رۆژی ١٢ ی فیوریە، بەرابەر لەگەڵ ٢٣ ی ڕێبەندان، هەواڵێک بڵاو بویەوە کە ١١٠ کەس لە ١٣٩ کەسی بریندار کە لە شارستانی جزیرە لە سێ ژێر زەمیندا لە لایەن هێزە نیزامیەکانی تورکیەوە گەمارۆ درابوون بە دەستوری فەرماندەکان کۆمەڵ کوژ کران. ئەو توێژینەوانەی ئەنجام دراون لەسەر جەستە و پەیکەری ٢٠ کەس لە کوژراوەکان ئەوە دەردەخات کە بەگشتی بە زیندویی و بە مادەی ئاگرین سوتێندراون. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە شاری سور، هەڵکەوتو لە نزیک دیاربەکریش ٤٦ کەسی بریندار کە لە بینایەکدا خۆیان حەشاردابوو تا ئێستا لانیکەم ٢٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.لە لایەکی دیکەوە لە جەریانی هێرشی پۆلیس بوسەر خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی لە رۆژی ١٠ ی مانگی فیوریە لە شاری دیاربەکر ٣ کەس لە شارۆمەندان بیراندار بوون کە یەکێکیان بەناوی سلێمان گیوزەل بەهۆی سەختی برینەکەیەوە و نەگەیشتنی یارمەتی پزیشکی گیانی لەدەستدا.
هەروەها بە ئیبتیکاری ژنان لە ماردین بە ئامانجی مەحکوم کردنی کوشتاری بەکۆمەڵی برینداران لە شاری جزیرە ڕێپێوانێک بەڕێوە چوو، سێرى سۆریا ئۆندێر یەکێک لە بەرپرسانی حیزبی دیموکراتیکی گەلان لە ئوستانی ماردین لە سوخەنڕانیەکدا جەختی لەسەر درێژەدان بە خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشی هێزەکانی دەڵەت بۆسەر کوردستان کردوە و وتی: بێدەنگ بوون لە بەرانبەر جەنایەتەکانی تورکیەدا، بەشدار بوونە لەو جەنایەتانەدا.
رۆژی ١١ ی فیوریە لە شارە جۆراو جۆرەکانی ئوروپاوە هەواڵ گەیشت کە لەگەڵ بەردەوامی تیرۆری دەوڵەتی تورکیە لە کوردستان و بێدەنگی مەجامعی نێونەتەوەیی لەم پێوەندیەدا هەزاران کەس لە پشتیوانانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و لایەنگرانی ئاشتی و ئازادی لە شارە جۆراو جۆرەکانی ئاڵمان، سوئیس، فەڕانسە، ژاپۆن، دانمارک و نۆڕوێژ هاتنە سەر شەقامەکان. ناڕازیان وێڕای مەحكوم کردنی جەنایەتەکانی ئەڕتەش، پۆلیس و دەوڵەتی داد و گەشەپێدان و لەوانە کوشتاری بە کۆمەڵی برینداران و ئیمدادگەران لە شاری ” جزیرە” و هەروەها بێدەنگی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی لەم بارەیەوە، پێداگرییان لەسەر پشتیوانی و پشتگیری خۆیان لە خۆڕاگری خەڵکی ئەم ناوچەیە کرد.
یەکینەکانی دیفاع لە خەڵکی مەدەنی لە ڕاگەیاندنێکدا کە رۆژی ١٢ ی فیوریە بڵاوی کردەوە باسی لە درێژەی پاراستنی شارۆمەندان و دانی زەربەی گران لە دوژمن لە شڕناخ، سور، نسیبین و گەوەڕ کرد
ئەوەی کە وترا، تەنیا بەشێک بوو لە جەنایەتەکانی حکومەتی تورکیە لە کوردستان و خۆڕاگری خەڵکی بوێری ئەم ناوچەیە لەم چەند رۆژەی دواییدا. دەستپێکی ئەم دەورەیە لە توندەتیژی لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە لەدژی خەڵکی کورد دەگەڕێتەوە بۆ نێوەڕاستی هاوینی ساڵی ڕابردوی زاینی. رۆژی ٢٠ ی جولای ٢٠١٥ لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆسەر میتینگی لاوانی سوسیالیستی زیاتر کوردتەبار لە شاری سوروچ ٣٣ کەس لەم لاوانە گیانیان لەدەستدا و ١٠٤ کەسی دیکەش بریندار بوون. داعش بەرپرسیاریەتی هێرش کردنەسەر ئەم کۆبونەوەی، کە بۆ قسە و باس کردن لەسەر چلۆنایەتی گێڕانی دەور نەخش لە پێوەند لەگەڵ سەرلەنوێ بنیاد نانەوەی کۆبانی بەڕێوە جووبو، وەئەستۆ گرت. بەهۆی پشتیوانی حکومەتی تورکیە لە داعش و پێوەندیەکی نزیک کە لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە ئیسلامیە تیرۆریستەدا هەیەتی، قامکی تاوان بەرەو دەوڵەتی ئۆردوغان ڕاکێشرا. بەشوێن ئەم جەنایەتەدا دوو پۆلیس کوژران کە کوشتنەکەیان بە ” حیزبی کرێکارانی کوردستان” ( پ ک ک) نیسبەت درا. سەرەڕای وەدرۆ خرانەوەی ئەم هەواڵە لە لایەن پ کا کا وە دەوڵەت و ئەڕتەشی لەپێشدا ئامادە کراو روداوی کوژرانی ئەم دوو پۆلیسەیان کردە بەهانە و ئەتەش بەس و پڕۆسەی بەناو ئاشتیان لەگەڵ حیزبی کرێکارانی کوردستان ڕاگرت. ئامانجی دەوڵەتی ئۆردوغان و حێزبەکەی لە بەناو پرۆسەی ئاشتی، شتێک نەبوو بێجگە لە چەک کردنی پ کا کا و ڕاکێشانی دەنگی خەڵکی کوردستان. دەوڵەتی ئۆردوغان کە سیاسەتەکانی لە میسر و تونێس و خاوەرمیانە، و بە شێوەی ئاشکراتر لە سوریە شکستی هێنا و ئابووریەکەی بەرەو ڕکود و قەیران دەرۆیشت، پێگەکانی پ کا کا ی لە کوێستانەکانی قەندیلی بە زیاتر لە ٣٠ فرۆکەی شەڕکەر بۆمبران کرد. هاوکات هێزە ئەمنیەتیەکان دەستیان کرد بە گرتن هێزە چەپەکان و لایەنگرانی پ کا کا لە سەرتاسەری تورکیەدا.
خەڵکی کوردستان بە ڕاگەیاندنی حکومەتی خۆبەڕیوەبەری لە ٣٠ شار وڵامی کرداری جەنایەتکارانەی ئەڕتەش و دەوڵەتی تورکیەیان دایەوە. ئەوان بە پێکهێنانی مەجامعی گشتی، شوڕاکان، شارەداریە دیموکراتیکەکان و یەکینەکانی پاراستنی خەڵکی مەدەنی دەستیان دایە بەڕیوەبردنی ناوچەکانی خۆیان. ئەڕتەش و پۆلیسی تورکیە بە تۆپ و تانک و باقی ئەو چەکانەی لە شەڕە کلاسیکەکاندا بەکاردێن، هێرشیان کردە سەر خەڵک. دەوڵەتی ئۆردوغان لە تورکیە هیوادار بوو ئەم هێرشانە، کە بە پشتیوانی ناتۆ و لە سایەی بێدەنگی ڕاگەیەنەرە ئیمپڕیالیستیەکاندا بەڕیوە دەچوو، تا پێش هاتنی بەهار و لەبار بوونی هەوا بۆ عەمەلیاتی پارتیزانی بە ئاکام بگات. بەڵام ژنان و پیاوانی ڕێکخراو لە ” یەکینەکانی پاراستنی سڤیل”، جەماوەری خۆپیشاندەر و سازمانە سیاسی و مەدەنیەکاندا خۆڕاگریان کرد و ڕژیمیان توشی شکست و ناکامی کرد. هاوکات کرێکارانی تورکیە، رووناکبیران و ئوستادانی زانکۆ لە نێوخۆ و دەرەوە و رووناکبیرانی هەڵکەوتەی جیهانی وەک نوام چامسکی و ژنان و پیاوانی ئازادی خواز لە نێوخۆ و دەرەوە بە مەحکوم کردنی جەنایەتی هێزە چەکدارەکانی تورکیە، دیفاعیان لە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان کرد و نەفرەت و بێزاری خۆشیان لە دەوڵەتانی سەرمایەداری و ڕاگەیەنەرەکانیان، دەربڕی و ئیجازەیان نەدا کوشتاری خەڵک لەلایەن ئەڕتەش و پۆلیسی سەتاپا چەکدارەوە لە سێبەری بێدەنگیدا درێژەی هەبێت.
ئەگەرچی ئەڕتەشی تورکیە بە بەکار هێنانی وەحشیانە ترین شێوە و ڕەوشەکان توانیویەتی لە شارەکاندا جێگیر بێت و لەژێر سایەی حکومەتی نیزامیدا حاکمیەتی خۆی بگێڕێتەوە بۆ نێو شارەکان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە ئیرادەی خەباتکارانەی خەڵک تێکبشکێنێت. شاهیدی ئەم ڕاستیە درێژەی ئەو میتینگ و ڕێپێوانانەیە کە لە ئاستی دەیان هەزاری کەسیدا لە دەرەوەی ناوچە شەڕ لێدراوەکاندا لەدژی دەوڵەت و ئەڕتەشی تورکیە بەڕێوەدەچن. بێجگە لەوەی پیادە کردنی سیستمی خۆبەڕێوەبەرێتی لە بارودۆخی ئێستادا و لە هاوسەنگی هێزی ئێستادا، ئیمکانی هەیە یان نا، سەرجەمی ئەم بزوتنەوە ماف خوازانەیەی خەڵکی کوردستانی تورکیە شیاوی پشتیوانی هەمە لایەنەیە. ئەزمونی خەڵکی خۆڕاگری کوردستانی تورکیە نیشانی داوە کە بۆ ڕاکێشانی یارمەتی کرێکارانی پێشڕەو و خەڵکی ئازادی خواز لە باقی ناوچەکانی تورکیە و دنیا دەبێ بەر لە هەموو شتێک پشت بە هێز و توانایی خەباتکارانەی خۆ ببەسترێت.