حەقدەستەکان هەرساڵ زیاد دەکەن، بەڵام ژیان بەردەوام دژوارتر و سفرەکان بچووکتر دەبنەوە!
دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٥، جارێکی دیکە پرسی بژێویی کرێکارانی کردەوە بە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی کۆمەڵگەی ئێران. شۆڕای باڵای کار لە ڕۆژانی کۆتایی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا، لانیکەمی حەقدەستی بە ١٦ ملیۆن و ٦٢٥ هەزار تمەن ڕاگەیاند، ژمارەیەکی کە لەسەر کاغەز و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، نزیکەی لەسەدا ٦٠ زیادی کردووە. بەڵام واقیعی ژیانی کرێکاران نیشانی دەدات کە ئەم زیادکردنە، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسان و گرانییەکی بەردەوام و هەوسارپچڕاو، نەک هەر نەبووەتە هۆی باشتربوونی ئاستی ژیانیان، بەڵکوو تەنانەت بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر، دابەزینیشی بەخۆیەوە بینیوە.
کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە نابێ حەقدەستی کرێکار تەنیا بە ژمارەی ڕیاڵ هەڵبسەنگێندرێت، بەڵکوو دەبێ بزانرێت ئەم حەقدەستە چەندە کاڵا و خزمەتگوزاریی ڕاستەقینەی پێ دابین دەکرێت. لانیکەمی حەقدەستی ساڵی ١٣٩٠ نزیکەی ٣٣٠ هەزار تمەن بوو و ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٦ ملیۆن تمەن، بەڵام لە هەمان ماوەدا، نرخی نیشتەجێبوون، خۆراک، دەرمان، گواستنەوە، پەروەردە و وزە چەندین هێندە زیادیکردووە و بەهای دراوی نیشتمانی هەرەسی هێناوە. خەمڵاندنەکان نیشانی دەدەن کە بەهای لانیکەمی حەقدەست بە دۆلار لە نزیکەی ٣٠٠ دۆلار لە ساڵی ١٣٩٠دا، بۆ نزیکەی ١٠٥ دۆلار لە ساڵی ١٤٠٥ دابەزیوە، واتە لە ماوەی ١٥ ساڵدا زیاتر لە ٦٥ لەسەد کەمبۆتەوە. مانای ئەم هەرەس هێنانە ئەوەیە کە کرێکاری ئێرانی ئەمڕۆ، سەرەڕای وەرگرتنی حەقدەستێکی دەیان هێندە زیاتر لە ڕابردووە، بەڵام لە ڕاستیدا هەژارتر بووە.
هەڵاوسان، گرنگترین هۆکاری توانەوەی حەقدەستەکانە. بەپێی داتا بەردەستەکان، پێوەرەکانی نرخی بەکاربەر لە خاکەلێوەی ١٤٠٥دا بەراورد بە هەمان کات لە ساڵی ڕابردوودا ٧٣.٥ لەسەد زیادی کردووە و هەڵاوسانی دوازدە مانگەش گەیشتووەتە ٥٣.٧ لەسەد. واتە بنەماڵەن بۆ کڕینی هەمان سەبەتەی کاڵای ساڵی ڕابردوو، دەبێ پتر لە ٧٣ لەسەد هەزینەی زیاتر بدەن. لەم نێوەندەدا، گوشاری سەرەکی کەوتووەتە سەر کاڵا پێویستەکان، نان و دانەوێڵە زیاتر لە ١٠٦ لەسەد گران بوون و ڕۆن و چەورییەکان نزیکەی ١٠٠ لەسەد نرخەکەیان بەرزبووەتەوە. لە ڕەشەمەی ١٤٠٤یشدا، هەڵاوسانی خۆراک و خواردنەوەکان گەیشتبووە زیاتر لە ١١٣ لەسەد، نان و دانەوێڵە ١٤٠ لەسەد و ڕۆن و چەورییەکان ٢١٩ لەسەد. مانای ئەم ژمارانە بریتییە لە لاچوونی قۆناغ بە قۆناغی جۆرەکانی خۆراک لەسەر سفرەی خەڵک.
ئەم گوشارە بۆ دەهەک واتە (چینە) نزمەکانی کۆمەڵگا گەلێک قورسترە. ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن کە هەڵاوسانی ساڵانە بۆ دەهەکی دووەم ٥٨.٢ لەسەد و بۆ دەهەکی دەیەم ٥٢ لەسەد تۆمار کراوە. بۆ دەوڵەمەندەکان، هەڵاوسان ڕەنگە بە مانای کەمبوونەوەی بەشێک لە پاشەکەوت یان گۆڕینی جۆری بەکارهێنان بێت، بەڵام بۆ کرێکاران بە مانای لابردنی ژەمە خۆراک، دواکەوتنی کرێی خانوو، بێتوانایی لە کڕینی دەرمان و شەرمەزارییە لەبەردەم ماڵ و منداڵەکانیان.
شەڕیش ئەم دۆخەی خراپتر کردووە. وێرانکاریی ڕاستەقینەی شەڕ نەک هەر بەسەر بیناکاندا، بەڵکوو بەسەر سفرە خاڵییەکان، حەقدەستە بێبەهاکان، خانوە بەکرێگیراوەکان و جەستە ماندووەکانی کرێکاراندا هاتووە. قەیرانی دراو، سستبوونی بەرهەمهێنان و ناسەقامگیریی ئابووری، هەموویان بوونەتە هۆی ئەوەی نرخەکان بە خێراییەکی هەرچی زیاتر بەرز ببنەوە. ڕۆژنامەی “دنیای ئیقتیساد” سێ سیناریۆی بۆ هەڵاوسان خستووەتەڕوو: لە گەشبینانەترین حاڵەتدا و ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بکرێت، هەڵاوسان ٤٩ لەسەد دەبێت، لە دۆخی “نە شەڕ و نە ئاشتی“دا، هەڵاوسان دەگاتە ٦٧ لەسەد و لە ئەگەری بەردەوامیی شەڕیشدا، وڵات لەگەڵ هەڵاوسانی کەم وێنەی ١٢٣ لەسەدی بەرەوڕوو دەبێتەوە. تەنانەت گەشبینانەترین سیناریۆش بۆ کرێکاران، بە مانای بەردەوامیی گوشاری سەختی بژێوییە.
بەرزبوونەوەی نرخی دراویش ئاگری هەڵاوسانی خۆشتر کردووە. کاتێک دۆلار لە سنووری ١٨٠ هەزار تمەن تێپەڕ دەبێت و لە ڕۆژێکدا زیاتر لە ١٦ هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە، کاریگەرییەکەی دەستبەجێ لە نرخی خۆراک، دەرمان، پۆشاک، کرێی گواستنەوە، کرێی خانوو و خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژانەدا دەردەکەوێت. لەم ڕەوتەدا، کرێکار بەردەوام دوا دەکەوێت، چونکە حەقدەستەکان ساڵێ جارێک، ئەویش بە دواکەوتنەوە و زۆر کەمتر لە ڕێژەی ڕاستەقینەی هەڵاوسان زیاد دەکرێت، بەڵام نرخەکان بەردەوام و تەنانەت بە ڕۆژ و سەعات ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت. هەر بۆیە تەنانەت زیادکردنی ٦٠ لەسەدیی حەقدەستیش ناتوانێت توانای کڕینی لەدەستچوو، بگەڕێنێتەوە.
بەڵام کێشەکە تەنیا گرانی نییە، بەڵکوو بێپەنایی خەڵکە لە بەرانبەر گرانیدا. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان سەرکوت دەکرێن، کرێکاران بە پرشوبڵاوی دەمێننەوە و دەنگێکی ڕێکخراویان نییە. سەرمایەداران و ناوەندەکانی دەسەڵات ئامرازەکانی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەبەردەستدایە، بەڵام کرێکار بەبێ ڕێکخراو، بە تەنیا و بێ دیفاع لە بەرانبەر قەیراندا وەستاوە. هەر بۆیە، یەکەم هەنگاو بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخە، بریتییە لە هاتنە خۆدەربازکردن لەم پرشوبڵاوییە. کرێکاران لە ناوەندەکانی کار، گەڕەکەکان، کارگەکان، قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان و ناوەندە خزمەتگوزارییەکاندا دەتوانن ئەڵقەی پەیوەندی و هاوپشتی دروست بکەن. ئەم ئەڵقانە، تەنانەت ئەگەر بچووکیش بن، دەبنە بناغەی ڕێکخراوگەلێکی گەورەتر و کاریگەرتر.
داواکارییە بەپەلە و هەنووکەییەکانی وەک زیادکردنی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ هەڵاوسانی ڕاستەقینە، پێدانی حەقدەست لە کاتی خۆیدا، بیمەی تەواو، قەدەغەکردنی دەرکردنی سەرەڕۆیانە لە کار، پشتگیری لە بێکاران، دابینکردنی کاڵا بنەڕەتییەکان، خوێندن و چارەسەری بێبەرانبەر، کۆتاییهێنان بە سنووردارکردنی ئینتەرنێت، مافی ڕێکخراوی سەربەخۆ و مافی ناڕەزایەتی دەربڕینیش، دەبێ ڕوون و سەرتاسەری بن. ئەم داواکارییانە دەتوانن کرێکارانی فەرمی و نافەرمی، ژنان و پیاوان، کرێکارانی لەسەرکار و بێکار، موعەلیمان، پەرستاران، خانەنشینان، شۆفێران و کرێکارانی پڕۆژەکان پێکەوە گرێ بدەن.
لە کۆتاییدا، بەبێ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، زیادکردنی ساڵانەی حەقدەست، بێسوود دەبێت. حەقدەستەکان هەموو ساڵێک زیاد دەکرێن، بەڵام ژیان بەردەوام دژوارتر و سفرەکان بچووکتر دەبنەوە. سەرچاوەی قەیرانی بژێویی، دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی دابەشکردنی دەسەڵات و سامان، ئەو شوێنەی کە سەرچاوەکانی کۆمەڵگە لەپێناو شەڕ، سەرکوت، گەندەڵی و بەرژەوەندیی گرووپە تایبەتەکاندا خەرج دەکرێت، نەک لەپێناو خۆشگوزەرانی، دەوا و دەرمان، پەروەردە و ئاسایشی خەڵکدا. ڕێگەی ڕزگاربوون، چاوەڕوانی و بێدەنگیی نییە. وەڵامی ڕاستەقینە لە یەکگرتوویی، ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ، خستنەڕووی داواکارییە سەرتاسەرییەکان و خەباتی بەکۆمەڵدایە لەپێناو ژیانێکی شایستەدا. کرێکاران ئەگەر بە پرشوبڵاوی بمێننەوە، دەبنە قوربانیانی بێدەنگی قەیران، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو و ڕێکخراو بن، دەتوانن ببنە هێزێک بۆ گۆڕانکاری.
