هەژاریی، بێکاریی و بێبەش بوون لە سەرەتایی ترین ئیمکاناتی ژیان، و وشکه‌ساڵیی یەک لەدوای یەک، بەماشێنی بوونی کشتوکاڵ و لە لایەکی دیکەوە سەرهەڵدانی شوێن و مەکانی تازه‌ی کار و دامەزرانی ناوەندی تازەی سەنعەتیی، ڕەونەق و گەشەی کاری بیناسازیی و ڕێگاسازیی، پڕۆژەکانی گەیاندنی گاز بە شارە گەورەکان لە ماوەی دوو سێ دەیەی ڕابردوو لە ئێران، کە پێویستیی بە کاری هەرزان هەبوو، لە فاكته‌ره کاریگەرەکانی لێشاوی کۆچی جەماوەری زەحمەتکێشی گونده‌كان بەرەو شارە گەورەکان و گەشە و پەرەگرتنی حاشیەنشینییە. حاشیەنشینیی هەروەک لە ناوەکەشی ڕا دیارە، بەو گەڕەکە نیشتەجێ نائاساییانەی قەراغ شارەکان دەوترێ کە تێیاندا هیچ خزمەتگوزارییەکی شاریی ناكرێت. حاشیەنشینان، ئەو هاوڵاتییانه‌ن کە دەوڵەت و نیزامی ده‌سه‌ڵاتدار، لانیكه‌مه‌كانی مافی هاوڵاتی بوونیان بۆ بەڕەسمییه‌ت ناناسن.
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی زانیاری گەیاندنی “ڕاهێ دانا” لە ماوه‌ی ئه‌م ڕۆژانەدا لە زۆربەی شارە گەورەکانی وەک تاران، مەشهەد، تەورێز، ئیسفەهان، هەمەدان، و باقی شارەکانی دیكه، جه‌معییه‌تێكی زۆری حاشییه‌نشین هه‌ن کە به‌ده‌ست هەژاریی و ڕۆژڕەشیدا لە خێوه‌تی تەنگەبەر و شێ‌دار و لەوپەڕی فەلاکەتدا دەژین. بە پێی ئەو توێژینەوانەی ئه‌نجام دراون، ژمارەیەکی بەرچاو لە حاشیەنشینان خاوەنی ئەمنییەتی خۆراکیی و بێهداشتیی نین و سڵامەتیی و گیانی ئەم ئینسانانە، کەمترین سه‌رنجی پێ‌نادرێت و خزمەتگوزاریی دەرمانیی و بێهداشتیی گونجاو لەگەڵ نیازی “حاشییەنشینی”شیان پێشکەش ناکرێت.
لەمبارەیەوە “ئەمینی فەرد” بەناو نوێنەری خەڵکی ئێرانشار لە مەجلێسی شۆرای ئیسلامیی ڕژیمدا وتوویەتی كه: ”گرفتی گەورەی حاشیەنشیبنەکان، نه‌بوونی پێداویستییە دەرمانیی و بێهداشتییه‌كان و هه‌روه‌ها کەمبوونی ئیمکاناتی گونجاوە”. لەپاڵ ئەمانەشدا کە له‌سه‌ر زاری یەکێک لە کاربەدەستانی حکومەتییه‌وه به‌یان كراوه، ئه‌گه‌ری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە تایبەتەکان لە حاشییەی شارەکان له ئاستێكی زۆر باڵا دایه. ئەو نەخۆشییانەی کە بە پشكنینێكی سادە و ساكاریش قابیلی تەشخیس و دەرمانن، بەڵام له‌به‌ر بێ ئیمکاناتیی دەرمانیی و پزیشکیی، دەبنە نەخۆشینێکی درێژخایەن و کوشەندە و هەردەم ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵکی هەژاری ئەم شوێنانە بە گەروی مەرگ و له‌ناوچووندا دەکرێن. پیسبوونی كه‌شوهه‌وا و ژینگەی گەڕەک و ناوچه‌كانی حاشییه‌ی شارەکان، کارەساتبارە. ناوچه حاشییەنشینه‌كانی پاڵ شارە گەورەکان، بوونەتە شوێنی هه‌ڵڕشتنی زبڵ و خاشاكی شارەکان و پاشه‌رۆی کارخانەکان کە هەموو ساڵێک لەگەڵ گەرمبوونی پلەی هەوا یاخود هەڵکردنی ڕه‌شه‌با، دانیشتووانی ئەم شوێنانە بەتایبەت منداڵانی، تووشی گەلێک نەخۆشیی هەناسەدان و عفوونیی دەبنه‌وه. کەمبوونی مەدرەسەش یەکێکی دیكه لە کێشە و گرفتە گەورەکانی دانیشتووانی ئەم ناوچانەیە. منداڵان و تازەلاوانی حاشیەنشین هەمیشە بەزەحمەت و دژوارییه‌كی زۆرەوە ئیمکانی دەستڕاگەیشتنیان بە مەدرەسە و خوێندن هەبووە. بەداخەوە لە ماوه‌ی ئه‌م ساڵانەی دواییدا، زۆربەیان لەبەر شەهرییەی قورسی مەدرەسە دەوڵەتییەکان و هەروەها خسوسی سازیی هەنگاو بە هەنگاوی ئامووزش، لە مافی خوێندن بێبەش كراون.
ئەگەرچی بە پێی بەرنامەی چوار ساڵە و پێنج ساڵه‌ی به‌ناو تەوسه‌عەی دەوڵەتە یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی کۆماری ئیسلامیی، بڕیاروابوو كه هەموو ساڵیک ١٠ لەسەد لە ئاماری حاشییەنشینەکان کەم ببێتەوە، بەڵام حاشیەنشینیی نەک هەر کەم نەبۆتەوە، بەڵکوو ڕێژه‌كه‌ی زیاتر هه‌ڵكشاوه. خه‌مساردیی و سه‌رنج نه‌دانی سەران و کاربەدەستانی “گەندەڵ”ی ڕژیم سەبارەت بەم بابەتە، تەنانەت دەنگی هه‌ندێک لە مۆره خودییەکانی کۆماری ئیسلامیشی ده‌رهێناوه. لەم پێوەندەدا، ماوەیەک له‌مه‌وبه‌ریش، “مەحجوب” یەکێک لە سەرانی دامه‌زراوه‌ی دژه‌کرێکاریی “خانەی کارگەر” و بەناو نوێنەری خەڵکی تاران لە مەجلیس، وتی: ” حاشییه‌نشینیی له كه‌لان شاره‌كان و کۆچکردن بۆ ئه‌م گه‌وره شارانه، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٦١ی هەتاویی، ١٧ هێنده هه‌ڵكشاوه و زه‌بری کۆمەڵایەتیی زۆریشی بە وڵات گەیاندووە. “لەگەڵ مەحجوب، محەممەدڕەزا ڕۆستەمیی “جێگری سامانده‌هیی کاروباری لاوان”ی “وەزارەتی وەرزش و لاوان”یش وتوویەتی: “لە ئێستای ئێران‌دا یازدە میلیۆن کەسی حاشیەنشین هەن کە ٣ میلیۆنیان لاون. “وەزیری ناوخۆی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیش وێڕای تەئیدی ئەوەیکە نزیکەی یازدە میلیۆن کەسی حاشییەنشین لە ئێران‌دا هەیە، بە ڕیاکاریی تەواوەوە دەڵێ:” نزیکەی ٢ هەزار و ٧٠٠ ناوچەی حاشیەنشین لە ئێران‌دا هەیە کە پێویستیان بە چاودێریی، کۆنتڕۆڵ و پشتیوانیی هه‌یه! “. هەڵبەت سەرچاوەیه‌كی غەیرە دەوڵەتیش، باس لە بوونی ١٨ میلیۆن حاشیە نشین دەکات.
ئه‌وه ڕوون و ئاشکرایە کە دانیشتووانی ئەم ناوچانە، کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکێکی هەژاری بێبەشن کە لەگەڵ زۆربەی خەڵکی ستەمدیتووی ئه‌م کۆمەڵگه‌دا، ڕه‌نج و مه‌ینه‌تیی و دەردی هاوبەشیان هه‌یه. هه‌بوونی ناوچەی حاشیەنشین له‌ڕاستیدا دەرخەری هەژاریی و فەلاکەتی ئابووریی بەمیلیۆن ئینسانی ژێرستەمە کە ئێستا و له سه‌ده‌ی ٢١ دا، کەمترین ئیمکاناتی ژیانێکی شاریی مۆدێڕنیان نییه. هۆکار و سەرچاوەی پەرەگرتنی حاشیەنشینیی و بەدوایدا بێبەشیی بە میلیۆن کەس لە بێهداشت، دەرمان و ئامووزش، بێبەشبوون لە ئاوی خواردنەوەی پاك و باقی خزمەتگوزارییه کۆمەڵایەتییه‌كان، تەنها نیزامی سەرمایەداریی و ڕژیمه کۆنەپەرسته‌كه‌ی، واته کۆماری ئیسلامییە.
ئەو پێویستییه‌ش كه بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیمی ناچار به‌وه کردووە كه باس لە پەرەسەندنی حاشییەنشینیی بکەن، به مه‌به‌ست و نییه‌تێكی دڵسۆزانه بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی شاریی بۆ ئەم هاوڵاتییانه نییه، بەڵکوو لەڕووی ترس و وەحشەتێكه‌وه‌یه كه له ئاخێز و شۆڕشی کۆمەڵایەتیی ئه‌م ناوچانە لێیان نیشتووه. بەسه‌رنجدان بەپێشینەی مێژوویی خەباتی حاشییەنشینەکان، کاربەدەستانی ڕژیم باش دەزانن کە ئەگەر چه‌خماخه‌ی ئەم ناڕەزایەتیانە لێبدرێت، ئەویش لەم بارودۆخه‌ی ئێستای ناو کۆمەڵگه‌دا، ئاوه‌ها بەئاسانیی کۆنتڕۆڵ ناكرێت. هەبوونی ئیمکاناتی شاریی گونجاو، مافی تێكڕای کرێکاران و خەڵکێکە کە لە حاشییە و قه‌راغ شارەکاندا دەژین. ئەگەر خەڵک بەهۆی گێر و گرفتی ئابووریی و هەژاریی و بێکارییەوە بەناچار لە حاشییەی شارەکاندا نیشتەجێ دەبن، هۆکاره سەرەکییه‌كه‌ی، ئەم ڕژیمه سەرمایەدارییه و ئایەتوڵڵا گەندەڵ و میلیاردێر و تاڵانچییانەن کە ئەم دۆخەیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.
ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێران، ژیانی لە بەمیلیۆن ئینسان لەم وڵاتەی تاڵ کردووە. هەژاریی و قووڵتربوونەوەی کەله‌به‌ری چینایەتیی، دیارده‌كانی وه‌ك حاشیەنشینیی، ئیعتیاد، کارتۆن خەویی، منداڵی كار، لەشفرۆشیی و به‌دەیان دیارده و گرفتی دیکەی کۆمەڵایەتیی، جەماوەری هەژاری کۆمەڵگه‌ی خستۆتە ژێر گوشارێكی زۆره‌وه. ڕزگاربوون لەم دۆزەخە و دەربازبوون لەم بارودۆخه مه‌ینه‌تباره‌ی ئێستا، بەبێ ڕێكخستنی خەبات به‌ئاراسته‌ی ڕووخاندنی ڕژیمی سه‌رمایه‌داریی کۆماری ئیسلامیی و بە ئاسۆیه‌كی دامەزراندنی کۆمەڵگه‌یەکی سۆسیالیستیی، ده‌سته‌به‌ر نابێت.