کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆچی ئەم شەڕە دەتوانێت یارمەتیی مانەوەی کۆماری ئیسلامی بدات؟

Untitled 1

 

لە نیگای یەکەمدا، ڕەنگە شکستی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل وەک سەرەتای کۆتاییی ئەم ڕێژیمە ببینرێت. بەڵام ئەم تێڕوانینە، ڕووکەشانە و چەواشەکارانەیە. شکستی سەربازی، بە تەنیا، خۆی لەخۆیدا بە واتای داڕمانی سیاسی نییە. هەر ڕێژیمێکی کە لە شەڕدا گورزی بەردەکەوێت، مەرج نییە لە ناوخۆشەوە بڕوخێت. ئەم ڕاستییە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی گرنگییەکی دوو هێندەی هەیە.

کۆماری ئیسلامی تەنیا ئامێرێکی سەربازی نییە کە بە شکست لە مەیدانی شەڕدا لە کار بکەوێت. ئەم ڕێژیمە لەسەر کۆمەڵێک کۆڵەکەی لێکگرێدراوی ئیدئۆلۆژیی ئایینی، دەزگای سەرکوتی ناوخۆیی، تۆڕە ئابوورییەکان و پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی سنووردار دامەزراوە، کە لایەنی نیزامیگەری، تەنیا یەکێکە لەم کۆڵەکانە.

یەکەم، ئیدئۆلۆژی ئایینی: کۆماری ئیسلامی مەشروعیەتی خۆی نە لە ڕەزامەندیی خەڵک وەردەگرێت، نە لە خۆشگوزەرانیی گشتی و نە تەنانەت لە سەرکەوتنی سەربازیی، بەڵکوو مەشروعییەتی ئەم ڕێژیمە لە “ویلایەتی فەقی” و تەواوی ئەو دام و دەزگا ئایینی-ئیدئۆلۆژییە وەردەگرێت کە دەیان ساڵە لەپێناو بەرهەمهێنانەوەی گوێڕایەڵبوون، پیرۆزکردنی دەسەڵات و تەسلیمبوونی کۆمەڵایەتی کار دەکات. بۆ ئاوا ڕێژیمێک، شکست لە شەڕدا مەرج نییە بە واتای شکستی سیاسیش بێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، دەتوانێت بە زمانی “مەزڵومیەت” و “تاقیکردنەوەی ئیلاهی” دایبڕێژێتەوە و بەشێک لەو بەدەنە وەفادارەی، هەروا لە پشت خۆی بهێڵێتەوە.

دووەم، دەزگای سەرکوتی ناوخۆیی: کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی کۆماری ئیسلامی بریتین لە سپا، بەسیج، دامەزراوە ئەمنییەکان، هەواڵگری، دادوەری و سەرجەم ئەو میکانیزمانەی ترساندن و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی، کە سەربەخۆ لە شەڕی دەرەکی کار دەکەن. تەنانەت ئەگەر ڕێژیم لە بەرانبەر هێرشی دەرەکیدا لاواز بێت، تا کاتێک ئەم دەزگای سەرکوتە مابێت، هێشتا دەتوانێت ناڕەزایەتییەکان دابمرکێنێتەوە، هەڵسووڕاوان زیندانی بکات و بەر بە دروستبوونی ڕێکخستنی سیاسی بگڕێت.

سێیەم، پێکهاتەی ئابووریی دەسەڵات: کۆماری ئیسلامی تەنیا حکوومەتێک نییە، بەڵکوو چینێکی دەسەڵاتداری ڕێکخراوە. سپا و دامەزراوەکانی سەر بەو ڕێژیمە، دەستیان بەسەر بەشێکی هەرە زۆری ئابووریدا گرتووە، لە نەوت و گاز و بیناسازییەوە بگرە تا بازرگانی، قاچاغ، بانک و تۆڕە داراییەکان. ئەم باڵادەستییە ئابوورییە تەنیا بە واتای کەڵەکەکردنی سامان نییە، بەڵکوو ئەو ئیمکانە بە ڕێژیم دەدات کە بتوانێت وەفاداری بکڕێت، ئیمتیاز ببەخشێتەوە و چینێکی کۆمەڵایەتی-ئیداریی سەر بە خۆی لە سەرانسەری بیرۆکراسیی دەوڵەتدا سەرلەنوێ بەرهەم بهێنێتەوە.

چوارەم، پێگەی کۆمەڵایەتی: ئەم پێگەیە بێگومان زۆر لە ڕابردوو بچووکتر و لاوازتر بووەتەوە، بەڵام هێشتا بە تەواوی هەرەسی نەهێناوە. کۆماری ئیسلامی هێشتا لە نێوان بەشێک لە هێزە نەریتییەکان، دەزگای بیرۆکراسی و هێزە سەرکوتگەرەکاندا جێگە و پێگەی هەیە. ئەمە پشتیوانیی زۆرینەی کۆمەڵگە نییە، بەڵام دیکتاتۆری، بۆ مانەوە پێویستی بە زۆرینە نییە، کەمینەیەکی چەکدار و ڕێکخراو و خاوەن سەرچاوەی مادی، ئەگەر بەرانبەرەکەی زۆرینەیەکی ناڕازی بەڵام پرشوبڵاو بێت، دەتوانێت هەروا درێژە بە دەسڵاتی خۆی بدات. لەمڕووەوە پێویستە لە نێوان شکستی سەربازی و شکستی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا جیاوازی دابنرێت. ڕێژیمێکی کە مەشروعییەتەکەی لە ئایین وەردەگرێت و دام و دەزگای سەرکوتەکەی هێشتا چالاکە، دەتوانێت شکستێکی سەربازی تێپەڕێنێت. تەنانەت هەندێک جار شکست لە شەڕدا دەبێتە هۆی یەکگرتوویی زیاتر لە ناو بازنەی دەسەڵاتدا، چونکە باڵە جیاوازەکان لە کاتی مەترسیدا، کێشە ناوخۆییەکانیان وەلا دەنێن و لە دەوری پرسی «پاراستنی نیزام» یەکدەگرن.

ئەزموونی مێژوویی خودی کۆماری ئیسلامی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. شەڕی هەشت ساڵەی عێراق بەبێ سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە کۆتایی هات، بەڵام ئایا ئەم شکستە بووە هۆی لاوازبوونی کۆتایی ڕێژیم؟ نەخێر. بەپێچەوانەوە، کۆماری ئیسلامی لە ناو جەرگەی ئەو شەڕەدا سەرکوتی قووڵتر کردەوە، نەیارانی سڕییەوە و کۆمەڵگەی زیاتر خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەربۆیە شکست یان پاشەکشەی سەربازی لەم شەڕەی ئێستاشدا، مەرج نییە ببێتە هۆی داڕمانی ڕێژیم. هەتا هاوسەنگی هێز لەناو کۆمەڵگادا بە زیانی کۆماری ئیسلامی نەگۆڕدرێت، ئەم حکومەتە سەرەڕای بەرکەوتنی گورزی سەربازی، دەتوانێت درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات.

هەروەها ئەزموونی مێژوویی نیشان دەدات کە ڕژێمە دژە خەڵکییەکان بە گشتی لە دەرەوە ناڕووخێن، بەڵکوو لە ناوەوە دەڕووخێن. ڕەنگە هێرشی دەرەکی لاوازیان بکات، بەڵام بە دەگمەن بەدیلێکی جەماوەری و بەردەوام دروست دەکات. ساتی چارەنووسساز ئەو کاتەیە کە دەسەڵاتداران ناتوانن بە شێوازی کۆن حوکمڕانی بکەن و خەڵک چیتر نایەوێت بە شێوازی کۆن بژین. لە ئاوا پرۆسەیەکدا، هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە دروست دەبێت و تەنیا لە هەلومەرجێکی وادا، لەگەڵ خێرابوونی ڕەوتی ڕووداوەکان و ڕێکخراوبوونی هێزە کۆمەڵایەتییە ناڕازییەکان، ئەڵتەرناتیڤێکی ڕاستەقینە لە هەناوی کۆمەڵگادا سەرهەڵدەدات.

لە غیابی ئاوا هەلومەرجێکدا تەنانەت قورسترین هێرشی دەرەکیش تەنیا دەتوانێ ڕژیم بریندار بکات، بەڵام مەرج نییە بیڕووخێنێت. ئەگەر حکومەت هێشتا ئامرازەکانی سەرکوتکردن و سەرچاوە داراییەکان و پلەیەک لە یەکگرتوویی ناوخۆیی لەبەردەستدا بێت، دەتوانێت قەیرانەکە کۆنترۆڵ بکات و بەسەریدا زاڵ بێت و تەنانەت سەرلەنوێ خۆی بنیات بنێتەوە. کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ ڕێک لە پێگەیەکی وادا وەستاوە. لاوازتر بووە، زەبری بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا لە ناوەوە هەرەسی نەهێناوە.

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنانەت دەتوانێت بە شێوەیەکی چالاک یارمەتیی مانەوەی ڕێژیم بدات. چونکە کۆماری ئیسلامی لەسەر “هەڕەشەی دەرەکی” دەژی. شەڕ بۆ ئەم ڕێژیمە تەنیا مەترسی نییە، بەڵکوو دەرفەتیشە:

دەرفەت بۆ توندترکردنەوەی سەرکوت، بۆ داخستنی کەشوهەوا و کپکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ دوژمن”. دەرفەت بۆ سەپاندنی ئەم دوو جەمسەرییە بەسەر کۆمەڵگەدا: یا لەگەڵ ئێمەیت، یا لەگەڵ دوژمنی دەرەکی.

بۆیە ئومێدبەستن بە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، تەنیا هەڵەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو وەهمێکی مەترسیدارە. پڕۆژەی ئەم دوو دەوڵەتە ڕزگاریی خەڵک نییە، بەڵکوو سەپاندنی نەزمێکی دەستەمۆ و گونجاوە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا.

ئەوان نە ئازادی بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری دێنن و نە لە خەمی ڕزگاری کرێکاران و ژنان و چینی کرێکار و زەحمەتکێشدان. پڕۆژەکەیان ئەگەر لە فشار و هێرش تێپەڕێت، بە مانای دروستکردنی بەدیلێکی جەماوەری نییە، بەڵکوو مەبەست لێی سەپاندنی نەزمێکی وابەستە و هاوئاراستە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیانە.

بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا بە دووبارەکردنەوەی سیناریۆیەکی هاوشێوەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، واتە دەستبەرداگرتنی تاران  دەتوانن بەدیلێکی دڵخوازی خۆیان لە ئێراندا جێگیر بکەن. ئاشکرایە کە سیناریۆیەکی لەم شێوەیە نەک هەر خەڵک ڕزگار ناکات، بەڵکوو کارەساتێکی گەورە بۆ کۆمەڵگای ئێران بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ڕێگەی ڕاستەقینەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نەک لە بۆردومان و دەستێوەردانی دەرەکییەوە، بەڵکوو لە  ڕێکخستن لە خوارەوە، لە پەیوەندی و یەکگرتنی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، گەنجان، موعەلیمان و سەرجەم هێزە ئازادیخوازەکانەوە تێپەڕ دەبێت. تەنیا ئەڵتەرناتیڤێکی جەماوەری و سەربەخۆ دەتوانێت هەم کۆماری ئیسلامی بڕوخێنێت و هەم کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بنیاد بنێت.