سادق لاریجانیی سەرۆکی قووەی قەزاییەی ڕژیم، لە سێهەمین کۆبوونەوەی بەناو زانستیی “هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی حەوزە و دانیشگا”دا، سوخەنڕانیی کرد. ئەو لە قسەکانیدا وتی کە باسی “وەحدەتی حەوزە و دانیشگا” هه‌ندێک جار دەكرێته سیاسیی و گرێ دەدرێته‌وه بە ویلایەتی فەقیه و دەڵێن زانستەکان سیکۆلارن و نیزامیش له‌وه دەترسێ کە زاناکان له‌ڕێگه‌ی ئەم زانستانەوه بەر بە ویلایەتی فەقیە بگرن و هه‌ر لەبەر ئەمەش، گۆڕانكاریی لە زانسته ئینسانییه‌كان ڕەت دەکەنەوە. “لە درێژەدا لاریجانی واده‌نوێنێت کە لە بواری بەئیسلامیکردنی زانستی سیاسیی لە زانکۆکان‌دا پڕۆژه‌یان هەیە. ناوبراو بۆ شیركردنه‌وه‌ی تەرحەکەشی، وتی: ” گۆڕانكاریی لە زانستی ئینسانی‌دا نه‌ك هه‌ر مومکینه، بەڵکوو پێویستیشە و بە سه‌رنجدان به بنەما ئایینییه‌كانمان، بوارە فیکرییەکانیشی مه‌وجوودن. بنه‌مای تەرحەکەی من، گۆڕانكارییه له زانستی ئینسانیی لە ڕێگه‌ی وەحدەتی حەوزە و دانشگاوه. “لاریجانی هەڵبەت لە قسەکانیدا ئیعتیڕافی به‌وه‌ش کرد کە گۆڕانكاریی لە زانستی ئینسانیی لە زانکۆکان‌دا دژوارە و بگره ئیجراکردنه‌كه‌ی دژوارتریشە. هه‌روه‌ها وتی كه ئەم گۆڕانكارییه بۆ ئێمە کە خاوەنی مەکتەبێکی ئایینین، پێویست و واقعییە.ئه‌وه ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمە یەکەم هەوڵی ڕژیم نییە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕه‌هه‌ند و ئاڕاستەی زانکۆکان بە شێوەی گشتیی و زانسته ئینسانییه‌كان بەشێوەی تایبەت. لە ساڵی ١٣٥٩دا خومەینی لەڕێی حوکمێكه‌وه دەستووری پێکهاتنی “ستادی ئینقلابی فەرهەنگیی” دەرکرد. هەر زوو گۆپاڵ بەدەستانی ڕژیم لەژێر فەرماندەیی” بەنی سەدر” سەرۆک کۆماری وه‌ختدا، به مه‌به‌ستی سەرکوتكردنی خوێندکارانی چەپ و خەباتکار، په‌لاماریان برده‌سه‌ر زانکۆی تاران. بۆ هەر زانکۆیەک ئاخوندێکیان بە ئیختیاراتی بەرینەوە وەک نوێنەری وەلی فەقیە دیاریکرد. لە درێژەدا بەشێوەیەکی بەرین دەستیانکرد بە دەرکردنی مامۆستا و خوێندکارانی تێکۆشەر و پێشڕەو و له‌جیاتی ئەوانیش، ژمارەیەکی زۆر لە ئاخوندەکان مەدرەکی دوکتۆرا و مۆهەندێس و فەوقی لیسانسیان پێدرا و خستیاننه‌سه‌ركار. هێرشیان کردەسەر دەفتەری تەشەکۆلە خوێندکارییەکان و تاروماریان کردن. گەلێک بەسیجییان وەک خوێندکار بە ئیمکاناتی زۆرەوە هه‌ناردە زانکۆکان و تەشه‌كولاتێكی بەناو “دانیشجووی ئیسلامیی”یان پێکهێنا. هەوڵیاندا له‌ڕێگه‌ی داسەپاندنی دەرسەکانی وەک مه‌عارفی ئیسلامییه‌وه، دابونه‌ریتی کۆنەپەرستانە له‌جێگه‌ی فەرهەنگی پێشڕەو و شۆڕشگیڕانەدا، جێ بخه‌ن. زانکۆکانیان کردە شوێنی به‌ڕێوه‌بردنی نوێژی جومعه. کەشێکی پۆلیسیی و ئەمنییەتییان بەسەر زانکۆکان‌دا زاڵکرد. بەم حاڵەشەوە ڕژیم لە ناوبه‌تاڵكردن، گەندەڵکردنی زانکۆکان، داسەپاندنی فەرهەنگی ئیسلامیی بەسەریان و هه‌روه‌ها زاڵبوون بەسەر سوننەتی پێشڕەو و ڕادیکاڵدا، شکسی هێنا.
گۆڕینی ناوی “ستادی ئینقلابی فەرهەنگیی” بە “شوڕایعالیی فەرهەنگیی” و گۆڕینی پێکهاتە و ده‌سه‌ڵات و ئەرکەکانیشی، نەیتوانی کۆماری ئیسلامیی بگەیەنێته ئه‌و ئامانجانه. ئیعتیڕافی لاریجانی بە دژواربوونی گۆڕانكاریی ئیسلامییانه لە زانکۆکان و له‌وانه ئیجرای تەرحەکەی خۆیشی، هۆکارێکە بۆ ناکامیی ڕژیم لە گەیشتن بە ئامانج و دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ زانست. خامه‌نەیی لە ماوه‌ی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام قسەی لە ئیسلامی نەبوونی زانکۆ و به‌دواشیدا پێویستیی گۆڕانكاریی لە زانسته ئینسانییه‌كان به مه‌به‌ستی پوچەڵکردنەوەی بەناو “پیلانی دوژمنانی ئیسلام” کردووە و بۆ ئەم ئامانجەشی، بەرنامەی داڕشتووە. ئەو لەڕێی حوکمێكه‌وه كه بۆ شوڕایعالیی ئینقلابی فەرهەنگییه‌كه‌ی نووسیوه، وتوویه‌تی : “موهەندێسیی فەرهەنگیی و گۆڕانكاریی لە سه‌رتاپای نیزامی ئاموزشیی، بە ئاموزشی باڵا و ئاموزش و پەوەرەش و زانستی ئینسانیشەوە، هێشتا ئاکامی دڵخوازی نەبووە”، و له هه‌مان كاتدا وتووشیه‌تی كه: “دواکەوتنی ئەم پڕۆژه‌یه، زیانێکی گەورە تووشی نیزامی ئیسلامیی دەکات”.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، هەموو ئیدئۆلۆگەکانی کۆماری ئیسلامیی، هه‌ر لە سەرەتای دامەزرانی ئەم نیزامە کۆنەپەرستەوە، لە هەوڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌ك دابوون هه‌تا له‌م ڕێگه‌یه‌وه، زانكۆكان به‌ئیسلامیی بكه‌ن و به‌مه‌ش ڕێگه له گەشەی فەرهەنگی پێشڕەو و شۆڕشگیڕانەی ناو زانكۆكان بگرن. بەڵام دژیه‌كیی نێوان زانکۆ، وەک ناوەندی زانیاریی و زانستی ئینسانی و زانستی سرووشتیی لەگەڵ حەوزە ئیسلامییەکان كه وەک ناوەندی پەرەپێدەری خوڕافە و خەڵەتاندن هه‌ژمار ده‌كرێن، ناکۆکیی و دژیه‌كییه‌كی له‌ئاشتیی نه‌هاتووه. هه‌ر بەم هۆیەشه كه هەوڵدان بۆ لێك گرێدان یاخود یه‌كێتیی نێوان حەوزە و دانیشگا، بەپێچەوانەی بۆچوونی کۆنەپه‌رستانەی سادق لاریجانی و سەرەڕای جەختکردنەوەی کاربەدەستانی ڕژیم و تەرخانکردنی بوودجە و ئیمکاناتی زۆر و زه‌به‌ند و سەرەڕای سەرکوت و داسەپاندنی فەزایه‌كی ئەمنییەتیی بەسەر زانکۆکان، بەئاکام ناگات و نیزامی ئیسلامیی لە گەیشتن بە ئامانجی بەئیسلامیکردنی زانکۆکانیش تووشی شکستێكی دیكه دەبێتەوە. پایەی سست و لەرزۆکی فەرهەنگی ئیسلامیی، توانایی خۆڕاگریی لەبەرانبەر هێزی زانست و زانیاریی پێشڕەوی ئەمڕۆژیی نییه کە لەسەر بنەمای ڕاستییه ماددیی و هەستپێکراوه‌كانی جیهان و کۆمەڵگه‌ی بەشەریی دامه‌زراوه. دەستکەوتی زانستیی و تێکنۆلۆژیک و بەرەوپێشچوونی زانسته ئینسانیی و کۆمەڵایەتییه‌كان، ئەمرۆكه لەسه‌ر ئاستی جیهاندا، ئاکامی هەوڵ و كۆششی کاری فکریی و ئەزمونكردنه‌كانی مرۆڤ به‌ئاقاری تەکامۆل و گۆڕانكاریی لە کۆمەڵگه‌ی مرۆیی‌دا بووە.
هه‌راسی خامه‌نەیی و باقی سەرانی ڕژیمی ئیسلامیی، لە گەشەی فەرهەنگی پێشڕەو و سێکۆلار لەناو ناوەندە ئاموزشییەکان، کە ئه‌وان فریوكارانه ناوی نفووز و دزه‌كردنی فه‌رهه‌نگی دوژمنانی ئیسلامی له‌سه‌ر داده‌نێن، شتێكی بێ بنه‌ما و لەخۆڕا نییە. زانکۆ هەمیشە یەکێک بووه لە سەنگەرەکانی خەبات لەدژی کۆنەپەرستیی و ئیستبداد. بزووتنەوەی دانیشجوویی، سەرەڕای گەلێک هەوراز و نشێو لە ماوه‌ی نیوسەدەی ڕابردوودا، وەک یەکێک لە بزووتنەوە زیندوو و کاریگەرە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران به حیساب هاتووه، کە هیچكات لە بەرانبەر ڕژیمدا سەری تەسلیم بوونی نەوی نەکردووە.
دژایەتیی ڕژیم لەگەڵ ناوەندەکانی پەرەپێدەری زانست و زانیاریی و ڕۆشنگەریی لە کۆمەڵگه‌دا و کرداری سەرکوتگەرانە لەدژیان، له پێكهاته و ماهییەتی کۆنەپەرستانه‌ی ڕژیمەوه سه‌رچاوه ده‌گرێ. کار و هەوڵدانی وێبلاگنووسان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی زانیاریگەیاندن، هەواڵنێران و ڕۆژنامەنووسان لە ڕوانگەی سەرانی ڕژیمەوە، هۆکارێکن بۆ سستکردنی هه‌رچی زیاتری ناوەندە فکریی و عەقیدەتییەکانیان و ئه‌مه‌ش پیلان و نەخشە جەنایەتکارانەکانیان لەدژی خەڵک ئاشكراتر ده‌كات. هه‌ر بۆیه‌شه كه ئەوان ئه‌مه بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمنییەتی نیزامه‌كه‌یان دەزانن. هه‌راسی ڕژیم لە بوونی ئەو ٣ میلیۆن خوێندكارە بێكاره‌یه کە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە و بە ڕیزی بە یملیۆن کرێکاری بێکارەوە پەیوەست بوون. لە بوونی ٤٠ میلیۆن گوشیی موبایلی هووشمەندەیه کە لە ئیختیار کاربەرانی ئێرانیدایە. لەو زیاتر لە ٣٠ میلیۆن لاوه‌یه کە لە خزمەتگوزاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیامڕه‌سانه بیانییانه کەڵک وەردەگرن، لە حاڵێکدا کە متمانه و باوەڕێکیان بە تۆرەکانی ڕژیم نییە. بەمجۆرە لاوان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، له به‌رده‌وامیی هەوڵدان بۆ پەرەدان بە فەزای زانستیی پێشڕەو و پێشکەوتووانە، ڕێگه نادەن كه حاکمیەتی جه‌نایه‌تكارانه‌ی ڕژیم، بیری چه‌وت و باوەڕی خورافی لەناو کۆمەڵگه‌دا پەرە پێ بدات و ڕژیم لە گەیشتن بەم ئامانجە کۆنەپەرستانەشی، ناکامی دەکەن.