کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەوڵەتی تورکیە، سیاسەتێکی جەنایەتکارانە بەڵام دۆڕاو

بەشوێن تەقینەوەی ئوتوبوسێک لە شاری ئانکارا لە پێتەختی تورکیە کە بوو بە هۆی کوژرانی٢٨ کەس و بریندار بوونی زیاتر لە ٦٠ کەسی تر، دەوڵەتی تورکیە بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت، سیاسەتی سەرکوتگەرانەی خۆی لە کوردستان توند تر کردۆتەوە. دوای ئەم تەقینەوەیە هەر ئەو جۆرەی کە چاوڕوان دەکرا دەوڵەتی تورکیە بە خێرایی پ. کا. کا و هێزەکانی پاراستنی گەلی لە سوریە وەک بەرپرس و ئەنجامدەری تەقینەوەکە ناساند و تەبلیغاتێکی بەرینی خستە ڕێ و ئامانجی ئەو تەبلیغاتە ئەوە بووە کە بوار بۆ جنایەتی زیاتر لەدژی خەڵکی کوردستانی تورکیە و دخاڵەتی ڕاستەخۆ لە سوریە فەراهەم بکات. ئەگەرچی “پ . کا. کا” و “یە. پە. گە” دخاڵەتی خۆیان ڕەسمەن لەم تەقینەوەیەدا ڕەد کردەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیە بۆ پاساوی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی خۆی هەروا لەسەر دەست تێدا بوونی ئەوان پێداگری دەکات.ئاشکرایە کە ئەم جۆرە حەرەکەتانە لە خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا جێگایەکی نییە و بە کردەوە دەبێتە بەهانەیەک بۆ پەیڕەو کردنی سیاسەتی فاشیستی دەوڵەتی تورکیە. بەڵام بەم حاڵەشەوە نابێ لەبیر بکرێت، ئەگەر پیلانێک لە لایەن دەزگا ئەمنیەتیەکانی تورکیەوە لە کاردا نەبێت، روودانی ئەم جۆرە رووداوانە کاردانەوەیەکە بەرانبەر بە کوشتاری بێ ڕەحمانەی دەوڵەت، لەدژی خەڵکی بێ دیفاع ئەم وڵاتە.654

یەکێک لە ئەندامانی پاڕلمانی تورکیە ئاشکرای کرد کە هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی ئەم وڵاتە ١٥٠ کەسیان لە دانیشتوانی شاری شرناخ لە باشوری تورکیە کە بۆ ڕزگار کردنی گیانیان لە ژێر زەمینی چەند بینایەکدا خۆیان حەشاردابو، سوتاندوە. نمونەی ئەم جۆرە جەنایەتانە بە شێوەیەکی رۆژانە لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە روو ئەدەن. سەبەبکاری تیرۆریزە کردنی فەزای سیاسی تورکیە ڕاستەخۆ حیزبی حاکمە لەم وڵاتەدا. سەرەتا ترسی خەڵکیان لە نەبوونی ئەمنیەت لە ئاستی سەرتاسەریدا پەرەپێدا و دواتر وایان پیشاندا کە گۆیا بە گرتنە پێشی سیاسەتێکی قاتعانە، ئەمنیەت بۆ وڵات دەگێڕنەوە. لە ڕاستیدا دروست کردنی وەها فەزایەک بوو کە ئاک پارتی گەیاندە ئاستێک تا بتوانێ لە هەڵبژاردنی یەکی نوامبردا زۆرینەی پاڕلمانی کە لە مانگی ژوئێندا لە دەستیدابوو سەرلەنوێ بەدەست بێنێتەوە. حیزبی دەسەڵاتدار بۆ بەرەو پێش بردنی باقی پرۆژە سیاسیەکانی لەوانە ئیسلاح کردنی قانونی ئەساسی و زیاد کردنی دەسەڵات و ئیختیاراتی سەرۆک کۆماری پێویستی بە وەها زۆرینەیەک هەبوو. هەڵپەساردنی پرۆسەی ئاشتی، کە لە ڕاستیدا لە سەرەتاشدا بێجگە لە فریودان بۆ دەستەبەر کردنی دەنگ هیچی تر نەبوو وە شەڕ لەگەڵ پ. کا. کا، باشترین ئیمکان بوو تا وڵام دەرەوەی ئەم نیازەی حیزبی دەسەڵاتدار بێت.
بەڵام لەشکر کێشی بۆ کوردستان بە پێچەوانەی پێش بینیەکانی دەوڵەت بەرەو رووی ئاخێزێکی شاریی لاوان و خۆڕاگریەکی توند نەک لە کوێستانەکان بەڵکو لەنێو دڵی شارەکانی کوردستان و لە لایەن خەڵکێکەوە کە بەهەرچی لەبەر دەستیاندا بوو دەستیان دابوە خۆڕاگری لە بەرانبەر ئەڕتەشێکی سەرتاپا چەکداردا کە لە زەوی و ئاسمانەوە هاتبووە شەڕیان. ڕێگایەک کە دەوڵەتی تورکیە لە بەرانبەر خۆڕاگری خەڵکی کوردستاندا گرتویەتە پێش، بەرهەمێکی بێجگە لە سەرکوتگەری و خوڵقاندنی جەنایەتی بێ ئەژمار ئاکامێکی تری نییە. ئەوەی کە ئەمرۆ سێبەری خستوەتە سەر فەزای سیاسی تورکیە، بەرهەمی سیاسەتێکە لە لایەن حیزبی حاکم بەسەر ئەم وڵاتەدا سەپاوە.
لە لایەکی دیکەوە نیگەرانی جیدی دەوڵەتی تورکیە لە بەهێز بوونی ” هێزەکانی پاراستنی گەل” لە سوریە و سەرکەوتنە بەردەوامەکانیان لە شەڕ لەگەڵ داعش، هۆکارێک بوو کە دەوڵەتی تورکیەی بەرەو دەخاڵەتی نیزامی لەدژی خەڵکی کوردستانی سوریە هان ئەدا. تاوانبار کردنی هێزە خەباتکارەکانی کوردستانی سوریە بە دەست تێدابوون لە تەقینەوەی ئانکارادا شتێک نییە بێجگە لە بوار خۆش کردن بۆ پەرە پێدانی وەها دەخاڵەتێک.
ئێستا دەوڵەتی تورکیە لە دوو بەرە لە تورکیە و لە سوریە لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەرگیرە. ئامانج لە لەشکر کێشی بۆسەر کوردستانی تورکیە بەرگرتنە لە گەشە و پەرەسەندنی بزوتنەوەیەکی بەرین کە دەوڵەتی تورکیە لە خۆی ڕانابینێ بتوانێ بەشێوەیەکی موتەمەدینانە بەرەو رووی بێتەوە. دەوڵەتی ئاک پارتی دەیەوێ خەڵکی ڕاپەڕیو بکێشێتە نێو شەڕێکی نا بەرابەرەوە و لەم ڕێگایەوە ئیرادەیان تێکبشکێنێ. ئەمە شەڕێک، تەنیا لەگەڵ هێزە نیزامیەکانی پ. کا. کا نییە، شەڕێکە لەگەڵ جەماوەری خەڵک. کەڵک وەرگرتن لە تانک و تۆپخانە و فرۆکە و هێلیکوپتێڕی جەنگی بۆ زاڵ بوون بەسەر خۆڕاگری خەڵکدا لە شارەکان، وێرانی هاوشێوەی ئەوەی لە کە لە سوریە روو ئەدات بەشوێنەوە بووە.
بەڵام تۆپباران کردنی پێگەی هێزەکانی ی. پ. گ و هەوڵدان بۆ بەرگرتن لە بەرەوپێش چوونی زیاتریان لە شەڕ لەدژی هێزەکانی داعش، نیشانەی داماوی ئۆردوغان و حیزبەکەیەتی لە بەرانبەر ئەم قەیرانەی ئێستا لە سوریە لە ئارادایە. دەوڵەتی تورکیە بە باشی دەزانێ کە خەڵکی کوردستان بە خۆڕاگری لێبڕاوانەیان لە بەرانبەر هێزە وەحشیەکانی داعشدا، بە کردەوە بوونەتە خاوەنی پێگەیەک کە کەس ناتوانێ دەور و نەخشیان لە شکڵدان بە داهاتوی سیاسی سوریە لەبەرچاو نەگرێت. بەڵام سیاسەتی ئاک پارتی هەم لە تورکیە و هەم لە سوریە مەحکوم بە شکستە. ئەم حیزبە دەتوانێ بە هەڵخراندنی هەستی شوێنیستی لەدژی خەڵکی کورد، بە کەڵک وەرگرتن لە رووداوی وەک تەقینەوەکەی ئانکارا و بە کوشتاری خەڵک لە شارەکانی کوردستان ماوەیەکی تریش لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵام دیاردەکان وای نیشان ئەدەن کە خەونە کۆنەپەرستانەکانی ئۆردوغان لە تورکیە و لە سەرجەم ناوچەکەدا، بەرەو ئەوە دەچێت بۆی ببن بە کابوسێک کە لێی ڕزگار نابێت. دخاڵەتی نیزامی تورکیە لە سوریە لەدژی خەڵکی کوردستان بە کردەوە دەوڵەتی تورکیەی بە زەلکاوێکدا بردۆتە خوارێ کە چارەنووسێکی باشتر لە هێزەکانی داعشی هاوپەیمانی لەبەردەمدا نابێت. ئۆردوغان دەتوانێ جەنایەتی زیاتریش ئەنجام بدات، بەڵام ئیرادەی خەڵکی کوردستانی سوریە و کوردستانی تورکیە، دەرسێکی دژاور بەخۆی و بە حیزبەکەی ئەدەن، کە دەکرێ سەرەتای روخانیان لە تورکیە و ڕزگار بوونی خەڵکی سەرجەم ناوچەکە بێت لەدەست جنایەتکارانی خەیالپەرداز.