چوارەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شازدە رۆژەکانی ٢٣ و ٢٤ ی ژانویەی ٢٠١٦ بەرابەر لەگەڵ ٣ و٤ ی مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٤ بەڕێوەچوو. لەم پلینۆمەدا ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حێزبی کۆمونیستی ئێرانیش وەک چاودێر بەشدار بوون. بەشی یەکەمی باسەکانی ئەم کۆبونەوەیە تەرخان کرا بۆ ڕاپۆرتی سیاسی ڕێبەریی کۆمەڵە بۆ پلینۆم و هەڵسەنگاندنی ئەم ڕاپۆرتە. گوزارشی سیاسی و ئەو باسانەی لەسەری کران بەوردی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێران و کوردستان بوو وە دواتر لە سەر ناوەرۆکی لێکدانەوەی قەیرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بارودۆخی سیاسی لە بەشە جۆراروجۆرەکانی کوردستان، عێڕاق، سوریە و تورکیە خرایە بەرباس.ڕاپۆرتی بارودۆخی سیاسی ئێران و قسە و باس کردن سەبارەت بەو چووە سەر هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندیەکانی دەورەی دوای تەوافوقاتی هەستەیی و پەسا بەرجام. لەم قسە و باسانەدا جەخت کرایەوە کە بە پێچەوانەی ئیدیعای دەوڵەتی رۆحانی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی و لایەنگرانیان لە نێو ئوپۆزسیۆنی بۆرژوایی ئێڕاندا، پەسا بەرجام نەک دەورەی گەشە و پەرەسەندنی ئابووری سەرمایەداری ئێران و دەورەی قایم بوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو دەورەی درێژەی قەیرانە ئابووریەکان و گەشەی ناکۆکی نێوخۆی حکومەت و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری دەبێت. بەکردەوەدەرهاتنی بەرجام، لاچونی تەحریمەکان، ئازاد کرانی پارە بلۆک کراوەکانی ئێران و کرانەوەی بازارە نێونەتەوەییەکان بە ڕووی پیشەسازی نەوت و گازی ئێراندا ئەگەرچی کرانەوەیەک لە تەنگ و چەڵەمە ماڵی و ئابووریەکانی ڕژیمی کۆماری بەدی دێنێت، بەڵام ئەمە بە واتای چارەسەری قەیران و یان گەشە کردن و بوژانەوەی ئابووری و ڕەخسانی هەلی کار نابێت. ئابووری سەرمایەداری ئێران بەر لە تەحریمەکانی دەوڵەتانی رۆژئاوایش ئابووریەکی قەیران لێدراو بوو.
مۆدێلی تەوسعەی ئابووری جێی سرنجی دەوڵەتی رۆحانی و ڕاکێشانی سەرمایەی ماڵی بۆ سەرمایە گوزاری کردن لە بواری بەرهەمهێنانی سەنعەتیدا و بوونی ئێران بە جەمسەرێکی ئابووری هەناردەکاری کالای سەنعەتی لە خاوەرمیانەدا پێویستی بە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ساختاری سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیدا هەیە. چینی سەرمایەداری ئێران بۆ دابین کردنی پێش مەرجەکانی بوژانەوەی ئابووری پێویستی بە کورت کردنەوەی دەستی سپای پاسداران لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی، کۆتایی هێنان بە ڕانتخۆری، حاکمیەتی قانون و بەرابەری لە بارەگای ئەودا، نەزمی ئیداری جێی ڕەزامەندی، کۆتایی هێنان بە ماجەراجویی لە سیاسەتی دەرەوەدا، سەربەخۆیی نیسبی قوەی قەزاییە، هەیە تا بتوانێ یاسا و ڕێسای سەرمایە گوزاری و سیستمی بانکی ئیسلاح بکات، کۆتایی بە خۆدزینەوەی ماڵیاتی دامەزراوە نیوە دەوڵەتیەکان بێنێ و ڕیسکی سەرمایە گوزاری کردن بە لانیکەم بگەیەنێ. ئەنجامدانی ئەم ئیسلاحاتە لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و ئیدئۆلۆژیک هەیە و ئەم ئاڵوگۆڕەش نەک لە پرۆسەیەکی بە شێنەییدا بەڵکو دەبێ خێرا و زەربەتی ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم کارەش نە بۆرژوازی ئێران بەهۆی مەوقعیەتێکی کە لە ماوەی دەورەیەکدا کە حکومەتی ئیسلامی تێدا بووە، و نە دەوڵەتی رۆحانی کە لەم دەورەیەدا چەند بەشێک لە بۆرژوازی ئێران نوێنەرایەتی سیاسی خۆیان پێ سپاردوە توانایی ئەنجامدانی ئەم ئاڵوگۆرەی هەیە. دەوڵەتی رۆحانی توانایی ئەوەی نییە سپای پاسداران وەک هەستەی سەرەکی دەسەڵات کە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی ئابووری ئێرانی لە پاوان دایە و لە مەیدانی نەوت وگازدا چەندین سەرمایەگوزاری گەورەی ئەنجامداوە بێنێتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و دەستی لە دەسەڵاتی سیاسی کورت بکاتەوە. لەم ڕوەوە بۆرژوازی لە دروست کردنی ئەو جۆرە نیزامە سیاسیی و حوقوقی و ئیداریەی کە لە پێداویستیەکانی گەشە و شکۆفانەوەی ئابووری سەرمایەداریە گەلیک بێتوانا و داماوە. لە لایەکی دیکەوە نیگەرانی لە توند بوونەوەی ناکۆکی و بەرەو روو بوونەوەی چینایەتی دەرفەتی ئەم ئاڵوگۆرە بە بۆرژوازی نادات. لەم باردۆخەدا دەوڵەتی رۆحانی دەست لەنێو دەستی باقی باڵەکانی ڕژیمدا لەترسی لەق بوونی پایەکانی ئەم ڕژیمە بە توندی درێژە بە سەرکوت ئەدات.
بەڵام دەوڵەت لە درێژماوەدا ناتوانێ پێداویستیەکانی گەشە کردنی ئابووری فەراهەم بکات لە کورت ماوەشدا ناتوانێ باشتر بوونێک لە ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بەدی بێنێ. هەژاری لە ١٠ ساڵی ڕابردودا ٧ تا ٨ بەرابەر بووە. حەقدەستەکان بۆ ٤ تا ٥ مەرتەبە ژێر هێڵی هەژاری دابەزیون. نوێ ترین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران ” باس لە نرخی بێکاری ٤٨ لەسەدی لاوانی کەمتر لە ٣٠ ساڵی دەکات. نرخی بێکاری لەنێو ژناندا زیاتر لە ٨٠ لەسەدە”. بەم حاڵەشەوە حەسەن رۆحانی لە یەکەم ئیجلاسی هەڵسوڕاوانی ئابووری غەیرە دەوڵەتیدا باسی لە سپاردنی حەوزەکانی بێهداشت و ئاموزش بە کەرتی تایبەت کرد. واتە دەوڵەت هەوڵ ئەدات بۆ ڕاکێشانی سەرمایە گوزاری دەرەکی و زەمانەت کردنی سودئاوەری سەرمایەکان سیاسەتی ڕیازەت کێشی ئابووری و هێرش بۆسەر ئاستی ژیان و بەڕێچونی کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگە درێژە پێبدات. بە سرنجدان لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابووریە هەروەک لەم مانگانەی دواییشدا بینیمان مانگرتن و ناڕزایەتی کرێکاری لە ناوەندە پیشەسازی و خزمەتگوزاریەکاندا و مانگرتنی موعەلیمان و پورستاران زیاتر دەبێت. لاچونی گەمارۆکان و ئاسایی بونەوەی مناسبات لەگەڵ رۆژئاوا ئاستی چاوەڕوانیەکانی کرێکاران دەباتە سەرەوە، ژنان زیاتر لە ڕابردو قانونە ئیسلامیەکان لە ژیانی رۆژانەیاندا پێشێل دەکەن و بەرەنگاری دەبنەوە.
بەم جۆرە دوای بەرجام دەورەی شکۆفانەوەی ئابووری و دەورەی سەقامگیری و ئارامی نابێت بۆ کۆماری ئیسلامی، خەباتی کرێکاران و خەڵک بۆ گەیشتن بە ویست و داواکاریەکانیان توند تر دەبێتەوە، و داهاتوی ئێران و کۆماری ئیسلای کامڵ بوون و گەشە کردنی ئەم خەبات و تێکۆشانانە دیاری دەکات. لەم دەورەیەدا گرتنەپێشی سیاسەتی پێشڕەو و شۆڕشگێڕانە دەخوازێت، کە هەموو ئیمکانات و زەرفیەتەکانیان بۆ پەرەدان بە خەباتی کرێکاری لەدەوری داخوازیەکانیان و خەباتی ژنان بۆ پاشەکشە کردن بە ڕژیم لە هێرش کردنە سەر مافەکانیان بخەنەگەڕ و لە هیچ دەرفەتێک بۆ هەڵخڕاندنی نارەزایەتی و دخاڵەتگەری لە بزوتنەوەکان و خەباتێكی پێشکەوتن خوازانەدا کە لە کۆمەڵگادا سەری هەڵداوە، درێغی نەکەین.