ئەو شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەی کە ئێستا دەیان شاری ئێرانی گرتۆتەوە، ڕەنگدانەوەی قووڵی قەیرانی ناو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییە. ڕێژیمێکی کە ئیتر جگە لە سەرکوت و ترس و تۆقاندن هیچ وەڵامێکی بۆ ویست و داخوازییەکانی جەماوەر نییە، ئێستا لەگەڵ شەپۆلێک لە ڕق و بێزاریی بەرەوڕووە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەژاری و نەهامەتی ئابووری و داماوییەکی موتڵەق. کۆماری ئیسلامی لە لێواری ئیفلاسی دارایی و داڕمانی ئابووریدایە. ئەو قەیرانە فرەڕەهەندانەی کە بەرۆکی ڕژیمیان گرتووە، چیتر بە فریوکارییە ئاساییەکان بەڕێوە بەڕێوە نابرێت. هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ باشتربوونی بارودۆخی ژیانی خەڵک بەدی ناکرێ و سەرکوتیش نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. هاوکات ڕێژیم بە ناردنی کورتە نامە هەڕەشە لە خەڵک دەکات و بە ڕاگەیاندنی پشووی فەرمیی چەند ڕۆژە، وەک هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، نیشان دەدات کە ئامرازگەلێکی کاریگەری بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو شەپۆلە لەبەردەستدا نییە.
لە ئاوا هەلومەرجێکدا، بە ناچاری خەبات و ناڕەزایەتی بازاڕیان، کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و چین و توێژە بێبەشەکانی تر، هەرچی زیاتر پەرەدەسێنێت. چاوەڕوانیی شەپۆلی ئاخێزی بەهێزتر دەکرێت کە دەتوانێ خاڵێکی وەرچەرخان بێت لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێراندا.
ئەگەرچی ئەم ناڕەزایەتیانە لە بازاڕەوە دەستی پێکرد، بەڵام بە خێرایی چوارچێوەی بەرتەسکی بزووتنەوەیەکی پیشەیی تێپەڕ کرد. چین و توێژە ناڕازییە جۆراوجۆرەکان، لە کرێکاران و بازاڕیانەوە بگرە تا موعەلیمان، خوێندکاران و پەراوێزنشینان، نەک هەر لە شارە گەورەکان بەڵکوو لە شار و شارۆچکە بچووک و گوندەکانیشەوە بەم شەپۆلی ناڕەزایەتییەوە پەیوەست بوون. ئەم هاودەنگی و لێکنزیکبوونەوە خۆڕسکە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو قەیرانە چیتر تەنیا لە چین و توێژێکی تایبەت یان ناوچەیەکی دیاریکراودا بەرتەسک نابێتەوە، بەڵکوو هەموو کۆمەڵگای لەخۆ گرتووە. لەم پێوەندییەدا ڕێژیم تەنیا بە سەرکوت ڕازی نییە، بەڵکوو هەوڵدەدات ئاراستەی ناڕەزایەتییەکانیش بەلاڕێدا ببات. هەندێک لایەنی سەر بە حکوومەت بە هاودەنگی لەگەڵ بەشێک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی سەر بە سەڵتەنەتخوازان لە دەرەوەی وڵات هەوڵ دەدەن کەشێکی ساختەی ئەوتۆ دروست بکەن کە گۆیا ئامانجی ناڕەزایەتییەکان بریتییە لە گەڕاندنەوەی ڕژێمی پێشوو. بەڵام ڕاستییە بابەتییەکان و تێبینییە مەیدانییەکان پێچەوانەی ئەوە نیشان دەدەن. خەڵک خوازیاری نان، کار و ئازادین و دەستەبەربوونی هیچکام لەم ویست و داواکاریانە لە سیمای ڕێژیمی سەڵتەنەتی دا بەدی ناکەن. ئەم هەوڵە بۆ بەلاڕێدا بردن نیشانەی ترسی ڕژیمە لە ناوەرۆک و سروشتی ڕاستەقینەی ئەم ناڕەزایەتیانە کە ڕەگ و ڕیشەی لە ویست و داواکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە بنەڕەتییەکاندایە.
* مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری وەک ئەکتێکی سیاسی
مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری ئەکتێکی سیاسی کاریگەرە کە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا دەکات بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری لەسەر ئاستی دەیان ملیۆنی. مانگرتنی لەم شێوەیە نەک هەر توانایی حکوومەت بۆ کۆکردنەوەی هێز و بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ ناڕەزایەتییەکان سنووردار دەکات، بەڵکوو ئەوە نیشان دەدات کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ویست و داواکارییە پیشەییەکانی تێپەڕکردووە و بووەتە بزووتنەوەیەکی سیاسی بەربڵاو. بەردەوامبوونی ئەو بزووتنەوەیە لەسەر شەقام، خۆڕاگریی لە بەرامبەر هێزە سەرکوتگەرەکان و ئیرادەی شێلگیرانە تر بۆ تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی، پێویستی بەوەیە کە بزووتنەوەی سەر شەقام بە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری بەهێزتر بکرێت. مانگرتنی کرێکاران، لەوانە کرێکارانی ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان و شیرکەتی نەوت، موعەلیمان، فەرمانبەران، بازاڕیان و کاسبکاران، شۆفێر ئۆتۆبووس و بارهەڵگر و خاوەن بارهەڵگرەکان، دەبێت بەشێک بن لە ستراتیژێکی یەکگرتوو.
ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە کە ئاوێتەیەک لە خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان و مانگرتنی گشتییە کە دەتوانێت هەنگاو بە هەنگاو هەلومەرجەکە بۆ بڕیاری کۆتایی ئامادە بکات. پێویستە ئەم دوو باڵەی بزووتنەوەی جەماوەریی، بە شێوەی هاوکات و هاوئاهەنگ کار بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین گوشار بخەنە سەر ڕێژیم. پرسی سەرەکی لە گرتنەبەری تاکتیکی دروست ئەوەیە کە ئەو هاودەنگییەی کە پێکهاتووە تا گەیشتن بە سەرجەم ئامانجەکانی بپارێزرێت. لەم نێوەندەدا هەڵبژاردنی دروشمی سادە و مانادار کە بەیانگەری ڕاستەقینەی ویست و داواکارییەکانی جەماوەر بێت، گرنگییەکی تایبەتیی هەیە. دروشمگەلێک کە بتوانن چین و توێژە جیاوازەکان لەدەوری یەک کۆبکەنەوە و لە هەمان کاتدا ئاسۆیەکی ڕوون لە خەبات و ناڕەزایەتییەکان بخاتەڕوو.
نابێت بەڵێنی سەرکەوتنێکی ئاسان و بەردەست بە خەڵک بدرێت، بەڵام هاوکات دەبێت ئەوە نیشان بدرێت کە خەباتەکەیان لە هەر قۆناغێکدا دەتوانێت بەپێی توانا، دەستکەوتی بەرچاوی هەبێت. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ڕژیمی ناچار کرد لە بواری مافەکانی ژناندا هەندێک پاشەکشەی دیاریکراو بکات. پێویستە ئەم ئەزموونە بەردەوام بێت و نیشان بدات کە خەباتێکی شێلگیر و بەردەوام، دەتوانێت بە ئاکام بگات.
لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، بەشداری وشیارانە و جەختکردنەوەی هێزە ڕادیکاڵ و سۆسیالیستەکان لەسەر نیشاندانی ئاسۆی ڕاستەقینەی ئەو ناڕەزایەتیانە، گرنگییەکی ئەوتۆ تری دەبێت. لێک گرێدرانی ئۆرگانیکی دروشمە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ دروشمە دیموکراتیکەکان دەتوانێت قووڵایی و ئاراستەیەکی ڕوونتر بە بزووتنەوەکە ببەخشێت. ئەم هێزانە دەبێ ئەوە نیشان بدەن کە چارەسەری ڕاستەقینە نەک لە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، بەڵکوو لە بنیاتنانی داهاتوویەکی دێموکراتیک و دادپەروەر و ئازاددایە. ئەم بزووتنەوەیەی ئێستا دەرفەتێکی مێژووییە بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی. بەڵام ئەم دەرفەتە تەنیا بە ڕێکخستنی دروست و هاوپشتی و هاوخەباتییەکی بەربڵاوتر، ستراتێژێکی ڕوون و پەیوەندی نێوان شەقام و مانگرتنی گشتی، دەتوانێت بە سەرکەوتن بگات. خەبات بەردەوامە و ئاسۆ لە هەر کاتێک گەشاوەترە.
