ئوروپا لەم مانگانەی دواییدا شایەتی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی، خوێندکاری و کرێکاری بووە، کە لە فەڕانسەوە تا پرتەقاڵ، لە ئیتالیاوە تا یۆنان و لە بەلژیکەوە تا ئاڵبانیا و سربیای گرتووەتەوە. سەدان هەزار قوتابی، خوێندکار، کرێکار، مامۆستا، خانەنشین، شوفێری کامیۆن و جوتیار هاتوونەتە سەر شەقام. داواکارییەکانیان سەرەڕای هەموو جیاوازییە نەتەوەییەکان، لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە: ژیانێک کە چیتر بە حەقدەست و مووچەی خانەنشینی دابین ناکرێت.
میدیا سەرەکییەکان و زۆرێک لە حکوومەتەکان هەوڵ دەدەن ئەم ڕووداوانە وەک ئاژاوەی شەقام و پێکدادانی پەرتەوازە بگێڕنەوە، هەندێک ڕەوتی ڕاستی توندڕەویش دەیخەنە ئەستۆی کۆچبەران و گروپە چەپەکان. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە لە پشت ئەم ناڕەزایەتیانەوە قەیرانێکی قووڵی بژێوی، داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، فراوانبوونی نایەکسانی و کەمبوونەوەی بەردەوامی هێزی کڕینی چینی کرێکار و توێژە کەمدەرامەتەکان هەیە. تەنانەت ئەو چاودێرانەی هیچ هاوسۆزییەکیان بۆ بزووتنەوەی کرێکاری نییە، دانیان بەوەدا ناوە کە ناوەڕۆکی ئەم ناڕەزایەتیانە تێچووی ژیان و دابەزینی خزمەتگوزارییە گشتییەکانە، نەک کۆچ یان ئایین.
لەم ڕوانگەیەوە، بزووتنەوەکانی دەبێت پێش هەموو شتێک وەک کاردانەوەیەکی ڕەوا و شایەنی لێتێگەیشتنی ملیۆنان هاووڵاتیی ئوروپایی ببینرێن بەرامبەر بە بارودۆخێکی کە قورساییە سەرەکییەکەی خراوەتە سەر شانی کرێکاران، خانەنشینان، گەنجان و ژێردەستەکانی کۆمەڵگا.
بەڵام قەیرانی ئەمڕۆ لە یەک شەودا دروست نەبووە. لە سێ دەیەی ڕابردوودا حکوومەتە ئوروپاییەکان بە پەیڕەوکردنی لۆژیکی سک هەڵگوشین، بەشێک لە خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان بچووک کردەوە، خەرجییە کۆمەڵایەتییەکانیان سنووردار کرد و زۆرێک لە ئەرکە خۆشگوزەرانییەکانیان دایە دەست بازاڕ. خانووبەرە لە مافێکی کۆمەڵایەتییەوە بوو بە کاڵایەک بۆ وەبەرهێنان، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بە کەمیی بەردەوامی بودجە و هێزی کار ڕووبەڕووی کێشە بوونەوە، و مووچەکان لە زۆر وڵاتدا لە ئاستی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان دواکەوتن.
لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە زنجیرەیەک شۆکی یەک لە دوای یەک ئەم ڕەوتەیان خێراتر کرد. گشتگیربوونی کۆڤید-١٩ ملیۆنان کاری نائارام کرد و قەرزی گشتیی حکوومەتەکانی بەرز کردەوە. دواتر شەڕی ئۆکراین و شێواوی بازاڕی وزە، نرخی گاز، کارەبا، سووتەمەنی و خۆراکی گەیاندە لووتکە، و یەکێتیی ئوروپا بەرزترین ڕێژەی هەڵاوسانی لە مێژووی ئامارەکانی خۆیدا تێپەڕاند.
بەڵام بارگرانیی ئەم هەڵاوسانە بە یەکسانی دابەش نەبوو. بەشی وزە و خۆراک لە سەبەتەی بەکارهێنانی بنەماڵەیەکی کرێکاریدا زۆر لەوە زیاترە کە لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەنددا هەیە، لەبەر ئەوەش گرانی بۆ ژێردەستەکان مانایەکی بەتەواوی جیاوازی هەبوو. توێژینەوەکانی خودی دامەزراوە ئوروپاییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ماڵە کەمدەرامەتەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوت و یارمەتییە حکوومییەکان تەنیا بەشێک لەم زیانەیان قەرەبوو کردەوە، یارمەتییەک کە بەشی زۆری لە جیاتی ئامانجگرتنی چین و توێژە ژێردەستەکان، بە شێوەیەکی گشتی دابەش کرا.
ئەمڕۆ قۆناغێکی نوێی هەمان زنجیرە بەردەوامە. ئەو حکوومەتانەی ڕووبەڕووی کەسریی بودجە و تێچووی قورسی قەرزکردن بوونەتەوە، جارێکی دیکە کەمکردنەوەی بودجەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و چاکسازیی سیستەمی خانەنشینییان خستووەتە بەرنامەی کارەوە. بە واتایەکی دیکە، پسوولەی ئەو قەیرانانەی کرێکاران هیچ ڕۆڵێکیان لە دروستبوونیاندا نەبووە، جارێکی تر بە ناوی ئەوانەوە دەردەچێت.
شەڕی ئۆکراین تەنیا لە ڕێگەی گرانیی وزەوە کاریگەریی لەسەر ژیانی ئوروپاییەکان دانەناوە. لەگەڵ قەیرانی بژێویدا، حکوومەتە ئوروپاییەکان چوونەتە قۆناغێکی خۆتەیارکردن بە چەکوچۆڵی بەرفراوان و وڵاتانی ئەندامی ناتۆ پابەند بوون ڕێژەی خەرجییە بەرگریی و ئاسایشییەکان لە ساڵانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.
بۆ ملیۆنان هاووڵاتی، پرسیارە ساکار و بنەڕەتییەکە ئەمەیە: بۆچی بۆ شەڕ و چەک هەمیشە پارە هەیە، بەڵام بۆ قوتابخانە، نەخۆشخانە، خانووبەرەی کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینی هەرگیز؟ ئەم پرسیارە ئێستا لە درووشمەکانی شەقامدا دەبیسترێت. قوتابییانی ئیتالیا بە ئاشکرا داوای خەرجیی زیاتر بۆ پەروەردە و خەرجیی کەمتر بۆ چەکوچۆڵ دەکەن، و لە ئاڵمان ترسی گەڕانەوەی خزمەتی سەربازیی ناچاری شەپۆلێک مانگرتنی قوتابخانەیی بە پشتگیریی یەکێ کرێکارییەکان و ڕێکخراوە ئاشتیخوازەکان دروست کردووە.
[10/27/2026 13:30] adib arab: بەم شێوەیە هاووڵاتییانی ئوروپا ئەمڕۆ نەک هەر تێچووی ڕاستەوخۆی هەڵاوسان دەدەن، بەڵکوو بارگرانیی سیاسەتە شەڕتەوەرەانیش هەڵدەگرن کە سەرچاوە گشتییەکان لە پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەوە بەرەو پیشەسازییە چەکسازییەکان دەگوازنەوە. بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی کرێکاران لەم بارودۆخەدا لە بەرگریکردن لە ئاشتی و لە پێشخستنی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان جیا ناکرێتەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی ئەم شەپۆلە، ڕۆڵی پێشەنگی قوتابییان، خوێندکاران و گەنجانە. لە فەڕانسە ناڕەزایەتییەکان بە داواکاریی پەروەردەیی دەستیان پێکرد. کەمیی مامۆستا، قەرەباڵغیی پۆلەکان و کۆنبوونی بینای قوتابخانەکان یەکەم چەخماخەکانیان لێدا. بەڵام کاتێک یەکێتییە کرێکارییەکان، کارمەندانی کەرتی گشتی، ناڕازیانی گرانیی سووتەمەنی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ بە قوتابییان بوون، ناڕەزایەتییە پەروەردەییەکە بە خێرایی بوو بە بزووتنەوەیەکی سەرانسەری دژی سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەت. هەمان نەخشە لە ئیتالیا، بەلژیک، یۆنان، ئوتریش و ئالبانیاش دووبارە بووەوە.
ئەم پەیوەندییە بەڕێکەوت نییە. قەیرانی پەروەردە، قەیرانی خانووبەرە، گرانیی وزە و دابەزینی هێزی کڕین، ڕووخساری جۆراوجۆری یەک قەیرانی کۆمەڵایەتیی تاکن. ئەو تازەلاوەی ئەمڕۆ لە پۆلێکی قەرەباڵغ و بینایەکی کۆندا دەخوێنێت، سبەینێ ڕووبەڕووی بازاڕی کاری نائارام، حەقدەستی نەگونجاو و کرێی کەمەرشکێن دەبێتەوە.
لەوانەیە هیچ پرسێک بە قەد خانووبەرە نەتوانێت پەیوەندیی نێوان تووڕەیی گەنجان و پێکهاتەی ئابووری ڕوون بکاتەوە. لە ئیسپانیا، کرێی خانوویەکی بچووک بۆ گەنجێک کە بیەوێت بە تەنیا بژی، نزیکەی هەموو مووچەکەی بۆخۆی دەبات و بەشێکی گەورەی نەوەی گەنج تا تەمەنی سی ساڵی ناچارە لە ماڵی باوکی بمێنێتەوە. لە پرتەقاڵ، نرخی خانووبەرە و کرێ لە کەمتر لە دەیەیەکدا دوو هێندە بووە و درووشمی “چیتر ناکرێت بەم شێوەیە بژیین” بووەتە زمانی هاوبەشی ناڕازیانی لیسبۆن و پۆرتۆ. ئەم درووشمە کورتەیەکی ڕوونی دۆخی نەوەیەکە کە سەرەڕای کارکردن و خوێندن، توانای بنیاتنانی ژیانێکی سەربەخۆی لەدەست داوە.
بێگومان هێرشکردنە سەر مڵکی گشتی، تاڵانکردنی دووکانەکان یان ئاگرتێبەردانی بیناکان چارەسەر نییە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم کردەوانە هیچ یارمەتییەک بە پێشخستنی داواکارییە جەماوەرییەکان نادەن و بیانووی پێویست بۆ سەرکوتکردن، پەسەندکردنی یاسای ئەمنییەتی توند و ناوزڕاندنی هەموو بزووتنەوەکە دەخەنە بەردەست حکوومەتەکان و ڕاستی توندڕەو.
بەڵام نابێت ئەو هەڵەیە بکرێت کە هەموو بزووتنەوەکە بەپێی ڕەفتاری گروپێکی سنووردار هەڵبسەنگێنرێت. کاتێک سەدان هەزار کرێکار، مامۆستا، خوێندکار، خانەنشین و بنەماڵەی کەمدەرامەت دێنە سەر شەقام، تایبەتمەندیی یەکلاکەرەوەی ئەم حەرەکەتە توندوتیژی نییە، بەڵکوو فراوانیی کۆمەڵایەتی، سروشتی جەماوەری و ڕەوایەتیی داواکارییەکانیەتی. بەشی زۆری ئەم کۆبوونەوانە هێمنانە بوون و ملیۆنان کەس تەنیا دەیانویست دەنگیان بیسترێت.
هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانە پێویستی بە ڕوانین لە جۆری مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانیشە. لە فەڕانسە هەزاران کەس، لەوانە ژمارەیەکی زۆر تازەلاو، دەستگیر کران و ڕاپۆرتی دڵتەزێن دەربارەی بریندارکردنی قوتابییان بە گوللەی پلاستیکی و نارنجۆکی دەنگی بڵاو کرایەوە. لە بەلژیک و ئالبانیا ناڕازیان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئامرازی دژەشۆڕش ڕووبەڕوو بوونەوە، لە پرتەقاڵ ئۆردووگا ناڕەزایەتییەکان بە زۆر هەڵگیران، و لە ئیتالیا ڕاگرتنی سەرباز لە شارە گەورەکان و توندکردنی سزاکان، ڕوانگەیەکی ئەمنیی حکوومەتی بۆ ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی نیشان دەدا.
بۆیە ئەگەر توندوتیژیی گروپێک لە ناڕازایان مەحکوم دەکرێت، توندوتیژیی دەوڵەتیش دەبێت بە هەمان ڕاشکاوی ڕەخنەی لێ بگیرێت. بریندارکردنی منداڵانێک کە بۆ قوتابخانەیەکی باشتر هاتوونەتە سەر شەقام، ناکرێت بە پاراستنی دۆخەکە ناو ببرێت. دیموکراسی ئەو کاتە مانا پەیدا دەکات کە هاووڵاتییان بتوانن بەبێ ترس لە سەرکوت ناڕەزایی دەربڕن و دەنگیان ببێتە هۆی گۆڕانی سیاسەتەکان.
گرنگترین ئەنجامی سیاسیی ئەم کەش و هەوای ناڕەزایەتییە تا ئێستا لە سربیا بینراوە. بزووتنەوەی خوێندکاریی ئەم وڵاتە دوای کارەساتی ڕووخانی سایەبانی وێستگەی شەمەندەفەری نووڤیساد لە ساڵی ٢٠٢٤ پێکهات، ڕووداوێکی کە بوو بە هێمای گەندەڵی و بێبەرپرسیاریی دەسەڵات. ناڕەزایەتییەک کە بە داواکردنی لێپرسینەوە دەستی پێکردبوو، لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا بوو بە بزووتنەوەیەکی سەرانسەری دژی گەندەڵی و بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک.
[10/27/2026 13:30] adib arab: ئەم بزووتنەوەیە توانی هێزی شەقام بکات بە هێزێکی سیاسی. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦دا، “لیستی خوێندکاران” بە بەشداریکردنێکی بێوێنە زۆرینەی دەنگ و کورسییەکانی بەدەست هێنا و ئەلێکساندەر ڤوچیچ دوای زیاتر لە دەیەیەک زاڵبوون، دانی بە شکستی خۆیدا نا. تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەم بزووتنەوەیە خۆپاراستنی وشیارانە بوو لە ڕابەریی تاکەکەسی و پشتبەستن بە سروشتی بەکۆمەڵی خۆی، کە خوێندکاران، مامۆستایان، پزیشکان و کرێکارانی لە دەوری یەک کۆکردەوە.
چارەسەرکردنی کێشە پێکهاتەییەکانی سربیا کاتی دەوێت، بەڵام ئەم ئەزموونە وانەیەکی ڕوون بۆ سەرانسەری ئوروپا لەخۆ دەگرێت. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر ڕێکخراوەیی، پێگەی جەماوەری و سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن، دەتوانن داواکارییەکانی شەقام بگەیەننە گۆڕەپانی سیاسەتی فەرمی.
ئەوەی ئەمڕۆ لە شەقامەکانی ئوروپا ڕوودەدات، کۆمەڵێک ئاژاوەی پەرتەوازە نییە، بەڵکوو نیشانەی کەلێنە کۆمەڵایەتییە قووڵەکانە کە لە ماوەی ساڵانێکدا لەو کۆمەڵگایانەدا کۆبوونەتەوە. کرێکاران و توێژە کەمدەرامەتەکان لە هەموو گروپێکی دیکە زیاتر تێچووی هەڵاوسان، گرانیی وزە، پاشەکشەی ئابووری و بچووکبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان داوە، لە کاتێکدا بەرهەمی گەشەی ئابووری و سەرچاوە گشتییەکان بە نایەکسانی دابەش بوون و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو بودجەی سەربازی دەڕۆن.
لەبەر ئەمەیە کە داواکاریی وەک حەقدەستی دادپەروەرانە و هاوتەریب لەگەڵ هەڵاوسان، خانووبەرەی گونجاو لە ڕووی نرخەوە، پەروەردەی بەخۆڕایی و بەکوالیتی، تەندروستیی گشتیی بەردەست، مووچەی خانەنشینیی شایستە و پێشخستنی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر خەرجییە جەنگییەکاندا، داواکاریی توندڕەو نین، بەڵکوو داواکاریی ڕەوا و دیموکراتین. ڕەوایەتیی ئەم داواکارییانە ناکرێت بە ئاماژەکردن بە چەند پێشخانی شکاوی دووکان ڕەت بکرێتەوە.
پرسی سەرەکیی ئەمڕۆی ئوروپا ئاسایشی شەقامەکان نییە، بەڵکوو ئاسایشی بژێویی ملیۆنان کەسە کە ڕۆژانە زیاتر لە جاران لە ژێر باری قەیرانی ئابووری و نایەکسانیدا دەبن. ئەوەی ئەمڕۆ ئوروپا دەیبیستێت، هاواری ملیۆنان مرۆڤە بۆ کەرامەت، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی ژیانێکی شایستە، هاوکارێکی کە تا ڕەگ و ڕیشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی چارەسەر نەکرێن، هەر لە شەقامەکانی ئەم وڵاتانەدا دەنگ دەداتەوە.
