زیندانیانی سیاسیی ئێران بریتین لەو ژن و پیاوانەی کە بەهای بەرگری کردن لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ دەدەن. ئەوان داوای ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری، یەکسانیی ژن و پیاو، نەهێشتنی هەڵاواردن دژی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، پاراستنی ژینگە، مافی پێکهێنانی ڕێکخراو و حیزب، مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، کۆتاییهێنان بە سەرکوت و دەستڕاگەیشتن بە هەموو ئەو ئیمکاناتە دەکەن کە بۆ ژیانێکی شایستەی مرۆڤی ئەمڕۆ پێویستن. تاوانیان ئەوەیە کە ویستوویانە لە وڵاتێکی ئازاد و یەکساندا بژین.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی حوکمڕانیدا، هەزاران زیندانیی سیاسیی ئێعدام کردووە و سەدان هەزار کەسیشی دەستبەسەر، ئەشکەنجە و زیندانی کردووە. بە زەحمەت دەتوانرێت لە ئێراندا بنەماڵە، گەڕەک، کارگە، دامەزراوە یان گوندێک بدۆزرێتەوە کە یەکێک لە ئەندامانی، دراوسێکانی یان هاوکارەکانی تامی زیندانیی سیاسی یان دوورخستنەوەی لە شوێنی ژیانی خۆی نەچێشتبێت.
جۆراوجۆریی زیندانیانی سیاسی خۆی گەواهییەکی ڕوونە بۆ ئەم ڕاستییە. کۆمۆنیستەکان و چالاکانی کرێکاری، ڕۆژنامەنووسان و نووسەران، پارێزەران و زانایان، فێمینیستەکان و چالاکانی مافەکانی ژنان، ئەندامانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، چالاکانی ژینگەپارێزی، مۆسیقاژەنەکان، هونەرمەندان و فیلمسازان، هەموویان لە زیندانەکانی ئەم حکومەتەدان. ئەم بەربڵاوییە نیشان دەدات کە دژایەتیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تەنیا چینێک یان بیروباوەڕێکی دیاریکراو لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران، لە هەر چین و توێژێک و بە هەر دیدگایەکەوە، تێیدا بەشدارن.
بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لەدژی حکومەت، شێوازەکانی سەرکوتیش ئاڵۆزتر بوونە. لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، هەواڵنێرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و گەلێک شایەتیی زیندانیان، وێنەیەکی نیگەرانکەریان لە بارودۆخی زیندانەکانی ئێران خستووەتەڕوو. بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی، پێدانی دەرمانی زۆرەملێی ئارامکەرەوە و بەکارهێنانی سیستەمی پزیشکی بۆ گوشارخستنە سەر زیندانی، بوونەتە شێوازێکی باو لە زیندانەکاندا. کێشەکە تەنها کەمیی ئیمکاناتی تەندروستی نییە، بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتانە، لە هەندێک حاڵەتدا خودی چارەسەر بووەتە ئامرازێک بۆ سەرکوت.
ڕێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێرناوی “لە چاوەڕوانیی مەرگدا” کە لە خاکەلێوەی ١٤٠١دا بڵاوکرایەوە، مردنی ٩٦ زیندانی لە ٣٠ زیندان و ١٨ پارێزگادا لە ساڵی ٢٠١٠ بەملاوەی تاوتوێ کرد و گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بێبەشکردنی بەئەنقەست لە چارەسەری پزیشکی بووەتە شێوازێکی جێگیر لە زیندانەکاندا. بە گوێرەی ئەم ڕێکخراوە، ٦٤ کەس لەم زیندانییانە لە ناو خودی زینداندا گیانیان لەدەست داوە و ئەگەری زۆرە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیان زۆر زیاتر بێت. لەو حاڵەتانەی کە دەسەڵاتداران هۆکاری مردنەکانیان بە “وەستانی دڵ” یان “خۆکوژی” ڕاگەیاندووە، بنەماڵەکان و دامەزراوەکانی مافەکانی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیان کردووە.
لەگەڵ بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی، ئەوەی بە “ئەشکەنجەی دەرمانی” ناودەبرێت، سەرنجی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤی ڕاکێشاوە. زیندانییانی پێشووتر بڵاویان کردۆتەوە کە، بە تایبەتی لە ماوەی درێژخایەنی زیندانی تاکەکەسی، دەرمانی بەهێزی ئارامکەرەوە، دژەنیگەرانی و دەروونییان بەسەردا سەپێنراوە. هەندێکیان دەڵێن بەبێ ئاگادارکردنەوەیان، دەرمانیان تێکەڵ خواردن یان خواردنەوەکانیان کردووە. بە بۆچوونی ئەم شایەتانە، ئامانج نەک هەر چارەسەرکردن نەبووە، بەڵکوو بریتی بووە لە کەمکردنەوەی توانای تەرکیز، لاوازکردنی ئیرادە، دروستکردنی وابەستەیی بە دەرمان و نەهێشتنی هەستی سۆزداری بووە، بەمەبەستی لێسەندنەوەی توانای بەدواداچوونی یاسایی و گێڕانەوەی ئەزموونی زیندان لە زیندانیی.
ڕاپۆرتەکانی جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتەری تایبەتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانیش زیندانیی تاکەکەسیی درێژخایەن، ئەشکەنجەی جەستەیی، گوشاری دەروونی و بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکییان بە بەشێک لە شێوازێکی سیستەماتیک بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ وەسف کردووە. بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ هەروەها ئاماژەیان بە گواستنەوەی زیندانیانی بێپێشینەی نەخۆشیی دەروونی بۆ ناوەندەکانی پزیشکیی دەروونی و چارەسەری ناچاریی کردووە. ڕەوتێکی کە دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ بێباوەڕکردنی دژبەرانی حکومەت و لەناوبردنی متمانەیان لەلای خەڵک.
حکومەت هەر لە بنەڕەتدا بوونی زیندانیی سیاسی ڕەت دەکاتەوە و ئەو کەسانەی بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانیان دەستبەسەر دەکرێن، بە “زیندانیی ئەمنیەتی” ناودەبات. بۆیە ئاماری وردی ژمارەی زیندانیانی سیاسی لە ئێراندا بوونی نییە.
کۆماری ئیسلامی هەموو زیندانەکانی ڕژێمی پێشووی بە میرات وەرگرت و لە ماوەی چوار دەیەدا، ژمارەیەکی زۆر زیندان و گرتووخانەی نهێنی و بێناونیشانی دیکەشی پێوە زیاد کرد. لە هەمان کاتدا، بازنەی تۆمەتەکانی “ئەمنیەتی” و “،هەوڵدان لەدژی ئەمنیەتی ڕژێم” ئەوەندە بەربڵاو بووە کە نزیکەی هەر جۆرە بیروباوەڕێکی جیاواز، لە هەر بوارێکی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، دەتوانێت ببێتە هۆی زیندانیکردن.
یەکێک لە شێوازە نامرۆڤانە باوەکان، ڕاگرتنی زیندانیانی سیاسییە لەگەڵ تاوانبارانی توندوتیژ و کەسانی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان. زیندانیان و بنەماڵەکانیان زۆر جار ڕایانگەیاندووە کە هەندێک لە زیندانییە مەترسیدارەکان هان دراون بۆ ئازاردان و هێرشکردنە سەر زیندانیانی سیاسی. ئەم کارە هەم سەلامەتیی گیانی زیندانی دەخاتە مەترسییەوە و هەم بە گوشاری دەروونی، لەگەڵ مەترسیی زیانی جیددی بەرەوڕوی دەکاتەوە. کاتێک ئەم شێوازە لەگەڵ گوشاری ژووری تاکەکەسی و ئەو دەرمانانەی کە پێکهاتە و کاریگەرییەکیان ڕوون نییە تێکەڵ دەبێت، زیندانییەکی کە بە تەندروستییەوە چووەتە زیندان، ڕەنگە بە زیانی جەستەیی و دەروونیی بەردەوامەوە لێی بێتە دەرەوە.
ئێرانی ئەمڕۆ لە ڕیزی ئەو ژمارە کەمە لەو وڵاتانەدایە کە تێیدا چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هێشتا زیندانی دەکرێن، ئەشکەنجە دەدرێن و ئێعدام دەکرێن. حکومەتێکی کە هیچ جۆرە ناڕەزایەتییەک بە فەرمی ناناسێت و هەر دەنگێکی جیاواز بە هەڕەشەیەک بۆسەر مانەوەی خۆی دەزانێت، زیندانی کردووەتە ئامرازی سەرەکیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا.
زیندان شوێنی ئەو مرۆڤە شریف و ئازادیخوازانە نییە کە لەپێناو کەرامەتی مرۆیی، یەکسانی، نەهێشتنی چەوساندنەوە و هەڵاواردن، و ژیانێکی باشتر بۆ هەمووان خەبات دەکەن، بەڵکوو شوێنی ئەوانەیە کە ئەشکەنجەیان ڕێکخستووە و هەژاری و بێدەرەتانییان بەسەر ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێراندا سەپاندووە. بەرگری کردن لە زیندانیانی سیاسی، بەرگری کردنە لە باشترین بەشی کۆمەڵگا، لەو کەسانەی کە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە مرۆییەکان بەهایەکی گران دەدەن.
لەمڕووەوە داواکارییەکانمان ڕوونن: ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەشکەنجە، ئێعدام و هەر جۆرە “ئەشکەنجەیەکی دەرمانی” و گواستنەوەی ناچاریی بۆ ناوەندەکانی پزیشکیی دەروونی، دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێ و بێبەربەستی زیندانیانی نەخۆش بە چارەسەری گونجاو لە دەرەوەی زیندان، کۆتاییهێنان بە ڕاگرتنی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ تاوانبارانی توندوتیژ و کەسانی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف لەبارەی مرگە گوماناوییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردن و دوای ئازادبوون، پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی لە بنەماڵەکانی زیندانیانی سیاسی کە خۆشیان ڕووبەڕووی گوشار و هەڕەشە دەبنەوە.
نابێت زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بە تەنیا بهێڵینەوە. بوون بە دەنگی ئەوان، گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان و فشارخستنە سەر دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدواداچوون سەبارەت بە بارودۆخیان، کەمترین کارە کە لە تواناماندایە. بەڵام ئازادیی ڕاستەقینە تەنها بە کۆتاییهێنان بەو سیستەمە سەرکوتەگەرە، بە هێزی خەباتی کرێکاران و خەڵکی هەژار و چەوساوە دەستەبەر دەبێت، ئازادییەکی کە لە سبەی ڕۆژیدا، ئازادییە سیاسییە بێ شەرت و مەرجەکان وەک بەشێکی جیانەکراوە لە مانیفێستی ئەو داهاتووە ڕاگەیەنرێت و جێبەجێ بکرێن
