کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نان گران بوو، سفره‌کان خاڵیتر لە هەمیشە

IMG 4579

نان گران بوو، سفره‌کان خاڵیتر لە هەمیشە

جەنگی ٤٠ ڕۆژە کۆتایی هاتووە، بەڵام سێبەرەکەی هێشتا بەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێرانەوە قورسایی دەکات. ئەگەر لە ڕۆژانی شەڕدا، نیگەرانی سەرەکی بریتی بوو لە تەناهی و مانەوە، لە هەفتە و مانگەکانی دوای ئەوەدا، کێشەی سەرەکی بۆ ملیۆنان بنەماڵە بووەتە بژێوی ژیان. گرانی بێداد دەکات و سفره‌ی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە. لەم نێوەندەدا، نان، ئەم سەرەتاییترین و بنەڕەتیترین کاڵای خۆراکییە، بووەتە هێمایەکی ڕوونی قەیرانی بژێوی لە ئێرانی دوای شەڕ.

نان لە کولتووری ئێرانییدا تەنیا ماددەیەکی خۆراکی نییە، بەڵکوو نان واتە لانیکەمی ئیمکانی ژیان. کاتێک دەوترێت کەسێکنان‌هێنەریبنەماڵەیە، واتە باری بژێوی ماڵەکەی لەسەر شانە. بەم هۆیەوە، گرانبوونی نان تەنیا زیادبوونی نرخی کاڵایەک نییە، نیشانەیەکە لەوەی کە فشاری ئابووری گەیشتووەتە قووڵترین لایەنەکانی ژیانی خەڵک.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە هەفتەکانی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە، نرخی هەندێک لە جۆرەکانی نان لە تاران تا ٥٢ لەسەد زیادی کردووە. نانی سەنگەک لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە نزیکەی ٩ هەزار تمەن، بەربەری بە لە سنووری ٦٥٠٠ تمەندایە و تەنانەت نانی لەواش کە هەمیشە هەرزانترین بژاردە بوو بۆ بنەماڵە کەمدرامەتەکان، لە ٢ هەزار تمەن نزیک بووەتەوە. لەو نانەواخانانەی کە ئاردی ئازاد بەکاردەهێنن، نرخەکان هەندێک جار چەند هێندەی نرخە فەرمییەکانن. ئەم ژمارانە ڕەنگە لە ڕواڵەتدا بچووک بن، بەڵام بۆ بنەماڵەیەکی کە ڕۆژانە چەند نانێک بەکاردەهێنێت و داهاتێکی جێگیری هەیە، ئەم زیادبوونە بە واتای سڕینەوەی بەشێکی تری سفره‌کەیەتی.

کێشەکە تەنیا نان نییە. دوای شەڕ ماست، کەرە، پەنیر، ڕۆن، هێلکە، برنج، دانەوێڵەکان، سەوزەوات، گۆشت و مریشک لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ لەسەد بە بەراورد بە پێش شەڕ گرانتر بوون. گۆشتی سوور بە نرخێکی لە نێوان یەک ملیۆن و نیو بۆ دووبارە ملیۆن و دووسەد هەزار تمەن بۆ هەر کیلۆیەک، بە کردەوە لە سەبەتەی کڕینی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە سڕدراوەتەوە. شیرەمەنی، میوە و تەنانەت هەندێک دانەوێڵەش چیتر بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان کاڵایەکی ئاسایی و ڕۆژانە نین. بەم شێوەیە، کاتێک نانیش گران دەبێت، ئیتر تەنیا یەک جۆر خۆراک گران نەبووە، بەڵکوو دوایین پەناگەی سفره‌ی هەژاران لە لێواری داڕماندایە.

فشاری گرانی ئەو کاتە باشتر شیاوی تێگەیشتنە کە بەراورد بکرێت بە ئاستی مووچەکان. لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران و فەرمانبەران لە ساڵی ١٤٠٥ نزیکەی ١٦ ملیۆن تمەن دیاریکراوە و تەنانەت کرێکارە خاوەن ئەزموونەکانیش لە باشترین حاڵەتدا نزیکەی ٢٢ ملیۆن تمەن وەردەگرن. ئەمە لە کاتێکدایە کە کرێی خانوو، دەرمان، گواستنەوە، پەروەردە و پۆشاکیش هاوکات زیادیان کردووە. لە ئاوا بارودۆخێکدا، داهاتی مووچەخۆران نەک تەنیا وەڵامدەرەوەی تێچووەکانی ژیان نییە، بەڵکوو بە کردەوە هیچ بوارێک بۆ دابینکردنی لانیکەمی بژێوی خۆراک ناهێڵێتەوە. بەشێکی زۆری خەڵک چیتر توانای دابینکردنی سێ ژەمە خۆراکی تەواویان لە ڕۆژێکدا نییە و زۆرێک لە بنەماڵەکان ناچار بوون گۆشت، شیرەمەنی و میوە لە بەرنامەی خۆراکییان لابدەن.

بانکی ناوەندیش لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە هەڵاوسانی خاڵ‌بە‌خاڵی کاڵاکان لە مانگی خاکەلێوەدا، بەبێ ئەژمارکردنی خزمەتگوزارییەکان، گەیشتووەتە ٩٥.٧ لەسەد. ئەم ژمارەیە بە ڕوونی دەریدەخات کە فشاری سەرەکی قەیرانەکە کەوتووەتە سەر کاڵا سەرەکییەکانی ڕۆژانە، واتە ڕێک ئەو شتانەی کە خەڵک بۆ مانەوە پێویستیان پێیەتی. لابردنیدراوی تەرجیحیلە بەفرانباری ١٤٠٤دا، لەگەڵ شوێنەوارەکانی شەڕ و هەڵاوسانی جیهانی، ئەم پرۆسەیەی توندتر کردووە و ئەنجامەکەشی بریتی بووە بەرزبوونەوەی ئێجگار زۆری نرخی پێداویستییە بنەڕەتییەکان.

بەڵام بۆچی نان تا ئەم ئاستە گران بووە؟ وەڵامەکەی دەبێت هەم لە سیاسەتە ئابوورییە گەورەکاندا و هەم لە دۆخی بەرهەمهێناندا بۆی بگەڕێین. یەکێتییەکانی نانەوایان لە زووەوە هۆشداری دەدەن کە تێچووی بەرهەمهێنانی نان بە شێوەیەکی بێ وێنە بەرز بووەتەوە: هەوێن، ڕۆن، کونجی، حەقدەستی کرێکار، کرێی دوکان، کارەبا و گاز، هەموویان گرانتر بوون. لە پەنای ئەمانەشدا، دواکەوتنی پێدانی یارانەی ئارد، دیاریکردنی بەش و کەمیی ئارد، و هەروەها کۆنبوونی کەرەستەکانی نانەواخانەکان، فشارەکەی چەند هێندە کردووە. لە بارودۆخێکی ئاوادا، دیاریکردنی نرخی دەستووری و فەرمی چیتر ناتوانێت ڕاستییەکان بشارێتەوە. نانەوا یان دەبێت نرخ بەرز بکاتەوە، یان لە کوالێتییەکەی کەم بکاتەوە، یان کاتژمێرەکانی کارکردن کەم بکاتەوە، یان لە کۆتاییدا دایبخات.

هەر ئێستاش ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە شارە جیاوازەکانەوە دەریدەخەن کە سەرەی نان وەرگرتن دوور و درێژتر بووە، هەندێک نانەواخانە کاتی کارکردنیان کەم کردووەتەوە و لە ناوچە دەوڵەمەندنشینەکان، نان ئاشکرا بە نرخی ئازاد دەفرۆشرێت. لە لایەکی ترەوە، ناهاوئاهەنگی بەرپرسانی حکوومی سەرلێشێواوییەکەی زیاتر کردووە. لە کاتێکدا هەندێک نانەواخانە نرخە نوێیەکانیان جێبەجێ کردووە، هەندێک لە بەرپرسانی پارێزگاکان هێشتا باس لەوە دەکەن کە هیچزیادبوونێکی فەرمیلە ئارادا نییە. ئەم دژوازییە، هەم نانەوا و هەم بەکاربەریشی تووشی دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی کردووە.

ئەوەی قەیرانی نان مەترسیدارتر دەکات، بریتییە لە کاریگەرییە یەک لەدوای یەکەکانی. نان تەنیا کاڵایەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئارد، گواستنەوە، پیشەسازیی خۆراک و تەنانەت نرخی بەرهەمەکانی تریشەوە هەیە. زیادبوونی تێچووی نان بەزۆری دەبێتە سەرەتایەک بۆ گرانتر بوونی ماکارۆنی، شیرینی، خواردنە سادەکان و پێداویستییە پەیوەندیدارەکانی تر. بە واتایەکی تر، کاتێک نان گران دەبێت، تەنیا نرخی کاڵایەک بەرز نابێتەوە؛ بەڵکوو تەواوی زنجیرەی بژێوی هەژاران دەکەوێتە ژێر فشاری هەرچی زیاترەوە.

واقعییەت ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئابووری بنەماڵە ئێرانییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە زۆر کەس بەخاڵی بێ گەڕانەوەناوی دەبەن. کێشەکە چیتر تەنیا هەڵاوسان نییە، بەڵکوو داڕمانی بەرەبەرەی هێزی کڕین و لەدەستدانی لانیکەمەکانی ژیانە. لە وەها بارودۆخێکدا، گرانبوونی نان مانایەکی ڕوونی هەیە: سفره‌ی خاڵێتر، بەدخۆراکی زیاتر، دڵەڕاوکێی بەردەوام و کۆمەڵگەیەکی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژارتر دەبێت. ئەمڕۆ نان، وەک سادەترین و بنەڕەتیترین کاڵای خۆراکی، ئاوێنەی باڵانوێنی ئابووری ئێرانی پاش شەڕە، واتە ئابوورییەک کە تێیدا کاڵا هەیە، بەڵام توانای کڕین نییە، نانەواخانە کراوەن، بەڵام سفره‌کان لە هەمیشە خاڵیترن.