کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ و سێبەری وێرانکاری بەسەر ژیانی خەڵکی ئێرانەوە

IMG 4668

مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ و سێبەری وێرانکاری بەسەر ژیانی خەڵکی ئێرانەوە

بنبەستی دانوستانەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بە نێوەندگیریی پاکستان، جارێکی دیکە مەترسیی گەڕانەوەی شەڕی کردووەتە یەکێک لە جیدیترین نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی ئێران و ناوچەکە. ئەو ڕاپۆرتانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاوکراونەتەوە، لەوانەش ڕاپۆرتی ڕۆژنامەینیویۆرک تایمزلە زاری چەند بەرپرسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، باس لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان دەکەن. هاوکات بەرپرسانی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاندووە کە خۆیان بۆ خولێکی نوێی شەڕ ئامادە دەکەن. ئەم هۆشدارییانە ناتوانرێت تەنها وەک هەڕەشەی پڕوپاگەندەیی یان بەشێک لە شەڕی دەروونی سەیر بکرێن. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە هەمیشە کاتێک دیپلۆماسی دەگاتە بنبەست و ئەکتەرە سەرەکییەکان دەگەڕێنەوە سەر زمانی هەڕەشە، مەترسیی شەڕ زیاتر دەبێت.

ئەوەی ئەمجارە دۆخەکە مەترسیدارتر دەکات، تەنها ئەگەری هێرشی سەربازی نییە، بەڵکوو جۆری ئەو هێرشەیە کە باسی لێوە دەکرێت. ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی ئامادەکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەگەری هێرشەکان، باس لەبۆردومانی چڕی ژێرخانەکاندەکەن. ژێرخان واتە کارەبا، ئاو، پاڵاوگە، پەیوەندییەکان، پرد، ڕێگاوبان، نەخۆشخانە، تۆڕی گواستنەوە، کۆگاکانی سووتەمەنی و ناوەندەکانی پەیوەندی. بە زمانێکی سادەتر، ژێرخان واتە ئەو بنەمایانەی کە ژیانی ڕۆژانەی نەوەد ملیۆن مرۆڤیان لەسەر بنیادنراوە. کەواتە ئەگەر شەڕێکی لەو شێوەیە دەست پێبکات، ژیانی ئاسایی خەڵکی ئێران ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کاریگەریی لێکەوتەکانیەوە.

یەکەمین و دەستبەجێترین لێکەوتەی هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی ئێران، بەریتی دەبێت لە داڕمان یان تێکچوونی ئێجگار زۆری تۆڕی کارەبا. ئێران ساڵانێکە بەدەست کەمیی کارەبا، کۆنبوونی تۆڕ و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا، کەمبوونەوەی وەبەرهێنان و بڕانی بەردەوامی کارەباوە دەناڵێنێت. لە زۆرێک لە شارەکان، بڕانی کارەبا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بووەتە بابەتێکی ئاسایی. بەم حاڵەوە، ئەگەر وێستگەکان، پۆستەکانی کارەبا و هێڵەکانی گواستنەوەش بکرێنە ئامانج، بە مانای ڕاستەقینەی وشە کارەسات ڕوو دەدات. ئامێرەکانی شۆردنی گورچیلە (دیالیز) لەکار دەکەون، ژوورەکانی نەشتەرگەری ڕادەوەستن، سیستمەکانی گەیاندنی ئۆکسیژن تێکدەچن و ئەو ساردکەرەوانەی کە دەرمانی زۆر سەرەکی و پێویستی وەک ئەنسۆلین و واکسێنیان تێدا ڕادەگیرێت، بە تەواوی لەکار دەکەون.

ئەزموونی عێراق لە ساڵی ١٩٩١، یوگۆسلاوی لە ١٩٩٩ و لوبنان لە ٢٠٠٦ نیشانی داوە کە هێرشکردنە سەر تۆڕی کارەبا، هێرشە بۆ سەر ژیانی کۆمەڵایەتی. لە ئاوا دۆخێکدا، گیانلەدەستدانی ناڕاستەوخۆ، زۆرجار لە قوربانیانی ڕاستەوخۆی بۆردومانەکان زیاتر دەبێت. منداڵێک کە بەهۆی نەبوونی کارەباوە لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات، نەخۆشێک کە دەرمانەکەی خراپ دەبێت و بەتەمەنێک کە لە سەرما یان گەرمادا بێ ئیمکانیات دەمێنێتەوە، هه‌موویان لە زومرەی قوربانیانی شەڕن، تەنانەت ئەگەر ناویشیان هەرگیز لە ئامارە فەرمییەکانی کوژراواندا نەنوسرێت.

قەیرانی ئاویش دەستبەجێ بەدوای قەیرانی کارەبادا دێت. ئێران وڵاتێکی نیمچە وشکە و لە زۆر ناوچەدا، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بەستراوەتەوە بە دامەزراوەکانی پۆمپاژکردن، پاڵاوگەکانی ئاو، بەنداوەکان و تۆڕەکانی گواستنەوە، ئەو دامەزراوانەی کە خۆیان پێویستیان بە کارەبایە. لەکارکەوتنی ئەم تۆڕانە واتە کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان، تێکچوونی تەندروستی گشتی و زیادبوونی گوشار لەسەر سیستمی دەرمانی. لە شارە گەورەکان، بڕانی درێژخایەنی ئاو دەکرێت کارەساتێکی مرۆیی لێ بکەوێتەوە.

ئەم قەیرانە لە دۆخێکدا ڕوو دەدات کە سزا و گەمارۆ درێژخایەنەکان، پێشتر کۆگاکانی دەرمان، پێداویستییە پزیشکییەکان و توانای بونیادنانەوەی ئێرانیان لاواز کردووە. زۆرێک لە نەخۆشخانەکان بەدەست کەمیی دەرمان، ئامێری کۆن و پرتووکاو، کۆچی کادیرانی پزیشکی و کەمیی بودجەوە دەناڵێنن. شەڕ، سیستمێکی ئاوا نەک هەر دەخاتە ژێر گوشارەوە، بەڵکوو دەیباتە لێواری داڕمان.

هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکان و ژێرخانە نەوتییەکانیش دەرهاوێشتەی زۆر بەربڵاوتری لە مەیدانی نیزامیی دەبێت. ئابووریی ئێران، سەرەڕای هەموو بانگەشەکان دەربارەی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، هێشتاش بەستراوەتەوە بە داهاتەکانی نەوت و وزەوە. ئەگەر پاڵاوگەکان، ترمیناڵەکانی هەناردەکردن، هێڵەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی یان دامەزراوەکانی گاز بکرێنە ئامانج، داهاتی حکومەت کە پێشتریش سنووردار و داڕماو بوو، دەکرێت بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکات یان لە هەندێک بەشدا بەتەواوی ڕابوەستێت. ئەنجامەکەشی بریتی دەبێت لە کەمبوونەوەی توانای هاوردەکردنی کاڵا سەرەکییەکان، کەمیی سووتەمەنی، تێکچوونی سیستەمی هاتوچۆ، بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و پەرەسەندنی هەرچی زیاتری هەڵاوسان. لە وڵاتێکدا کە خەڵکەکەی هەر ئەمڕۆش بەدەست نرخی سەرسوڕهێنەری نان، گۆشت، مریشک، هێلکە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و دەرمانەوە دەناڵێنن، شەڕ دەکرێت ژیانی ملیۆنان کەس لەگەڵ برسییەتی لەڕادەبەدەر و دۆخی بێدەسەڵاتی بەرەوڕوو دەکاتەوە.

ڕەهەندە ناوچەییەکانی شەڕەکەش جێگەی نیگەرانین. لەو ڕاپۆرتانەی کە دەربارەی شەڕی ٤٠ ڕۆژە بڵاوکراونەتەوە، باس لە بەشداریکردن یان هاوکاریی عەرەبستانی سعوودی و ئیمارات لە بۆردومانکردنی پێگەکانی کۆماری ئیسلامیدا کراوە. ئەگەر لە خولی نوێی ململانێکاندا، کۆماری ئیسلامی موشەک ئاراستەی ئەم وڵاتانە بکات، ئەوانیش وەک چۆن هۆشدارییان داوە، پێدەچێت پەرچەکرداریان هەبێت. لە دۆخێکی ئاوادا، شەڕ دەکرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تێپەڕێت و ببێت بە شەڕێکی بەربڵاوی ناوچەیی.

نموونە مێژووییەکان لەم بوارەدا زۆرن: عێراق دوای شەڕی ٢٠٠٣، سەرەڕای ئامادەیی بەربڵاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەرجکردنی ملیاران دۆلار، زیاتر لە دوو دەیە لەژێر باری بونیادنانەوەی ژێرخانە سەرەتاییەکانی خۆیدا مایەوە و هێشتاش ئاسەوارەکانی ئەو شەڕە بەخۆیەوە دەبینێت. لیبی لە دوای ٢٠١١ەوە هێشتاش گیرۆدەی ناسەقامگیری، داڕمانی دامەزراوەکان و ململانێی هێزە چەکدارەکانە. ئەزموونی ئەم وڵاتانە نیشانی دەدات کە وێرانکردنی ژێرخانەکان لە چەند هەفتەیەکدا دەکرێت، بەڵام بونیادنانەوەیان زۆرجار نەوەیەکی تەواوی دەوێت. بە دڵنیاییەوە ئێران لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بە ئابوورییەکی سزادراو، پێکهاتەیەکی سیاسی داخراو، گەندەڵی بەربڵاو و کەلێنە قووڵە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ناتوانێت دوای شەڕێکی وێرانکەر بە خێرایی پشتی لەژێر داروپەردودا، ڕاست بکاتەوە. زیانی خەڵک لە هەردوو سەرەوەیە، هەم ڕژێم هێشتا لەسەر کارە و هەم ژیانی خەڵکیش فەوتاوە.

لە بەرامبەر کارەساتێکی ئاوادا، بێدەنگی و تەماشاکردن مەترسیدارە. بزووتنەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی دەبێت چالاکانە گشار بخاتە سەر لایەنەکان بۆ ئەوەی دەست لە سیاستە زیادەڕۆییەکان، هەڕەشەی سەربازی و داواکارییە بێ سنوورەکان هەڵگرن و ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بە جیدی وەربگرن. ڕێگریکردن لە شەڕ بە واتای بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی نییە، هەروەک چۆن خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامیش نابێت ببێت بە پشتگیریکردن لە بۆردومانکردنی ئێران. دەکرێت و دەبێت هاوکات لەدژی سەرکوتکاری، سەرکێشی و سیاستە وێرانکەرەکانی حکومەتی ئێران بوەستینەوە و لە هەمان کاتدا، دژی شەڕیش ڕابوەستین. قوربانیی هەردوولا، خەڵکی ئێرانن.

خەڵکی ئێرانیش نابێت تەماشاکەری ڕوودانی کارەساتێک بن کە ئەمجارە ڕاستەوخۆ بنەمای ژیانی ئەوان دەکاتە ئامانج. شەڕێک کە ژێرخانەکان وێران بکات، تەنها حکومەت لاواز ناکات، بەڵکوو کۆمەڵگە بریندار، هەژار، نەخۆش و بێ داهاتوو دەکات. نەخۆشخانەیەکی کە بۆردومان دەکرێت یان بێ کارەبا دەبێت، موڵکی حکومەت نییە، موڵکی خەڵکە. تۆڕێکی ئاو کاتێک لەکار دەکەوێت، ئاوی ماڵانی خەڵک دەبڕێت. پاڵاوگەیەکی کە دەسوتێت، گرانی و بێکاری و کەمیی پێداویستییەکان بەسەر ژیانی خەڵکدا دەسەپێنێت.

ڕێگەچارە، بریتییە لە گەڕانەوەی دەستبەجێ بۆ دیپلۆماسی، ڕاگرتنی هەڕەشە سەربازییەکان، واژۆکردنی ڕێککەوتنێک بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ و گوشاری ڕێکخراوی ڕای گشتیی لەدژی هەموو ئەو لایەنانەی کە وڵات بەرەو لێواری هەڵدێر دەبەن. خەڵکی ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستیان بە ئاشتی، ئازادی، بونیادنانەوە و ژیان هەیە، نەک بە شەڕێکی نوێی کە داروپەردووەکەی بەر لە هەموو کەس بەسەر جەماوەری  خەڵکدا دەڕوخێت.