پێویستمان بە کاتێکی زۆر نییە کە بەشوێن هەواڵی ناڕەزایەتیی کریکاریی ناو کۆمەڵگه‌دا بگەڕێین. چاوگێڕانێک بەسەر ناڕەزایەتییه‌كانی هه‌ر دوو هه‌تا سێ هەفتەی ڕابردوودا، ته‌سویر و وێنایه‌كی واقعیی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی زیندووی لەحاڵی گەشەمان پیشان دەدات. لێرەدا و تەنها بۆ نموونە، ئاماژه به چه‌ند حاڵه‌تێكی ئەم خەباتە دەکەین.
ناڕەزایەتیی ٩٠٠ کرێکاری کارخانەی کاشی کەویر لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی هەقدەستی دواخراویان، مانگرتنی ٣٠٠ کرێکاریی مەعدەنی “هه‌مكار” لە ناڕەزایەتیی بە سپێردرانی کارگه‌ی ئیستخراج بە پەیمانکار، کۆبوونەوەی زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە کرێکارانی خه‌ده‌مات شه‌هریی خوڕرەم ئاباد لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی بڕی ٤ مانگ هه‌قده‌ستی دواخراویان، کۆبوونەوەی سەرلەنەوێی زیاتر لە هەزار کرێکاری کارخانەی ڕینگسازیی مەشهەد، مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی ڕۆژین لە فازی ١٧ و ١٨ی ناوچەی پارسی جنووبیی عەسەلویە، له‌به‌ر نەدرانی مەزایای دواخراویان، کۆبوونەوەی زیاد لە ٥٠٠ کرێکاری مۆجتەمەعی ئالۆمینیۆمی “ئه‌لمه‌هدی هۆرمۆزئال، درێژەی مانگرتنی شیرکەتەکانی حه‌مل و نه‌قلی بووشێهر، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شۆفیرانی شیرکەت واحید و لێدان و ئازاردان و گرتنی ژمارەیەکیان، مانگرتنی کرێکارانی کارخانەی سیمانی خاکستەری “نەیریز” لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی بڕی ٥ مانگ حقوق، مانگرتن و کۆبوونەوەی کرێکارانی لیفتراکسازیی “سەهەند”ی تەورێز، مانگرتنی کرێکارانی “دیزێل سەنگین”ی ئامۆل لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی هه‌قده‌ستی زیاتر لە ٣ مانگیان، مانگرتنی کرێکارانی کارخانەی “مێس کوە جەهه‌ر” کۆکردنەوەی تووماری ١٠ هەزار و ٥٠٠ کەسیی کرێکاران و پێرسۆنێلی شیرکەت نەوت بۆ زیادکرانی مانگانەیان، مانگرتنی کرێکارانی مەعدەنی زۆغاڵ سه‌نگی “هێشوونی کوهبه‌نان” لە ناڕەایەتیی بە نەدرانی ٣ مانگ حقوق، مانگرتنی کرێکارانی پیترۆشیمیی بووشێهر، کۆبوونەوەی چەندجارەی کرێکارانی کشت و سەنعەتی مهاباد به‌هۆی جێبه‌جێ نه‌كرانی داواکارییەکانیان و … و هتد.
به سه‌رنجدان بەم ناڕەزایەتییە کرێکارییانە کە تەنها به شار و ئوستانێک بەرتەسک نەبووه‌تەوە و سه‌رتاپای کۆمەڵگه‌شی داگرتووه، لە لایەکەوە نیشانده‌ری بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووریی و گوشار و سەرکوت و لە لایەکی دیکه‌شه‌وه نیشانده‌ری پوتانسییەلی ناڕەزایەتیی ئێستای ناو کۆمەڵگه‌یه. ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە نیشانی دەدەن کە کرێکاران هه‌تا چ ڕادەیەک سەبارەت بە درێژەكێشانی ئه‌م بارودۆخه و ئەو بێمافییانەی کە بەسەریاندا سەپاوە ناڕازین، داخوازیی و داواکاریی دیاریکراویان هەیە و بۆ گەیشتن بەم داخوازییانەش خەبات دەکەن. حزوور و به‌شداریی چالاکانی سۆسیالیست لەم خەباتەدا، گرنگییەکی حەیاتیی هه‌یه. هه‌بوونی هەڵسووڕاوانی به‌ئەزموون لەم خەباتەدا، لە هەمان حاڵ‌دا کە له ئاستێكی به‌ربڵاوتر هاوسەنگیی هێزی واقعیی نێوان چینی کرێکار و سەرمایەداران و دەوڵەت ڕه‌سه‌د ده‌كه‌ن، له‌هه‌مان كاتدا، ڕێژەی ئامادەیی و یه‌كگرتوویی و یەکپارچەیی کرێکاران لە کارخانە یان ناوەندەکانی بەرهەمهێنانیش به‌وردیی ده‌ده‌نه به‌رچاو، هه‌تا ته‌سویر و وێنایه‌كی ڕوونتریان له ئاستی توانایی کرێکاران بۆ داسەپاندنی داواکارییەکانیان هەبێت.
ڕوون و ئاشکرایە کە ڕادەی سەرکەوتن، شکست یان ڕێژەی بەرەوپێشچوونی کرێکاران لە هەموو ئاکسیۆن و خەباتێکی دیاریکراودا، دەبێ به پێوانە چینایەتییەکان هەڵبسەنگێندرێت. بۆ نموونە ڕەنگە خەباتی کرێکارانی کارخانەیەک و ناوه‌ندێكی بەرهەمهێنان بۆ زیادکرانی هەقدەست یان بۆ بەرگرتن لە دەرکرانی هاوکارانیان یان ده‌نا بۆ وەرگرتنی هەقدەستی دواخراویان، بە هۆی سەرتاسەری نەبوون، په‌رش و بڵاویی و هاوكات نه‌بوونیان، بە هۆی نەبوونی تەشەکۆلی چینایەتیی و جەماوەریی کرێکاران، بە ئه‌نجامی دڵخوازی خۆی نه‌گات و داخوازییە دیاریکراوەکانی ده‌سته‌به‌ر نه‌كات، کە هەڵبەت سەرنەکەوتنی بەتەواوەتیی لە خەباتێکی دیاریکراویشدا دەبێ لە شوێنی خۆیدا هه‌ڵبسه‌نگێندرێت و لە ئەزموونەکانیشی دەرس وەربگیرێت. بەم حاڵەشەوە ئەگەر کرێکاران سەرەڕای ئەوەیکە لەم خەباتەدا دەستیان بە ویست و داخوازییەکانیان ڕانەگەیشتووە، بەڵام لەولاوە بە بەراورد له‌گه‌ڵ ڕابردوو یەکگرتووتر بوون و لە میانه‌ی ئەم خەباتەشه‌وه، زیاتر ماهییەتی دەوڵەت و نیزامی سەرمایەدارییان ناسیوە و زیاتر لە ڕابردوو پێویستیی ڕێكخستن و تەشەکۆلیابی چینی کرێکاریان هەست پێکردووە. ئەمانە بەگشتیی کۆمەڵیک دەستکەوتی بەنرخی خەباتی کرێکارانن، کە دەتوانرێ بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتیان، پشتی پێ ببه‌ستن.
کەواتە نابێ ئه‌وه‌مان لەبیر بکرێت، چ ئەو کاتەی کە کرێکاران لە خەباتێکی دیاریکراودا سەردەکەون و چ كاتێكیش کە تووشی شکست دێن، بەشێک لە تەجره‌بەی خەباتیان دەستەبەر کردووە. تێكڕای هەڵسووڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی ناو بزووتنەوەی کرێکاریی، زۆر به‌باشیی دەزانن کە نەبوونی تەشەکولێکی سەرتاسەریی، به‌چه‌شنێك کە بتوانێ ئەم ڕووباره په‌رش و بڵاوانه تێکەڵ بکاتەوە، یەکێکه لە بنەڕەتیترینی ئه‌و كۆسپانه‌ی كه بۆ بەئاکامگەیاندنی ئەم ناڕەزایەتییانە پێویسته. سه‌ره‌ڕای گشت ئەم ئیختیناقە سیاسییەی كه به‌سه‌ر کۆمەڵگه‌دا سه‌پێنراوه، سه‌ره‌ڕای قەیرانێکی قووڵی ئابووریی کە زیاتر لە هەموان گەرووی کرێکاران و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگه‌ی گووشیوه و سه‌ره‌ڕای هەزینەیەکی زۆر قوورس کە کرێکاران لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانیاندا دەیدەن، تاكه ڕێگه‌چارەی بەردەم کرێکاران بۆ کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە فەلاکەتبارە، پەرەدانە بە ناڕەزایەتیی و سەرتاسەریکردنەوەی خه‌بات. تێكڕای ئه‌و خۆشباوه‌ڕییانه‌ی كه چینی سەرمایەدار و دەوڵەتی پشتیوانی‌یان لەبواری گەشەی ئابووریی لە دەورانی دوای بەرجامدا ده‌رخواردی کۆمەڵگه‌ی ده‌ده‌ن، نابێ زەڕره‌یه‌ك لە ئیرادەی کرێکاران بۆ بەرەوپێشبردنی ئه‌م خه‌باته، کەم بکاتەوە. ئەگەر تەنانەت هەموو کۆسپە سیاسییەکانی سەرڕێی عەمەلی بوونی بەرجام لابچن و بوار بۆ هاتنی سەرمایەی دەرەکیش خۆش ببێت، تاكه شتێک کە له‌و به‌ینه‌دا بە نه‌سیبی کرێکاران دەبێت، بەتاڵانچوونی زیاتری هێزی کاریان، واتە هه‌قده‌ستی کەمتر لەبری کاری زیاتره.
لەم نێوانەدا زیاتر لە هەموان، ئه‌وه هەڵسووڕاوانی ڕادیکاڵ و پێشڕەوی ناو بزووتنەوەی کرێکارییه كه دەبێ هەموو تواناییەکانیان سەرفی یەکگرتووکردنی ڕیزەکانیان، سەرفی سەرتاسەریکردنەوەی خەبات، سەرفی هەوڵدان بۆ درووست‌کردنی تەشەکۆلی چینایەتیی و جەماوەریی کرێکاریی بکەن. ئەوەیکە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کرێکاران لە جەریانی ناڕەزایەتییه‌كانیان ده‌توانن ته‌نها بەشێکی کەم لە داخوازییەکانیان دەستەبەر بکەن، ئەوەیکە کرێکاران سه‌ره‌ڕای هەموو بەرینایی و ژمارەی زۆریان، هێشتا بەبێ پێوه‌ندیی و پشتیوانیی لە یەکترن، زەڕرەیەک لە گرنگیی ئەم ڕاستیی و واقعییەتە کەم ناکاتەوە کە کرێکارانی ئێران ئامادە نین وەک کۆیلە لە کوشتارگه‌ی سەرمایەدا ببنە قوربانیی و بۆ ئەوەشکە نەبنه قوربانیی، دەبێ ئه‌م هاوسەنگیی هێزه‌ی ئێستا تێک بچێت. گومان له‌وه‌شدا نییە کە درووست‌کردنی تەشەکۆلی چینایەتیی و جەماوەریی کرێکاران، یەکێکه لە جه‌بهه گرنگەکان بۆ شێواندنی ئه‌م لاسه‌نگییه.