کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

درێژەی جەنایەتەکانی تورکیە لە کوردستان و شکستهێنانی خەونی کۆنەپەرستانەی ئۆردوغان

دوێنێ لە درێژەی هێرشەکانی ئەڕتەش بۆسەر شارە کوردنشینەکانی تورکیە، فرۆکە شەڕکەرەکانی ئەڕتەشی ئەم وڵاتە چەند ناوچەیەکیان لە شاری ” نسێبین” هەڵکەتو لە ئوستانی ماردین بۆمباران کرد. بۆمباران کردنی ئەم شارە لە حاڵێکدایە کە ئەڕتەشی تورکیە هەزاران هێزی نیزامی و سەدان ماشێنی زرێ پۆش و تانکی بۆ سەرکوتی هێزەکانی سەر بە ” یەکینەکانی پاراستنی سڤیل” ڕەوانەی ئەم شارە کردوە. زیاتر لە ٦٠ رۆژە کە کاربەدەستانی ئەمنیەتی و نیزامی تورکیە هه‌ر چه‌شنه‌ هاتوچۆیه‌كیان لەم شارەدا قه‌ده‌غه‌ كردۆه‌. هاوکات لەگەڵ عەمەلیاتی ئەڕتەش لە نسیبین، شەڕ لە شاری شرناقیش توندتر بووە. ئەڕتەشی تورکیە لە ماوەی دوو رۆژی ڕابردودا چەندین جار چەند ناوچەیەکی ئەم شارەی بە تۆپ و تانک داوەتەبەر هێرش.هێرشەکانی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر شارەکانی کوردستانی تورکیە زیاتر لە مانگێکە لە زەوی و ئاسمانەوە درێژەی هەیە. توندوتیژیەک کە هێزەكانی توركییه‌ لەدژی خەڵک لە شارەکانی کوردستان پەیڕەوی دەکەن، هیچ سنورێکی نییە. زمان ناتوانی راده‌ی جەنایەتکارانە بوونی كرداری ئەو هێزانه‌ کە لەدژی خەڵکی ئاسایی لە شاری نسێبین و شڕناق و شوێنەکانی تر به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌یان بكات. دەوڵەتی تورکیە ئیده‌عاده‌كات کە لەدژی هێزەکانی ” پ. ک. ک” شەڕ دەکات. لەحاڵیکدا خەڵکی بێدیفاع لە کۆڵان و شەقامەکان ئەداتەبەر گوللە. بریندارەکان کۆمەڵکوژ دەکات. تەنانەت لە کوشتنی منداڵانیش دەست ناپارێزێ. ماڵی خەڵک وێران دەکات. ژێرخان و دامەزراوەکانی ئاو و کارەبا و ناوەندە خزمەتگوزاریەکان دەکاتە ئامانج. بەسەدان هەزار کەس لە خەڵکی لە ماڵ و حاڵیان ئاوارە کردوە.711

ئامانجی دەوڵەتی تورکیە ئەوەیە کە بە بەکارهێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی، شوری خەباتکارانە و رۆحیەی خۆراگری خەڵکی کوردستان تێکبشکێنێ. ئامانجێک کە تا ئێستا تێیدا شکستی خواردوە. سەدان هەزار کەس لە خەڵکی باقی شارەکان بۆ پشتیوانی لە شارە شەڕ لێدراوەکان ڕێپێوان و خۆپیشاندان دەکەن. لێشاوی یارمەتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بەرەو خەڵکی ئاوارەی ئەم شارانە به‌رده‌وام لەڕێدایە. لە ئاستێکی سەرتاسەریشدا یەکێتیە کرێکاریەکان، رووناکبیران، هونەرمەندان، رۆژنامە نووسانی پێشڕەو، کانونە جۆراوجۆرە سینفی و سیاسیە پێشکەتن خوازەکان لە سەرتاسەری تورکیە، لەدژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیە بە شێوەی جۆراو جۆر ناڕەزایەتی ده‌رده‌بڕن. دەوڵەتی ئۆردوغان بۆ کپ کردنی ئەم دەنگە ناڕەزایەتیانە دەستیداوەتە داخستنی رۆژنامەکان و توند کردنەوەی سانسۆڕ و گوشار خستنەسەر رۆژنامە نووسان و گرتنی هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی.

بەڵام عەمەلیاتی دەوڵەتی تورکیە لەدژی خەڵکی کورد لە بەشەکانی تری کوردستانیش درێژەی هەیە. لە کوردستانی سوریە وێڕای فەراهەم کردنی پێداویستی ماڵی و تەداروکاتی و نیزامی زۆر بۆ هێزەکانی داعش و باقی گوروپە توندڕەوەکانی نزیک لە دەوڵەتی تورکیە، تۆپبارانی پێگەی هێزەکانی پاراستنی گەل ( ی. پ. گ)ی درێژە پێداوە. هاوکات هەموو ئیمکاناتێکی ناوچەیی خۆی بۆ گەمارۆدانی ئابووری و خستنەژێر گوشاری ئیدارەی ناوچە ئازاد کراوەکانی سوریە خستوەتەگەڕ.

لە کوردستانی عێڕاقیش ئاستی دخاڵەتە پیلان گێڕیەکانی دەوڵەتی تورکیە بەرین تر بۆتەوە. لە ماوەی یەک مانگی ڕابردودا حیزبەکەی ئۆردوغان کۆمەڵێک چالاکی بەرینی لەو ناوچانەی کە دوای پاشەکشێی هێزە عێراقیه‌كان لە لایەن پێشمەرگەی هه‌رێمی کوردستانەوە کۆنترۆڵ کراون، دەست پێکردوە. لەم بارەیەوە بە پێوەندی کردن بە سەرۆک عەشیرە سوننی مەزهەبە تورکەمەن و عەرەبەکانەوە، خەریکی دروست کردنی بەرەیەکی کۆنەپەرستی مەزهەبییە لە شارەکانی کەرکوک، توزخورماتو، داقوق و خانەقین. لە ئێستاوە کاری دووبەرەکی نانەوە و دروست کردنی ناکۆکی لە نێوان خەڵکی کورد و عەرەب و تورکەمەندا دەست پێکردوە. گەلێک نیشانه‌ هەن کە دەسەلمێنن میتی تورکیە و هێزە ناوچەییەکانی نزیک لە حێزبی ” داد و گەشەپێدان” ی ئۆردوغان دەستیان لە رووداوەکانی ئەم دواییەی شاری ” توزخورماتو”دا هەبووە.

سەرەڕای ئەوەی کە پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیە لەدژی خەڵکی کوردستان لە تورکیە و سوریە و عێڕاق، گەلێک زەرەر و زیان و وێرانی بەشوێنەوە بووە و هەروا بەشوێنه‌وه‌ ئەبێت، بەڵام هاوسەنگی هێزی خەباتکارانە لە کۆمەڵگای تورکیەدا و لە سەرجەم ناوچەکە بە زەرەری دەوڵەتی تورکیەیە. لەم روەوە بە دڵنیاییەوە دکرێ پێشبینی بکرێت کە خەونە کۆنەپەرستانەکانی ئۆردوغان لە کوردستان و لە هەموو ناوچەکەدا مەحکوم بە شکستن.

دیارترین نمونەی شکستی ئەم سیاسەتانە لە کوردستانی تورکیە و سوریەدا دەبینین. لە تورکیە کوشتار و جەنایەت نەیتوانیوە رۆحیەی خۆڕاگری خەڵک تێکبشکێنێت. رۆژانە شاهیدی گەلێک سەحنەی شۆرئەنگیز لە سەرهەڵدانی خەباتی خەڵکی شارە جۆراو جۆرەکانی کوردستانی تورکیەیەن. لە سوریە پیلانگێڕی و دخاڵەتە ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوکانی ئەڕتەشی تورکیە نەیتوانیوە بەر بە پێشڕەوی ” هێزەکانی پاراستنی گەل” بگرێت. ئیدارەی دیموکراتیکی ناوچە ئازاد کراوەکان وەک دڕکێک لە چاوی دەوڵەتی تورکیەدایە. لە ئاستێکی تردا سیاسەتی کەڵک وەرگرتن لە پەنابەرانی سوریایش نەیتوانیوە کار هاسانی بۆ چوونی تورکیە بۆنێو یەکێتی ئوروپا بکات، بەڵکو دڕدۆنگیەکانی زیاتر کرد و ئۆردوغانی لە دەستەبەر بوونی ئەم ئامانجەی دوور تر خستەوە.

ئەگەرچی خەونی کۆنەپەرستانەی ئۆردوغان سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ دەورانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، بە حوکمی بارودۆخێکی عەینی و واقعی مەحکوم بە شکستە. بەڵام نابێ ئیجازە بدرێت کە ئەم سیاسەتە شکست خواردوە لەوە زیاتر خەڵکی ئەم ناوچەیە بکاتە قوربانی. پشتیوانی کاریگەر لە خۆراگری خەڵکی کوردستانی تورکیە و سوریە کە هەردوکیان لەبەرانبەر ڕژیمی ئۆردوغانداڕیزیان بەستوە، لە لایەن خەڵکەوە لە باقی بەشەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها لە وڵاتانی ناوچەکە و لە ئاستی جیهانیدا، هه‌وڵدان بۆ پوچەڵ کردنەوەی پیلانی دوبەرەکی نانەوەی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی لە لایەن حیزبی دادا و گەشەپێدانەوە لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی کوردستانی عێراق، دەتوانن لەپاڵ خۆراگری لێبڕاوانەی خەڵکی کوردستانی تورکیەدا، ڕەوتی شکستهێنانی بە تەواوەتی دەوڵەتی ئۆردوغان خێراتر بکەن.