سەدان هەزار ئینسان لە قەتڵگهکانی شەڕ بە ئامانجی هەڵکردنی ئاڵای ئیسلامیی و لەڕاستیدا بۆ هێشتنهوهی کۆمەڵگه لە حاڵەتی گرژیی و نائاسایی بەردەوام، هێرش بۆسەر زانکۆکان و داخستنیان لەژێر ناوی “ئینقلابی فەرهەنگی”، لە نموونەکانی ئەم عەوامفریوییانە بوون، كه ئامانجهكهشی، خامۆشکردنی بڵێسەکانی شۆڕش بوو. ڕەفسەنجانیی لەپاڵدهستی خومەینیدا بۆ پاشەکشەکردن بە داخوازییەکانی ژنان و چەسپاندنی یاسای كۆنهپهرستانهی ئیسلامیی، پڕتووکاوترین بیروبۆچوونی پیاوسالارانەی بەکار دههێنا.
کاتێک کە خومەینیی لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی پووشپەڕی ساڵی ٥٨ لە درێژەی جەنایەتەکانیدا بۆ شکست پێهێنانی شۆڕش، فەرمانی جیهادی لەدژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و ڕۆژێک دواتر لەشکری جەهل و خوڕافە بۆ سەرکوتی کوردستانی شۆڕشگێڕ بەڕێکران و شارەکانی کوردستانیان ئاگرباران کرد و ئاخوندێکی جەنایەتکاری وەک خهڵخاڵیی، لاوە بهههست و بهگوڕوتینهكانی کوردستانی لە دادگای سەحرایی ٢ تا ٣ دهقهییدا ئێعدام دەکرد، لە گشت ئەم کاتانەدا ڕەفسەنجانیی لەپاڵدهستی خومەینیدا بوو.
دوای ئەوەیكه شکستی ڕژیمی ئیسلامیی لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ عێراق یەکلابۆوە، ئەوە ڕەفسەنجانیی بوو کە جامە ژەهرەکەی بە قوڕگی خومەینیدا کرد. خومەینی، ڕەفسەنجانیی و خامهنەیی کە بە ئەشکەنجە و کوشتاری هەزاران بهندكراوی سیاسیی ناو زیندانەکان، لهڕێگهی سەرکوتی بزووتنەوەی کرێکاریی، هێرشکردنەسەر تورکەمەن سەحرا و کوردستان و زانکۆکان و بەکوشتدان و کەمئەندامکردنی زیاتر لە یەک میلیۆن کەس لە شەڕی ٨ ساڵە، حکومەتەکەیان بەسەر پێوە ڕاگرتبوو، لهدوای شکست لە شەڕ، هەستیان بە مەترسیی کرد. دامهزرێنهرانی ڕژیمی ئیسلامیی كه نیگەرانی ئهوه بوون كه ئەگەر بەندەکانی دیکتاتۆڕییە هارە مەزهەبییەکەیان شل بێتەوە و زیندانییانی سیاسیی کە ماوەی حوكمهكهیان کۆتایی هاتبوو لە لە زیندان ئازاد ببن، خەڵکی توڕە لەدژی دهرهنجامی وێرانگەری شەڕ و جەنایەتەکانی ڕژیم بێنە مەیدان و پایەکانی حکومەتی ئیسلامیی سەرمایە بخەنە لەرزە، پیلانیان بۆ کوشتاری زیندانیانی سیاسیی داڕشت. کەسانێکی وەک ڕەفسەنجانیی و خامهنەیی بەئامانجی ترساندنی خەڵک بۆ پیادەکردن و ئیجڕای تەرحی داڕێژراوی کوشتاری زیندانییانی سیاسیی دەست بەکار بوون. ئەگەرچی لەو کاتەوە ههتا ئێستا جەنایەتکارانی لە شێوەی ڕەفسەنجانیی، خامهنەیی و ڕوحانی هەوڵیانداوە خۆیان لەم کوشتارانە ههتا ئاستی مەئمورێکی مەعزور کە ناچارکرابێ فەرمانهكانی خومەینیی جێبهجێ بكات، دابهزێنن. بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە، کێیە کە نەزانێ ڕەفسەنجانیی یەکێک لە دهستوپێوهندهكانی ڕاستەوخۆی کوشتاری هەزاران بهندكراوی سیاسیی لە ساڵهكانی دوایی دەیەی ٦٠ بووە.
ڕەفسەنجانیی لەبواری ئابووریشهوه کارنامەیەکی جەنایەتکارانەی هەیە. ئەو دوای کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ عێراق و لە دهورەی سەرۆک کۆمارییەکەیدا، دڵخوازانە ئۆلگووی ئابووریی نێئۆلیبڕاڵیی یاخود “بازاڕی ئازاد”ی گرتەبەر. ڕەفسەنجانیی لە یەکەم هەنگاویدا بە پەیڕەوی لە سیاسەتەکانی سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ، خسوسی سازیی، بێکارسازییەکی بەرینی خستە دەستوری کارهوه و لهڕێگهی بڕینی یارانەی بوارهكانی ئامووزش، بێهداشت، بیمە کۆمەڵایەتییەکان، سووخت، ئارد، دەرمان و تەنانەت شیری منداڵ و …. هیتر، ئازادکردنی نرخەکان و ههروهها داشکاندنی هەقدەستەکانهوه، بەرینترین هێرشی بۆسەر کار و بەڕێچونی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگه سازماندا. بۆ ڕەفسەنجانیی بەکردهییکردنی ئەم بەرنامە ڕیازەتییه ئابوورییانە و تووشی هەژاریی و فەلاکەتکردنی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتووی ئێران، پێشمەرجی ڕاکێشانی سەرمایە و تێکنۆلۆژیی بیانیی بۆ ئێران بوو. دەوڵەتی ڕەفسەنجانیی لهڕێگهی گرتنەبهری ئەم سیاسەتانەوه، لە یەکەم هەنگاودا کارخانەکان، مەعدەن و ناوەندەکانی کاری خستە ئیختیار بنەماڵە و کەسانی دەوربەری خۆی و ئەوانی بە کەمترین نرخ و به وامی کەم بەهرەی بانکییەوە، خستهژێر چنگی خۆی. ڕەفسەنجانیی هەروەها پێی سپای پاسدارانی بۆ ئابووریی ئێران کردهوە. لەڕاستیدا سەرمایەداریی ئێران لە دەورەی ڕەفسەنجانیدا لەسەر بهستێنی ڕانتخۆریی، مهعافییەتی گۆمرۆکیی، بەهرەمەندبوونی سەرانی سپا، بونیادەکان، ڕوحانیی و ئاغازادەکان لە ئیمتیازاتی تایبەتی دەوڵەتی و لەسەر بەستێنی گەندەڵییهكی بەرین و بێسەر و بەرییهكی زۆر و توندبوونەوەی بێمافیی و چەوساندنەوە و داسەپاندنی هەژاریی و فەلاکەتێكی بێوێنە بەسەر چینی کرێکاری ئێراندا، گەشەی کرد و پەرەیسەند.
گومان لهوهدا نییە کە بوورژوازیی ئێران لە ڕەفسەنجانیی لهبهر ڕۆڵێک کە ئەو لە خەڵتانی خوێن کردنی شۆڕشی ٥٧ و پاشەکشەکردن بە بزووتنەوەی کرێکاریی و داخوازیی ئازادیخوازانه گێڕاویهتی، بەردەوام بە شانازییەوە یادی دەکاتهوه. بەڵام بوورژوازیی ئێران ناتوانێ “کەیفەرخاست”ی چینی کرێکار و خەڵکی ئازارچەشتووی ئێران لەدژی ڕەفسەنجانیی و ڕژیمەکەی لە مەیدانی دادخواهیی وەدەرنێ. ڕەفسەنجانیی مرد و خەڵکی ئێرانیش دەرفەتی دادگاییکردنی ئەویان لەبەر تێكڕای ئهو جهنایهتانهی کە ئەنجامی داون لەدەستدا، بەڵام بوورژوازیی و ڕژیمی ئیسلامیی کە ڕەفسەنجانیی یەکێک لە مێعمارەکانی بوو، لەم “کەیفەرخاست”ە ڕزگاریان نابێت.