بە داخێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێ مەحموود سەهامیزادەمان پێگەیشت. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لە نەخۆشخانەیەکی شاری تەورێز کۆچی دوایی کرد و خێزان، هاوڕێیان، یاران و هاوسەنگەرانی لە خەم و پەژارەی لەدەستدانی خۆیدا بەجێهێشت.
ناوبراو ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دژی ڕێژیمی پەهلەوی بەشداری لە چالاکییەکاندا کرد و پاش ئاشکرابوونی خەباتی کۆمەڵە، چالاکییەکانی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درێژە پێ دا. هاوڕێ مەحموود سەهامیزادە لە ساڵی ١٣٦٠دا، هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا و ساڵانێک لە تەمەنی لە گرتووخانەکاندا و لەژێر ئەشکەنجەی توندی ڕێژیمدا بەسەر برد. هاوڕێ مەحموود یەکێک لەو تێکۆشەرانە بوو کە لەو سەردەمە پڕ لە زیندان و ئەشکەنجەیەدا، وەفاداریی خۆی بۆ ئامانجە سۆسیالیستییەکان و خەبات لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا پاراست.
