نزیکەی حەفتەیەکی ماوە بۆ رۆژی جیهانی کرێکار، هەوڵەکان بۆ بەڕێوەبردنی مەڕاسمی ئەم ماڕشە جیهانیە کرێکاریە لە ئێرانیش وەک زۆربەی شوێنەکانی دنیا دەستی پێکردوە. هاوکات کاربەدەستانی ڕژیمیش لەپاڵ ئامادە باشی هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکاندا، کۆمەڵێک كردهوهیان بۆ بێ ناوەرۆک کردنی ئەم رۆژه خستوەتە دەستوری کاری خۆیانەوە. لە بەرەی کرێکاراندا، پێش بینی دەکرێت کە کرێکارانی پێشڕەو و هەڵسوڕاوانی کرێکاری پشت گەرم بە ئەزمونی خەباتکارانەی تا ئێستایان و بە پشت بەستن بەو رێكخراوه کرێکاریانەی بوونیان هەیە و هەروەها لەژێر کاریگەری جموجوڵی هاو چینەکانیان لە سەرتاسەری دنیادا، سهرقاڵی ئامادەکارین بۆ بەڕێوەبردنی مەڕاسم و ئاکسیۆنە جۆراو جۆرەکان و بە ئامادەیی پێویستەوە بێنە مەیدان و ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵ بهشێوهی جۆراوجۆر بەڕێوەببەن. ماوهی ٣٧ ساڵ دیکتاتۆڕی و سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامی و کارشکێنی ئاشکرا و شاراوە دژ به بەڕێوەچوونی سەربەخۆیانەی جێژنی جیهانی چینی كرێكار، بەردەوام کرێکاران و رێكخراوه سەبەخۆ کرێکاریەکان هەوڵیانداوە لە هەموو بارودۆخێکدا تەنانەت لە گەمارۆی هێزەکانی پۆلیس و پاسدارانیشدا، ڕێز لەم رۆژە بگرن.
وەها چاوەڕوانیەک بە لەبەرچاو گرتنی بوون و حوزوری هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کارزانی کرێکاری، و پێشینەی بەڕێوەچوونی وەها رۆژێک لەم ساڵانەی دواییدا، چاوەڕوانیەکی نا واقعی نییە. لە هەواڵەکانی دوێنێدا هاتبوو کە کرێکارانی ٥ مەجموعەی کرێکاری لە خوڕەم ئاباد هەڵکەوتو لە ئوستانی لوڕستان، بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی، رۆژی جیهانی کرێکارەوە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاو کردۆتەوە. لە بەشێک لەم ڕاگەیاندنەدا کە لە لایەن ” کرێکارانی کارخانەکانی یەخچاڵ سازی، کرێکارانی دەرکراوی کارخانەی پارسیلونی خوڕەم ئاباد، کرێکارانی سامان کاشی بروجێرد، کۆمەڵێک لە کرێکارانی بیناسازی و کرێکارانی پیشەسازیە چکۆلەکانی خورەم ئابادوە” ئیمزا کراوە هاتوە، ” ئێمە ئەمرۆ هاودەنگ و هاو هەنگاو لەگەڵ باقی کرێکاران، خوازیاری دیاری کردنی حەقدەستێکی عادڵانە و بانتر لە هێڵی هەژارین و دواکاری ژیانێکی باشترین. ئێمە پشتیوانی خۆمان لە کرێکارانی ناڕازی کە بۆ مافی عادڵانەی خۆیان خەبات دەکەن و لەم ڕێگایەدا گیراون و زیندانی کراون، ڕادەگەیەنین و خوازیاری ئازادی بێ شەرت و مەرجی هاوکارانمانین.” هەروەها رۆژی هەینی سێی مانگی گوڵان کۆمەڵێک لە کرێکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە شاری سنە بە ئەنجامدانی کۆمەڵیک چالاکی چوون بە پێشوازی ئەم رۆژە مێژوویەوە. بهپێی ههواڵهكان، هەوڵەکان لە رۆژەکانی داهاتودا چڕتر دەبنەوە.
بەڵام لەبەرەی دوژمنانی چینی کرێکاریشدا کاربەدەستانی ڕژیم بێکار دانەنیشتون. خانەی کارگەری و ئەنجومەنی ئیسلامیەکان هەوڵ ئەدەن ئەم بۆنەیە لە ناوەرۆکی خۆی بەتاڵ بکەن و بیکەنە بۆنەیەک بۆ وڕێنە کردنی سەرانی ڕژیم. وەک نمونە سەرنج بدەنە گاڵتەجاڕی بەرنامەی حەفتەی کرێکار لە ئوستانی ئازەربایجانی شەرقی. پەرویز پەناهی مودیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئیدارەی گشتیی تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی ئازەربایجانی شەرقی لە جەلەسەی بەرنامە ڕێژیكراو و هاوئاهەنگی کومیتەی کرێکاران، خاوەنکاران و تەعاونگەرانی ستادی بەڕێوەبردنی مەڕاسمەکانی حەفەتەی کار و کرێکاردا وتویەتی” لە بەرنامە سەرەکیەکانی ئەم ستادە دیدار و چاوپێکەوتنی نوێنەرانی رێكخراوی کرێکاری و کرێکارانی نمونەی ئوستان لەگەڵ مقامی والای ویلایەت، دیدار لەگەڵ نوێنەرانی ویلایەتی فەقیە و ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژهەڵات، دانیشتنی مەتبوعاتی لەگەڵ ڕاگەیەنەرەکان، سوخەنڕانی سەرۆکی ستادی بەڕێوەبردنی حەفتەی کار و کارگەر بەر لە خوتبەکانی نوێژی هەینی، شتنەوەی مەزاری شەهیدان و دیدار لەگەڵ بنەماڵەی بەرێزی شەهیدانی کرێکلارییە”. وەها شانۆگەریەکی گاڵەتەجاڕانە بەناوی رۆژی جیهانی کرێکارەوە بە سیناریۆیەکی هاوشێوە لە زۆربەی ئوستانەکانی ئێراندا ئیجرا دەکرێت.
لە کوردستان، کە بەڕێوەچوونی رۆژی جیهانی کرێکار خاوەنی سوننەتێکی پێشکەوتوانە و جێکەوتوە، ئامادەکاری کاربەدەستانی ڕژیم بۆ کردنی بۆنەی ئەم رۆژە جیهانیە، بە بۆنەیەکی دژی کرێکاری لەمەش زیاتر پڕ له شهرمهزاریه. دیسان وەک نمونە لە شاری بۆکان کۆبونەوەیەک بۆ هاوئاهەنگی لە بهڕێوهبڕدن بەرنامەکانی ئەم رۆژەدا ڕێکخرابوو. سەرنج بدەنە ڕاپۆرتێک کە رۆژی پێنجشەممە لەم بوارەدا بڵاوبۆتەوە “جەلەسەی ستادی بەرنامەڕێژی ڕیزگرتن لە حەفتەی کار و کرێكار و بەسیجی کرێکاری شارستان لە شوێنی سالۆنی كۆبوونهوهكانی سپای بۆکان و بە حوزوری جێگری سپا، سەرپەرستی شارەداری، بەرپرسی ئیدارەکان و مودیری یەکە چالاکە کرێکاریەکان بەڕێوەچوو.” لەم جەلەسەیەدا سەرهەنگی پاسدار مەقسود وەکیلی جێگری سپای بۆکان لە سوخەنڕانیەکدا ئەم بۆنەیەی وەک باشترین کات بۆ بەکردەوە دەرهێنانی دروشمی ساڵ لە بۆکاندا ناوی لێبرد و وتی: سەرجەم بەرپرسان و خەڵک دەبێ لە یەک هێڵدا بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجەکانی دروشمی ئابووری مقاومەتی، هەوڵبدەن و هەنگاو هەڵێننەوە.” بەم پێکهاتەیە لە بەشدارانی ئەم کۆبونەوەیە و بەم جۆرە پەسند کراوانە، ماهیەتی دژهی کرێکاریی ئەم ڕژیمە بە روون ترین شێوە دهردهخهن، تا ئەو جێگایەی تەنانەت خۆیان بە ناچار نابینن کە کرداریەکانیان لەم بوارەدا لە پێچ وپهنای فریوکارانە بشارنهوه.
بەڵام سەرەڕای ئەو ئامادە کاریانەی کە لە بەرەی دژی کرێکاریدا دەکرێت، کرێکاران هەوڵەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی مەڕاسمی ئەم رۆژە، چڕتر دەکەنەوە. ئەم رۆژە، له ههمانحاڵدا رۆژی ناڕەزایەتی بە لە زینداندا ڕاگرتنی ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێكاری و رۆژی خەباتە بۆ ئازادی خێرای سەرجەم زیندانیانی سیاسی. ئەم رەۆژە، رۆژی خەباتە بۆ زیاد کردنی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی، ئەم رۆژە رۆژی تێکۆشانە لەپێناو ئازادی دروست کردنی رێكخراوی سهربهخۆی كرێكاری و ناڕهزایهتی و مانگرتن، رۆژی خەباتە لەدژی بێکاری و بێکارسازیەکان، و رۆژی هەوڵدانە بۆ دابین کردنی بیمەی بێکاری کافی بۆ هەموو بێکاران و سەرجەم کەسانی ئامادەی کار، ئەم رۆژە، رۆژی مەحکوم کردنی کاری منداڵانە و دیفاع لە مافی منداڵان.
بەڕێوەبردنی مەڕاسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی بەشێوەی سەربەخۆ، و سەربەخۆ لە شانۆگەریە فەرمایشیەکانی خانەی کارگەر و ئۆرگانەکانی هاوشێوەی، گەلێک گرنگە. گومانی تێدا نییە کە هەڵسوراوان و رێكخرانی مهحهلی تەشخیسی ئەدەن کە چلۆن سوننەتی بەڕێوەبردنی ئەم رۆژە و سوننەتی پاراستنی ڕیزی سەربەخۆی خۆیان بپارێزن و درێژەی پێبدەن.