قەیرانی ئاو لە ئێرانی دوای شەڕ
سەرەڕای بارانبارینێکی تاڕادەیەک باش لە مانگەکانی ڕابردوودا لە هەندێک ناوچەی ئێران، قەیرانی ئاو نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکوو لە سەروبەندی هاویندا سەرلەنوێ بووەتە یەکێک لە جددیترین هەڕەشە ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و بژێوییەکانی وڵات. پڕۆژەکانی وەک شیرینکردنی ئاوی دەریا و گواستنەوەی ئاو لە کەنداوی فارسەوە بۆ ناوچە ناوەندییەکان، بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕەوە ڕاوەستاون، ژێرخانە بەردەستەکانیش بەهۆی کۆنبوون، خراپ بەڕێوەبردن و زیانەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ، زیاتر لە جاران پەکیان کەوتووە. لە بارودۆخێکدا کە هێشتا کاری نۆژەنکردنەوە و بونیادنانەوەی وێرانکارییەکان دەستی پێنەکردووە و ئاسۆی ئاشتییەکی بەردەوامیش ڕوون نییە، هەموو نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران لە هاوینی ئەمساڵدا، چ لە ڕووی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و چ ئاوی کشتوکاڵ و پیشەسازی، لەگەڵ قەیرانێکی سەختدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
لێدوانەکانی ئەم دواییەی “عیسا بوزورگزادە” سەبارەت بەوەی کە نزیکەی ۳۵ ملیۆن کەس لە ئێران لەگەڵ کێشەی کەمئاوی بەرەوڕوون، دانپێدانانێکی فەرمییە بەوەی کە وڵات چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار لە گرژیی و بەریەککەوتنی لەمێژینەی ئاو. کاتێک نزیکەی نیوەی دانیشتووانی وڵات تووشی کەمئاوی دەبن، ئیتر ناتوانرێت بابەتەکە تەنها لە مەسەلەی “دەستپێوەگرتنی تاکەکەسی” یان “کەمیی باراندا” کورت بکرێتەوە. ئەم قەیرانە، بەرهەمی چەندین دەیە خراپ بەڕێوەبردن، سیاسەتداڕشتنی وێرانکەر، بەکارهێنانی زیاتر لە پێوستی سەرچاوە سروشتییەکان و بێبایەخیی تەواوە بە پێویستییە زانستی و ژینگەییەکان.
لە دەیەکانی ڕابردوودا، سەرچاوە ئاوە ژێرزەوییەکانی ئێران زۆر خێراتر لە توانای بونیادنانەوەی سروشتییان بەتاڵ کراونەتەوە. هەڵکەندنی بێسەروبەری بیرەکان، پەرەپێدانی کشتوکاڵی پڕمەسرەف و کەم دەوام، دروستکردنی بەنداوی زۆر و وێرانکەر، جێگیرکردنی ئەو پیشەسازیانەی کە پێویستییان بە ئاوی زۆر هەیە لە ناوچە وشکەکان و لەناوچوونی گۆلاو و ڕووبارەکان، هاوسەنگیی سروشتیی زۆرێک لە ناوچەکانی وڵاتی تێکداوە. ئەمڕۆ ئەنجامی ئەم ڕەوتە دەتوانرێت لە ڕۆچوونی زەوی، وشکبوونی ڕووبارەکان، کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمی کشتوکاڵی، لەناوچوونی گوندەکان و کۆچی زۆرەملێ لە ناوچە کەمئاوەکاندا ببینرێت.
لەلایەکی دیکەوە، دابەشبوونی بارانبارین لە ئاستی وڵاتدا بەتەواوی ناهاوسەنگە. تەنانەت لە ساڵێکدا کە هەندێک پارێزگا بارانبارینی باشتریان هەبووە، ناوچە پڕحەشیمەتەکان و پیشەسازییەکانی وەک تاران، ئیسفەهان، یەزد، قوم و پارێزگای مەرکەزی، هێشتا لەگەڵ کەمئاوییەکی جددی ڕووبەڕوون. ئەم بابەتە لەو ڕووەوە مەترسیدارترە کە بەشێکی سەرەکیی دانیشتووان، چالاکییە ئابوورییەکان و ناوەندە پیشەسازییەکانی وڵات لەم ناوچانە هەڵەوتوون. کەواتە قەیرانی ئاو لە ئێران، بە واتای پەککەوتنی دەمارە سەرەکییەکانی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێرانیشە.
جگە لە کەمئاوی، دەبێت سەرنج بخرێتە سەر کێشەیەکی دیکەی کە کەمتر دەبینرێت بەڵام زۆر مەترسیدارترە، ئەویش “ئاوی ناتەندروستە“. لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی ئێران، ئاوە بەردەستەکەش تەندروست و شیاوی خواردنەوە نییە. ڕژانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ماددە مەترسیدارەکانی ئاوەڕۆی ماڵان، پیشەسازی و نەخۆشخانەکان بۆ ناو ئاوە سەرەکییەکان و سەرچاوە ژێرزەوییەکان، کوالێتی ئاوی بەتەواوی دابەزاندووە. گۆڕانی ڕەنگ، تام و بۆنی ئاو لە زۆر ناوچەدا، نیشانەیەکی ڕوونی ئەم پیسبوونە بەرفراوانەیە. “سفیدرۆد” لەلایەن هەندێک سەرچاوەوە بە پیسبووترین ڕووباری ئێران دادەنرێت و لە مانگەکانی ڕابردووشدا پیسبوونی ڕووباری “ئەرەس” بە ماددە کیمیاییەکان و تەنانەت نیگەرانییەکان سەبارەت پیسبوونی ڕادیۆئەکتیڤ، سەرنجی ڕای گشتییان ڕاکێشاوە. ئەمانە هۆشدارییەکی جددین: قەیرانی ئاو لە ئێران بە واتای هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر تەندروستیی ملیۆنان کەسیش.
لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە قووڵکردنەوەی کارەساتەکەدا حاشاهەڵنەگرە. دەسەڵات لەجیاتی وەبەرهێنان لە ژێرخانە مۆدێرنەکانی گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە، پاڵاوگە و ڕیسایکڵکردنی ئاوەڕۆ، نوێکردنەوەی تۆڕە کۆن و پرتووکاوەکان و چاککردنی شێوازی بەکارهێنان و کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی وڵاتی لەپێناو سەرکوتی ناوخۆیی، دەستێوەردانی ناوچەیی، نیزامیگەری و گەندەڵیی ڕێکخراو خەرج کردووە. سیستمێکی کە بە خوڕافات، دژایەتی لەگەڵ زانست و بایەخ نەدان بە پسپۆڕی بەڕێوە دەچێت، سروشتییە کە ناتوانێت کێشەیەکی ئاڵۆزی وەک ئاو بە شێوەیەکی زانستی، بەردەوام و دادپەروەرانە چارەسەر بکات.
شەڕیش ئەم قەیرانەی ئاڵۆزتر کردووە. ڕاوەستانی پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاو و شیرینکردن، زیانگەیشتن بە ژێرخانەکان، پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردنی کەرەستەکان و دواکەوتنی هەر جۆرە وەبەرهێنانێکی نوێ، بارودۆخەکەی خراپتر کردووە. لە کاتێکدا وڵات پێشتریش لەگەڵ قەیرانی درێژخایەنی ئاودا بەرەوڕوو بوو، لێکەوتەکانی شەڕ بە کردەوە ئیمکانی لانیکەمی بەڕێوەبردنی بارودۆخەکەشی دژوارتر کردووە. لە ئاوا بارودۆخێکدا، هاوینی داهاتوو دەکرێت ببێتە وەرزی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، بڕانی بەرفراوانی ئاو، گرژییە ناوخۆییەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی گشتی.
هەروەک لە ساڵانی ڕابردوودا گەلێک جار بینیومانە، یەکەم قوربانییەکانی قەیرانی ئاو، دەوڵەمەندەکان و خاوەن ڕانتەکان نین، بەڵکوو کرێکاران، جووتیاران، گوندنشینان، پەراوێزنشینان و دانیشتووانی ناوچە بێبەشەکانن. ئەوان توانای کڕینی ئاو، کۆچکردن، هەڵکەندنی بیری تایبەت یان کڕینی کەرەستەی پاڵاوتنیان نییە. وشکبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان، کەمیی بەرهەم، بێکاری، هەژاری و ناچاربوون بە جێهێشتنی شوێنی ژیان، زیاتر لە هەمووان بەرۆکی ئەم چینە کۆمەڵایەتییانە دەگرێت. بەم واتایە، قەیرانی ئاو لە ئێران، بە ڕوونی قەیرانێکی چینایەتیشە.
هاوکات، ئەم قەیرانە بووەتە بابەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیش. لە ساڵانی ڕابردوودا، لە پارێزگا جیاجیاکاندا لەسەر مەسەلەی گواستنەوەی ئاو، بێئاوی، پیسبوونی ئاو و وشکبوونی ڕووبارەکان گەلێک جار ناڕەزایەتی دروست بووە. کاتێک خەڵک دەبینن ئاویان نییە، یان ئاویان هەیە بەڵام ناتەندروستە، و لە هەمان کاتدا حکوومەت بودجە زەبەلاحەکان لەپێناو بەرنامە سەربازی و ئەمنییەکانیدا خەرج دەکات، سروشتییە کە ڕق و تووڕەیی کۆمەڵایەتی کەڵەکە بێت. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەرە گەندەڵەکانی، ناتوانن بە تاوانبارکردنی خەڵک یان گەڕاندنەوەی هەموو شتێک بۆ “دوژمنی دەرەکی“، خۆیان لە بڵێسەکانی ئەم ناڕەزایەتییە دەرباز بکەن.
چارەسەری قەیرانی ئاو ڕوونە، بەڵام بە مانەوە و بەردەوامیی ئەم دەسەڵاتە بەدەست نایەت: ڕاگرتنی دەرهێنانی زیاتر لە پێوست لە سەرچاوە ژێرزەوییەکان، چاککردنی شێوازی کشتوکاڵی پڕمەسرەف، شەفافیەتی تەواو لە پڕۆژەکانی بەنداو و گواستنەوەی ئاو، ژیاندنەوەی گۆلاو و ڕووبارەکان، وەبەرهێنانی پێویست لە بەشی پاڵاوتن و ڕیسایکڵکردنی ئاوەڕۆ، نوێکردنەوەی تۆڕە کۆن و پرتووکاوەکانی ئاو و بەشداریی ڕاستەقینەی پسپۆڕانی سەربەخۆ لە بڕیاردان، لە زومرەی ئەم چارەسەرانەن. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە پێویستی بە حوکمڕانییەکی بەرپرس، زانستی، شەفاف و وەڵامدەرەوە هەیە، شتێکی کە کۆماری ئیسلامی ڕێک خاڵی پێچەوانەیەتی. لە ڕاستیدا کێشەکە لەسەر کەمیی ئاو نییە، بەڵکوو لەسەر حکومەتێکە کە ژیانی خەڵک و سروشتی بەرەو لێواری داڕمان بردووە.
