ماوه‌ی چەند مانگێک بەسەر نێردرانی گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کار بۆ مەجلیسی ئیسلامی‌دا تێپەڕ دەبێت. وه‌ك دیاره ئەم گه‌ڵاڵه‌یه خه‌ریكه لە “کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس”یشدا تاوتوێ ده‌كرێت. بەڵام کۆمیسیۆنەکە هێشتا نەیوێراوە بیخاتە ناو پڕۆسه‌ی دەنگدان و دەوڵەتی ڕوحانیش سەرەڕای دژایەتیی كۆڕ و كۆمه‌ڵ و تەشەکولە کرێکارییەکان، وەرینەگرتۆتەوە. ئەو کۆمیسیۆنە به پێی هاوئاهەنگییەکی فریوکارانە لەگەڵ دەوڵەت، خەریکی هەڵسەنگاندنی کاردانەوەی چینی كرێكاره، له‌ئه‌گه‌ری پەسه‌ندکران و ئیجرایی بوونه‌كه‌ی. ئەم نیگەرانییەی دەوڵەت و مەجلیس پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە. هه‌ر لەو کاتەوە کە دەوڵەته‌كه‌ی ئەحمەدی نه‌ژاد ڕەشنووسه سەرەتاییه‌كه‌ی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ی ئامادە کرد، تا به ئەمڕۆ، دەوڵەتەکانی ئەحمەدی نه‌ژاد و ڕوحانیی ئەم نیگەرانییەیان لێ نیشتووه و هه‌ڵبه‌ت مەجلیسی ئیسلامیش لەم نیگەرانییەدا لەگەڵیاندا هاوبەشە.لەم پێوەندەدا “سوله‌یمان خودادادیی”، سەرۆکی ” کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس”، ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو گفتوگۆیه‌كی لەگەڵ “ئیلنا” هەواڵنێریی “کار”ی کۆماری ئیسلامیی سازدا. ئەم وتووێژە گۆشەیەک لە فرت و فێڵەکانی مەجلیس و دەوڵەت ده‌رده‌خات كه بۆ هه‌ڵخەڵەتاندن و سەرقاڵكردنی کرێکاران گرتوویانه‌ته‌به‌ر. هەواڵنێریی “ئیلنا” دەپرسێ: “بۆچی سەرەڕای دژایەتیکردنی کرێکاران لەگەڵ ئەم گه‌ڵاڵه‌یه (کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس) دەیهەوێ بیخاتە ناو پڕۆسه‌ی دەنگدانەوە؟” خودادادیش له وه‌ڵامدا دەڵێ: “ئه‌وه ته‌نها دەوڵەته كه دەتوانێ ئەم گه‌ڵاڵه‌یه وەربگرێتەوە، کەواتە ئەگەر لەم بوارەدا داواکارییەکیش هەبێ، پێویسته كه لەگەڵ دەوڵەتدا باس بکرێت”. ناوبراو لەدرێژەشدا دەڵێ:” ئه‌وه هات و تاوتوێش کرا و خرایە ناو پڕۆسه‌ی دەنگدانیشەوە، کێ دەڵێ ئاکامەکەی بەدڵی کرێکاران نابێت”. چاوبەستنی ئەم نوێنەرە فێڵبازه‌ی مەجلیس لێرەدایە کە دەیهەوێ کرێکارانی ناڕازیی لە پاسکاریی و بێنه‌وبه‌ره‌ی نێوان مەجلیس و دەوڵەتدا، لەچاوەڕوانیی “مەرحەمەتی مەجلیس”دا، بۆ ماوه‌یه‌كیش بووه، لە كاردانه‌وه‌ی ڕاستەوخۆ دژ به‌م گۆڕانكارییه تازه‌یه‌ی یاسای کار، پەشیمان بکاتەوە.
لەم پێوەندەدا “ڕەحیم میرعه‌بدۆڵڵا”، یەکێک لە ئەندامانی تەشەکۆلی سێنفیی کرێکارانی شیرکەت واحیدی تاران و حه‌ومه، بە هەواڵنێریی “ئیلنا” دەڵێ:” دەوڵەت لە لایەکەوە دەڵێ کە ئابووریی ئێران کەوتۆتەسه‌ر ڕێگه‌ی گەشەکردن و لە لایەکی دیکەشه‌وە گۆڕانكاریی له یاسای کار بۆ دابینکردنی گەشەکردنی ئابووریی بە پێویست دەزانێ. ئێمە نازانین باوەڕ بە کلکی کەڵه‌شێرەکە بکەین یان قه‌سه‌می حەزرەتی عەباسه‌كه؟” ئەبۆلفەزڵ فه‌تحۆڵڵاهیی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنە سینفیەکانی کرێکارانیش لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ڕی “تەسنیم”، بۆ ڕەتکردنەوەی ئیددیعاکانی دەوڵەت له‌سه‌ر گەشەی ئابووریی و بۆ دژایەتیکردن له‌گه‌ڵ گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕانی یاسای کار، دەڵێ: “کاتێک هەزینەی مانگانەی سەبەدی بنەماڵە کرێکارییەکان گەیشتۆتە ٣ میلیۆن تمەن، ٨٠٠ هەزار تمەن، یارمەتییه‌ك به بەڕێچوونی کرێکاران نادات. لەئێستادا ١٣ میلیۆن کرێکار لە ئێران‌دا هەن کە بە هەژمارکرانی ئەندامانی بنەماڵەیانه‌وه، دەكاته ٤٥ میلیۆن کەس. ئەگەر ئەمانە توانای کڕینیان نەبێ، کێ کالا بەرهەمهاتووەکان بکڕێت؟”
بەڵام دەوڵەتی ڕوحانی و سەرمایەداران و سپای پاسداران وەک گەورەترین خاوەنکاری ئێران، قەت مه‌حته‌لی بەیاسایی بوونی ئەو گوشارانە نه‌بوون و نابن کە ڕۆژانە لەدژی چینی کرێکار پەیڕەو دەکرێن. لەڕاستیدا بەیاسایی بوونی سەرکوت هێشتا نەبۆتە ئامراز و سوننەتێکی جێكه‌وتوو بۆ بوورژوازی ئێران. هێشتاكه سەرکوتی ڕاستەوخۆ و پێشێل‌کرانی زاڵمانەی مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵک، سوننەت و ڕەواڵێکی ئاسایی و جێكه‌وتووی ئەم ڕژیمەیه. بەیاسایی کردنی بێمافیی کرێکاران لەڕێگه‌ی یاسای تازه‌ی کارەوە، لەڕاستیدا پەیامێکە بۆ سەرمایەدارانی بیانیی و ناوخۆ، بۆ ئه‌وه‌یکە بزانن، بەبێ په‌رۆشبوون و دڵه‌ڕاوكێوه دەتوانن ده‌ست بكه‌ن به بەهرەکێشیی لە سفرەی هەرزانی هێزی کاری ئێران.
تێكڕای ماددەکانی ئەم یاسا تازه‌یه، به مه‌به‌ستی خزمەت بە سەرمایه‌داران و به‌و نییه‌ته ئامادە کراوە. گەلێک لەو خاڵ و ماددانەی کە لە دەورەیەکدا و لەژێر گوشاری ناڕەزایەتیی کرێکاراندا له‌ناو یاسای کاردا گونجێندرابوون، بە زیانی کرێکاران گۆڕانكارییان تێدا كراوه. بۆ نموونە لەم یاسای کاره تازەدا، دەستی خاوەنکاران بۆ دەرکردنی کرێکاران ئاواڵا‌تر كراوه. خاوەنکاران دەتوانن قەرارداده کارییه‌كان، ئینجا تاکەکەسیی بن یاخود بەکۆمەڵ، به شێوه‌ی یەکلایەنە هەڵبوەشیننەوە، بەبێ ئەوەشکە لە ئاست کرێکارانی بێکارکراویدا هیچ مه‌سئولییه‌تێك قبووڵ بكه‌ن. لەحاڵێکدا بەڕواڵەت قەرادادی سپی ئیمزا هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام لەڕاستیدا بەکردەوە کراونەتە یاسایی. لەبەر ئەوەیكه مافی دەرکردنی بێ شەرت و مەرج، هەر وه‌ك پێشوو لە دەست خاوەنکاراندایە. لە بواری هەقدەستەکانیشدا، بەپێی ئەو گۆڕانكارییه‌ی كه لە یاسای کاری پێشوودا کراوە، دەوڵەت تەعەهودێک لەم بابه‌ته‌دا قبووڵ ناکات و خاوەنکارانیش دەتوانن، هەقدەستەکان تەنانەت بەبێ سه‌رنجدان بە ڕێژەی ئاوسان و کەسادیی و لانیکەمی هەقدەستی پەسه‌ندکراویش، به‌شێوه‌ی یەکلایەنە، دیاریی بکەن. بەربەستی تەمەن بۆ کاری منداڵانی ١٥ ساڵان، بە بیانووی کارئاموزیی هه‌ڵگیراوه و بە پێی ئەم خاڵه، بەئاشکرا بەهرەکێشیی لە کاری منداڵان، وێجهه و لایەنی یاسایی پێده‌درێت.
گه‌ڵاڵه تازه‌كه‌ی یاسای کار بەشێک لە سیاسەتی گه‌شه‌پێدانی به‌ئیستلاح ئابوورییه‌كه‌ی دەوڵەتی ڕوحانییە. ئەم سیاسەتە بەبێ گرتنەبه‌ری بێڕەحمانەترین شێوازه‌كانی دژ به کرێکاران، سه‌ر ناگرێت. ئەم دەوڵەتە بۆ به‌ئیستلاح گەشەدان بە ئابووریی، پێویستیی بە کەڵەکەکردنی سەرمایە هەیە و سەرمایەی کەڵەکەبووش شتێک نییە، بێجگەلە زێدەباییەک کە لە هێزی کاری چینی کڕیکاره‌وه به‌دەستهاتووه. بەم پێیه، ئه‌وه ڕەنجی کرێکارانه كه سەرچاوەی گەنجی سەرمایەداره. بەڵام هه‌ر بەوجۆرەی كه جێگری ئەنجومەنە سێنفییەکانی کرێکاران وتوویەتی، ئەگەركوو ٤٥ میلیۆن کەس توانای کڕینیان نەبێت، کێ کالا بەرهەمهاتووەکان بکرێت؟ ئەگەر ئەم بارودۆخە یەکێک لە دژیه‌كییه بنەڕەتییەکانی نیزامی سه‌رمایەداریی لە سه‌رتاسه‌ری جیهانه، هەناردەکردنی کالا و سەرمایەش دەتوانێ ئەم دژیه‌كییه، بۆ وڵاتانی پێشکەتوو بە شێوەی کاتیی کەم بکاتەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامییه‌ك، کە بێجگەلە فرۆشی نەوت بە بازاڕەگەورەكانی وڵاتان، هیچ بژارده و ڕێگه‌یەکی دیكه‌ی نییە، كه‌واته گرفتی گەشەی ئابووریی، چۆن چارەسەر دەکات؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم دژیه‌كییه بۆتە قەیرانێکی کوشندە بۆ ئابووریی سەرمایەداریی ئێران.
هه‌ر بۆیه نابێ ڕێگه بدرێت کە کۆماری ئیسلامیی و سه‌رتاپای نیزامی سەرمایەداریی لە ئێران، ئەم قەیرانە بە قیمەتی داسەپاندنی فەلاکەتی زیاتر بەسەر چینی کرێکار، لەکۆڵ خۆی بکاتەوە. چینی کرێکاری بۆ چوونەناو ئەم نەبەردە گەورەوە، هیچ ڕێگه‌یەکی نییە، بێجگە لەوەیکە ئامرازی خۆی، واتە تەشەکولە چینایەتییە سەرتاسەرییەکانی، بۆ دیفاع و به‌رامبه‌ركێ كردن، پێك بهێنێت. یەکێتیی و هاوپشتیی بزووتنەوەی کرێکاریی لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان، خوێندکاران، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و باقی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان و پێشڕەوانی ئەم بزووتنەوانە بۆ پاشەکشەکردن بە ئیختیناقی سیاسیی زاڵكراو، هاوسەنگییه‌كی هێزی گونجاوتر بۆ پێكهێنانی تەشەکولە جەماوەرییە چینایەتییەکانی کرێکاران دێنێته كایه و له‌هه‌مان كاتدا، ئاسۆیەکی هیوابەخش به‌ڕووی کۆمەڵگه‌دا ده‌كاته‌وه.