کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەنجان، بێکاری، زیانە کۆمەڵایەتییەکان و هیوا بە دواڕۆژێکی ڕوون

Screenshot ۲۰۲۶ ۱۰ ۲۶ ۱۲ ۵۷ ۱۳ ۴۴۸ com instagram android edit

ئێران لە زومرەی گەنجترین کۆمەڵگەکانی جیهانە. نەوەیەکی بەرینی کە پێی ناوەتە ناو قۆناغی گەشە و پێشکەوتن. لە هەر کۆمەڵگایەکدا، ئەم نەوەیە سەرمایەیەکی گرانبەهایە. بەڵام لە ئێران، لەبری ئەوەی ئەم سەرمایەیە بەکاربهێنرێت و سوودی لێ وەربگیرێت، لە ناو پەیوەندییە پڕ لە گەندەڵی و هەڵاواردن و نایەکسانییەکاندا بەفیڕۆ دەچێت. گەنجانی ئێران بە هەمان ڕادەی کە بەشی هەرەزۆری دانیشتوانی وڵات پێک دەهێنن، قورس‌ترین باری بێبەشی و مەحرومییەتیش لەسەر شانیانە. زیانە کۆمەڵایەتییە زیانبارەکانیش زیاتر لە هەر گرووپێکی دیکە، بەرۆکی ئەوان دەگرێتەوە.

گەنجانی تەمەن ١٥ تا ٣٠ ساڵ، نزیکەی یەک لە سەر سێی دانیشتوانی وڵات پێک دەهێنن. ژمارەیان لە ٣٠ ملیۆن کەس زیاترە. گەنج ئاواتەخوازی ئەوەیە کە کارێکی شایستە بدۆزێتەوە و پشت بە خۆی ببەستێت. دەیەوێت ماڵێک بۆ خۆی دابمەزرێنێت و ژیانی هاوبەش دەست پێ بکات. بەڵام دیواری بەرزی بێکاری، زۆرێک لەم خەون و ئاواتانە لەناو دەبات. بێکاری تەنها کێشەیەکی ئابووری نییە، بەڵکوو سەرچاوەی زۆرێک لە ئازار و مەینەتییەکانی دیکەیە.

بێکاری لە ئێران ڕووخسارێکی تایبەتی و تاڵی هەیە. ڕیزی بێکاران تەنها لەلایەن ئەو کەسانەوە پڕ نەکراوەتەوە کە خوێندەوارییان کەمە یان هیچ شارەزاییەکیان نییە. لەم ڕیزەدا ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی قوتابخانە و زانکۆش وەستاون. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس لە ئێران یان خوێندنی زانکۆییان تەواو کردووە، یان هێشتا لە پۆلەکانی زانکۆدان. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی خوێندەواردا لە ٥٠٪ تێپەڕیوە. واتە لە هەر دوو گەنجێکی دەرچووی زانکۆ، لانیکەم یەکێکیان چاوەڕێی کارێکە کە ڕەنگە هەرگیز دەستی نەکەوێت.

لە ڕابردوودا، زانکۆ لە چاوی بنەماڵەکاندا دەروازەیەک بوو بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی ڕوون. باوکان و دایکان لە خواردن و خواردنەوەی خۆیان کەم دەکردەوە، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بخوێنن. ئەوان باوەڕیان وابوو کە بڕوانامەی زانکۆ کلیلی گەیشتنە بە کارێکی شەرافەتمەندانە و ژیانێکی ئاسوودە. بەڵام ئەم باوەڕە کۆنە ئەمڕۆ درزی تێکەوتووە. بنەماڵەکان بە نائومێدییەوە دەبینن کە ئەو کلیلیە هیچ دەرگایەک ناکاتەوە. هەندێک جار، بڕوانامەی زانکۆ خۆی دەبێتە بارێکی قورس لەسەر شانی خاوەنەکەی. خاوەنکاران هێزی کاری هەرزان و کەم‌ تەوەقوع بەسەر دەرچووانی زانکۆدا کە چاوەڕوانی مووچەیەکی بەرزترە هەڵدەبژێرن. لە بەرامبەردا، گەنجی خوێندەوار نایەوێت ئەو ساڵانەی زەحمەتی خوێندنی بە کارێک بگۆڕێتەوە کە هیچ گونجاویەکی لەگەڵ زانست و پسپۆڕییەکەیدا نییە. ئەنجامی ئەم ملمڵانێیەش، بریتییە لە ساڵانێکی دوور و درێژی چاوەڕوانی و بێهیوایی.

بێکاری و زیانە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئەڵقەکانی زنجیرێک بە یەکەوە بەستراون. مادە هۆشبەرەکان یەکێکن لە ئازاربەخشترین ئەڵقەکانی ئەم زنجیرەیە. گەنجێک بێننە لەبەرچاو کە بە هەزاران هیوا و ئاواتەوە ڕێگای خوێندنی گرتووەتەبەر. گەلێک بەربەست و ئاستەنگە بەردەمی تێپەڕاندووە، کە حکومەت لەسەر ڕێگای داناوە. لە کۆتاییدا بڕوانامەیەکی لە قوتابخانە یان پەیمانگای پیشەیی یان زانکۆ وەرگرتووە. پاشان دوو ساڵ لە باشترین ساڵەکانی تەمەنی لە خزمەتی سەربازیدا بەسەر بردووە. بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە، هیچ ئاسۆیەک بۆ دۆزینەوەی کارێکی گونجاو لەگەڵ زانست و تواناکانی نابینێت. لەم ساتەدا، کۆشکی ئاواتەکانی دەڕووخێت.

ئەم گەنجە خۆی بە سەرباری بنەماڵەکەی دەزانێت. هیچ داهاتێکی تایبەت بە خۆی نییە و بۆ پێداویستییە سادەکانی ژیانی خۆیشی دەبێت دەستی بۆ باوک و دایکی درێژ بکات. خەرجییەکانی هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزان بۆی دەبنە خەونێکی وەدینەهاتوو. هەستی بێ‌بەهابوون وردەوردە لە ناخیدا ڕەگ دادەکوتێت و دەروونی ماندوو دەکات. لەو کەش‌وهەوا تاریکەدا، هەندێک لە گەنجان بۆ هەڵهاتن لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیان، پەنا بۆ مادە هۆشبەرەکان دەبەن. بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاو کراونەتەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن لە کەسانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتدا تەمەنیان لە ١٩ ساڵ کەمترە. مامناوەندی تەمەنی دەستپێکردنی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی ١٣ ساڵ.

بەڵام مادە هۆشبەرەکان تەنها برین و ئازاری ئەم نەوەیە نین. نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لەنێو گەنجاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە. نەخۆشییە دەروونییەکانیش سێبەرێکی قوڕسی بەسەر ژیانی زۆرێک لەواندا کێشاوە. گەنجانی ئێران نە لەو ورە و چالاکییە سروشتییەی تەمەنی گەنجی سوود وەردەگرن، نە دەرفەتێکیان بۆ گەشەپێدانی بەهرە و تواناکانیان هەیە. زۆرێکیان چارەسەر لە کۆچکردن لە زێدی خۆیاندا دەبینن. کۆچکردن بۆ ئەوان بژاردەیەکی ئازادانە نییە، بەڵکوو هەڵهاتنێکی ناچارییە.
[10/26/2026 13:14] adib arab: بە هەموو ئەمانەوە، بە خۆشییەوە هەموو وێنەی ژیانی گەنجانی ئێران تاریک نییە. لە ناو ئەم تاریکییەدا، ڕووناکییەکی هیواش دەدرەوشێتەوە. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەیان ساڵدا پلان و پڕۆژەی جۆراوجۆری بۆ بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی جەستە و ڕۆحی گەنجان جێبەجێ کردووە. ئەم پلانانە لە یەکەم ڕۆژەکانی قوتابخانەوە دەستیان پێ دەکرد و تا قۆناغی زانکۆ درێژەیان دەکێشا. میدیا و دامەزراوە کلتوورییەکانیش خراونەتە خزمەتی هەمان ئامانجەوە. خەونی حکومەت ئەوە بووە کە نەوەیەک پەروەردە بکات کە بێ‌پرسیار گوێڕایەڵ بێت و سەری لە کاری خۆیدا بێت. بەڵام ئەم پلانانە لە بەرامبەر شەپۆلی پێشکەوتووی کۆمەڵگادا خۆیان نەگرت و وەک بڵقی سەر ئاو تەقینەوە و لەناوچوون. وەبەرهێنانی ٤٧ ساڵەی حکومەت لەم ڕێگایەدا بەفیڕۆ چوو. نەوەی گەنجی ئەمڕۆ لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر هۆشیار و پرسیارکەرە. ئەم نەوەیە لە ڕێگەی تۆڕە پەیوەندییەکانەوە بە جیهانەوە بەستراوەتەوە و بەها و بۆچوونە سەپێنراوەکان قبووڵ ناکات. حکومەت کە نەیتوانیوە ئەم نەوەیە لە چوارچێوەی دڵخوازی خۆیدا دابڕێژێت، ئێستا بە گوشار و توندوتیژی هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدات. گەنجانی ئێران، هەرچەندە بێکارن و لە زۆرێک لە سەرەتایی‌ترین ماف و خۆشییەکانی تەمەنی گەنجی بێبەش کراون، بەڵام سەریان بۆ زۆرداری دانەناوە. ئەوان ڕێگای ناڕەزایەتی و خۆڕاگرییان هەڵبژاردووە. لە هەر شوێنێکدا دەرفەتێک دەدۆزنەوە، دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە و بنەماکانی دەسەڵات دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئاخێز و ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ڕابردوو بەڵگەیەکی ڕوونن بۆ ئەم ڕاستییە. لە هەر یەکێک لەم ئاخێزانەدا، گەنجان لە ڕیزی پێشەوەدا وەستاون.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە گەنجانی ئێران لە ژێر سێبەری حکومەتێکی دواكەوتوو و دژە ئازادی، ئازار و کێشەی هاوبەشی زۆریان هەیە. بەڵام نابێت لەبیرمان بچێتەوە کە ئازار و ڕەنجی هەموویان یەکسان و هاوشێوە نییە. هەر گەنجێک لە ناو چینێکی کۆمەڵایەتیدا گەورە بووە و ئەم بنەما و ڕەچەڵەکە کۆمەڵایەتییە ڕۆڵێکی گرنگ لە دیاریکردنی چارەنووسی دا دەگێڕێت. ئەو گەنجەی لە باوەشی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەنددا گەورە بووە و چەتری پشتیوانییەکی بەهێزی بەسەرەوەیە. دەتوانێت ساڵانێکی درێژ بێکار بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی برسێتی ببێتەوە. ڕێگای کۆچکردن یان دامەزراندنی کاروبارێکی تایبەتیش بۆی ئاسانترە.

بەڵام ئەو گەنجەی لە بنەماڵەیەکی کرێکاریدا لەدایکبووە، لەو پشتگیرییە بێبەشە. هەندێک جار ناچار دەبێت کتێب و دەفتەر بخاتە لاوە. ئەو لە تەمەنی هەرزەکارییەوە، شان بە شانی باوک و دایکی، هەوڵ دەدات بۆ دابینکردنی نانی بنەماڵە. کاری کاتیی و کەم‌داهات، بەش و بەختی هەمیشەیی ئەوە. نە بیمەیەک هەیە پشتیوانی بکات، نە ئەمنییەتی پیشەیی دەتوانێت دڵی ئارام بکاتەوە. هەژاری و بێکاری ئەو لە بەرامبەر کێشە و زیانە زیانبارەکاندا زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە بێ‌دفاع دەکەن. بۆیە هەر هەڵسەنگاندنێکی دادپەروەرانە بۆ دۆخی گەنجان دەبێت ئەم بۆشایی و جیاوازییە چینایەتییە لەبەرچاو بگرێت.

ڕزگارکردنی گەنجان لەم دۆخە نامرۆڤانەیە بە چارەنووسی چینی کرێکارەوە گرێ دراوە. خەباتی ئەم چینە ژن و پیاو، پیر و گەنج لە یەک ڕیزدا کۆ دەکاتەوە. ئامانجی ئەم خەباتانە ڕزگاربوونە لە چنگ ستەم و سەرەڕۆیی و لەو پەیوەندییە چەوسێنەرانەی کە ژیانی ملیۆنان مرۆڤی کردووەتە کردووتە دۆزەخ. هەر هەنگاوێک کە ئەم خەباتانە بەرەو پێش هەڵیدەگرن، گەنجانیش هەنگاوێک لە ڕزگاری نزیکتر دەکاتەوە.

ئەو گەنجەی بەهرە و تواناکانی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی دواكەوتوودا بەند کراون، لەگەڵ کرێکاران ئازاری هاوبەشی هەیە. ئەو گەنجەی باشترین ساڵەکانی تەمەنی لە ژێر کاریگەریی پەروەردەی ئایدیۆلۆژی و نازانستیدا بەسەر بردووە، ئەویش هەمان ئازار دەچێژێت. ئەو گەنجەی تەنانەت مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگی خۆشی نییە، لەم ئازارەدا هاوبەشە. کچانی گەنج کە بۆ تماشاکردنی پێشبڕکێیەکی وەرزشی دەبێت بەهایەکی قورس بدەن، ئەوانیش لە هەمان ڕیزدان. ئەو گەنجەی بە تاوانی بچووکترین ناڕەزایەتی دەخرێتە زیندان و ئەشکەنجە دەدرێت، هەمان برینی لە جەستە و ڕۆحیدا هەڵگرتووە. ئەو گەنجەی لە مافی سروشتیی پەیوەندی و هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر بێبەش کراوە، ئەویش لە هەمان دۆخدا دەژی.

هەموو ئەم گەنجانە لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشاندا هاوچارەنووسن. ڕێگای ڕزگارییان تەنیا بریتییە لە هاوپشتی و یەکگرتوویی. داهاتوویەکی کە تێیدا گەنجان خاوەنی کارێکی شایستە و ژیانێکی ئازاد و سەربەرز بن، تەنها بە هەوڵ و تێکۆشانی هاوبەش دروست دەکرێت. گەنجانی ئێران گەلێک جار سەلماندوویانە کە بۆ دروستکردنی ئەم داهاتووە ئامادەن.