ئەم ڕۆژانە ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئەمریکا لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بە دروشمی “نا بۆ پاشا” ڕژانە سەر شەقامەکان لەدژی ئەو ڕەوتەی کە پێی دەوترێت “ڕەوتی بەرەو تۆتالیتاریزم“. زیاتر لە ٢٧٠٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەر ٥٠ ویلایەتی ئەمریکا بەڕێوە چووە. ئەم بزووتنەوەیە لە شارە گەورەکانی نیویۆرک و شیکاگۆوە تا گوند و ئاواییە بچووکەکانی گرتووەتەوە. ئەم بزووتنەوەیە لە لایەن هاوپەیمانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و یەکێتییە کرێکاریی و گرووپە پێشکەوتنخوازەکانەوە ڕێبەریی دەکرێت. ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە ئەمریکا ڕوودەدات، سێیەم شەپۆلی گەورەی دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترامپە لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی.
مێژووی ئەمریکا پڕە لەو ساتانەی کە جەماوەر لە دژی چڕبوونەوەی دەسەڵات و نادادپەروەری وەستاونەتەوە. شۆڕشی ئەمریکا لە سەدەی هەژدەهەمدا یەکەم و گرنگترین نموونەی بەرەنگاربوونەوەی حوکمڕانی ڕەها بوو. شۆڕشێک کە لەسەر بنەمای جەختکردنەوە لەسەر مافە سروشتییەکانی هاووڵاتیان پێکهاتبوو.
لە سەدەی بیستەمدا بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ساڵەکانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ نیشانیدا کە چۆن کردەیەکی مەدەنی ئاشتیانە و یەکگرتووانە دەتوانێت پێکهاتە یاسایی و دامەزراوە ڕیشەدارەکانی هەڵاواردن بگۆڕێت. ڕێبەریی مارتین لوتێرکینگ و ستراتیژی خۆڕاگریی ناتوندوتیژی ناوبراو گەلێک وانەی بەنرخی سەبارەت بە هێزی ناڕەزایەتی ڕێکخراو لەخۆی بەجێهێشتووە.
بزووتنەوەی “داگیرکردنی واڵ ستریت” لە ساڵی ٢٠١١شدا کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بوو لەبەرامبەر چڕبوونەوەی سامان و کاریگەریی کۆمپانیا داراییە زەبەلاحەکان لە سیاسەتدا. هەرچەندە بزووتنەوەکە نەیتوانی گۆڕانکاریی پێکهاتەیی دڵخواز بەدەستبهێنێت، بەڵام گوتاری ” یەک لەسەدی لەبەرامبەر نەوەد و نۆ” لەسەدی هێنایە ناو فەزای گشتیی ئەمریکاوە. گوتارێکی هاوبەش کە ئەمڕۆ لە بزووتنەوەی “نا بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی”دا ڕەنگ دەداتەوە. بزووتنەوەی “نا بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی” یەکێکە لە شەپۆلە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا. ئەم بزووتنەوەیە گوزارشت لە توڕەیی و ناڕەزایەتیی قووڵی ملیۆنان هاوڵاتی ئەمریکا دەکات لەدژی چڕبوونەوەی لەڕادەبەدەری دەسەڵات و پێشێلکرانی دەستکەوتە دێموکراتیکەکانی ئەو کۆمەڵگایە لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ترامپ دا. ڕیشەی ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە دەبێت لە چەند فاکتەرێکی پێکهاتەییدا بەدی بکرێت. یەکەم: پەرەسەندنی نایەکسانی ئابووری کە کەلێنی نێوان چینە دەوڵەمەندەکان و چین و توێژە کرێکاریی و چینی مامناوەندی گەیاندۆتە بەرینترین ئاستی مێژوویی خۆی. دووەم: قەیرانی متمانەی گشتیی بە دامەزراوە سیاسی و میدیایی و دادوەرییەکان کە لە چەندین ڕاپرسیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. سێیەم: هەستکردن بە بێبەشی سیاسی بەربڵاو، هەستێکی کە لە ناخی زۆرێک لە چین و توێژەکانی جەماوەری ئەو وڵاتەدا چەکەرەی کردووە و لەسەر باوەڕەن کە دەنگیان لە پرۆسەی بڕیاردانی ئەم وڵاتەدا نابیسترێت.
قەیرانی داخرانی دەوڵەتی فیدراڵی بۆ ماوەی هەژدە ڕۆژ، سیاسەتی توندئاژۆی دژە کۆچبەریی، گوشار لەسەر میدیا سەربەخۆکان، بڕینی بودجەی دامەزراوە پەروەردەیی و توێژینەوەکان و هەوڵدان بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەسەر دامەزراوە دادوەری و یاسادانانەکان بە بیانووی جۆراوجۆر، لە زومرەی بنەمای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی “نا بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی“ن لە ئەمریکا.
بزووتنەوەی “نا بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی” هەڵگری چەند تایبەتمەندییەکی دیاریکراوە. یەکەم: بریتییە لە هاوکاتبوون و هەماهەنگی بەربڵاو کە نیشانەی بەکارهێنانی وشیارانەی تەکنەلۆژیای پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. دووەم: فرە ڕەنگی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بەشداربووان کە هەر لە خوێندکاران و مامۆستایانەوە بگرە تا کرێکاران و فەرمانبەرانی حکوومی تێیدا بەشدارن.
ئەم بزووتنەوەیە بەربڵاوترە لە بزووتنەوەیەکی حیزبی و کۆمەڵێک لە هەڵسووڕاوانی مەدەنی و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشی خزمەتگوزاری گشتی و کرێکاران و هەروەها گرووپەکانی مافی مەدەنی لە ئاستێکی جەماوەریی لەخۆگرتووە.
خۆپێشاندان و ڕێپێوانی هێمنانە، کۆبوونەوەی سەر شەقامەکان، کۆڕ و کۆمەڵی گشتی و پێکهێنانی گرووپ گەلێکی تایبەت بۆ ئاگادارکردنەوە و بانگەشەی بەشداریکردنی مەدەنی، بڵاوکردنەوەی بەیانییە، ڤیدیۆ و بابەتی شیکاریی سەبارەت بە مەترسییەکانی چڕبوونەوەی دەسەڵات و گرنگی دامەزراوە بەرپرسیارەکان لە سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەدا، ڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوەی پەروەردەیی لەوانە فۆرمە جیاوازەکانی دەرکەوتەی ئەم بزووتنەوە نوێیە بەربڵاو و بەهێزە لە ئەمریکا پێکدەهێنن.
ناڕەزایەتیی “نا بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی” لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەک هەر کاردانەوەیەکی ڕەمزیی بەرامبەر بە چڕبوونەوەی دەسەڵات، بەڵکوو نیشانەیەکە لە پێویستی قووڵی کۆمەڵگا بۆ بەرگریکردن لەو دەستکەوتانەی کە بە یەکڕیزی و خەباتی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکا لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بەدەست هاتوون. سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە پەیوەستە بە توانایی گۆڕینی وزەی ناڕەزایەتی بۆ بەرنامە و ڕیفۆرمێکی پێکهاتەیی کە بتوانێت هاوسەنگی هێز بگەڕێنێتەوە و نفووز و کاریگەریی ناڕەوای پووڵ و لۆبیگەری سنووردار بکات و داهاتوویەکی دیموکراتیکتر و بەرپرسیارانەتر بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دەستەبەر بکات.