کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تاوانکاریی ڕژێم و ئیرادەی جەماوەر وتەیەک بەبۆنەی ساڵیادی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێکانی

Screenshot 20260509 115721

 

نۆزدەی گوڵانی ١٣٨٩، ڕۆژێکی ڕەشە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا و ٢٣ی گوڵان ڕۆژێکی زیندووە لە بیرەوەریی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستاندا. لە ڕۆژی ١٩ی گوڵاندا، ڕژێمی ئیسلامی پێنج تێکۆشەری سیاسیی کە تا دوایین ساتەکانی ژیانیان لە سەنگەری خۆڕاگریدا ڕاوەستابوون، لە سێدارە دا. فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان، پێنج ناوی کە بە خوێنی خۆیان لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان نەخشاند و لە ڕۆژی ٢٣ی گوڵاندا خەڵکی کوردستان ئیرادەی ملیۆنی خۆیان لە ناڕەزایەتی دژ بەو جینایەتە نیشان دا.

لەسێدارەدانی ئەم پێنج لاوە لە کاتێکدا بوو کە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە ئاستی ئێران و جیهاندا لەدژی دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو کەسانە بەڕێ کەوتبوو. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ملیۆنان مرۆڤی ئازادیخواز لە گۆشە و کەناری جیهان، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرز کردبووەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی هیچ گرنگییەکی بەو ناڕەزایەتییانە نەدا و حوکمەکانی لە بەرەبەیانێکی بێدەنگدا جێبەجێ کرد.

ڕژێم، ئەم لەسێدارەدانەی نەک تەنیا وەک تۆڵەسەندنەوە لە پێنج تێکۆشەری سیاسی، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە دڵی خەڵکی کوردستاندا داڕشتبوو. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وایان دەزانی کە بە لەسێدارەدانی ئەم لاوانە، سێبەرێکی ترس و تۆقاندن بەسەر کوردستاندا دەکێشن و خەڵک چاوترسێن و بێدەنگ دەکەن. بەڵام هەر لەو ساتەی کە هەواڵی لەسێدارەدانیان بڵاو بووەوە، ڕژێم هەستی بە نەفرەت و تووڕەیی پەنگخواردووی کۆمەڵانی خەڵک کرد و لە ئەگەری پەرچەکردار و کاردانەوەی ئەوان ئێجگار ترسابوو. نیشانەی وەم ترسە لەوەدا بوو کە تەرمی گیانبەختکردووانی هەرگیز ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردەوە، چونکە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن دەبووە دەرفەتێک بۆ کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی. بەڵام ئەم لێکدانەوە ساویلکانەی بەرپرسانی ڕژێم دروست دەرنەچوو. خەڵکی کوردستان نەک تەنیا چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو ئاگری ڕق و تووڕەییان هەرچی زیاتر بڵێسەی سەند.

چوار ڕۆژ دوای لەسێدارەدانەکان، کۆمەڵە بۆ ڕۆژی ٢٣ی گوڵان بانگەوازی مانگرتنی گشتی دەرکرد. ئەم بانگەوازە لەگەڵ پشتیوانی و هاوکاریی حیزب و هێزە سیاسییەکانی کوردستان و پێشوازییەکی بەربڵاوی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە سەرتاسەری ئێران بەرەوڕوو بووەوە. ئەوەی لەو ڕۆژەدا ڕوویدا، یەکێک لە شکۆدارترین دیمەنەکانی هاوپشتی سیاسی بوو لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا.

لە ڕۆژی ٢٣ی گوڵانی ١٣٨٩دا، کوردستان یەکپارچە لە جووڵە وەستا. کرێکارانی کارگەکان و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان مانیان گرت. کاسبکاران دوکانەکانیان داخست و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە مانەوە. کارمەندانی دامودەزگا حکوومی و تایبەتەکان لە چوون بۆ سەر کار خۆیان پاراست. خوێندکاران و قوتابیان، موعەلیمان و مامۆستایانی زانکۆ، پۆلەکانی خوێندنیان پەکخست. لە بچووکترین دوکانی سەر کۆڵانەکانەوە بگرە تا گەورەترین ناوەندە کارگێڕییەکان، هەموویان لەم ناڕەزایەتییەدا ببوونە یەکدەنگ.

ئەم مانگرتنە سیاسییە گشتییە هەموو هاوکێشەکانی ڕژێمی تێکدا. ئەوەی بڕیار بوو پەیامی ترس بێت، بوو بە گڕکانی تووڕەیی خەڵک. ئەم بزاڤە لێبڕاوانە و بەوەخت بەربڵاوە، بە ڕوونی نیشانی دا کە ڕژێم لە هەڵسەنگاندنی کاردانەوە و پەرچەکرداری خەڵکدا تووشی چ هەڵەیەکی گەورە بووە.

ئەوەی مانگرتنی ٢٣ی گوڵانی کردە ڕووداوێکی مێژوویی و لەبیرنەکراو، تەنیا ڕەهەندە بەربڵاوەکەی نەبوو، بەڵکوو ناوەڕۆکە سیاسییە قووڵەکەی بوو. ئەم ئەزموونە نیشانی دا کە مانگرتنی سیاسیی گشتی شێوازێکە لە ناڕەزایەتی کە تێیدا دروشم و سیاسەتەکان لە ڕێگەی کارێکی گشتگیر و جەماوەرییەوە دەبنە هێزێکی ماددی. مانگرتن ڕژێم بەرەو شەڕێکی پڕ تێچوو و هیلاککەر پەلکێش دەکات، توانای سەرکوتکردنی پەکدەخات و زەمینە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو خۆش دەکات. خەڵکی کوردستان بە بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە، دەرفەتی هەرچەشنە جموجۆڵێکیان لە هێزە سەرکوتگەرەکان سەندەوە و ڕێگەی پووچەڵکردنەوەی ئامێری سەرکوتیان بە هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران نیشان دا.

مانگرتنی ٢٣ی گوڵان لە بۆشاییدا پێکنەهات. خەڵکی کوردستان لە درێژەی دەیان ساڵی ڕابردوودا چەندین جار توانا و هێزی یەکگرتووی خۆیان لە بەرامبەر ڕژێمدا نیشان داوە، لە دەنگی ڵێبڕاوانەی بۆ “نا” بە ڕیفراندۆمی پێکهێنانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٨دا، تا کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان لە هەمان ساڵدا، تا مانگرتنی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٦١، شازدەی گەلاوێژی ١٣٨٤ دوای گیانبەختکردنی شوانە سەید قادری لە مەهاباد و مانگرتنە یەک لە دوای یەکەکان لە کاتی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و مانگرتنی بەربڵاو و کەم وێنەی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو کە ملیۆنان کەس تێیدا بەشدار بوون. ئەم مێژووە دەوڵەمەندە نیشانی دەدات کە خۆڕاگریی لە کوردستان نەک ڕووداوێکی بەڕێکەوت، بەڵکوو ڕیشەی قووڵی لە ناخی کۆمەڵگەدا هەیە.

ئەم مانگرتنانە هەروەها سەلماندیان کە کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پشت سنوورەکان بە مانای کۆتایی هاتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان نییە. بەپێچەوانەوە، ئەم بزووتنەوەیە سەرەڕای ئەم هەموو گوشارانە، لە قووڵایی کۆمەڵگەدا هەرچی زیاتر ڕەگاژۆی کردووە. کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی سیاسیی و خاوەن توانا و پۆتانسێلێکی بەرزە بۆ حیزبایەتی و کاری ڕێکخستن، کە خەڵکەکەی سەرەڕای هەژاری و دەستکورتی، ئامادەن بە سەربەزییەوە لەپێناو سەرکەوتندا لە ژیان و ماڵی خۆیان مایە دابنێن.

شازدە ساڵ بەسەر ئەو بەیانییە تاڵەدا تێدەپەڕێت. فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان ڕۆیشتن، بەڵام ئەوەی لە دوای خۆیان جێیان هێشت تەنیا یادەوەرییەکی خەمناک نییە. بەڵکوو ئەوان بە خۆڕاگرییان تا دوایین چرکە و خەڵکی کوردستان بە وەڵامی توندی ٢٣ی گوڵان، وانەیەکی گەورەیان فێر کردین، ئەویش ئەوەیە کە هیچ سێدارەیەک ناتوانێت ئیرادەی جەماوەرێکی یەکگرتوو لاواز بکات و هیچ سەرکوتێک توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هاوپشتی و یەکگرتوویی کۆمەڵانی خەڵکی نییە.