کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەرگی بەشێنەیی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا

Screenshot 20260518 101910

 

لەو ڕۆژانەی کە کەشوهەوای سیاسیی ئێران و ناوچەکە کەوتووەتە ژێرسێبەری شەڕ، دانوستان، هەڕەشەی سەربازی، گەرووی هورمز و ململانێ نێودەوڵەتییەکان، مەترسییەکی گەورە لە حاڵی شکلگرتندایە: فەرامۆشبوونی بەندکراوانی سیاسی. کۆماری ئیسلامی بەردەوام ساتەوەختەکانی قەیران، شەڕ و گوشاری دەرەکی بۆ شاردنەوەی سەرکوتی ناوخۆیی بەکار هێناوە. لە دۆخێکی ئاوادا، بەندکراوانی سیاسی، ئەقیدەتی، مەدەنی، کرێکاری، خوێندکاری و ژنانی ناڕازی، زیاتر لە هەمیشە دەکەونە بەر مەترسیی بێدەنگکردن، بێدیفاعی و مەرگی خامۆش.

ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییانە سەبارەت بە خراپیی باری تەندروستیی نێرگس محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبلی ئاشتی، دوای چەندین جار بێهۆشبوون و کێشەی دڵ، جارێکی تر زەنگی مەترسیی لێداوەتەوە. هاوکات هەواڵی نیگەرانکەر لەسەر دۆخی جەستەیی مەترسیداری فاتمە سپێهری لە زیندانی مەشهەد بڵاو بووەتەوە. ئەم دوو ناوە ناسراون، بەڵام لە پشت ئەم ناوانەوە، دەیان و سەدان بەندکراوی کەمتر ناسراو هەن کە ئازار، نەخۆشی، شەکەتبوون و بێبەشبوون لە دەوا و دەرمان، لە بێدەنگیدا تەحەممول دەکەن. بابەتەکە تەنیا کەمتەرخەمیی پزیشکی یان بێ نەزمیی ئیداری نییە. بێبەشکردنی بەندکراوان لە چارەسەری پزیشکی، لەناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووەتە سیاسەتێک، سیاسەتێکی کە دەکرێت ناوی بنرێت “ئێعدامی خامۆش”.

لە دۆسیەکانی مەهوەش سابت، موتەلیب ئەحمەدیان، ئارش سادقی، محەمەدعەلی تاھیری و نەسرین جەوادیدا، مۆدێلێکی هاوبەش دەبینرێت: نەخۆشیی جیددی، هۆشداریی بنەماڵە و پارێزەران، بێباکی بەرپرسانی زیندان، دواخستنی ناردنیان بۆ نەخۆشخانە، دەستێوەردانی دامەزراوە ئەمنییەکان و لە کۆتاییدا خراپتربوونی باری تەندروستیی بەندکراوەکە. ئەم مۆدێلە زۆر جار دووبارە بووەتەوە. قوربانییەکانی نە یەک یان دوو کەس، بەڵکوو دەیان بەندکراو بوون. لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا، حکوومەت تا دوا سات ڕێگریی لە ناردنی بەندکراو کردووە بۆ نەخۆشخانە یان پێدانی مۆڵەتی دەرمانی و تەنیا کاتێک پاشەکشەی کردووە کە دۆخی نەخۆشەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار یان بێگەڕانەوە.

نموونەی بەکتاش ئابتین، شاعیر و فیلمسازی بەندکراو، یەکێکە لە ئاشکراترین نیشانەکانی ئەم تاوانە. ئەو دوای دەستاودەستکردن و کەمتەرخەمی لە پڕۆسەی چارەسەرکردنیدا و هەروەها گواستنەوەی درەنگ وەختی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا. مەرگی ناوبراو دەرەنجامی زنجیرەیەک لە نابەرپرسیارێتی، کەمتەرخەمی و دڵڕەقی بوو. خالید پیرزادە، پاڵەوانی لەشجوانی، لەناو زیندان چل کیلۆ کێشی دابەزی و دوای گوشارە جەستەیی و دەروونیی قورس و تاقەتپڕوکێن، مەحکووم بە کەوتنە سەر کورسیی کەمئەندامان واتە ویلچەر کرا. ڕاحیلە ڕاحەمی‌پوور، ژنێکی بەساڵاچووی حەفتا و سێ ساڵە بە وەرەمی مێشکەوە، بۆ ماوەی ساڵانێک لە پشت تێلبەندەکانی زینداندا مایەوە. زەینەب جەلالیان ساڵانێکە بەبێ تەنانەت یەک ڕۆژ مەرەخەسی بەندکراوە. سومەیە ڕەشیدی دوای چەندین مانگ بێبەشبوون لە چارەسەر لە زیندانی ئێڤین و قەرچەک گیانی لەدەست دا. ئەمانە تەنیا چەند ناوێکن لە لیستێکی دوور و درێژ.

زۆر ناوی تریش بوونیان هەیە: هودا سابیر، ساسان نیک‌نەفەس، وەحید سەیادی نەسیری، موحسین دوکمەچی، ئەکبەر محەمەدی و زۆر کەسی تر…، بەڵام مۆدێلەکە هەر یەکە: هۆشداریدان، حاشاکردن، کەمتەرخەمی، خراپبوون و  مەرگ. هەر ئەم مۆدێلەشە کە چالاکوانانی مافی مرۆڤ بە “ئەشکەنجەی سپی” و “ئێعدامی خامۆش” ناوی دەبەن. ئەم ناونیشانە، ڕەنگە لە زۆرێک لە پێناسە یاساییەکان وردتر بێت، چونکە ڕاستییەکە بێپەردە وەسف دەکات. بەندکراوەکە ناکوژن، بەڵام دۆخێکی بۆ دروست دەکەن کە جەستەی هێدی هێدی بتوێتەوە. لە سێدارەی نادەن، بەڵام دەوا و دەرمانی لێ قەدەغە دەکەن تا نەخۆشییەکە کارساتی خۆی بخوڵقێنێت.

لە هەندێک دۆسیەدا، تەنانەت گێڕانەوەی فەرمیی حکوومەت لەسەر هۆکاری مەرگیش، کەوتووەتە بەر گومانی جیددیی بنەماڵەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. دۆسیەی بێهنام مەحجووبی، بێهنوود ڕەمەزانی‌فەر، شاهین ناسری و سینا قەنبەری لە زومرەی ئەو نموونانەن. سەبارەت بە بێهنام مەحجووبی، شایەتحاڵێکی عەینی وتبووی: “بێهنام بەکردەوە لەناو بەندیخانە گیانی دابوو، هێنایانە نەخۆشخانە و سێرۆمیان لە تەرمەکەی بەست تا بڵێن لەژێر چارەسەردایە.” ئەم ڕستە هەژێنەرە، وێنەیەکە لەو لۆژیکەی بەسەر بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا زاڵە.

یەکێک لە مەترسیدارترین ئامرازەکانی ئەم سیستمە، لێدانی تۆمەتی “خۆ لە نەخۆشیدانە. بەندکراوی نەخۆش بەرلەوەی وەک نەخۆش سەیر بکرێت، تۆمەتبار دەکرێت. دەبێت بیسەلمێنێت کە ئازارەکەی ڕاستەقینەیە، نەخۆشییەکەی دروستکراو نییە و مەبەستی خراپ بەکارهێنانی نییە. لەیلا حوسێن‌زادە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هەڵسووڕاوی خوێندکاری، ئەم ئەزموونەی ئاوا وەسف کردووە: “نەخۆشبوون لەناو زیندان، نزیکترین ئەزموونە لە مەرگ، بەتایبەت لە بەندیخانەکانی شارستانەکاندا کە کەمتر لەژێر تیشک و سەرنجی میدیاکاندان.” بە وتەی ناوبراو، یەکەم کاردانەوەی بەشێک لە ستافی تەندروستی یان هێزەکانی زیندان لەبەرامبەر بەندکراوی نەخۆشدا، تۆمەتی ئەوەیان لێ دەدەن کە گۆیا ڕاست ناکەن و خۆیان لە نەخۆشیی دەدەن. بەندکراو دەبێت چەندین جار ئەوە بیسەلمێنێت کە بەڕاستی نەخۆشە و ئازاری هەیە. ئەم پرۆسەیە هێندە تاقەتپڕووکێنە کە هەندێک لە بەندکراوان پێیان باشترە ئازارەکە بچێژن بەڵام ئیتر نەچنە ناو پرۆسەی چارەسەرەوە.

پێکهاتەی چارەسەری پزیشکی لە زیندانەکانیشدا بە ئەنقەست بەشێوەیەکی ئاڵۆز و دانانی حەوتخانی ڕۆستەم و وابەستە بە بڕیاری دامەزراوە جیاوازەکان دیزاین کراوە. بۆ ناردنی بەندکراوێکی نەخۆش بۆ بنکەی تەندروستیی ناوەندی یان نەخۆشخانە، جاری وا هەیە تەنانەت ڕەزامەندیی زیندانبان، یاریدەدەری داواکاری گشتی، دام و دەزگای ئەمنی، دادسرا و بەرپرسانی بەندیخانەشی پێویستە. دژایەتیی هەر کامێکیان دەتوانێت پرسی گواستنەوەکە هەڵبوەشێنێتەوە. لە پێکهاتەیەکی ئاوادا، گیانی زیندانی نەک لە دەستی پزیشک، بەڵکوو لە دەستی مأموری ئەمنیدایە. لەیلا حوسێن‌زادە وتوویەتی کە لە بەشی ژنانی ئێڤین دا چەندین جار بینیویەتی کە دۆخی بەندکراو تەنیا بەهۆی ئەم دواخستن و کەمتەرخەمیانەوە هێندە خراپ بووە کە ناچار بوون بە ئەمبوڵانس بیگوازنەوە.

ڕەهەندێکی تری ئەم سەرکوتە، بریتییە لە بەکارهێنانی دەرمان وەک ئامرازێکی کۆنتڕۆڵکردن. لە هەندێک لە بەندیخان، دەرمانە دەروونی و ئارام بەخشەکان نەک بۆ چارەسەر، بەڵکوو بۆ هێورکردنەوەی زۆرەملێ، بێهەستکردن، لەخەوکردن یان کۆنتڕۆڵکردنی زیندانی بەکار دەهێنرێن. حوسێن‌زادە باس لە بەکارهێنانی زۆری دەرمانی دەروونی لە زیندانی عادڵ ئاباد دەکات کە بە بچووکترین گرژی، دەرخواردی بەندکراوان دەدرا. دەرمانگەلێک کە هەندێکیانی تووشی لەرزینی توندی دەست دەکرد و هەندێکی تریشیانی زیاتر لە شازدە کاتژمێر لە ڕۆژێکدا دەخەواند. ئەمە ئیتر چارەسەر نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە سەرکوتی شیمیایی.

ئەو هەروەها سەبارەت بە نێرگس محەممەدی وتوویەتی کە خۆی بە چاوی خۆی بینیویەتی کە ناردنی ئەو بۆ چارەسەر چەندین جار دواخراوە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم دواخستنانە بووەتە هۆی گیرانی دەماری دڵی. گرنگیی ئەم شایەتییە لەوەدایە کە نێرگس محەممەدی کەسایەتییەکی جیهانی و ناسراوە. ئەگەر لەگەڵ بەندکراوێکی ئاوادا، کە ناوەکەی لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا باسی لێوە دەکرێت و خەڵاتی نۆبلی ئاشتی وەرگرتووە، بەم شێوازە ڕەفتار بکرێت، دەبێت مرۆڤ بیهێنێتە بەرچاوی خۆی کە دۆخی بەندکراوە بێناونیشانەکان، زیندانیانی شارستانەکان و ئەوانەی کەمتر دەنگیان دەبیسترێت، چەندە خراپترە.

بەڵام قەیرانی زیندان هەمیشە بە ئازادبوون کۆتایی نایەت. زۆر جاری وا هەیە کە قەیرانەکە تازە دوای ئازادبوون دەست پێدەکات. کیانا کەسیری، پزیشک و یەکێک لە دامەزرێنەرانی تۆڕی چارەسەرکارانی مافی مرۆڤی ئێران، جەختی لەسەر ڕەهەندە شاراوەکەی ئەم قەیرانە کردووەتەوە: ئەو لێکەوتە دەروونی و جەستەییانەی کە دوای چوونە دەرەوە لە زیندان دەردەکەون. بە وتەی ناوبراو، لە هەندێک لە بەشە ئەمنییەکاندا بڕێکی ئێجگار زۆر دەرمانی هێورکەرەوە و دەروونی دەدرێت بە بەندکراو، دەرمانگەلێکی کە هەمیشە لەژێر چاودێریی پسپۆڕدا نین و زیاتر کارکردی کۆنتڕۆڵکردنیان هەیە نەک چارەسەری. کاتێک بەندکراو ئازاد دەبێت، لەناکاو لەم دەرمانانە بێبەش دەبێت، بەبێ ئەوەی پرۆسەیەکی چارەسەری یان چاودێریی دەروونی هەبێت. تێکەڵبوونی گوشاری ئەمنییەتی، بەکارهێنانی درێژخایەنی دەرمان و بڕینی لەناکاوی، دەتوانێت کەسەکە لەگەڵ قەیرانێکی توندی دەروونی بەرەوڕوو بکاتەوە، لە بێخەوییەوە تا تێکچوونی باری دەروونی و تەنانەت خۆکوشتن.

دۆخی بەندکراوانی سیاسی بابەتێکی مرۆیی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە. حکوومەت هەوڵ دەدات بەندکراو لە کۆمەڵگە داببڕێت، دەنگی کپ بکات، نەخۆشییەکەی حاشا لێبکات و مەرگەکەی بە سروشتی پێشان بدات. ئەمڕۆ پێویستە خەڵک زیاتر لە هەمیشە، بنەماکان، چالاکوانانی مەدەنی، سیاسی، کرێکاری، خوێندکاری، ژنان، مامۆستایان، پزیشکان، پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان، نەهێڵن هەواڵی بەندکراوانی سیاسی بکەوێتە ژێر هەراوهوریا و دەنگوباسی شەڕ، دانوستان، گەرووی هورمز، هەڕەشە دەرەکییەکان و قەیرانەکانی ڕۆژانە. دەبێت ناوی بەندکراوە نەخۆشەکان بەردەوام دووبات بکرێتەوە، زانیاری لەسەر دۆخیان بڵاو بکرێتەوە، بەڵگە و شایەتحاڵەکان تۆمار و بەدۆکیۆمێنت بکرێن، ڕاپۆرتەکان بگەیەنرێنە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و گوشارێکی جیهانی دروست بکرێت. کۆبوونەوە لە بەردەم زیندانەکان، بەدواداچوون لە ڕێگەی بنەماڵەکانیانەوە، هێنانەئارای بەردەوامی داواکاریی ئازادی زیندانیانی سیاسی، داواکردنی مۆڵەتی چارەسەری پزیشکی و ئاشکراکردنی ئەو بەرپرسانەی کە دەستیان هەیە لە بێبەشکردنی زیندانیانی نەخۆش لە پڕۆسەی چارەسەر، لە زومرەی ئەو هەنگاوانەن کە دەتوانن گیانی مرۆڤەکان ڕزگار بکەن.