کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حاشاكردنی بێشەرمانە له‌ هه‌بوونی كه‌سی برسی و بێ ماڵ و مەسکەن له‌ تاران

 

هەفتەی ڕابردوو حوسێن هاشمیی ئوستانداری تاران لە کاردانەوە بەو ڕەخنانه‌ی كه سه‌باره‌ت به‌ لێدوانی له‌سه‌ر نه‌بوونی كه‌سی برسی و بێ خانه‌ولانه‌ له‌ تاران‌ لێی گیراوه‌، جارێکی دیكه‌ جەختی له‌سه‌ر‌ کردەوە و وتی کە: “لە تاراندا بەواتای واقعیی كه‌سی برسی مۆتڵه‌قمان نییە و ئەوانەش کە دەیانبینن، زیاتر مۆعتاددی مۆتەجاهێرن هه‌تا برسی و حیسابی ئه‌م دوانه‌ لێك جیاوازه‌.” جەنابی ئۆستاندار هەروەها بێ شەرمانە ئیددیعای کرد کە هەر کەسێكی نیازمەند، لەژێر چەتری کومیتەی ئیمدادی ئیمام و بێهزیستیی خێرۆمه‌نده‌كاندایه‌. “ناوبراو به‌ تۆمه‌تبارکردنی کەسانی دیكه‌ بەوه‌یكه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاماری ناڕاست مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نیزامی ئیسلامیی بخه‌نه‌ژێر پرسیار، ڕایگه‌یاند كه‌ ئاماری ئەو کەسانەی لەژێر چەتری کومیتەی ئیمداد دان، ١٤٠ هەزار کەسه‌.

بەڵام له‌ڕاستیدا درۆزن كێیه‌ ؟ لە ڕوانگەی ئوستانداری تارانەوە گۆیا کەسی مۆعتاد ناتوانێ برسی بێت و نابێ ئەوان وه‌ك كه‌سی برسی و بێ ماڵ و حاڵ هه‌ژمار بكرێن. ئه‌م كارگێڕه‌ی ڕژیم، کەسانی دیكه‌ بە درۆزن ناوزه‌د دەکات، كه‌چی له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌ له‌بیر دەباتەوە کە تەنانەت لەسەر بنەمای ئامارە دەوڵەتییەکان کە جێی باوەڕیش نین، لە ئێراندا ٧٠ لەسەدی خەڵک لە خوار یاخود نزیك هێڵی هەژاریی دەژین. بەم حاڵەشەوە تەنانەت ئەگەر ئەم ئاماره‌ ناڕاستانه‌ی دەوڵەتیش وه‌ك بنەما فه‌ڕز بگرین، بە میلیۆنان کەس لە جەمعیەتی ١٢ میلیۆنیی تاران، لەژێر هێڵی هەژاریدا ده‌ژین.

لەڕوانگەی حسێن هاشێمییەوە، دەوڵەتی ئێعتیدالی ئیسلامیی، تەگبیری بۆ ئەو ١٤٠ هەزار کەسە برسی و بێ ماڵ و مەسکەنەش کردووە و خستووینه‌ته‌ ژێر چەتری “کۆمیتەی ئیمدادی ئیمام”ەوە. بەمجۆرە ئەوان ئیتر برسی نین. بەڵام وه‌رن با بزانین یارمەتیی به‌ئیستلاح کومیتەی “ئیمدادی ئیمام” بەو کەسانەی کە لەژێر هێڵی هەژاریدان یان لە هەژاریی مۆتڵه‌ق دان، چییە؟ دەزانین کە ڕێژەی بەناو یارمەتیی کومیتەی ئیمداد بۆ هەر بنەماڵەیەکی دوو کەسیی، ده‌وری ٣٠ هەزار تمەنە و بۆ ئەو بنەماڵانەش كه‌ زیاتر ‌بن، بۆ نموونه‌ ٤ کەس، ده‌وری ٤٩ هەزار تمەنە. واتە کەمتر لە نرخی کیلۆیەک گۆشتی مەڕ. بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاو کراونەتەوە، ٦ میلیۆن کەس لە جەمعییەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریی مۆتڵه‌ق دان، واتە داهاتی ڕۆژانەیان کەمتره‌ لە ٩٠٠ تمەن. لە وه‌ها بارودۆخێکدا ئیستێناد بەم یارمەتییە کەمه‌ی دەوڵەت بە خەڵکی برسی لە تارانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئەم کاربەدەستەی ڕژیم بۆ سەلماندنی نەبوونی کەسانی برسی لە تارانێکدا کە تێیدا هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەکی ٤ کەسیی سێ میلیۆن تمەنه‌، ئەوپەڕی بێشەرمییە.12 3

چۆن دەکرێ لە وڵاتێکدا کە بەپێی ئامارە ڕەسمییەکانی دەوڵەتەکەی ٨٠ لەسەدی داهات و سەروەتی وڵات لەدەست ٢٠ لەسەدی کەسانی کۆمەڵگه‌ دابێت، کەسیش برسی نەبێت. دەوڵەتی ڕوحانی لانیکەمی هەقدەستی ساڵی ڕابردووی به‌ ٨١٢ هەزار تمەن دیاریی کرد، کە ٤ به‌رابه‌ر خوارتره‌ له‌ هێڵی هەژاریی. بەم لانیکەمی هەقدەستەشەوە نەك هه‌ر ئەو کەسانەی کە لە هەژاریی مۆتڵه‌قدان و لە کارتۆن و گۆڕ و حەڵەبی ئاوا و زاخه‌كاندا دەژین، برسی و بێ ماڵ و مەسکەنن، بەڵکوو بەمیلیۆن کرێکار و باقی توێژە کەمداهاتەکانی کۆمەڵگە وه‌ك موعەلیمان، پەره‌ستاران، و به‌شێكی زۆر لە کارمەندانی دەوڵەت و کاسبکارانیش کە بەڕواڵەت کاریان هەیە، لەژێر هێڵی هەژاریدان و بەزه‌حمه‌ت دەتوانن پارووە نانێک بخەنە سەر سفرەی بنەماڵەکەیان.

چۆن دەکرێ چاوەڕوانیی ئه‌وه‌ت هه‌بێ، لە وڵاتێکدا کە ٨٠ لەسەدی کۆمەڵگه‌کەی خاوەنی ته‌نها ٢٠ لەسەدی داهات و سەروەتی وڵاته‌كه‌ی بێت، برسی و بێ ماڵ و مەسکەنی تێدا نەبێت. پەرەسەندنی ناهەجارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فرۆشی گورچیله‌، منداڵ فرۆشتن، کارتۆن خەویی، ئێعتیاد و فەحشا و دزیی و …. خه‌ساری دیكه‌ی له‌م چه‌شنه‌، بەرهەمی قوڵبوونەوەی که‌له‌به‌ری چینایەتیی و موناسبات و مامه‌ڵه‌كردنی نیزامی سەرمایەدارین. بەڵام لەناو دەوڵەتێکی سەرمایەداریی وه‌ك كۆماری ئیسلامیی، به‌و پێکهاتە سیاسییه‌ و له‌سایه‌ی کردار و سیاسەتی کاربەدەستانی دەوڵەت، ئەم گرفتانه‌ چەند بەرابەر گه‌وره‌تر دەبنه‌وه‌. ٨٠ لەسەدی داهات و سەروەتی وڵات چی لێدێت؟ هەزینە نجومییەکانی شەڕ و ده‌خاڵەته‌کانی ڕژیم لە ناوه‌نده‌كانی قەیرانی ناوچەکە و بەرەوپێشبردنی سیاسەتێكی کۆنەپەرستانە و تەوسه‌عە تەڵەبانە، دابینکردنی هەزینەی زۆر و زەوەندی ناوەندە جۆراوجۆرەکانی سەرکوت بۆ پاراستن و پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداریی دەوڵەتیی و خسوسیی و هه‌روه‌ها دیفاع لە درێژەی حاکمییەتی ڕژیم، دەستگرتن به‌سه‌ر ئابووریی وڵات لە لایەن مافیای سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەر بە ڕوحانییەکانەوە، ڕانتخۆریی و ئێختلاسی کەڵانی کاربەدەستانی ڕژیم کە جارناجارێک لەكاتی توندبوونەوەی ناکۆکیی باڵه‌كاندا له‌ یه‌كتری ئاشکرا دەكه‌ن و هه‌روه‌ها هه‌بوونی ٦ هەزار پەروەندەی ئێختلاس و گەندەڵیی دارایی، بەگشتیی کۆمەڵیک ده‌رگا و كاناڵن بۆ به‌تاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵکی زۆر لێکراوی ئێران. دز و تاڵانچییانی ناو داموده‌زگاكانی نیزامی ئیسلامیی تەنانەت ڕەحم بە خانەنشین و نەخۆشەکانیش ناکەن. ئەوان تەنانەت دزیی لە سندوقی خانەنشینان و بیمە کۆمەڵایەتییەکانی خۆشیان ده‌كه‌ن کە لە بنەڕەتدا پاشەکەوتی خۆیانە.

فاكته‌ری هەژاریی و بێ ماڵ و مەسکەنیی، ئێعتییاد و فەحشا، هه‌ر خودی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامییە. سەران و کاربەدەستانی ئەم ڕژیمە نە دەتوانن و نە دەشیانهەوێ كه‌ ئەم گرفتانە ڕیشەکێش بکەن. بەم هۆیەوە وه‌ڵامی بەرپرسانی دەوڵەتی ئیسلامیی بەم ناهەنجارییە کۆمەڵایەتییانە، یان وەک ئوستانداری تاران، حاشاكرلێكردنیه‌تی، یان ده‌نا ڕێگای بەرەنگاربوونەوەیان، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و جەنایەتکارانەیە. وەک پێشنیاری مودیری کۆللی ئیجتماعیی ئوستانداریی تاران کە ڕێگه‌ی نەزۆککردنی ژنانی کارتۆن خەوی پێشنیار ده‌كرد. یان ده‌نا تەوهین و سووکایەتییان پێبکەن و هێرش بکەنە سەر شوێنی ژیانیان لەسەر شەقام و لەنێو گۆڕستانەکان و بیانده‌نه‌به‌ر ئازار و لێدان.

بەرامبه‌ر بەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەی کە کۆماری ئیسلامیی بەسەر کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشیدا سەپاندووە، بۆ وه‌ڵامدانەوە بە واده‌ و به‌ڵێنه ناڕاست و بێ بنەماکانی ئەم و ئەو، ڕێبەر و سەرۆک و کاربەدەستی ڕژیم، به‌رامبه‌ر شەپۆلی ئێعدام و زیندان و ئه‌شکەنجە، ڕێگه‌یەک نییه‌، بێجگەلە هاتنەمەیدانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زۆرلێکراو بۆ ڕوخاندنی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە نه‌بێ. بۆ دابینكرانی ژیانێکی شیاوی ئینسان و بۆ دیفاع لە ئازادیی و مافە ئینسانییەکانمان، دەبێ ئەم ڕێگایە بپێوین. پێویستە کە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی له‌ پەرەدان بە خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران، وەک بەستێنێک بۆ درووستکردنی تەشەکۆلی جەماوەریی و سەربەخۆی کرێکاریش کەڵک وەربگرن. پێویستە بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و له‌م ڕێگه‌یەدا، سەرجەم توێژە بێبەش و زۆرلێکراوەکانی کۆمەڵگەش کە لە بیری ڕزگاربوون و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدان، لەگەڵ خۆیان هاوڕێ بكه‌ن و ڕێكیان بخەن. له‌ڕێگه‌ی درێژەدان و پەرەدان بە بزووتنەوەی مۆتالباتیی کرێکاران بە داخوازیی ڕوون و دیاریکراوی ئابووریی و سیاسییەوە، ئاسۆی ڕزگاریبەخشی سۆسیالیستیی بەڕووی کۆمەڵگه‌دا دەکرێتەوە. بەتایبەت لەم بارودۆخه‌ی ئێستای ئێراندا، سۆسیالیزم تاكه‌ ئاڵترناتیوی ڕزگاریبەخشە بۆ کۆمەڵگه‌ لەو زەلکاوه‌ی کە ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیی بۆ خەڵکی پێكهێناوه‌.