حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە ٢٩ سەرماوەزی ١٣٩٥ لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، پەردەی لەسەر جاڕنامه‌یه‌ك لادا له‌ژێرناوی “هه‌قی شه‌هروه‌ندی”. ئەم جاڕنامه‌یه کە پێش لە ٣ ساڵ لەمه‌وبه‌ر و لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕوحانییەوە ئامادە كرا و ڕەشنووسەکەشی خرایەبەرباس، ئێستا و لە حاڵیکدا په‌رده‌ی له‌سه‌ر لاده‌درێت کە پێنج مانگ زیاترمان كات نەماوە بۆ به‌ناو “هەڵبژاردن”ی سەرۆک کۆماریی. بەشێک لەو بەندانەی کە لەم جاڕنامه ١٢٠ مادەییەدا هاتوون، هەمان ئەو واده و بەڵێنانەن کە ڕوحانی چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر لە جەریانی کارزاری هەڵبژاردندا جەختی لەسەر دەکردنەوە. ڕوحانی لە حاڵێکدا پەردە لەسەر جاڕنامه‌ی هه‌قی شه‌هروه‌ندیی لادەدا کە لە ماوه‌ی ٣ ساڵ و نیوی ڕابردوودا، ئەم واده و به‌ڵێنانه‌ی بەکردەوە دەرنەهێناوە. هێنانه‌وه‌گۆڕه‌كه‌شی، لە حاڵێکدا کە چەند مانگێک زیاتر كات نه‌ماوه بۆ كۆتایی خولی سەركۆمارییەکەی، زیاتر لەوەیکە بەرنامەیەک بێت بۆ کرداری دەوڵەت، دەرفەتێکە بۆ دەستپێکردنی تەبلیغاتی هەڵبژاردن و ڕاکێشانی دەنگی خەڵک لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنێکدا کە لە پێشدایە.
ڕوحانی لە حاڵێکدا به‌نیازه كه ناوەرۆکی ئەم جاڕنامه‌یه بکاتە مێحوەری تەبلیغاتی خۆی لە ململانێی هەڵبژاردندا کە، دامه‌زراوه‌ی سەرۆک کۆماریی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیی كۆماری ئیسلامی‌دا، دەسەڵاتێكی ئیجرایی ئەوتۆی نییە. لە پێكهاته‌ی سیاسیی کۆماری ئیسلامی‌دا، سپای پاسداران کە وەک حیزبێکی پادگانیی دەجوڵێتەوە، سۆكکانی سەرەکیی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە. پێگەی بالاده‌ستی سپای پاسداران، له دەسەڵاتێكی ئێنحێساریی به‌سه‌ر ئابووریی سەرمایەداریی ئێران، پشت بەستنی ڕاستەوخۆی بە هێزێکی چەکدار و تەیاری سەدان هەزار کەسیی سپا و بەسیج، کۆنتڕۆڵی بێ ئەملا و ئەولای بەسەر ڕێكخراو و دەزگا ئەمنییەتیی و ئیتلاعاتییەکان و دەستوەردان لە کاروباری سەدا و سیما و باقی ڕاگەیەنەر و ناوەندە حکومەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. سپای پاسداران هەموو ساڵێک بەشێکی كه‌ڵان لە بوودجەی دەوڵەت بۆ پەرەدان به چالاكییه‌كانی تەرخان دەکات. ئەگەرچی سیاسەتە کەڵانەکانی ڕژیم چ لە بواری نێوخۆیی و چ لە بواری موناسباتی نێونەتەوەیی، لە زمان وەلی فەقیهه‌وە دەردێن، بەڵام ئەم تەقسیم کارە هیچ له‌م ڕاستییە ناگۆڕێت کە کادری ڕێبەریی سپا لە گرتنەبه‌ری ئەم سیاسەتانەدا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە. کەواتە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی‌دا ئیجرای هەموو یاسایەک لەگرەوی تێپەڕین له کۆنتڕۆڵ و پاڵاوتنی سپای پاسداران دایە. لە لایەکی دیکەوە به‌ده‌ر لە ناڤه‌ڕۆكی ڕاستەقینەی جاڕنامه جێ سه‌رنجه‌كه‌ی ڕوحانی، زەمانەتی ئیجڕایی هه‌قی شه‌هروه‌ندیی ئازاد لە هەر کۆمەڵگه‌یەکی خاوەن شارستانییەت، لەگرەوی دەسەڵاتی ڕێكخراوی هاوڵاتییان، یان به‌واتایه‌ك، ڕێكخڕاوبوونیان لە ڕێكخراوێكی سێنفی و سیاسیی، جێگه و پێگه‌ی له‌باری ئابووریی و دەستڕاگەیشتنیان بە چاپه‌مه‌نیی و ڕاگەیەنەری گشتیدایە. لە ئێرانێکدا کە کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، ڕۆژنامەنووسان و توێژی بێبەشی کۆمەڵگه، لە مافی پێکهێنانی تەشەکولی سێنفی و سیاسیی خۆشیان بێبەشن و هه‌ر هه‌وڵێك به‌م ئاراسته‌دا، به زیندان و ئه‌شكه‌نجه وه‌ڵام ده‌درێته‌وه، هیچ زه‌مانه‌تێك بۆ ئیجرای هه‌قی شه‌هروه‌ندیش نییه، به‌ڵام جاڕنامه‌ی هه‌قی شه‌هروه‌ندییه‌كه‌ی حه‌سه‌نی ڕوحانی بێجگه له‌م کۆسپە پێكهاته‌ییانه‌ی سه‌ر ڕێگه‌ی ، لە چوارچێوەی حقوقیشدا بەدەست ناکۆکییە بنەڕه‌تییه‌وه دەناڵێنێ کە هه‌ر له ئێستاوه هێنده‌ی دیكه بێ ئێعتیباری دەکات.
بە چاوگێڕانێکی خێرا بەسەر ئەم جاڕنامه‌دا، هەست ده‌كرێ کە ئەم دەقە سەرەڕای ناو و ڕواڵەتێکی فریودەرانەش کە هەیەتی و سەرەڕای هەوڵێکی داماوانە کە ئامادەکارانی ئەنجامیان داوە بۆ ئه‌وه‌یكه ئەم جاڕنامه‌یه وه‌ك پڕۆژه و به‌رنامه‌یه‌كی هاوشانی نۆڕمە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ پیشان بدەن، بەڵام پابه‌نده بە گشت بنەما ئیدئۆلۆژیكه‌كانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی و قانونه ئەساسیەکەی و ناوەرۆکێکی کۆنەپەره‌ستانەشی هەیە. دەقی ئەم جاڕنامه‌یه لە بنه‌ما‌وه لە هەمان بنەمای یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی یان قانونی ئێستا و ته‌واوكه‌ری، پەیڕەویی دەکات. ئەم جاڕنامه‌یه ئەگەرچی فریوکارانەیه و بەناوی هه‌قی شه‌هروه‌ندییه‌وه فۆرمۆلە کراوە، بەڵام هەر بەمجۆرەی کە باسكرا، هیچ دریچەیەکی نەهێشتۆتەوە بۆ ئه‌وه‌یكه خەڵک بتوانن بە پشتبەستن پێی، بچنه شوێن ئه‌م “هه‌قی شه‌هروه‌ندییه”شیان. ئەم جاڕنامه‌یه لە هه‌ندێ شوێنیش‌دا کە وا ده‌نوێنێت كه لە یاسای بنەڕەتیی دوور کەوتۆتەوە، بە جەختکردنەوە لە هاوئاهەنگبوونی لەگەڵ باقی یاساکان، لە ڕاستیدا خۆی لە چوارچێوەی هەمان یاسای بنەڕەتی تاسەرئێسقان کۆنەپەره‌ستانەدا قەتیس کردووە. جاڕنامه‌ی هه‌قی شه‌هروه‌ندییه‌كه‌ی ڕوحانی تەنانەت لە پێناسەکردنی شه‌هروه‌ند کە بریتی بێت لە تێكڕای ژنان و پیاوان و کەسانێک کە لە ئێران‌دا دەژین، چ ته‌به‌عه‌ی ئێران بن و چ نەبن بەڵام لە ئێران‌دا نیشتەجێن خۆ گێل دەکات، هه‌تا بەشێک لەو به‌ئیستلاح شه‌هروه‌ندانه لەو هه‌قه شه‌هروه‌ندییه‌ش بێبەش بکات.
جاڕنامه‌كه‌ی ڕوحانی، تەنها هه‌قی شه‌هروه‌ندیی بۆ خەڵکی ئێرانی لا مه‌به‌سته و له‌ئه‌گه‌ری به‌كرده‌وه‌ده‌رهاتنیشی، ڕوون نییە کە چارەنووسی ئه‌و بەمیلیۆن کۆچبەره ئەفغانستانییه چی لێ به‌سه‌ردێت. هەر ئێستا لەژێر گاریگەریی ئه‌و فه‌زا ترس و وەحشەته‌ی کە دامودەزگا سەرکوتگەرە دەوڵەتییەکان لەناو ئەم مرۆڤه زەحمەتکێشانەدا چاندوویانە و بەسەرنجدان بە بیر و هه‌ڵوێستێكی داڕزیوی شۆڤێنیستیی کە بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئەم کۆچبەرانە لەناو کۆمەڵگەدا ڕەواجی پێده‌درێت، سەرمایەداران و خاوەنکاران بەبێ سه‌رنجدانە کەرامەتی ئینسانیی و مافە سەرەتاییەکانیان، ئەم ئینسانانە بە توندترین شێوە دەچەوسێننەوە. هەزاران منداڵی کۆچبەری ئەفغانستانیی لە ناسنامە و مافی چوون بۆ مه‌دره‌سه‌ش بێبەش كراون. جاڕنامه‌ی هه‌قی شه‌هروه‌ندییه‌كه‌ی ڕوحانی، به‌جۆرێك له جۆره‌كان، جەخت کردنەوەیە لەسەر بەردەوامیی هه‌ر ئەم بێمافییانەش.
لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا، ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگه ڕۆژانە لەژێر گوشاری هەڵاواردنی جنسییه‌تیدان. ئەم ئاپاڕتایده ڕەگەزییە له‌ڕێگه‌ی یاسای ئیسلامییه‌وه نیهادینە کراوە و بە پشتبەستن بە ناوەندە حکومەتیی و هێزە چەکدارەکان بەکردەوە دەردێت. جاڕنامه‌ی هه‌قی شه‌هروه‌ندییه‌كه‌ی ڕوحانی، باس لە هه‌ڵگرتنی هەڵاواردنی یاسایی ” ناڕەوا” دەکات، لە حاڵیکدا کە هەموو کردارێکی دژه ژن به‌رامبه‌ر به ژنان، لەسەر بنه‌مای یاسا و ڕێسای ئیسلامیی بە “ڕەوا” هه‌ژمار ده‌كرێت. ئەم جاڕنامه‌یه، مافی جلوبه‌رگ پۆشینی ژنانی به‌ستووه‌ته‌وه بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پێوه‌ر و پێوانه ئیسلامییەکان، به‌واتایه‌كی دیكه، ئه‌م جاڕنامه‌یه‌ی ڕوحانیی، جەخت لەسەر ڕەچاو کرانی پۆششی ئیسلامیی دەکاتەوە.
ڕیاکارانەترین بەندی ئەم جاڕنامه‌یه، بەندی پێوەندیدار بە هەقی حەیاتە. جاڕنامه‌كه‌ی ڕوحانی، مافی حەیات بە ڕەسمیەت دەناسێ، مەگەر ئەوەیكه ئەم مافە بە هۆی یاساوه زەوت بکرێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە به‌هەزاران حوکمی ئێعدامیش کە لە دەورەی ڕوحانی‌دا ئیجرا کراون، بەگشتیی بە هۆی یاسای ڕژیمی ئیسلامییەوە لە لایەن دادگاکانی ڕژیمەوە دەرکراون. ناوەرۆکی ئەم بەندەش، پێداگریی لەسەر مافی ژیان نییە، بەڵکوو تەئکیدێكی دووباره‌یه لەسەر زەوتکردنی هه‌قی حەیات له‌سایه‌ی حوکمی قانون و ئەمەش به‌واتای درێژەی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا و پێداگریی لەسەر شەپۆلی ئەو ئێعدامانەیه کە هه‌تا ئێستا ئەنجام دراون.
کاتێک كه لە جاڕنامه‌كه‌ی رۆحانیدا دەوترێت کە شه‌هروه‌نده‌كان خاوەنی مافی ئازادیی ئەندێشە و ڕاده‌ربڕین و بڵاوکردنەوەی بیر و بۆچوونی خۆیانن، بەو مەرجەی کە یاسا ڕه‌چاو بکرێت، به‌واتای ئه‌وه دێت كه جێگه‌یه‌كی دیكه بۆ دەربڕینی بیروباوەڕ، گۆشەی زیندانە، وێبلاگنووسان دەخرێنە ژێر ئەشکەنجەوە، نووسەران سانسۆڕ دەکرێن یان وایان لێده‌كرێت كه بۆخۆیان خۆیان سانسۆڕ بكه‌ن، هەڵسوڕاوانی کرێکاریی دەخرێنە ژێر چاودێریی و ڕاپێچی زیندان دەکرێن، ڕنگبێ بڵین چۆنچۆنیی، وه‌ڵام ئه‌وه‌یه، له‌به‌ر ئه‌و هەزار و یەک یاسای بەرتەسک کەرەوەی كه داندراون. ئەم جاڕنامه‌یه لە هه‌ندێ خاڵیدا، وەک مافی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی هێمنانه، تەنانەت لە ناوەرۆکی یاسای بنەڕەتیش لەدواترە.
لە گشت به‌نده‌كانی ئەم جاڕنامه‌دا، دیارە کە بنەما نەزەرییەکەی، لەسەر “شەریعەتی ئیسلام”، “ئایاتی قوڕئان” و ئوسولی “فێقهیی شیعە” و ڕوانگەی خومەینیی و خامه‌نەیی دامەزراوە، ئه‌وه لە حالێکدایه کە دانیشتووانی ئێران، هه‌مووی به‌قه‌ولی خۆیان ئۆمەتی ئیسلامیی یان پەیڕەوی فێقهی مەزهەبیی شیعە نین. ئەم خاڵانە بە باشیی نیشانی دەدەن کە ئەم جاڕنامه‌یه لە پاڵ باقی یاساکانی کۆماری ئیسلامی‌دا، زەوتکردنی سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکانی لا مه‌به‌سته و هه‌ر ئه‌مانه نیهادینە دەکات. ئەم جاڕنامه‌یه پابەندبوونی بە قانونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیی وەک تەکلیف بۆ “شه‌هروه‌ندان” دیاریی دەکات، لەحاڵێکدا کە یەکێک لە پێشمەرجەکانی بەڕەسمیەت ناسینی مافی هاوڵاتیبوون، لە گرەوی ئەوەدایە کە قانونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیی لە ئیعتیبار بخرێت.
ئەم جاڕنامه‌یه لە باشترین حاڵەتدا، مەیدان بۆ مانۆڕی سیاسیی ئیسلاحخوازانی حکومەتیی و بڕێك لە هێزە ئۆپۆزۆسیۆنە بوورژواییەکان دەکاتەوە. ئەم جاڕنامه‌یه بۆ جارێکی دیكه ئه‌وه وەبیر هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دێنێتەوە کە نابێ لە دەرەوەی چوارچێوە و هێڵە سوورەکانی یاسادا، هەوڵ بۆ بەدواداچوون و دەستەبەرکرانی داخوازییەکانی ئەم بزووتنەوانە بدەن. ئەم جاڕنامه‌یه لە ڕاستیدا “چ كه‌رده‌ن”ی سیاسیی و سەنەدی ڕێنمایی هەڵسووڕاوانی ئیسلاحخوازی حکومەتیی و چالاکانی ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژوا ڕێفۆڕمیستیی ڕژیم لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندایە. ئەم جاڕنامه‌یه ڕێگه‌ی بەلاڕێدابردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە هەڵسووراوانی به‌ناو ئیسلاحخوازی حکومەتیی لەم دەورەیەدا نیشان دەدات، كه‌واته لەخۆڕا نییە کە جەریان و ڕەوتە میللی مەزهەبییەکان و هەڵسووڕاوانی فێمێنیستی ئیسلامیی و لیبڕاڵه‌كانی ناو بزووتنەوەی ژنان و له‌وانه ئیسلاحخوازانی کوردیش، دڵیان پێی خۆشه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یکە هاتنه‌دی به‌نده‌كانی ئەم جاڕنامه‌یه له‌وانه‌یه مەیدانی مانۆڕی زیاتریان بۆ بکاتەوە.
به‌ڵام کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتووی ئێران کە ماوه‌ی زیاد لە ٣ دەیە ده‌بێ ژیان لەژێر حاکمییەتی جەنایەتکارانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی‌یان ته‌جره‌به كردووه و ئاگاداری هه‌موو فرتوفێڵه‌كانی ئەم ڕژیمه لە سه‌روبه‌ندی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانیشین، زۆر به‌باشیی دەزانن کە ڕاگەیاندنی جاڕنامه‌ی هه‌قی شه‌هروه‌ندیی لە لایەن ڕوحانی، لە حاڵێکدا کە چەند مانگێکی بۆ کۆتایی هاتنی خولی سەرۆک کۆمارییەکەی ماوە، شگردێکی تەبلیغاتییە و هیچی تر. ڕوحانی ئەمجارەیان به‌نیازه بە شگردی داکۆکیی لە “هه‌قی شه‌هروه‌ندیی”، بۆ چوار ساڵی دیكه مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتییان پێشێل بکات. کرێکاران و خەڵکێک کە به‌ئیستلاح چەقۆ گه‌یشتۆتە سەر ئێسقانیان، دەزانن کە بەشداریکردن لەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنە، به‌واتای یارمەتیدانی ڕژیمێکه کە بە پشتبەستن بە زۆر و سەرکوت خۆی به‌سه‌رپێوه ڕاگرتووه. به واتای ئه‌وه‌یه كه مۆری تەئید لە ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمێک بده‌ن کە هەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریی بەسەر کرێکاراندا سەپاندووە. به‌واتای دەرفەتدان بە ڕژیمێكه هه‌تا شەپۆلی ئێعدامەکان و سیاسەتی پەیڕەوکردنی هەڵاواردنی جنسییەتیی و سووکایەتی هه‌ر ڕۆژە بە ژنان درێژە پێ بدات. به واتای مەشروعییەتدان بە بەردەوامیی ستەمگەریی نەتەوەیی، زەوتکردنی مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی لاوان و مه‌شرووعییه‌تدان بە درێژەی هەزار و یەک بێبەشیی و مەحرومییەتی دیكه‌یه.