کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هاوپەیمانیی نەنووسراوی ڕاستڕەوەکان لەدژی بزووتنەوەی جەماوەریی فەڕانسە

Screenshot ۲۰۲۶ ۱۰ ۲۲ ۱۲ ۲۱ ۲۵ ۵۵۰ com instagram android edit

ڕووداوەکە لە قوتابخانەوە دەستی پێکرد. ئەو قوتابیانەی لە پۆلە کۆنەکان، کەمیی موعەلیم و کەمبوونەوەی کەرەستە پەروەردەییەکان بێزار ببوون، ڕژانە سەر شەقامەکان. ڕێکەوتی ١٧ی ئۆکتۆبر، ناڕەزایەتییەکەیان بوو بە یەکێک لە گەورەترین بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی فەڕانسە. سەدان هەزار کەس دژی گرانی، دابەزینی هێزی کڕین، لاوازبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و توندوتیژیی پۆلیس ڕژانە سەر شەقامەکان. بەڵام لە هەمان یەکەم ڕۆژەکانەوە، بەرەیەکەی ناتەبا و لێکجیاواز، لە واشنگتۆنەوە بگرە تا پاریس و لەندەن و تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە فارسی زمانەکانیشدا، کەوتە کار بۆ ئەوەی ئەم وێنەیە پێچەوانە بکاتەوە. ئەم بەرەیە نە دفترخانەی ناوەندیی هەیە و نە بەیاننامەی هاوبەش، بەڵام زمانەکەی یەکە و ئامانجەکەشی یەکە. سڕینەوەی داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە گۆڕەپانەکە و دانانی “کۆچبەر“، “مسوڵمان” و “چەپ” لە جێگەی تاوانبار.

دۆناڵد ترامپ ناڕەزایەتییەکانی ڕاستەوخۆ بە کۆچبەرییەوە گرێ دا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە کێشەی سەرەکی قوتابخانە نییە، بەڵکوو هەوڵی ئیسلامە بۆ دەست بەسەرداگرتنی فەڕانسە. جی دی ڤەنس بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئاگرکەوتنەوەکەی شارەوانیی لیمۆژ، لیبڕاڵەکانی تۆمەتبار کرد بە هێنانی “جیهانی سێیەم” بۆ ناو ئورووپا. تێد کڕوز، سەناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکایی و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی باڵی پارێزگاری حیزبی کۆماریخواز، باسی لە شکستی ئورووپا لە بەرانبەر ئیسلامگەراییدا کرد، و بیل ئاکمان، ملیاردێری ئەمریکایی، درووشمەکانی هاوسۆزی لەگەڵ فەلەستینی بە نیشانەی شەڕێک لەدژی ڕۆژاوا ناوبرد. لە هیچکام لەم لێدوانانەدا شوێنەوارێک لە پۆلە بێ‌ موعەلیمەکان، بودجەی کەمکراوە یان کرێی سەرسووڕهێنەری شوێنی نیشتەجێبوون بوونی نییە. ئەم باس نەکردنە بەڕێکەوت نییە. سیاسەتێکی کە خۆی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان بنیاتنراوە، ناتوانێت قبووڵی بکات کە خەڵک ڕێک دژی هەمان سیاسەت ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. کەواتە دەبێت دوژمنێکی تر دروست بکرێت.

کەناڵی فۆکس نیوز حزووری سەندیکاکان، حیزبە چەپەکان و ڕێکخراوە خوێندکارییە مسوڵمانەکانی بە نیشانەی “هاوپەیمانیی سوور و سەوز” ناو برد، سوور بۆ کۆمۆنیزم و سەوز بۆ ئیسلامی سیاسی. خوێنەری ئێرانی ئەم فێڵە دەناسێت. محەممەد ڕەزا شاش هەموو ناڕەزایەتییەکی بە کاری “کۆنەپەرەستی سوور و ڕەش” دەزانی تا لە وەڵامدانەوەی پرسیارە سەرەکییەکە، واتە هۆکاری تووڕەیی خەڵک، خۆی دەرباز بکات. ڕێکخراوبوونی بزووتنەوە وەک “بەڵگەی پیلانگێڕی” سەیر دەکرێت. ئەگەر ڕێکخراوبوون تاوان بێت، کەواتە هەر مانگرتنێک لە مێژووی ئورووپادا پیلانگێڕی بووە.

تائیس دێسکۆفۆن، وتەبێژی پێشووی گرووپی توندڕەوی “نەوەی ناسنامەگەرا“، لە کەناڵی ئەمریکایی وان ئەمریکا نیووز ناڕەزایەتییەکانی بە “شۆڕشی نەتەوەیی” ناو برد. پێشکەشکاری هەمان بەرنامە، بە بینینی وێنە ئاسمانییەکانی مەیدانی ناسیۆن، وتی کە جەماوەرەکە زیاتر لە مۆگادیشۆ دەچێت تا پاریس. تامی ڕۆبینسۆن، یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە ڕاستە توندڕەوەکان لە بریتانیا، خۆپیشاندەرانی بە “دەستدرێژکارانی بیانی” ناو برد و هێرشی کردە سەر بالی باگایوکو، شارەوانیی ڕەشپێست و مسوڵمانی سەندەنی. لەم لۆژیکەدا، فەڕانسەییبوون نەک بە هاووڵاتیبوون و شوێنی لەدایکبوون، بەڵکوو بە ڕەنگی پێست دیاری دەکرێت. ئەو گەنجەی لە سەندەنی لەدایک بووە و بەدەست هەمان گرانییەوە دەناڵێنێت، تەنها بە سەیرکردنێکی ڕوخساری، بە “بیانی” ناودەبرێت.

ئەم بەدگومانییە درزی کردە ناو ڕۆژنامە خۆپارێزەکانیش. گۆڤاری “لوپوئن” حزووری ڕێکخراوی “خوێندکارانی مسوڵمانی فەڕانسەی” بە نیشانەی “نفووزی ئیسلامگەرایان” زانی. بەڵام ئەو داواکارییانەی کە خودی ئەم گۆڤارە لە زمان ئەو ڕێکخراوەوە باسی دەکرد، ئەمانە بوون: ژینگەیەکی پەروەردەیی گونجاو، دژایەتیکردن لەگەڵ کەمکردنەوەی بودجەی زانکۆکان و نەهێشتنی یارمەتیی کرێی شوێنی نیشتەجێبوون، خەبات لەدژی هەڵاواردن و هەڵسوکەوتی پۆلیسی. ئەمانە ویست و داواکاریی سەرجەم خوێندکارانن. تەنها جیاوازی، بریتییە لە ئایینی ئەو کەسانەی کە داواکارییەکان دێننە گۆڕێ.

بەرگریکارانی ئەم ڕەوایەتانە دەڵێن تاڵانکردن و ئاگرتێبەردان ڕاستی بوون و سەزادانیان بە واتای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان نییە. بەشی یەکەمی ئەم قسەیە ڕاستە. ویترینە شکاوەکان و باڵەخانە سووتماوەکان ڕاستین و هیچ بزووتنەوەیەکی جدی نابێت بەرگرییان لێ بکات. بەڵام کێشەکە لە مەحکووم کردنی توندوتیژیدا نییە، بەڵکوو لە دەستەبژێرکردن و جیاکاریدایە. هەمان ئەو گێڕانەوانەی کە هەموو ئۆتۆمۆبیلێکی سووتاو بە وردەکارییەوە نیشان دەدەن، هیچ باسی ئەوتازە لاوە ناکەن کە بەهۆی بەرکەوتنی نارنجۆکی گازی فرمێسکڕێژ زۆربەی ددانەکانی لە دەست دا، یان کوڕە تەمەن پازدە ساڵانەکەی کە دەستی لە تەقینەوەی نارنجۆکی پۆلیسدا پەڕییەوە. کاتێک توندوتیژی دژی موڵک و ماڵ دەبێتە “ڕاستیی بزووتنەوەکە” و توندوتیژی دژی جەستەی تازەلاوان دەسڕدرێتەوە، ئیتر سەروکارمان لەگەڵ مەحکووم کردنی توندوتیژیدا نییە، بەڵکوو لەگەڵ بەکارھێنانی وەک ئامراز بەرەوڕووین. سەرەڕای ئەوەش، پەراوێزی توندوتیژی لە نزیکەی هەموو حەرەکەتێکی جەماوەری بەریندا، لە مانگرتنەکانی ١٩٦٨ەوە تا جلیقە زەردەکان، بوونی هەبووە. هیچ کەسێکی جددی واتای ئەو بزووتنەوانە بۆ ئاستی پارچە شووشە شکاوەکان کەم ناکاتەوە.

دەوڵەت دەتوانێت بڵێت کە گرووپە ڕێکخراوە توندوتیژەکان کێشەیەکی ئەمنیین و جیاوازن لە ئەسڵی بزووتنەوەکە. ئەگەر وا بێت، کەواتە دەبێت هەمان جیاکاری لە سیاسەتیش دا پەیڕەو بکات. لەگەڵ توندوتیژەکاندا بەپێی یاسا هەڵسوکەوت بکات و وەڵامی داواکارییەکانی سەدان هەزار ناڕازی هێمنانە بداتەوە. بەڵام ئەوەی دەیبینین پێچەوانەکەیەتی. نیشانەی “چەپی توندڕەو” دەدرێت لە هەموو بزووتنەوەکە و هیچ وەڵامێک بە داواکارییەکان نادرێتەوە. لە ڕەوایەتێکدا تاوانبار کۆچبەرە و لە ڕەوایەتێکی تردا چەپی ڕادیکاڵە، بەڵام لە هەردوکیاندا ئەم پرسیارە دەسڕدرێتەوە کە بۆچی سەدان هەزار کەس، کە زۆربەیان تازەلاون، هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە جگە لە هاتنە سەرشەقام.

رافائێل ئەشملەر، هەواڵنێری ڕۆژنامەی چەپی ئاڵمانیی “یونگەولەت» لە فەڕانسە، ئاماژە بە دزوازییەکی بەرچاو دەکات. مارین لوپەن ساڵانێکە خۆی وەک دەنگی :خەڵکی ئاسایی” نیشان داوە. بەڵام ئێستا کە هەمان خەڵک لەدژی گرانی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، ڕاستی توندڕەو هیچ پێشنیارێکی نییە جگە لە “هێورکردنەوەی دۆخەکە“. لە بەرانبەردا، مێلانشۆن تەنانەت لە ژێر فشاری ڕاگەیاندنەکانیشدا پشتیوانیی خۆی لە ئەسڵی بزووتنەوەکە وەرنەگرتووەتەوە. پۆپۆلیزمی ڕاست کاتێک داواکاریی ڕاستەقینە لە ئارادایە، پشتی پۆلیس دەگرێت.

بەشێک لە کۆڕ و کۆمەڵە سەڵتەنەتخوازە ئێرانییەکانیش باس لە “شۆڕشی ئیسلامی لە فەڕانسە” و “کارەساتی پەنجا و حەوت” دەکەن. لە یەکێک لە نووسراوەکانیاندا هاتووە کە “ئێمە خومەینییەک بە فەڕانسە قەرزدارین“. ئەمە هەمان “سوور و سەوز“ی فاکس نیوزە کە وەردەگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.

ڕۆڵ و کاریگەری هەر گرووپێک لە ئاڵۆزییەکاندا هێشتا بەوردی ڕوون نییە و ڕوونبوونەوەی پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ هەیە، نەک بە ویدیۆ دەستەبژێرکراوەکان و بەیاننامەکانی دەوڵەت. بەڵام یەک شت هەرلە ئێستاوە ڕوونە: هیچ گومان دروستکردنێک سەبارەت بە چەند دیمەنێکی پێکدادان، ناتوانێت حزووری سەدان هەزار کەس کە بەشێوەیەکی هێمنانە ڕێپێوانیان کرد لە گۆڕەپانەکە بسڕێتەوە. ئەوەی ئەم هاوپەیمانییە نەنووسراوە بەدوایدا دەگەڕێت مەحکووم کردنی توندوتیژی نییە، بەڵکوو گۆڕینی واتای ناڕەزایەتییەکەیە: گۆڕینی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی بۆ قەیرانێکی نەتەوەیی و شارستانی، تا مەسەلەی حەقدەست و شوێنی نیشتەجێبوون و قوتابخانە بە ئاراستەی کۆچبەری و ئایین و ئەمنییەت بەلاڕێدا ببرێت. لەم مەیدانەدا، وەڵامی ئامادە، واتە سنووری داخراوتر، پۆلیسی چەکدارتر و هاووڵاتی مسوڵمانی گومانلێکراوتر، هیچ تێچوویەکی بۆ خاوەن سامانەکان نییە.

بەڵام واقیعییەت سەرسەختترە لە گێڕانەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە پۆلەکانی خوێندنەوە دەستی پێکرد و گەیشتە پرسیارێکی گەورەتر: داهاتووی پەروەردە، کار، خانووبەرە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە کۆمەڵگەیەکدا کە سامانەکەی بەردەوام زیاتر و ژیانی زۆرینەی دانیشتووانەکەی سەختتر دەبێت، چۆن دەبێت؟ ئەم پرسیارە بە پەنابردنە بەر دەستەواژەی“کۆچبەر“، “ئیسلامگەرا” یان “چەپی توندڕەو” لەناو ناچێت. هاوپشتی لەگەڵ خۆپیشاندەرانی فەڕانسەیی واتە ڕەتکردنەوەی ئەم درۆ و چەواشەکارییە و بەڕەسمی ناسینی مافی جەماوەر بۆ خۆڕاگریی لە بەرانبەر هەژاریی، هەڵاواردن و باتۆم.