بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ههواڵی ئیلنا، لە سێ مانگی ڕابردوودا مۆڵەتی دروستکردن بۆ زیاتر لە ۱۰۳ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەرچووە. ئەم ژمارەیە ئاماژەیە بۆ گەشەیەکی ڕێژەییی خانوووبەرە، بەڵام لە پشت ئاماری مۆڵەتەکان، نرخی زەوی، قازانجی پەیمانکاران و قەبارەی وەبەرهێنان، ڕاستییەکی شاراوە دەمێنێتەوە ئەویش ئەوەیە کە: پشکی کرێکارانی بیناسازی لەم گەشەیە چییە؟
هەر بینایەک، بەر لەوەی ببێتە “موڵک” و بابەتی کڕینوفڕۆشتن و قازانج، بەرهەمی هەزاران کاتژمێر کاری هێزی مرۆییە: کاری وەستا، ئارماتۆربەند، جۆشکار، گەچکار، کرێکاری سادە، سیمکەش، لوولەکەش، سەنگکار و دەیان پیشەی دیکە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەمان ئەو کرێکارەی کە بورجەکان، خانووەکان و پڕۆژە زەبەلاحەکان دروست دەکات، زۆربەی کات خۆی لە سەرەتاییترین ئەمنییەتی پیشەیی، بیمە و ئیمکانی دابینکردنی بژێویی بنەماکەی بێبەشە.
کێشەی کرێکارانی بیناسازی تەنیا لەخوارەوەبوونی ئاستی حەقدەست نییە، ئەگەرچی حەقدەستێکی کە لەگەڵ هەزینە سەرسوڕهێنەرەکانی ژیاندا نەگونجێت، خۆی جۆرێک لە چەوساندنەوەیە. ئەم کرێکارانە هاوكات ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بێمافی دەبنەوە: نەبوونی گرێبەستی نووسراو و ڕوون، نەدران یان دواکەوتنی پێدانی مووچە، سڕینەوە یان نەدانی ئیمتیازە یاساییەکان لە کۆتایی کاردا، تۆمارنەکردنی پێشینەی ڕاستەقینەی کار و بێبەشبوون لە بیمە، نەبوونی کەرەستەی ئەمنییەتی و پەرە مەترسیی مرگ و پەککەوتەیی لەناو کارگەکان، دەرکردنی دەستبەجێ دوای کۆتایی هاتنی پڕۆژەکە، بەبێ هیچ پاڵپشتییەک بۆ سەردەمی بێکاری.
زۆربەی ناکۆکییەکان لە ڕێککەوتنێکی زارەکییەوە دەست پێدەکەن: کرێکارچەندمانگکاردەکاتوبەڵێنیپێدەدرێتکەلە
“کۆتایی پڕۆژەکەدا حەقدەستەکەت پێدەدرێت. بەڵام کاتێک پڕۆژەکە کۆتایی پێدێت، خاوەنکار یان بەڵێندەر ماوەی کارکردن، بڕی حەقدەست و تەنانەت ئەسڵی پەیوەندیی کاریش ڕەت دەکاتەوە. کرێکارێکی کە گرێبەست، فیشی پێدان، پێشینەی بیمە یان بەڵگەی پێویستی نییە، بە کردەوە بۆ وەرگرتنی مافی خۆی لەگەڵ بەربەستێکی گەورە بەرەوڕوو دەبێتەوە.
لە ڕاستیدا، خاوەنکاران و دەوڵەت بە وردیی بەدواداچوون بۆ نرخی کەرەستەکان، دەرکردنی مۆڵەت، زەوی، وەبەرهێنان و قازانجی پڕۆژەکان دەکەن، بەڵام بارودۆخی هێزی کار کە ئەم گشتە سەرمایە بەرهەم دەهێنێت، دەخرێتە پەراوێزەوە. پرسیارە بنەڕەتییەکان ڕوونن: ئایا کرێکار بیمەی هەیە؟ ئایا حەقدەستەکەی بە تەواوی و لە کاتی خۆیدا دەدرێت؟ ئایا کارگەکە ڕێوشوێنی ئەمنییەتی پێویستی تێدا گیراوەتەبەر؟ و ئەگەر کرێکارێک لە داربەستێک بکەوێتە خوارەوە یان بکەوێتە ژێر داروپەردوو، بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوەی ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەئەستۆی کێیە؟
کرێکارانی بیناسازی گەورەترین بەشی چینی کرێکاری ئێرانن، بەڵام بەهۆی وەرزیبوونی کار، جێگۆڕکێی بەردەوام لە نێوان پڕۆژەکان و پیشەی ناڕەسمی، ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی ڕاستەقینەیان لەبەردەستدا نییە. زۆربەیان تەنانەت لە هیچ دەفتەر و سیستمێکدا تۆمار نەکراون. بەهۆی هەر ئەم ناسەقامگیرییەوە، خاوەنکار دەتوانێت هەرکات ویستی کرێکارەکە وەلا بنێت و دەوڵەتیش خۆی لە بەرپرسیارێتیی دابینکردنی بیمە، دەرمان، شوێنی نیشتەجێبوون و پاڵپشتی لە سەردەمی بێکاریدا ببوێرێت.
زۆربەی هەرەزۆری ئەم کرێکارانە لە پاڵپشتیی بیمەیی جێگیر بێبەشن. بۆ کرێکارێکی کە جەستەی تەنیا سەرمایەیەتی، ڕووداوێک یان پەککەوتنی جەستەیی دەتوانێت بە مانای لەناوچوونی تەواوەتیی بژێویی بنەماڵەکەی بێت. کرێکارێکی کە ساڵانێک لە سەرما و گەرمادا، لەسەر داربەست و لەژێر باری کەرەستەکاندا کاری کردووە، دوای برینداربوون یان ئازارپێگەیشتن جگه لە یارامەتییەکی کەم یان یارمەتییە خێرخوازییە سنوردارەکان هیچ ڕێگەیەکی دیکەی بۆ گوزەرانی ژیان نییە.
بەشێک لەم کرێکارە پەککەوتە و بێکارانە، بەمەبەستی زیندومانەوە ناچار دەبن ڕوو بکەنە کۆڵبەری لە کوردستان یان سووختبەری لە بەلووچستان، کارێکی کە خۆی لە خۆیدا هاوڕێیە لەگەڵ مەترسیی مرگ و سەرکوت. بارودۆخی کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی، کە بەشێکی گەورە لە هێزی کاری بیناسازی پێکدەهێنن، گەلێک لەمەش سەختترە. ئەوان زۆربەی کات لەگەڵ حەقدەستی کەمتر، نائەمنی زیاتر، بێبەشبوون لە بیمە و هەڵاواردنی یاسایی و کۆمەڵایەتی ڕووبەڕوو دەبنەوە. بەرگریکردن لە مافی کرێکارانی ئەفغانستانی بەشێکی دانەبڕاوە لە بەرگریکردن لە مافی سەرجەم کرێکارانی بیناسازی، چونکە سەرمایەدار بەردەوام هەوڵ دەدات بە دابەشکردنی کرێکاران بۆ ئێرانی و کۆچبەر، حەقدەست و هێزی دانوستانی هەموویان بە نزمیی بهێڵێتەوە.
مرگ و کەم ئەندامبوونی جەستە لە کارگەکانی بیناسازیدا نەک هەر “ڕووداو گەلێکی” ئاسایی نین. بەڵکوو بەشێکی زۆری ئەم کارەساتانە ئاکامی نەبوونی داربەستی ئەبەن، کەرەستەی خۆپاراستن، ڕاهێنان، چاودێریی کاریگەر و بیمەی ڕاستەقینەیە. سەرمایەدار بۆ کەڵەکەکردنی قازانجی زیاتر، خۆی لە هەزینەکردن بۆ دابینکردنی ئەمنییەت دەدزێتەوە و دەوڵەتیش بە چاودێرییەکی ڕوواڵەتی و یاسا جێبەجێنەکراوەکان، بە کردەوە دەستی کراوە دەهێڵێتەوە.
کاتێک کرێکار ئیمکانی ناڕەزایەتیی نییە، کاتێک بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دەرکران و بێکاربووندایە، و کاتێک ڕێکخراوێکی سەربەخۆ بوونی نییە کە بەدواداچوون بۆ ئەمنییەتی کارگەکە بکات، خاوەنکار بە ئاسانی گیانی کرێکار دەکاتە قوربانیی چاوچنۆکی و قازانج پەرەستی خۆی. کەواتە ئەمنییەتی شوێنی کار نە لوتفی خاوەنکارە و نە بەڵێنێکە کە بکرێت پشتی پێ ببەسترێت، بەڵکوو مافی کرێکار و بەرهەمی خەباتی ڕێکخراوی ئەوە.
لە زۆربەی شارەکانی ئێران، ئەنجومەنێک بە ناوی ئەنجومەنی پیشەییی کرێکارانی بیناسازی بوونیان هەیە. بەڵام ئەزموونی کردەییی بەشێکی گەورە لە کرێکاران نیشان دەدات کە ئەم ئەنجومەنانە زۆربەی کات نەک هەر ئامرازێکی بەرگریی ڕاستەقینە لە مووچە، بیمە و ئەمنییەتی کرێکار، بەڵکوو دامەزراوەیەکی کەمکاریگەر و وابەستەن. زۆربەیان لەژێر کاریگەریی لایەنە حكومییەکان، لەوانە تۆڕەکانی وابەستە بە بەسیج و سپای پاسداراندان و لەبری ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و بەدواداچوونی جدیی داواکارییەکان، ڕۆڵی کۆنترۆڵکردن و پێشگرتن بە ناڕەزایەتیی کرێکاران دەگێڕن.
کرێکاری بیناسازی پێویستی بە ڕێکخراوێکە کە:
• سەربەخۆ بێت لە دەوڵەت، خاوەنکار، بەڵێندەر و دامەزراوە ئەمنییەکان.
• نوێنەرانی بە دەنگی ڕاستەوخۆ و شیاوی لابردنی کرێکاران هەڵبژێردرێن.
• بەشێوەیەکی یەکسان بەرگری لە کرێکارانی ئێرانی و ئەفغانستانی بکات.
• بۆ گرێبەستی نووسراو، وەرگرتنی حەقدەست لەکاتی خۆیدا، بیمەی تەواو و ئەمنییەتی کارگە خەبات بکات.
• لە بەرامبەر دەرکردن، دواکەوتنی حەقدەست و ڕووداوەکانی کاردا، هێزی کۆمەڵایەتیی کرێکاران ڕێکبخات.
• لە نێوان کرێکارانی پڕۆژەکان، گەڕەکەکان و شارە جیاوازەکاندا پەیوەندی دروست بکات.
پرشوبڵاوی کرێکارانی بیناسازی نابێت بە مانای بێتوانایی ئەوان بێت. شوێنی کۆبوونەوەی کرێکاران لە مەیدانەکانی کار، پڕۆژەکان، کارگەکان و گەڕەکە کرێکارییەکان دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێکی پەیوەندی، هاوفکری و ڕێکخستن. کۆمیتە سەربەخۆ کرێکارییەکان، کۆبوونەوە گشتییەکان، سندوقەکانی هاوکاری و تۆڕەکانی پەیوەندی نێوان کرێکاران، ئامرازگەلێکی پێویستن بۆ شکاندنی گۆشەگیری.
گەشەی خانوووبەرە، تا ئەو کاتەی نەبێتە هۆی باشتربوونی ژیانی کرێکاران، گەشەی سەرمایەداران و پەیمانکارانە، نەک گەشەی کۆمەڵگا. بینایەکی کە بە دەستی کرێکار بەرز دەبێتەوە، نابێت لەسەر وێرانەی تەندروستی، ئەمنییەت و ژیانی ئەو بنیا بکرێت.
خاوەنکاران و دەوڵەتی پشتیوانیان، تەنیا کاتێک ناچار دەبن وەڵامی ویست و داواکارییەکانی کرێکاران بدەنەوە کە هێزێکی ڕێکخراوی کرێکاران لە بەرامبەر خۆیاندا ببێنن. بیمە، حەقدەست، گرێبەست، ئەمنییەت و مافی ناڕەزایەتی، لە سەرەوە پێشکەش ناکرێن، ئەم مافانە دەبێت بە هاوپشتی و خەباتی کۆمەڵایەتی بسەپێنرێن.
کرێکارانی بیناسازی، چ ئێرانی و چ ئەفغانستانی، هاو چین و خاوەن بەرژەوەندیی هاوبەشن. ڕێگەی کۆتاییهێنان بە بێمافی، بریتییە لە تێپەڕبوون لە ئەنجومەنە وابەستەکان و پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ، دیموکراتیک و خەباتکاری کرێکاریی.
