کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئازادیی چاپەمەنی مافی سەرجەم کۆمەڵگەیە بۆ زانینی ڕاستی

IMG 4529

ئازادیی چاپەمەنی مافی سەرجەم کۆمەڵگەیە بۆ زانینی ڕاستی

سێی ئایار، بەرامبەر بە ۱۳ی گوڵان، ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنییە، ئەو ڕۆژەی کە ساڵی ۱۹۹۳ لە چل و هەشتەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناودێر کرا. لە بەیاننامەی ئەو کۆبوونەوەیەدا هاتبوو: بوونی ڕۆژنامەگەریی ئازاد، گشتگیر و سەربەخۆ، یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک. ئەم ڕستەیە، ئەگەرچی دەربڕی ڕاستییەکی ئاشکرایە، بەڵام ئەزموونی جیهان نیشانی دەدات کە هەر ئەم مافە سەرەتایییە، لە زۆر وڵاتدا ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتەکان، خاوەن دەسەڵات و سەرمایە و ناوەندە ئەمنییەکانەوە پێشێل دەکرێت.

ئازادیی چاپەمەنی تەنها مافی ڕۆژنامەنووسان نییە، بەڵکوو مافی سەرجەم کۆمەڵگەیە بۆ زانینی ڕاستی. کۆمەڵگەیەکی کە لە دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و شرۆڤە بێبەش بکرێت، لە دەرفەتی بڕیاردانی ئاگایانە، ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و بەرگریکردن لە مافەکانی خۆیشی بێبەش دەبێت.

ئامارە جیهانییەکان نیشانی دەدەن کە ئازادیی چاپەمەنی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیدی بووەتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، ساڵی ۲۰۲۵ نزیکەی ۳۳۰ ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان لە زینداندا بوون و لانیکەم ۱۲۹ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی میدیایی کوژراون، ژمارەیەکی کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەرزترین ڕێژەی تۆمارکراوە لە سەرەتای ئامارگیریی جیهانی، واتە لە ساڵی ۱۹۹۲ەوە.

لەو نێوەندەدا، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی، یەکێک لە ڕەشترین دۆسیەکانی هەیە لە بواری سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و چالاکوانانی میدیایی. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە ئازادیی چاپەمەنی، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یەکێکە لە گەورەترین زیندانەکانی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت. لە ئێران، دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان زۆرجار ڕەوتێکی ئالۆز و جۆراوجۆرە: دەستبەسەرکردن، ئازادکردنی کاتیی، بانگکردن بۆ لێپێچینەوە، هەڕەشە، دروستکردنی دۆسیە، قەدەغەکردنی کار و هەندێکجاریش سەرلەنوێ دەستبەسەرکردنەوە. هەربۆیە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەوانەی لەژێر گوشاری ئەمنی و دادوەریدان، زۆر زیاترە لەو کەسانەی کە لە کاتێکی دیاریکراودا لە زیندانن.

ئەو تۆمەتانەی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە ئێران دەخرێنە ڕوو، زۆربەیان گشتی، سیاسی و ئەمنین، لەوانە: پڕوپاگەندە دژی نیزام، هەوڵدان لەدژی ئاسایشی نەتەوەیی، هاوکاری لەگەڵ میدیا بیانییەکان، شێواندنی بیروڕای گشتی یان سوکایەتی بە پیرۆزییەکان و ڕێبەریی. ئەم تۆمەتانە ئامرازێکن بۆ کپکردنی دەنگە سەربەخۆ و ڕەخنەگرەکان. لە ڕاستیدا ئەوەی بە تاوان دادەنرێت، بریتییە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری، پرسیارکردن، ڕیسواکردن و لەقاودانی گەندەڵییەکانە. ئەو ڕۆژنامەنووسەی گەندەڵیی ئابووریی بەرپرسان ئاشکرا دەکات، ئەو پەیامنێرەی دەنگی بنەماڵە دادخوازەکان دەگەیەنێت، ئەو نووسەرەی باس لە هەژاری، بێکاری، ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی، هەڵاواردنی ڕەگەزی یان سەرکوتی خۆپیشاندانەکان دەکات، ڕووبەڕووی دەزگای ئەمنی و دادوەری دەبێتەوە.

هەڵبەت مێژووی سانسۆر و سەرکوتی چاپەمەنی لە ئێران تەنها ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لە سەردەمی دەسەڵاتی پەهلەویشدا سانسۆر، داخستنی بڵاوکراوەکان و زیندانی کردنی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان شتێکی باو بوو. بەڵام کۆماری ئیسلامی هەر لە مانگەکانی یەکەمی دوای ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ۱۳۵۷ەوە، سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و چاپەمەنیی کردە یەکێک لە پایەکانی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی. فەرمانی خومەینی بۆشکاندنی قەڵەمەکانو هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەکان، بڵاوکراوەکان، زانکۆکان و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان، سەرەتای پڕۆسەیەک بوو کە وردە وردە ئێرانی کرد بە زیندانێکی گەورە بۆ ڕۆژنامەنووسانی کۆمۆنیست، ئازادیخواز، سەربەخۆ و پێشکەوتنخواز. سەرکوتی چاپەمەنی لە پاڵ هێرش بۆ سەر زانکۆ، هێرش بۆ سەر کوردستانی شۆڕشگێڕ و سەرکوتی خەباتی کرێکاران، ژنان و نەتەوە ژێردەستەکان، بەشێک بوو لە پڕۆژەیەکی بەربڵاوتری کۆماری ئیسلامی بۆ خامۆشکردنی شۆڕش و کۆتایی هێنان بە ئامانجە ئازادیخوازییەکانی خەڵک.

لە کۆماری ئیسلامیدا، ڕۆژنامەنووس نەک تەنها لەگەڵ سانسۆری فەرمی، بەڵکوو لەگەڵخۆسانسۆرییەکی سەپێندراویشدا بەرەوڕووە. ئەو دەزانێت کام وشەیە دەبێتە هۆی بانگکردن، کام ڕاپۆرت دەبێتە هۆی دەستبەسەرکردن و کام ئاشکرا کردن و لەقاودان دەبێتە هۆی زیندان و ئەشکەنجە. لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە بە ڕۆژنامەنووس دەوترێت چی بڵێت و چی نەڵێت، چی بنووسێت و چی نەنوسێت. تەنانەت ئەو میدیایانەی کە لە چوارچێوەی پاراستنی نیزامدا بەڵام بە ئاراستەیەکی جیاواز کار دەکەن، ئەگەر لە هێڵە سوورە ئەمنییەکان تێپەڕن، تەحەممول ناکرێن. ڕۆژنامەکان دادەخرێن، مۆڵەتی بڵاوکراوەکان هەڵدەوەشێندرێتەوە، ڕۆژنامەنووسان مافی نووسین و کارکردن و چوونە دەرەوەی وڵاتیان لێ زەوت دەکرێت.

بازنەی سەرکوت تەنها ناوخۆی وڵاتی نەگرتووەتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کۆماری ئیسلامی، بریتییە لە گوشار خستنە سەر ڕۆژنامەنووسانی دەرەوەی وڵات. هەڕەشە، پەروەندەسازی، گوشار بۆ سەر بنەماڵەکانیان لە ناوخۆی ئێران و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسە دوورخراوەکان، نیشانی دەدات کە سەرکوتی میدیایی لە کۆماری ئیسلامیدا ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیشی وەرگرتووە. لە پاڵ ئەمانەشدا، پچڕان و کۆنترۆڵکردنی ئینتەرنێت بووەتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی سەرکوت. لە کاتە هەستیارەکان و کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، سنووردارکردن یان بڕینی ئینتەرنێت نەک تەنها پەیوەندییەکانی خەڵک تێکدەدات، بەڵکوو ڕێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەرکوت و کوشتار و دەرفەت دەداتە حکومەت کە لە تاریکیی هەواڵیدا پەنا بباتە بەر توندوتیژی.

لە ئێرانی ئەمڕۆدا، ئاشکراکردنی دزی و گەندەڵیی بەرپرسانی حکوومی تاوانە، بڵاوکردنەوەی وێنەی توندوتیژیی هێزە ئینتزامییەکان، سپای پاسداران و بەسیج تاوانە، ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران، خوێندکاران، ژنان و خانەنشینان تاوانە، نووسین لەسەر هەژاری، بێکاری و هەڵاواردن، بەتێکدانی نەزمی گشتیلەقەڵەم دەدرێت، قسەکردن لەسەر چەوسانەوەی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران بەجوداییخوازیو تاوان دەژمێردرێت.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ڕاستییەکی گرنگ ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو سەرکوتەکان، نەیتوانیوە ڕەوتی گەیاندنی زانیاری بوەستێنێت. ئەمڕۆ بە یارمەتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، میدیا سەربەخۆکان، ڕۆژنامەنووسانی دوورخراوە، شارۆمەندپەیامنێرەکان، چالاکوانانی کرێکاری، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان و خەڵکی ئاسایی، هەواڵی تاوانەکان، گەندەڵی، تاڵان و سەرکوت زیاتر لە هەر کاتێکی تر بڵاو دەبێتەوە. هەرچەندە حکوومەت هەوڵ دەدات بە زیندان، ئەشکەنجە، هەڕەشە و سانسۆر ڕاستییەکان بشارێتەوە، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕیسوا دەبێت.

ڕۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنی دەبێ وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕاستییە بێت کە ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی چاپەمەنی، ئازادیی بیروباوەڕ، ئازادیی ڕێکخراوبوون، ئازادیی حیزبەکان، ئازادیی کۆبوونەوە، خۆپیشاندان، مانگرتن، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، پێکهێنانی سەندیکا و دەستڕاگەیشتنی ئازادانەی هەمووان بە ئینتەرنێت، میدیا گشتییەکان، ڕادیۆ، تەلەویزیۆن و بڵاوکراوەکان، مافی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکن. هەڵوەشاندنەوەی هەر چەشنە سانسۆرێک و کۆتاییهێنان بە سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات بۆ ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.

بەڵام ئەم ئازادییانە بە تکاکردن لە دەسەڵات بەدەست نایەن. ئەزموونی ئێران و جیهان نیشانی داوە کە ئازادیی چاپەمەنی و مافی خەڵک بۆ زانین، تەنها لە ڕێگەی خەباتی بەردەوام، ڕێکخراو و کۆمەڵایەتییەوە مسۆگەر دەبێت. بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسی زیندانی، بەرگریکردنە لە کۆمەڵگەیەک کە دەیەوێت ڕاستییەکان بزانێت و چارەنووسی خۆی بە ئاگایییەوە دیاری بکات. ئازادیی قەڵەم، ئازادیی خەڵکە، و بەبێ ئەو، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت ئازاد و یەکسان و ئینسانیی بێت.